ما 4386 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

مەکۆی ئەرخەوان بوو ئەم وڵاتەی ئێمە...
هاتن چاوتان
لە لاتی و خەتی خێڵاتیشمان بڕی
هاتن مۆسیقای خاوەن شکۆتان لێ تۆراندین
بە کوێتاندا هەڵبڵێم؟

 

ڤاڵسی شەوە خاینەکان

نەژاد عزیز سورمێ

"چ بەدبەختییەکە لە گیرفانێت بدەنێ و

لە دڵت لێت وەربگرنەوە."

                     جوبران خەلیل جوبران

 

(1)

سێبەری مێژوو، دەستی لە کەلەکێ گرتووە

لەگەڵ بارانی بەهاراندا بڕۆ ...

هەمیشە خۆرێک هەیە لێوارە ماسکدارەکانی دونیا

دەلاوێنێتەوە

هەمیشە سپێدەیەک هەیە بێباک

لە گومڕایی جەنگەڵان دەمانپارێزێ

 

 

 

مەکۆی ئەرخەوان بوو ئەم وڵاتەی ئێمە...

هاتن چاوتان

لە لاتی و خەتی خێڵاتیشمان بڕی

هاتن مۆسیقای خاوەن شکۆتان لێ تۆراندین

بە کوێتاندا هەڵبڵێم؟

بە ویندۆزە ڤایرۆسدارەکانتان؟

یا ڕوانینی باڵدار ئاسا؟

بە کوێتاندا؟

 

 

(2)

( / تابلۆی بەردەرگای پزیشکان/ نەخۆشیان دەژماردن/

/ گڵۆپەکان/ لە ڕووناکییان / کوێر ببوون/ کۆخەکۆخی گزۆزە هەناو ڕەشەکان/

/ ئێستا / وەختی / نووستنی / گوڵە سوور و سپیەکانە/

/ سەیری چ لەخۆنووسان و دەکۆڵخۆداهاتنێکە /)

 

بە ئومێدێکی شێتەوە دەستم درێژ کرد

بە ئومێدێکی شێتەوە دەستم واڵاکرد

ئەفسووس لە دەنگی ڕۆحم نەگەیشتن

ئەفسووس دۆسیەی نێرگزتان نەخوێندەوە

لە بیرتان کرد بە نوێژی نیوەڕۆ

چرای شەیداییمان

لە ناوەڕاستی شەقامدا بۆ پێ کردن

لە بیرتان کرد

پیاڵەی بە تاڵ بۆ خۆمان و

هی پڕمان بۆ ئێوە دانا!

|

 

(3)

(ئەو چرکە ساتانە لە یادەوەریمدا دا دەکەم /

/ دەنگێک / وێنەی مەستیی ئێواران / نامۆیی

هەڵیدەلوشێ.. / پەی چی / بیر لەوە بکەمەوە /

سۆمای چاوم/ پێشکێشی ئێوە بکەم؟ /

/ شەڕ هەڵیخەڵەتاندین../ شەڕ کوێری کردین / لاڵی کردین/

شەڕ کەڕی کردین / کەری کردین../ ڕەوی کوللەیش، بە بێشەڵاندا هاتن/ )

 

کارگەی ماسک و ڕووبەندانن

بۆ خۆیان لە هەموو شتێک دەگەن

لە نەزمی پۆشتەکردنی با

لە ڕازاندنەوەی ئینجانەی بەر دەرگا

ناسۆریش لە سەنگتراشیی ئەوانەوە

کە چەندین دەریاو ئاسمانیان بڕیوە

لە پرۆسەی ( فرێندلی فایەر )- friendly fire  - دا

مەدالیای بێهاوتای ئێمە بووە!

 

 

(4)

( من ون نەببووم / لێ / قاچم  لە هەر کوێ دانا /

/ زەنەک دەرچوو .. / من / ون / نەببووم / تەنیا / ئەوەندە بوو/  ناسنامەکەم / لە گیرفانی کراسەکەمدا / لەبیرچوو بوو/)

 

ئاسمانێکی بەتاڵ دەرچوو

ئەو ئاسۆیەی

لە سەنتەرە بێ دووبانکە و بەرهەڵەکانتانەوە

دەتانویست بیبینن

چوارگۆشەکانتان تێک شکان

سێگۆشەتان ڕاست کردنەوە

مێژوو؟

مەپرسە لە چ قوڕگێکی گیراودا ئاخنراوە

بێ وچان

مەیدانگر.. نەوڕەس

لەوە کارەساتتر هەموومان تاوانبار بین؟

لەوە کارەساتتر هەموومان ژاڵە خواردوو؟

 

