رەسوڵ سەفەریانی

ئەمڕۆ رۆژئاوا دەیەوێت ئاگر بفرۆشێت و درگاکەی خۆی دابخات بەڕۆی گڕتێکەوتوەکاندا. هەموو ئەو چەکانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەڵکی پێدەکوژرێت یان ماڵوێڕان دەبێت دروستکراوی رۆژئاوان و بە خەڵات دراونەتە دەست پیاوکوژان، بەڵام لێرەشەوە باس لەوەدەکرێت کە چۆن دیوارەکانی خۆیان بەرزکەنەوە با پرشەی ئاگر و قیژەی سوتاوەکان نەکەوێتە ماڵی خۆیان.

 

لەم رۆژانەدا شەڕ دژی ترۆریست دیسان بازاڕی گەرمە . هەموو رۆژێک وڵات یان وڵاتانێکی تازە دێنە بەرەی بەناو پاراستنی کورد و لەناو بردنی داعش. ئەمڕۆ بەریتانیاش بە وەرگرتنی دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە خۆی گەیاندە هاورێیانی لە بەرەی شەڕی بە ناو دژی ترۆریسم بە سەرۆکایەتی داعش . کاتێک کە دەلیلەکانی دەیوید کامرۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیام  بۆ پاساو هێنانەوە بۆ بەشداری لەو شەڕەدا بیست پڕ بەدڵ پێکەنینێکی تاڵ لە جنسی توڕەیی سەری لێم دا. کامرۆن یەکێک لە هۆکارەکانی بەشداری لە و شەڕەدا ئەوە دادەنێت کە گوایە مەترسی داعش وەک ترۆریست لە پەنا دەستی یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆدایە وە ئەمەش دەتوانێت لە داهاتودا ببێتە کێشە و مەترسی بۆ سەر ئەو ئەندامی ناتۆیە. هەرچەند کامرۆن بە ئاشکرایی ئاماژەی بە نێوی ئەو ئەندامی ناتۆ نەکرد بەڵام ئاشکرایە کە مەبەستی وڵاتی تورکیایە. ئەو تورکیای کە بە باوکی داعش لە ئەژمار دێت.

ساتیرێکی تاڵی تر ئەوەیە کە تورکیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە هاوپەیمانی ناتۆیە و هاوڕایە لەگەڵ بەرەی بەناو دژە داعش پاش بەربوونی دیپلۆماتە بەناو دیلکراوەکانی خێرا وشەی ترۆریستی بۆ گروپی داعش بەکار هێنا ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو دیپلۆماتانە لەو ماوەی سەد رۆژەدا کە لەلای داعش بوون توشی هیچ چەشنە موشکلە و مەترسیێک نەبوون و قەتیش لە لایەن تورکیاوە یان کەس و کاری دیلەکانەوە باسی نیگەرانی و ترس بۆ گیانی ئەوان لە لایەن داعشەوە نەدەکرا.

