ما 5748 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

توتالیتاریزم و 'پێش تێگەیشتن'
لە تیوری هێرمێنۆتیک دا 'گادامێر' دەستەواژەیەکی هەیە بە ناوی 'پێش تێگەیشتن'. بە گوێرەی ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە دیاردەیەک بگا، دەبێ لەوە پێش خاوەن تێگەیشتن بێت کە ئەو ناوی دەنێ 'پێش تێگەیشتن'.
 
پێش تێگەیشتن بۆ وێنە دەکرێ لەم بەشانە پێکهاتبێ: زمان، ئەزموونی تاکەکەسی، دەستەواژەکان یاخود بیروباوەڕ. مرۆڤ بەم بەشانەوە رووبەڕووی دیاردەکان دەبێتەوە بۆ ناسینیان.
 
هەر ئەم راستییەیە کە بەشێک لە سیستمەمە سیاسییەکان بەو ئاکامە دەگەیەنێ گەر بتوانن لەسەر 'پێش تێگەیشتن' کار بکەن و لە رێگای دەست تێوەردانی پەروەردە و شیوازی زانستەوە، لەوە پێش جیهان بینییەکی تایبەت لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگای ژێردەستەی خۆیاندا چێ بکەن، ئەوا دەتوانن 'پێش تێگەیشتن' ی مرۆڤەکان بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و بەم شێوەیە باری فکری و دەروونیی مرۆڤەکان لەوە پێش دیاری بکەن. ئەوان پێیان وایە دەتوانن کۆمەڵگا لە باری فکر و بۆچوون و شێوازی لێکدانەوەوە یەکدەست بکەن.
 
بەڵام ئەزموونەکان نیشانیان داوە کە توتالیتاریزم قەت ئەمەی بۆ نەکرا. توتالیستارەکان نەیانتوانی 'پێش تێگەیشتن' بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و لەم رێگایەوە شێوازی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی مرۆڤەکان بۆ هەمیشە دیاری بکەن.
 
رەنگە هۆکارەکانیش ئەمانە بن:
ـ ئەزموونە تاکییەکان هەمیشە لە مرۆڤیکەوە بۆ ئەوی تر جیاوازن،
ـ تەنیا سیستمی پەروەردە و راهێنان نین کە دەوری سەرەکی لە بارهێنانی مرۆڤەکاندا دەبینن،
ـ مرۆڤ خاوەن توانای بیرکردنەوەیە،
ـ زمان، دیاردەیەکە زیاتر لە ئایدیۆلۆژیای زاڵ و باو،
ـ لە جیهانی ئەمڕۆدا دەسەڵاتەکان توانای مۆنۆپۆلەکردنی راگەیەنێرە گشتییەکانیان نیە.
 
کەواتە 'پێش تێگەیشتن' دەستەمۆ ناکرێ. ئەم توانایەی مرۆڤ لە راستیدا بنەما و هەوێنی ئازادی و جیاوازیی بیروڕایە.
 
سایتی قەڵەم
١٤ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧
Image result for totalitarismen kunst

گەڕان بۆ بابەت