فەڕۆخ نێعمەتپوور

سیاسەت راستە مەیدانی ململانێی بەرژەوەندییەکانە، بەڵام لەهەمان کاتدا مەیدانی لۆژیک و ئارگیومێنتیشە. بگرە پێش ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکان ساخبکەینەوە، دەبێ ستراتیژ و پلانمان هەبێ بۆی. هیچ بەرژەوەندییەک، بگرە گەر بۆیشمان هەڵکەوێ و بە شێوەی کاتیش دەستمان کەوێ، ناتوانین بەجوانی بیقۆزینەوە. بە بێ پلان و ئارگیومێنت، دەستکەوت مەحاڵە.

 

سیاسەت و بیرکردنەوە لەسەر پێی خۆ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لێکدانەوەی سیاسی لەسەر دیاردەیەکی تایبەتی سیاسی، وەک هەموو لێکدانەوەکانی تر لە بوارەکانی دیکە، نەک لەسەر چۆنیەتی هەڵوێستی نەیار لەسەر هەمان دیاردە، بەڵکو لەسەر خوێندنەوەی بابەتیانەی خودی دیاردەکە راوەستاوە. بە واتایەکی تر پێش ئەوەی سەرنج بدەینە ئەوەی کە داخۆ رەقیبی ئێمە چۆن ئەو دیاردەیە دەخوێنێتەوە، کەسی سیاسی دەبێ لەسەر فاکت و شێوازی دروست و لەسەر عەقڵی سەربەخۆی خۆی راوەستابێ و گوێ نەداتە ئەوەی داخۆ رەقیب یان دوژمنە سیاسییەکەی چۆن دەڕوانێتە هەمان دیاردە. گەر بەڵێنە رەچاوی هەڵوێستی رەقیب و نەیاریش بکەین، ئەوا ئەمە لە پلەکانی دوواتردا دێت و لە راستیدا وەک بەشی لاوەکی و دەرەجە چەندەم خۆی دەردەخا.

ئەوەی لە وڵاتانی دوواکەوتوو و ناوچە گرژ و پڕ لە ناکۆکییەکانی ئەم سەردەمەی ئێمەدا دەردەکەوێ ئەوەیە کە بەشێکی گرینگی هێزە سیاسییەکان و بیروڕای گشتی بۆ دیاریکردنی سیاسەت و روانگەی خۆیان دەڕواننە ئەوەی داخۆ نەیارەکەیان چۆن سەبارەت بە هەمان شت هەڵوێست دەگرێ. گەر هەڵوێستی ئەو نەیارە ئەرێنی بوو ئەوا ئەم هەڵوێستی نەرێنی هەڵدەبژێری و بە پێچەوانەوە!

ئەمە خراپترین شێوازی لێکدانەوەیە. چونکە ئەقڵ نەک لەسەر پێی خۆی، بەڵکو لەسەر دیاردەیەکی دەرەکی راوەستاوە و لە راستیدا توانای بەڵگە هێنانەوە و ئارگیومێنتی سەربەخۆیانەی لەخۆی ئەستاندووەتەوە.

زۆر جار لە عالەمی سیاسەتدا دەبیستین کە کەسێ کەسێکی تر بەوە مەحكوم دەکا هەڵوێستەکەی لە هەڵوێستی فڵانە دەوڵەتی سەرکوتگەر دەچێ و پێی وایە بەم بەڵگەیە ئیتر توانیوویەتی رای بەرامبەرەکەی پووچەڵ بکاتەوە، یاخود بەم بەڵگەیەی، پاشەکشە بە بەرامبەرەکەی بکات.

گەر بڕوانینە ئەزموونی سیاسەت لە جیهاندا دەبینین وێنەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە لە نیگای یەکەمدا دێتە بەرچاو. بۆ وێنە لە کاتی شەڕی دووهەمدا ئەگەرچی وڵاتانی رۆژئاوایی وەک هیتلەر بە هەبوونی سۆڤیەت خۆشحاڵ نەبوون و خەونی تەفروتوناکردنیان دەبینی، بەڵام بۆ لێدانی فاشیزم چوونە پاڵ سۆڤیەت. ئەمە بەمانای ئەوە نەبوو لێدانی فاشیزم تەنها بە قازانجی سۆڤیەت بوو و هەربۆیە نەدەبا ئەم کارە بکەن. بە واتایەکی تر، رۆژئاوا تەنها لە سۆنگەی کێشەی خۆی لەگەڵ سۆڤیەت فاشیزمی نەخوێندەوە.

یاخود کاتێ ترامپ دەڵێ کۆریای باکوور ئازادی و دیمۆکراسی تیا نیە، نابێ بڵێین گەر ئێمە ئەمە دووپات بکەینەوە ئەوا بە قازانجی ئیمپریالیزمی ئامریکا و پیاوێکی کاسب و رەگەزپەرستی وەک ئەو کارمان کردووە. نەبوونی ئازادی و دیمۆکراسی لە کۆریای باکوور حەقیقەتە و گوتنەوەی بەو مانایە نیە ئەمە بە قازانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانە. کەواتە ناکرێ من سیاسەتی خۆم لەگەڵ کۆریای باکوور بە گوێرەی هەڵوێستی ئامریکا لەگەل ئەو وڵاتە داڕێژم و، بڵێم گەر منیش ئەمە بڵێمەوە ئەوا لە بەرژەوەندیی ئامریکایە.

داڕشتنی هەڵوێست بە گوێرەی هەڵوێستی نەیاران، زۆرتر لەلایەن ئەو کەسانەوە سەرهەڵدەدا یان دیماگۆگن، یان بەڕاستی دەستەوەستانن لە ئاست لێکدانەوەی بابەتیانەی رووداوەکان و ناتوانن بەجوانی هەڵوێستی خۆیان بەڵگەمەند بکەن. بۆیە زۆر ئاسان پەنادەبەن بۆ سادەترین شێوازی لێکدانەوە. ئەو شێوازەی کە بە ئاسانی کەسی بەرامبەر دەتارێنێ و نامانخاتە خانەی دیالۆگ و گفتوگۆوە.

سیاسەت راستە مەیدانی ململانێی بەرژەوەندییەکانە، بەڵام لەهەمان کاتدا مەیدانی لۆژیک و ئارگیومێنتیشە. بگرە پێش ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکان ساخبکەینەوە، دەبێ ستراتیژ و پلانمان هەبێ بۆی. هیچ بەرژەوەندییەک، بگرە گەر بۆیشمان هەڵکەوێ و بە شێوەی کاتیش دەستمان کەوێ، ناتوانین بەجوانی بیقۆزینەوە. بە بێ پلان و ئارگیومێنت، دەستکەوت مەحاڵە.

 

 Image result for ARGUMENT kunst

بازدید: 834