فەڕۆخ نێعمەتپوور

چیرۆکی ژیانی مرۆڤ، سازکردنی مانایە لە ناو بێمانایی و سپاردنیەتی دیسان بە بێمانایی و دیسان سازکردنەوەی مانای ترە. لە ترسی بێمانایی، ئێمە هەمیشە خەریکی سازکردنی ماناین. ئەرکێکی دژوار کە جاری وایە بۆ حەسانەوە لە دەستی هەڵدێین و روودەکەینەوە بۆشایی و بێمانایی!

 

بۆشایی، نیازێک بۆ بوون

فەڕۆخ نێعمەتپوور

'دموکریت' فیلسووفی یۆنانی، داهێنەری تیۆری 'ئەتۆم'ە. لای ئەو وەک فیلسووفێکی سروشتگەرا، ئەتۆم واتە بچوکترین تۆز کە هەموو شتێکی لێوە پێک دێت، بنەمای سەرەکیی جیهانە. ئەتۆم لای ئەو، ئەو ماددە بنەڕەتییە واتە 'سوبستانس'ەیە کە هەموو شتەکانی تر لەوەوە دروستدەبن.

بەڵام هاوکات دموکریت لە تیۆری خۆیدا باس لە 'ژووری بەتاڵ'، 'شوێنی بەتاڵ' یاخود 'بۆشایی'یەک دەکا کە ئەتۆم یان ئەتۆمەکان پێویستیانە تێیدا بجوڵێن تا بە هۆی بەریەککەوتنیان شتەکان پێک بێن. لای ئەو، ئەم بۆشاییە وەک 'نەبوون' مەرجێکە بۆ چێبوونی 'بوون'.

کەواتە لەم فەلسەفەیەدا بۆشایی مانا وەردەگرێ. مانایەک بەقەد پێشمەرجێک بۆ لەدایکبوونی 'بوون'. بۆشایی ئەو شوێنەیە مانا یاخود شتەکان دەرفەتی وجوود پەیدا دەکەن. ئەو شوێنەیە ئەتۆمەکان وەک بناخەی سەرەکیی جیهان دەرفەتی جوڵە و پێکدادان پەیدا دەکەن و لەم دەرفەتەدا 'بوون' لەدایک دەبێ. کەواتە بۆشایی بەشێکی گرینگی لەدایکبوونەکانە. مەرجێکە ئەگەرچی بۆخۆی لەدەرەوەی 'بوون'ە، بەڵام پێویستە بۆ بوون.

هەڵبەت لە فەلسەفەی دموکریت، بۆشایی تەنیا وەک شوێن خۆی دەردەخا. شوێنێکی بەتاڵ کە دەرفەتی جوڵە دەڕەخسێنێ. بە بێ بەتاڵایی جوڵە مەحاڵە. مانا، شتەکان و جیهان بۆ ئەوەی لەدایک بن دەبێ لە زەرفێکدا قەراربگرن کە تێیدا تۆزەکان بتوانن خۆیان راتەکێنن. بە بێ ئەم بۆشاییە، هیچ مانایەک لەدایک نابێ.

بۆیە دەتوانین لە مانای میتافۆریک دا بڵێین کە بۆشاییەکان نیازێکی سەرەکین بۆ مانا. ئەگەرچی پێوەندێکی راستەوخۆیان بە ماناوە نیە، بەڵام بەستێنی سەرهەڵدانین. ماناکان، وەک وشەکان سەرەتا لە پانتایی بۆشاییدا دەگەڕێن و سووڕدەخۆن تا بەریەک دەکەون و ئەوسا رستە و پەرەگراف و لاپەڕەکان لەدایکدەبن. ئەگەرچی ئەم وەبەریەک کەوتنەی وشەکان تەنیا بە رێکەوت نیە و زۆر جاران فۆڕم و سترۆکتۆریشی لە پشتە.

کەواتە با لە بۆشاییەکان نەترسین. ئەوان مەرجن بۆ سەرهەڵدانی مانا. هەتا بۆشایی زیاتر، دەرفەت بۆ گەڕانی وشەکان و وەبەریەک کەوتنیان زیاتر. هەتا بۆشایی زیاتر، دەرفەتی دروستبوونی ئەو رستە و پەرەگرافانەی کە کتێبەکان پێکدێنن، زیاتر.

رەنگە ئەم تیۆرەی دموکریت بە پێچەوانەی نیازی خۆی ئێمە بەرەو جۆرێک لە دوالیزم بباتەوە کە تێیدا هەمیشە دوو شتی دژبەیەک، بەڵام هاوکات پەیوەست بە یەکتر، لە چەرخی گەردووندا دەبێ هەبن بۆ ئەوەی گەردوون بتوانێ لەدایک بێ. بۆشایی و مانایش ئەو دوالیزمەیە کە لێرەدا هەموو گەردوونی لەسەر بونیاد دەنرێ.

بێ گومان هەموو نووسەرەکان لە کاتی نووسین، یاخود نیاز بە نووسین، هەستیان بەم بۆشاییە کردبێ، بۆیە دەستیان داوەتە قەلەم. هەتا بۆشاییەکە قووڵتر و بەرینتر، نیاز بە نووسینیش لای ئەوان بە هەمان ئەندازە قووڵتر و بەرەینتر.

رەنگە فەلسەفەی ژیانی مرۆڤ بریتی بێت لە هەڵاتنی بەردەوام لە بۆشاییەکان هەر لەو کاتەیدا تیایا دەژی. ئێمە بە سازکردنی مانا هەوڵدەدەین سنوورەکانی بۆشایی لەخۆمان دووربخەینەوە، ئەگەرچی ئەوان هەمیشە لەو دیو دیواری ماناکانەوەن و بەردەوام خۆیانمان وەبیر دەهێننەوە.

 

چیرۆکی ژیانی مرۆڤ، سازکردنی مانایە لە ناو بێمانایی و سپاردنیەتی دیسان بە بێمانایی و دیسان سازکردنەوەی مانای ترە. لە ترسی بێمانایی، ئێمە هەمیشە خەریکی سازکردنی ماناین. ئەرکێکی دژوار کە جاری وایە بۆ حەسانەوە لە دەستی هەڵدێین و روودەکەینەوە بۆشایی و بێمانایی!

Bilderesultat for tomhet

بازدید: 1010