ما 4714 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: نەژاد عزیز سورمێ

قۆزە بە گوێرەى ڕەگەزى سپییەوە
دوو چاوى شین... قژ زەرد...
باڵا بەرز
شووش
ڕووخۆش و ڕۆحساز
بە ئەدەب، یان ئاوەها دەردەکەوێ!

 

میرێکى  سویدى لە بیست ساڵى تەمەنیدا

 

شاعیرى سۆدانى حاتەم ئەلئنسارى

و: نەژاد عزیز سورمێ

 

کەس لە میرێکى سویدى بیست ساڵان بەختەوەرتر نییە

ئەو لە هەموو بەرپرسیاریەتێک بە دوورە

ئەوەى لەسەریەتى بیکا، ئەوەیە بەختەوەر بێ.

 

کە زەردەمسکە دەبێتەوە

دونیا زەردەمسکە دەبێتەوە

کە پێدەکەنێ

دونیا پێدەکەنێ

کە سەما دەکا

دونیا گۆرانى دەڵێ

کە ژنیش دێنێ

دونیا وێنەى ئاهەنگى زەماوەندەکەى

لە ڕیخۆڵەى تەلەفۆنە زیرەکەکەیدا دا دەکا.

 

قۆزە بە گوێرەى ڕەگەزى سپییەوە

دوو چاوى شین... قژ زەرد...

باڵا بەرز

شووش

ڕووخۆش و ڕۆحساز

بە ئەدەب، یان ئاوەها دەردەکەوێ!

ڕێکپۆش تەنانەت ئەگەر تیشێرتى

یانەى (مالمۆ ئێف ئێف) یش بپۆشێ

مەلەوانى و تێنس دەزانێ

ئەسپسوارى و لامبۆرگینى سواریش دەزانێ

هەروەها چاوشین و پرچ زەرد سواریش

بەڵام وەک دووپشکە ڕەشە بچووکەکان .

 

بەشى لە تەرخانکراوى بنەماڵەى پادشایى

لە خەمى هەژارى و

شەونخوونى سامان دەیپارێزێ.

 

ئەگەر لە یەکئەنوایى ئاوازى بەفردا هەستى بە دڵتەنگى کرد

دەتوانێ سوارى یەکەمین فڕۆکەى بەردەستى بێ و

یەکسەر بچێتە پۆیرتریکۆ

لەوێ خۆلیا سلیڤا ژەنیارى ماریمبا و

خوان ئەنتۆنیۆى فرۆشیارى ماریوانا و

پابلۆ خۆسێى فرۆشیارى هەیکەلە برۆنزییەکان و

ماریا لۆپیرى فرۆشیارى بیرەوەرییە گەرمەکان

لە پێشوازیدا دەبن

وڵاتەکەى لە خۆشیدایە

خۆشەویست و  میهرەبانە

نیازى نییە گۆى زەوى هەڵلووشێ

پەیوەندى لەگەڵ زۆربەى دەوڵەتاندا باشە

تا ڕادەیەک

بە سنگێکى فراوانەوە

پێشوازى لە بڕوادار و

بێ بڕوایان دەکا

هەروەها ئەو ژنانەى

لە نزماییان نائومێد بوون.

 

کەواتە پێویست ناکات نیگەران بین بۆى

هەمیشە باشە

بە کوێرایى چاوى

ئەستێرەى نیبیرۆ

 کەس لە میرێکى سویدى بیست ساڵان

بەختیارتر نییە

هەموو دەیانەوێ بە شادى بیبینن

لە پێش هەمووانەوە خوا.

 

سەرچاوە:  http://www.kikahmagazine.com/?p=5933

Bilderesultat for skjønnhet kunst

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت