فەڕۆخ نێعمەتپوور

هیچ گۆڕانێک لە دونیای سیاسەتدا بێ منەت لە جۆرێک لە فەلسەفە نیە. خەونە گەورە و بچوکە سیاسییەکان کە بیر لە گۆڕان دەکەنەوە، هەر هەموویان پشت ئەستوورن بە فەلسەفە. گەر دەمانەوێ بزانین رەوتێکی دیاری سیاسی تا چەندە حەزی بە گۆڕانە و بە راستی پلانی هەیە بۆی، دەبێ بزانین پشت ئەستوور بە چ فەلسەفەیەکە و فەلسەفە تا چ رادەیەک لە پلان و قسە و کرداریاندا رەنگ دەداتەوە. 

 

دەوڵەتی ئایدیال و گۆڕان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

فیلسووفەکان کە دەچنە ناو باسی فەلسەفە و ئەرکی گۆڕانی دونیاوە، رەنگە بە شێوەی سەرەکی بە دوو دەستە دابەش بن. دەستەیەکیان بە گشتی خۆیان لە ئەرکی گۆڕان دەبوێرن و دەستەیەکی تریان بە خەست و خۆڵی دەچنە پشت پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و گۆڕان. لە نێوان دەستەی دووهەمدا، ئیفلاتون و مارکس دوو نموونەی سەرەکین.

دەوڵەتی یۆتۆپیا یان دەوڵەتی ئایدیال لای 'ئیفلاتون' ئەو دەوڵەتەیە فیلسووفەکان بەڕێوەی دەبەن. لای 'مارکس'یش کاری فەلسەفە تەنیا شیکاری و ناسین نیە، بەڵکو ئەرکی گۆڕینی دونیایشی لەئەستۆیە. بێگومان لەنێوان ئەم دوو بۆچوونەدا خاڵی هاوبەش دەبینرێ. فیلسووفەکان تەنیا دانانیشن وەسفی دونیا بکەن و لایەنە شاراوەکانی ئاشکرا بکەن. ئەوان واوەتر لەمە، ئەرکی گۆڕانی دونیایشیان لەئەستۆیە. لای ئیفلاتون ئەمە خۆی لە پلانێکی ئاشکرادا دەبینێ (واتە فیلسووف دەبێ بە دەسەڵاتدار)، بەڵام لای مارکس وەها پلانێکی راستەوخۆ لەنێوان فیلسووف و دەسەڵاتدا نیە و بگرە ئەو زۆرتر باس لە دەسەڵاتی چینی کرێکار دەکا. واتە لای ئەم بیرمەندە، فیلسووفەکان یارمەتیی بە دەسەڵاتگەیشتنی چینی کرێکار دەدەن تا بتوانێ پرۆژی گۆڕینی دونیا جێبەجێ بکا. لێرەدا فیلسووفەکان زیاتر رێنیشاندەرن و وەک یاریدەدەر خۆدەنوێنن. کەواتە لای ئیفلاتون، فیلسووف هەم بیرمەندە و هەم ئیشکەر، بەڵام لای مارکس بیرمەندە و یاریدەدەر. بە واتایەکی تر لای مارکس، فیلسووف وەک فیلسووف دەمێنێتەوە، هەرچەند دەکرێ ئەوانیش لە دەسەڵاتی کرێکاری دا پشکیان هەبێ.

زۆر کەس بەگژ ئەم دوو ئایدیایەدا چوونەتەوە. بە دوو هۆ: یەکەم ئەوەیکە دەسەڵات تەنیا زانست نیە و ناکرێ تەنیا لە رێگای زانستەوە حوکم بەڕێوەببرێ. نموونەکەیشی خودی ئیفلاتونە کە چەند جارێک لە کاتی تەمەنیدا هەوڵیدا تیۆرەکانی بەکردەوە جێبەجێ بکا، بەڵام بۆی نەلوا و بە توندی شکستی خوارد. دووهەم ئەوەیکە ناسین پرۆسەیەک نیە لە شوێنێکدا بە کۆتایی بگا و ئەوسا بڵێین ئیستاکە کاتی ئەوە هاتووە دەستبکرێ بە گۆڕان. لای ئەم رەخنەگرانە ناسین پرۆسەیەکی نەوەستاو و ئەبەدییە و، قەت ناگاتە دوواوێستگەی خۆی.

