ما 6514 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەوەی بتوانین لە ئەگەری خەسارەکانی ئەو رەزایەتەی کە بە هۆی هۆکاری دەرەکییەوە سەرهەڵدەدەن کەم بکەینەوە، دەبێ پنتی سەرەکیی رەزایەت لەسەر گۆڕانەکانی ناوخۆ خڕبکەینەوە. هۆکارە دەرەکییەکان چونکە نە ئێمە کاریگەرییمان لەسەریان هەیە و نە ئەوان لەسەر ئێمە (مەبەست دۆخی ژیانە)، ناتوانن لە رەزایەتێکی کاتی زیاتر بن. 

 

ژیان و رازیبوون

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رازیبوون لە ژیان بەشێکی گرینگی دەروونناسیی مرۆڤە. مرۆڤ هەموو ژیانی بەشوێن ئەو پێداویستیانەدا رادەکا کە پێی وایە ئەم رازیبوونەی بۆ بەرهەم دێنن. ئەم پێداویستیانەیش بە گشتی بریتین لە لایەنە ماددی و رۆحییەکان. گەر ئەم لایەنانە دابین بکرێن و هاوسەنگییەکیان لەنێواندا بێت، ئەوا مرۆڤ هەست بە رازیبوون دەکا. ئەگەرچی رازیبوون رەوتە و قەت بە کۆتایی خۆی ناگا.

پێوانەکانی رازیبوون دەتوانێ لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤیکی تر، یان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاواز بن. بۆ وێنە لە کۆمەڵگایەکدا پاراستنی نەریتە پێوانەیە و لە کۆمەڵگایەکی تردا شکاندنی نەریت. بگرە زۆرجار سەرەڕای دابینکردنی پێداویستییەکان و ئامادەبوونی پێوانەکان، مرۆڤ هێشتا هەست بە رازیبوون نەکا. یەکێک لەو دیاردە گرینگانەی مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، ئەم بەشەیە. ئاژەڵ، کاتێک بە پێداویستییە سروشتییەکانی دەگا، گەر بە پێوەری مرۆیی وەسفی بکەین، دەتوانین بڵێین رازییە، بەڵام بۆ مرۆڤ وەها نیە. راستییەکەی ئەوەیە ئێمە تەنیا بە دابینکردنی پێداویستییە سروشتییەکانمان ناگەینە ئەو حاڵەتە رۆحی و دەروونییەی ناوی دەنێن رەزایەت (ئەگەرچی پێداویستیی سروشتیش دیسان لە مرۆڤدا مانایاکی کێشدارە. بۆ وێنە وێنای ئێمە بۆ خانوو کە نیازێکی سروشتییە دەکرێ گۆڕانی بەسەردابێت). مرۆڤ ئەو ئاژەڵە خاوەن ئەقڵەیە کە دەتوانێ نیازەکانی تا بێکۆتایی درێژبکاتەوە و بۆیە وەک دەڵێن نیازی بێکۆتاییش تێرناکرێ. هەر لێرەوە دەبینین مرۆڤ بەتووش جۆرێک لە بێ ئۆقرەیی و سترێسەوەیە کە تەنانەت لە کۆمەڵگا خۆشگوزەرانەکانیش دەتوانێ بەرۆکی پێ بگرێ. لەخۆوە نیە کۆمەڵناسێکی وەک 'دورکیم' باس لە شێوازێکی خۆکوژی دەکا بە ناوی 'خۆکوژیی ئانۆمیک'، یان خۆکوژیی خۆخوازانە.

سیاسەت بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانەدا کە زۆر دیاردەیەکی باوە و هەموو کەس بەجۆرێک لە جۆرەکان تێی گلاوە، ئەو پانتاییەیە کە دەوری گرینگ لە رەزایەتی کۆمەڵگا یان کەسەکاندا دەگێڕێ. گەیشتن بە ئامانج یان نەگەیشتن پێی، دەبێتە پێوەرێکی سەرەکی بۆ رەزایەت. دەتوانین بڵێین گەر ئامانج بەدی هات ئەوا رەزایەت بەدی هاتووە و، گەر بەدی نەهات ئەوا رەزایەت ونە.

