فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵام سەیر ئەوەیە کە ناسیونالیستەکان تاکخواز نین. ئەوان وەک ئایدیای پەڕینەوە، تاک لە کۆدا دەتوێننەوە. واتە ئەگەرچی ناسیونالیستەکان وەک ئایدیا هی سەردەمی موێڕنن بەڵام وەک موڕاڵ روویان لە رابردوویە. بێهۆ نیە کە بە گشتی ناسیونالیزم زۆر لە سەربازخانە دەچێ کە هەموو سەربازەکان و ئەفسەرەکان دەبێ سەرلە پێناوی فەرماندەدا بن.

 

خۆخوازی و ئەویترخوازی لە جیهانی سیاسەتدا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خۆخوازی Egoism و ئەویترخوازی Altruism دو چەمکی موراڵین کە بەرانبەر یەکتری راوەستاون. لە خوخوازیدا کەسەکە خۆی ئەسڵ و بنەمایە و هەموو شتێ لەپێناوی ئەودایە. لە چەمکی ئەویترخوازیدا ئەوی تر (کە دەکرێ هەم تاک بێت و هەم کۆ) ئەسڵ و بنەمایە و هەموو شتێ لەپێناوی ئەودایە. لە خۆخوازیدا، ئەویتر فەرامۆش دەکرێ و لە ئەویتر خوازیدا خۆ فەرامۆش دەکرێ.

تاکگەرایی Individualism و کۆمەڵگاخوازیش  Socialismدوو چەمکی بەرامبەر یەکترن. لە تاکگەرایی، تاک بەردی بناخەی پێکهێنانی کۆمەڵگایە و لە کۆمەڵگاگەرایشدا سترۆکتۆر و ئۆرگانێک بەناوی کۆمەڵگا.

دوو چەمکی خۆخوازی و ئەویترخوازی دوو چەمکی موڕاڵین (ئەخلاقی)، لە کاتێکدا دوو چەمکی تاک و کۆ دوو چەمکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتین.

بەڵام پەیوەندی نێوان ئەم چەمکانە چۆنە؟

تەسەور ئەوەیە کە کاتێک دوو چەمکی خۆخوازی و ئەویترخوازی لە گەڵ چەمکی تاک و کۆ پەیوەندی بەرقەراردەکەن، ئەوا خۆخوازی لەگەڵ تاکگەرایی و ئەویترخوازی لەگەڵ کۆمەڵگاگەرایی دەبنە یەک. ئەمە دەکرێ تا رادەیەک راست بێ، بەڵام دەبێ ئاگامان لەخۆمان بێت کە لێکچوونە رواڵەتییەکانی دەستەواژەکان نەمانخەڵەتێنن. بۆ وێنە دەکرێ لە لیبرالیزم دا کە تاک بنەمایە، زۆرتر بنەما ئەخلاقییەکان خۆ لە خۆخوازی نزیک بکەنەوە و لە سۆسیالیزم دا کە کۆمەڵگا بنەمایە، بنەما مۆڕاڵییەکان خۆیان زۆرتر لە ئەویترخوازی نزیک بکەنەوە، بەڵام چونکە لە تاکخوازی دا کومەڵێک مانا و ماف هەن کە هەموو تاکەکان دەگرێتەوە ئەمە جیای دەکاتەوە لە خۆخوازی. خۆخوازی، هەموو شتێکی بۆخۆی دەوێ، بەڵام تاکگەرا وانیە. هەربەو پێیەیش کۆمەڵگاخوازی مانای ئەوە نیە کە هەموو شتێکی بۆ ئۆرگانێک بە ناوی کۆمەڵگا دەوێ بە بێ ئەوەی گوێ بداتە تاک (رێک بە پێچەوانەی ئەویترخوازی).

دەبێ بڵێین کە ئەم دوو چەمکە ئەخلاقییە بە گشتی چونکە زیادەڕەوی دەکەن و هاوسەنگییەک لەنێوان تاک و کۆدا نابیننەوە، بە شێوەی پۆزیتیڤی سەیریان ناکرێ. لە راستیدا چەمکێکی ئەخلاقی جێی پەسندە هەم تاک ببینێ و هەم کۆ. واتە بەجۆرێک هاوسەنگییەک لە نێوانیاندا پێکهاتبێ. لە ژیاندا کۆمەڵگایەک سەرکەوتووە کە تێیدا کۆمەڵگا هەم مافەکانی تاک وەک خۆی ببینێ و هەم تاکیش مافەکانی کۆمەڵگا.

لە لیبرالیزم دا وەک سیستەم بێگومان چونکە تاکگەرایی زاڵە، خۆخوازی پتر دەبینرێ، بەڵام لە سیستمی پێش لیبرالیزمدا دەبینین کە بە هۆی کۆگەرایی، زیاتر ئەویترخوازی باوە.

بەڵام بەپێچەوانەی سیستمە ئابووری ـ کۆمەڵایەتییەکان، هەندێ ئایدیۆلۆژیا هەن کە کاتین و، زیاتر لەوەی سیستم بن چەکن بۆ پەڕینەوە لە دۆخێکەوە بەرەو دۆخێکی تر. یەکێک لەو ئایدیۆلۆژیانە ناسیونالیزمە.

ناسیونالیزم ئەو ئایدیا سیاسییەیە کە بەهۆی ناوەڕۆکی خۆیەوە کە دامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوەیە خاوەن خەسڵەتی گشتییە و بۆیە کاتێک قسەوباس دێتە سەر ئەم چەمکە ئەخلاقیانە، خۆی زیاتر لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەویترخوازیدا دەبینێتەوە. ناسیونالیستەکان هەموو شتێکیان لەپێناو دەوڵەت ـ نەتەوەدایە و هەربۆیە داوا لە لایەنگران و خەڵکی دەکەن کە لە پێناو ئەم ئاراستەیدا سەرلەپێناو بن و خۆیان فەرامۆش بکەن. هەموو ناسیونالیستێک لەباری ئەخلاقییەوە ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێ کە دەبێ سەرلەپێناوبێ بۆ چەمکێک بەناوی نیشتمان و دەوڵەت و نەتەوە.

بەڵام سەیر ئەوەیە کە ناسیونالیستەکان تاکخواز نین. ئەوان وەک ئایدیای پەڕینەوە، تاک لە کۆدا دەتوێننەوە. واتە ئەگەرچی ناسیونالیستەکان وەک ئایدیا هی سەردەمی موێڕنن بەڵام وەک موڕاڵ روویان لە رابردوویە. بێهۆ نیە کە بە گشتی ناسیونالیزم زۆر لە سەربازخانە دەچێ کە هەموو سەربازەکان و ئەفسەرەکان دەبێ سەرلە پێناوی فەرماندەدا بن.

 

کۆمەڵگای ژێر سریمەی ناسیونالیزم زۆرتر سەربازخانەیەکە لە مرۆڤەکان.  

Image result for nasionalisme kunst

بازدید: 831