ژین ـ جیهان و مرۆڤ
ژین ـ جیهان و مرۆڤدەستەواژەی 'ژین ـ جیهان' (زیست جهان، lifeworld)، بە مانا فەلسەفییەکەی بریتییە لە 'ئەو راستییە کۆنکرێتیانەی رۆژانە مرۆڤ بە تووشیانەوە دەبێ و پەیوەندییان لەگەڵ بەرقەراردەکا. ئەو شتەیە کە ئێمە ناتوانین خۆمانی لێ جیابکەینەوە و لەگەڵ ئەوانی تر بەشی دەکەین.' فیلسووفەکان لەسەر ئەو رایەن کاتێک مرۆڤێک بە ژین ـ جیهانی خۆیەوە پەیوەندی لەگەل ژین ـ جیهانی ئەویتر بەرقەرار دەکا ئەوا ئاکامەکە باشتر دەبێ. بەو مانایە کە دەتوانن باشتر لەیەکتر تێبگەن. بەڵام هاوکات کێشەکە لەوەدایە مرۆڤ قەت بەو ئەندازەیەی لە ژین ـ جیهانی خۆی دەتوانێ تێبگا، ناتوانێ لە ژین ـ جیهانی ئەوی تر بگا. کەواتە مرۆڤ هەمیشە لە قاوغی مانا زەینییەکانی خۆیدا بەجۆرێک لەجۆرەکان دەمێنێتەوە و بەزەحمەت دەتوانێ دەستیان لێبەردا. دیارە مرۆڤ دەتوانێ خاوەن را و بیروبۆچوونی خۆی بێت، بەڵام نیازێک هەیە بۆ ئەویترناسین، یاخود پێشکەشکردنی خۆ وەک پرۆژەیەکی ناسین. لێرەوە روودەکەینە یەکتر. لە کۆمەڵگایەکدا تێیدا ئاستی رۆشنبیری لە خوارەوەیە و دیالۆگ سستە و مرۆڤەکان زۆرتر لە پێناوی سەپاندنی بیروڕای خۆدا ئیش دەکەن، نیازی بەشکردنی ژین ـ جیهانی خۆ بە تووش کێشەوە دەبێ و زۆرتر روودەکاتە شێوازی توندوتیژی. بەڵام داخۆ دەتوانین بڵێین توندوتیژی شێوازێکە بۆ بەشکردنی ژین ـ جیهانی خۆ؟ بێگومان نا. ئەوەندەی توندوتیژی پێوەندی بە خۆسەپاندنەوە هەیە پێوەندیی بەم بەشکردنەوە نیە. سایتی قەڵەم٢٨ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧
- توضیحات
- بازدید: 679