بەڵام بەڕاستی بۆ گۆڕان دەبێ فیلسووف بە دوواوێستگەی ناسین گەیشتبێ و ئەوجار مافی گۆڕانی هەیە؟ گەر بڕوانینە فەلسەفەی ئیفلاتون، کەسی فیلسووف دەبێ هەندێ قۆناغ تێپەڕێنێ تا بتوانێ بگاتە ئەو ئاستەی دەسەڵات بەڕێوەببات. بەڵام ئیفلاتون قەت باسی کۆتایی رەوتی ناسینی لای ئەوان نەکردووە، ئەوەندەی کە پێداگرە لەسەر دەستەبەرکردنی هەندێ تایبەتمەندی بۆ ئەوەی شیاوی دەسەڵات بن. مارکسیش قەت نەیگوتووە ئەرکی گۆڕان لە دووای ناسین دێت. بەڵکو دەکرێ بڵێین کە مەبەستی ئەو جۆرێک هاوئاهەنگی بووە لە نێوان ناسین و گۆڕان.

بەڵام لە لایەکی ترەوە دەتوانین بڵێین تەنانەت گەر فیلسووفەکان باسی ئەرکی گۆڕانیش لە فەلسەفەی خۆیاندا نەکەن، ئەوا ئەو تیۆر و بیرانەی دەیهێننە گۆڕێ، خۆی لە خۆیاندا بیر و هەڵوێست چێدەکەن و خوێنەرەکانیان دەبەنە قۆناغی ترەوە. لە راستیدا هەموو بیرێکی گرینگی فەلسەفی لە گەڵ خۆی دەتوانێ هەڵگری کردە بێت. بەس دەبێ لەبیرمان بێت کە هەندێ کردە، کردەی خۆڕاگرییە لە بەرانبەر گۆڕاندا. ئەگەرچی رۆشنبیری و گەشەی ئاستی تێگەیشتن، لەگەڵ خۆی خەونی جوڵە و کردە لە جۆرێکی تر لەگەڵ خۆی دێنێ، بەڵام زۆر جار ئەم رۆشنبیرییە خەسڵەتی کۆنسێرفاتیڤیانە پەیدا دەکا و حەزی لە پاراستنی دۆخی باوە.

دیسان نابێ لێرەوە بەو ئاکامە بگەین کە جوڵە و کردەکان هەموویان لەیەک جۆرن. وەک چۆن ئیفلاتون رقی لە دیمۆکراسی بوو و ئەوەی ئەو مەبەستی بوو جۆرێک لە دەسەڵاتی نوخبە بوو، نەک خەڵکی ئاسایی. هەروەها مارکسیش مەبەستی دەسەڵاتی چینی کرێکار بوو کە چینێکی نوخبە نیە.

لە کۆتاییدا ئەوەیکە هیچ گۆڕانێک لە دونیای سیاسەتدا بێ منەت لە جۆرێک لە فەلسەفە نیە. خەونە گەورە و بچوکە سیاسییەکان کە بیر لە گۆڕان دەکەنەوە، هەر هەموویان پشت ئەستوورن بە فەلسەفە. جا گەر دەمانەوێ بزانین رەوتێکی دیاری سیاسی تا چەندە حەزی بە گۆڕانە و بە راستی پلانی هەیە بۆی، دەبێ بزانین پشت ئەستوور بە چ فەلسەفەیەکە و ئەم فەلسەفەیە تا چ رادەیەک لە پلان و قسە و کرداریاندا رەنگ دەداتەوە. دڵنیا بین گەر شتی وا شک نەبەین، ئەوا هەموو پرۆسەکە سەرەڕای دروشمە بە بریق و باقەکان خاوەن کەم و کوڕیی کوشندەیە.

 

کەواتە فەلسەفە رێ نیشاندەرە بە هەموو مانایەکەوە. فەلسەفە مەجبوری سیاسییەکان نیە، بەڵام سیاسییەکان هەمیشە مەجبوری فەلسەفەن. مەبەستمان سیاسییە راستەقینەکانن، نەک تفەنگچییەکان.

Bilderesultat for forandring

بازدید: 844