بەڵام لە نێوان ئەم دوو حاڵەتەی ئەرێ و نەرێ دا، حاڵەتێکی تریش هەیە کە بە هۆی بە جیهانیبوونی دونیاوە و بەهۆی سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و بچووکبوونەوەی جیهان (وەک دەگوترێ بەگوندبوونی)، سەریهەڵداوە. ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگایەک دەتوانێ بەبێ ئەوەی بە ئامانج بگا، بەڵام لە رێگای گۆڕانەکان لە شوێنەکانی تری جیهان، بەتایبەت ئەگەر ئەم گۆڕانانە لە رەوتی حەزەکانی ئەودا بێت، بگاتە ئاستی رەزایەت، یاخود رەزایەت بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت لە دەروونی خۆیدا ئەزموون بکات. واتە، دیاردەیەکی دەرەکی دەبێتە هۆکاری رەزایەتی ناوخۆیی. کە دەکرێ پێچەوانەکەیشی دروست بێ. واتە هەر ئەو دیاردە دەرەکییە بە هۆی شکستییەوە ببێتە هۆی بردنەسەری ئاستی ناڕەزایەتی ناوخۆیی.

دیاردەی هەستکردن بە رەزایەت یان هەست پێنەکردنی، بەهۆی دیاردە دەرەکییەکان، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەردەمی ئێمەیە. دیاردەیەک کە تا دێت رۆڵ و نەقشی خەست و خەستتر دەبێتەوە.

سەرهەڵدانی هەستی رەزایەت بەهۆی دیاردەی دەرەکی، بەتایبەت بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی لە ژێر دەسەڵاتی تاکڕۆیانە و ملهوڕانەدا دەژین، هەستێکی یەکجار نایاب و خۆشە. چونکە هەم لە فشاری رۆحی کەم دەکاتەوە، هەم ئومێد بەهێزدەکا و هەمیش بۆ ماوەیەک مرۆڤ لە زەمەنی خۆی پێش دەکەوێ و دەتوانێ ئەزموونی داهاتووی خۆی بە جۆرێک لە جۆرەکان بکا.

بەڵام هاوکات خاوەن خەسارێکیشە. خەسارەکانیش ئەمانەن:

ـ پەستاوی دۆخی رەوانی دادەبەزێنێ، بەو مانایە مرۆڤی وەها کۆمەڵگایەک بە شێوەی کاتیش بێ هەست بە ئاسوودەیەک دەکا و ئیتر رەنگە لە گوڕی هەوڵەکانی بۆ گۆڕان لە کۆمەلگای خۆیدا بە شێوی کاتیش بێت، کەم بکاتەوە،

ـ گەر ئومێدی دەرەکی لەپاش ماوەیەک بە هۆی شکستەوە بە ناهومێدی بگا، ئەوا رەزایەتی کاتی دەتوانێ بگاتە ئاستی خەمۆکی و نائومێدی و لێرەوە پوتانسییەلەکانی ناوخۆییش بەتەواوی کزبکا.

کەواتە بۆ ئەوەی بتوانین لە ئەگەری خەسارەکانی ئەو رەزایەتەی کە بە هۆی هۆکاری دەرەکییەوە سەرهەڵدەدەن کەم بکەینەوە، دەبێ پنتی سەرەکیی رەزایەت لەسەر گۆڕانەکانی ناوخۆ خڕبکەینەوە. هۆکارە دەرەکییەکان چونکە نە ئێمە کاریگەرییمان لەسەریان هەیە و نە ئەوان لەسەر ئێمە (مەبەست دۆخی ژیانە)، ناتوانن لە رەزایەتێکی کاتی زیاتر بن.

 

 Image result for fornøyd kunst

گەڕان بۆ بابەت