ئەمەریکاش بە چاوپۆشی و چرا سەوزی خۆی رێگەی بۆ گەورە بوون و هاتنە کایەی داعش خۆش کرد بۆ ئەوەی بە تیرێک چەند چۆلەکە بکوژێت. یەکەم  ئەوەی زەرورەتی هاتنەوە و ماننەوەی خۆی بۆ ناوچەکە بسەلمێنێت. دوهەم جیا لەوەی رێگە لە ئێران بگرێت کە نەتوانێت بە ئاسانی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان دەسەڵاتی خۆی بکێشێت بەڵکو بە هێنانە کایەی ئێران بۆ شەڕی دژی داعش – ئێران بۆ پاراستنی قازانجی خۆی - .بە بەرەی کۆماریخوازەکانیش بسەلمێنێت کە دەکرێت گروپی وەک داعش مەترسیان بۆ جیهان زۆرتر لە وڵاتی ئێران بێت، هەروەها پیشانی بدات کە ئێران نەک هەر توندڕەو نییە بەڵکو دەتوانێت دژی توندڕەوەکان بوەستێت وە ئەمەش دەکرێت لە هاوسەنگی بەرەی دژە تروریسمدا بێت.ئەمە بۆیە دەکەن بۆ ئەوەی دەیانەوێت لە گەڵ ئێران لە دانوستانی چەکی ناوەکیدا بگەنە ریکەوتن و بە شێوەیە کۆتایی بەم کێشە بێنن، جا بۆیە دەکرێت جارێکیتر پێداچونەوەیەک لەسەر وشەگەلی ، توندرەوی، ترۆریسم، مافی مرۆڤ لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا بکریت و رای گشتی ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی کە ئێران ئەو ئێرانە نییە ودەکرێت لەگەڵی بسازیت. لەم پێوەندیەدا ئەمڕۆ باس لەوەکرا کە ئەمەریکا لەوانەیە قبوڵی بکات کە ژمارەی سانتریفیوژەکانی ئێران  زۆرتر لەوە بێت کە پێشتر جێگەی کێشە بوون. سێهەم و گرینگتر لە هەموو ئەو خاڵانە ئەوەیە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی و خاوەن چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی شەڕکەر پێویستیان بە مەیدانێکە کە بتوانن توانا و لێهاتویی تەیارەکانی خۆیان بۆ کڕیارانی ئەو کەرەسانە بسەلمێنن و بەم شێوە بازاری فرۆشیان بەرزتر بکرێت. ئەم شێوە کارە لە شەڕی لیبیشدا بەکار هات. یەکێک لەو وڵاتانە کە توانی لێهاتویی فڕۆکە شەڕکەرەکانی خۆی تاقی بکاتەوە و بەم شێوە کڕیاریان بۆ پەیدا بکات وڵاتی سوێد بوو. ئیستاش وڵاتانی رۆژ ئاوایی لە کێبەرکێیدان بۆ بەشداری لەو شەڕەدا کە هەم دەتوانێت بازاڕێک بێت بۆ فڕۆکە و تەقەمەنییەکانیان، هەمیش بە وێرانکردنی ئەو وڵاتانە دەتوانن بازاڕێکی باش بۆ کار و فرۆشی پێداویستییەکانیان بێت بۆ بەناو ئاوەدانکردنەوە. بەڵام هەموویان وای پیشان دەدەن کە تەنیا بۆ رزگاری کوردستان و خەڵکی عێراق دەچن و دەیانەوێت یارمەتی کورد و خەڵکی ناوچەکە بدەن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەی کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە و وای کردوە کە ئەو ناوچە ببێتە یەکپارچە ئاگر، لەم لاوە ، لە رۆژئاواش گۆڕانکاری بنەڕەتی دەستی پێکردوە. ئەم گٶرانکارییانە وا پیشان دەدەن کە دەبێت جارێکیتر بە مانای وشەگەلی وەک مافی مرۆڤ، دیموکراسی،رەگەزپەرەستی و ئازادی و ئینسانییەتدا بچینەوە و سەرلەنوێ مانا بکرێنەوە. لە رۆژئاواش ئەمڕۆ خەریکە بیرۆکەی دژە پەنابەر لە کۆمەڵگادا سەردەکەوێت . ئەو باسانەی کە سەردەمێک بە راسیستی و رەگەزپەرەستی لەقەڵەم دەدران و بە دەگمەن کەس دەیوێرا یان باشترە بڵێم روی بوو بەزاریاندا بێنێت، ئەمڕۆ بە ئاشکرا باسی لێدەکرێت و دەنگی پێدەدرێت و کۆی دەنگەکانیشیان لە وڵاتێکی وەک سوێد حیزبێک دروست دەکات کە دەبێتە سێهەمین پارتی گەورەی سوێد. هاوکات دەبێنین کە ئاست و رادەی پشتیوانانی بەرەی چەپ و لایەنگرانی مافی مرۆڤ و پەنابەران دادەبەزێت.  ئەمڕۆ رۆژئاوا دەیەوێت ئاگر بفرۆشێت و درگاکەی خۆی دابخات بەڕۆی گڕتێکەوتوەکاندا. هەموو ئەو چەکانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەڵکی پێدەکوژرێت یان ماڵوێڕان دەبێت دروستکراوی رۆژئاوان و بە خەڵات دراونەتە دەست پیاوکوژان، بەڵام لێرەشەوە باس لەوەدەکرێت کە چۆن دیوارەکانی خۆیان بەرزکەنەوە با پرشەی ئاگر و قیژەی سوتاوەکان نەکەوێتە ماڵی خۆیان. ئەمڕۆ رٶژئاوا وەک ئەو شانشینەی دەورانی یونانی باستان دێتە بەرچاو کە لێرەوە دەسەڵاتداران دەتوانن بە دڵنیاییەوە بڕواننە شەڕی نێوان گلادیاتۆرەکنیان کە لە گۆڕەپانی رۆژئاوای نێوەڕاستدا خەریکی شەڕن بۆ ئەمان.

 

 

بازدید: 1252