ما 1952 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

باوەشم دە

تاڤگەى قژت بڕژێنە ڕووم.

با خەرمانەى نەرمى بەفر

لە شەودا بۆم بێ بە پێخەف.

 

دوو شیعرى سامى شۆڕش

 

باوەشم دە

دڵ ئەشکەوتى دەرگا بزر.

باوەشم دە

لەچاومایە فرمێسکى کەو.

لەگیانمایە سۆزى کۆتر.

باوەشم دە

تاڤگەى قژت بڕژێنە ڕووم.

با خەرمانەى نەرمى بەفر

لە شەودا بۆم بێ بە پێخەف.

باوەشم دە

بۆ قەندیلەى فتیل کزر.

بۆ ئاسمانى دەم پڕ لە کەف.

منم هەتاو. منم ئاگر

باوەشم دە.

منم ئاگر

منم ئاگر.

 

ڕۆژنامەى هاوکارى، ژمارە (52) 2/1/1970.

 

لە دەفتەرى عاشقێکى هەتاوەوە

 

1

برسى برسیتى تربێ.

ئەوەند عەشقى گوڵەگەنم و باران دەبێ،

شەوگار هەر چەند درێژتربێ.

ئەوەند غەریب شەیداى خۆرى ئاسمان دەبێ،

منیش هەر چەند کوشتن بە گیانم فێر دەکەن

بەرى هەتاوم لێ دەگرن.

ئەوەند عەشقى ژیان دەبم.

ئەوەند هەتاوم خۆش دەوێ.

2

ئەى ئەو بنجە گوڵەى لەبەر

جۆگەى خەمبارى برینى مندا دەڕوێى.

لەسای مەرگى مندا شکۆفە دەردەکەى

تاکەى نەتوانم بلبلى عەشقخوانى دەنگى خوێنم

بێنمە سەر چڵت بێنم.

پڕ بە دەنووکى ئارەزووم

بۆ هێلانەى خۆر بخوێنم.

3

- ڕێگا... تەور

* گیانە درەخت چەند لق و پۆپى ببڕن.

ئەوەند ڕەگ و ڕیشەى بەرەو قووڵتر دەڕوا،

- دنیا شەوە و دنیا بەفرە.

* شەوان خۆر خۆشەویست دەبێ.

بەفرە ڕۆژیش.

برین دەبێتە ئاگردان

- گیانە ڕێگا چاڵە و نزمە

* خۆشەویستم

ئاشقى خۆر... هەردەم دەڕوانێتە ئاسمان.

 

ڕۆژنامەى هاوکارى، ژمارە( 176) 20/7/1973.

 

تێبینى:

ساڵى 2004 دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاراس. کۆشیعرى: (هەڵسانەوە)ى سامى شۆڕشى چاپ کرد. (12) شیعرى گرتبووە خۆ، سەرەتاى گەنجیم شیعرەکانى سامى شۆڕشم لە دەفتەرێکدا بۆ خۆم نووسیبووەوە، هەروەها شیعرى شاعیرانى ترى وەک: جەلالى میرزا کەریم و ئەحمەد تاقانە و محەمەد حەمەباقى و فازیل شەوڕۆ و جەلال بەرزنجی و شاعیرانى تریش، کە کۆشیعرە چاپکراوەکەیم بینى هەستم بە کەموکورتییەکانى کرد. تەنیا شیعرى: (بووکى ئاو)م لانەبوو، ئەم باسەم لەگەڵ: (لوتفى شۆڕش) کردەوە. ئەمیش شیعرى: (بووکى ئاو)ى بۆ هێنام.

داوام لە بەڕێوەبەرى دەزگاى ئاراس: (بەدران ئەحمەد حەبیب) کرد. بەلێزیادکردنی (8) شیعرى تر چاپى دووەمى بکاتەوە. لە ساڵى 2012 چاپى دووەمى کردەوە.

دواى چاپى دووەم بە ماوەیەکى کورت، دوو شیعرى تریشیم دۆزییەوە. ئەوەى وایکرد ئەو دوو شیعرەش بڵاوبکەمەوە. ئەوەیە، برادەرێک لە ژمارە (4)ى گۆڤارى (باران)دا، شیعرێکى بەناونیشانى: (تیری ئایرۆس) (ئامادە) کردووە و بڵاوکردووەتەوە.

سەرەتاى شیعرەکەى لە سەرەتاى شیعرى: (هەڵسانەوە)ى سامى شۆڕش وەرگرتووە. (7) پەراوێزیشى بۆ نووسیوە. هەر (7) پەراوێز زیادن و شتى زاندراو و باون. یەک پەراوێز پێویست بوو. ئەمیشى نەنووسیوە. پێویست بوو ئاماژە بدات، کە سەرەتاى شیعرەکەى لە سەرەتاى شیعرى: (هەڵسانەوە)ى سامى شۆڕش وەرگرتووە، دەى جا چی بووە. ئەگەر ویستى جارێکى تر لە (ئاگایی بێگەرد)دا شیعرەکەى بڵاوبکاتەوە، ئەم ئاماژەیە یارمەتى (خۆبوونى) و (چییەتى) نووسینى دەدات، (خۆبوونى) و (چییەتى)، تۆوى بەبڕشتن بۆ بەخشش و وەرگرتنەوەى هاوسەنگى لەدەست دراو و ئاست پێدنەوەى.

 

                  سەباح ڕەنجدەر  

 

             8/11/2017 هەولێر

Bilderesultat for art

گەڕان بۆ بابەت