فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئۆپۆزیسیۆن پێی دەڵێن ئۆپۆزیسیۆن چونکە لە جنس و لە رەگەزێکی ترە و، سەرەڕای ئەوەی رەنگە حەزیشمان پێی نەبێت ئەرکمانە لە کاتی قەیرانەکاندا رێگای بۆ خۆش بکەین. ئەوەی دەبێ بنەمای هەڵوێستی ئێمە بێ دەبێ شکستی بەرنامەی دەسەڵاتدارە هەنووکەییەکان بێت، نەک ئەو پلانەی هێشتا نەیتوانیوە خۆی تاقی بکاتەوە.

 

دەسەڵات و میللەتی ئۆپۆزیسیۆنکوژ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یەکێک لەو دیاردانەی دەسەڵاتە ملهوڕەکان پێڕەوی دەکەن، جگە لە کوشتنی بە جەستەی ئۆپۆزیسیۆن، کوشتنی رۆحی ئەوانیشە. ئەگەر کوشتنی بەجەستە لەرێگای حەزفی فیزیکی، زیندان و کڕینیانەوە دەکرێ، ئەوا کوشتنی رۆحیانەیان لە رێگای کاری پرۆپاگەندەی بەهێزەوە دەکرێ. ئەگەر کوشتنی بەجەستە لە رێگا دامو دەزگا سەرکوتگەرەکانەوە و رشتنی خوێنیانەوە دەکرێ، ئەوا کوشتنی رۆحیانە لە رێگای گەلەوە.

گەر لە هەر کۆمەڵگایەکدا بینیت لەپاڵ نەویستنی دەسەڵاتدا، خەڵکی ئۆپۆزیسیونیشیان نەویست، ئەوا بزانە دەسەڵات و میللەت گەیشتوونەتە یەک بیروڕا.

دەسەلاتەکان وەک دەزانین تەنیا لە رێگای زەبر و زەنگەوە درێژە بە دەسەڵاتیان نادەن، بەڵکو یەکێک لە رێگا و ئامرازە گرینگەکانیان کوشتنی ئومێدە لە قاڵبی ئەوانەی وا دەتوانن جێگرەوە بن.

نیشانەکانی ئۆپۆزیسیۆنکوژیی میللەت دیارن. ئەمە بەتایبەت لەو کاتەدا روودەدا کە دەسەڵات بە تووش قەیرانی جیددییەوە بووە و دەبێ رێگا بۆ بەرانبەری چۆڵ بکا، بەڵام هەر لەو کاتەدا بیروڕای گشتی هەڵناستێ بە پشتیوانی کردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن. ئەمە ئەو ساتەوەختەیە گەل خیانەت لەخۆی دەکا.

هەڵبەت ئۆپۆزیسیۆنکوژی لە رێگای میللەتەوە بەپێچەوانەی ئۆپۆزیسۆنکوژی لەرێگای سەرکوتەوە کارێکی یەکجار قورسترە. ئەوەیکە میللەتێک دەگاتە ئەو ئاستەی ئۆپۆزیسۆنی نەوێت، پرۆژەیەکی ئاڵۆزە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە بەشێوەیەکی ئاڵۆز بەڕێوە دەبرێ. بەڵام بەندەکانی ئەم پرۆژەیە چین:

ـ کاری بەردەوامی رێکلامەیی کردن لە سەر ئۆپۆزیسیۆن لە کاتێکدا بۆخۆیان لە مەیدانەکە دوورخراونەتەوە،

ـ دوورخستنەوەیان لە جۆگرافیای خۆ، ئەگەر ئەو ئۆپۆزیسیۆنە لە مەیدانەکەدا هەبێ (واتە یەک وڵات دەکرێ بە دوو)،

ـ بەرجەستەکردنەوەی هەڵەکانیان،

ـ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵات و کەڵک لێوەرگرتنیان بۆ کڕین و دەستەمۆکردنی جەماوەر،

ـ چێکردنی بە میلیۆنان خەڵک وەک 'گەلی سەربە خۆیان' و کەڵک لێوەرگرتنیان لەکاتی قەیرانەکاندا،

ـ کارکردنی بەردەوام لەسەر ئۆپۆزیسیۆن لە رێگای رۆشنبیری مشەخۆرەوە. ئەمە رەنگە یەکێک لە گرینگترین بەشەکان بێت، چونکە رۆشنبیر کە نمای رەخنەیە، بەکار دەهێنرێ بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئەو رەخنەیەی کە ئاراستەی دەسەڵات دەکرێ. واتە رەخنەی بەناو رۆشنبیرانە لە دژی رەخنەی باو بە مەبەستی هێشتنەوە دۆخی باو!

ـ بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی دەسەڵاتی خۆ و چۆڵنەکردنی جێگا و بەم شێوەیە ماندووکردنی خەڵکی،

ـ کەڵک وەرگرتن لەخودی خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەی ئەگەری گۆڕان. ئەمە شەرت نیە لە سەرتاسەری وڵات بکرێ، بەڵام کۆکردنەوەی جەماوەری خۆ لە چەند شوێنێک مەبەست دەپێکێ.

نیشتمانێک نەتوانێ ئۆپۆزیسیۆن بەرهەم بێنێ و لەمە زیاتر، نەتوانێ لە کاتی قەیرانەکاندا جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوە بدات، نیشتمانێکە بەردەوام لە قەیرانەکانی دا دەژی و دەکەوێتە ناو خولی بازنەیەکی بێکۆتایی. ئەوەی پێی دەگوترێ 'دووپاتکردنەوەی مێژوو' لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا سەرهەڵدەدا.

 

ئۆپۆزیسیۆن پێی دەڵێن ئۆپۆزیسیۆن چونکە لە جنس و لە رەگەزێکی ترە و، سەرەڕای ئەوەی رەنگە حەزیشمان پێی نەبێت ئەرکمانە لە کاتی قەیرانەکاندا رێگای بۆ خۆش بکەین. ئەوەی دەبێ بنەمای هەڵوێستی ئێمە بێ دەبێ شکستی بەرنامەی دەسەڵاتدارە هەنووکەییەکان بێت، نەک ئەو پلانەی هێشتا نەیتوانیوە خۆی تاقی بکاتەوە.

Image result for oposisyon

بازدید: 914