ئەی کوا لاپرسەنی و بێباکی (شەکسپیر)و

بۆنی پەلکەگیای (وایتمان) و

هاوارە کپکراوەکانی (ڕامبۆ) و (ڤرلین) و

بنیاتە پتەوە سانتاکانی (نیتچە) و

درەختە بە بەرەکانی (دانتی) و

فریسکۆکانی (داڤنیشی) کوانێ؟

کوا شینگێڕییەکانی (ئیڵییەت) و

هەرێ و پەیمانەکانی (ڕۆسۆ) و

عەشقی ڕۆژهەڵاتیانەی (گۆتە) و

شێوازە دڵنشین و دڵشکێنەکانی

(بیکاسۆ)و (سیزان) و (براک)و

ماسکە خەمبارەکانی مۆدلیانی؟

 

 

(5)

(سرووتەکانی دوورگەی کرێت / بە ڕووباری چەوردا

چوون / گەیشتنە (سکڵیا) / پەڕینەوە (ئیسپانیا)/ ئەو

پرۆسەیە / تا ئێستا/ بۆرایشی / دەرنەکەوتووە / بۆ

ئاگاداریتان / ئێمە / لە / خەرەبەندەییمان / زیاتر / پێ /

دەکرێ / )

 

ویستم ئاگر لەسەر پشتی ماسییان بکەمەوە

گۆڕستانی ئوور

خانووە لە ناویەک و بە گەوەکانی چەرموو

برۆنزکارییەکانی لوڕستان

لە چیا قژ درێژەکانی ئیتاڵیادا درەوشایەوە

ئەی مانگی تاراوگان!

مانگی بێ هێللانە و بێ سێبەر

ئێمە بە تەنێ بووین

کە ئەوان ئاسمانیان تەی دەکرد

ئێمە بە تەنێ بووین

کە زەویان بە هەناسەبڕکێی

برسیەکانی ئەفەریقیا و

کۆستەکانمان دەدێرا

ئەی مانگی تاراوگان!

مانگی بێ هێللانەو بێ سێبەر!

ڕۆژێ نەمدی

هاتبن فێری کێڵانمان بکەن

ڕۆژێ گوێم لێ نەبوو، نەم خوێندەوە

لە سۆتەڵ و نیگەرانیی و دەستخەڵەتدان زیاتر

لە سەفەرە کورتەکانیان لەدوو مابێ

نەمدی ئەی مانگی تاراوگان

ڕۆژئاوای (مانێ) و (کلیمت) و (کامۆ) و

(کافکا) و (ئاراگۆن) و(دالی) و (دێلاکروا)

بواریان دابین بە مردنی خۆمان بمرین

ئەدی ئەوە ئەسەف نییە ، مانگی تاراوگان؟!

نەهێڵن شیعرێک بۆ شاروێرانی خۆمان بنووسین؟

ئەدی ئەوە ئەسەف نییە، هۆڵی ئاهەنگان

بە گریان بۆیە بکرێ؟

مانگی بێ هێللانە، مانگی بێ سێبەر!

باس هەر باسی گڵۆپ و چراخانی پایتەختانە

باس باسی نهێنییە ئاشکراکانە  

کە زانیارییان بە بەرقەڵایێ سەردەخەن

تا پێڕا بگەن سەحەری لالەزار و مرواریان

غافڵکوژ کەن

ئێمەش بێ ئاگا

خەریکی پیشەی بێ هوودەی فەرهادین.

 

ئیتر تەواو مانگی تاراوگان ، کوورەی نوور!

ئیتر تەواو

ئەو ساتە تێکچڕژاوە بێ (تاو) انە

لە یادەوەریمدا هەڵدەگرم

ئەو ساتانە، لەو چاوە مەستانە هەڵدەگرم

ڕۆژێ لە ڕۆژان سروودم بۆ دەگوتن

ئەو جار هەڵدێم ئەی مانگ

بە کوردی هەڵدێم

خۆشەویستیش لەگەڵ خۆمدا دەبەم

چیدى شتێک نامێنێ بەو ناوە

پرسیار ئەوەیە:

ئەو کاتە ئێوە چۆن دەژین؟!

                          نیسانی 2007

 

 Related image

 

 

گەڕان بۆ بابەت