ئازایەتی، تیمارێک بۆ رۆح
ئازایەتی، تیمارێک بۆ رۆحئەوە ئەسڵێکی سایکۆلۆژییە مرۆڤیک کە سوکایەتی پێکرابێ و چارەسەری نەکردبێ، هەوڵدەدا بە سوکایەتی کردن بە مرۆڤەکانی تر قەرەبووی بکاتەوە. هەر ئەم یاسایە، سەبارەت بە توند و تیژییش دەخوا. ئەوەی توند و تیژی لەگەڵ کرابێ، هەوڵدەدا بە نواندنەوەی توند و تیژی لەگەڵ خەڵکانی تر، قەرەبووی بکاتەوە. هەتا ئەزموونکردنی سوکایەتی و توندوتیژی زۆرتر، ئەوا زەرورەتی نواندنەوەیان زیاتر و زیاتر. بەڵام لەلایەن ئەم جۆرە کەسانەوە توندو تیژی بەتایبەت سەبارەت بە لاوازەکان خۆی نیشان دەدا. بۆ وێنە سەبارەت بە ژن، منداڵ یان ئاژەڵ. هەتا یاسایش بزر بێ و کۆمەڵگا زیاتر نەریتی بێت، ئەوا ئەم نواندنەوەیە لە ئاستێکی بەرزتردا خۆی دەنوێنێ. یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی ئەزموونکردنی سوکایەتی و توندوتیژی، ترسنۆکییە. ئەمە ئەو هەستەیە، کە مرۆڤی لەم چەشنە، لە دەروونی خۆیەوە زۆر هەستی پێدەکا. بۆیە لە قۆناغەکانی تری تەمەنیدا زۆر بۆی گرینگە وای پیشانبدا ترسنۆک نیە و بۆ ئەم مەبەستەیش نواندنەوەی ئازایەتی لە رێگای ئازاردانی لاوازەکانەوە جێگایەکی گرینگی بۆ پەیدا دەکا. لێرەوە دەبینین ئیدی توند و تیژی و سوکایەتی لە ناو بنەماڵە، واتە سەبارەت بە ژن و بە منداڵ و هەروەها سەبارەت بە ئاژەڵیش دەگاتە ترۆپی خۆی. بەڵام سەیر ئەوەیە لەم جۆرە کەسانەدا پێویستیی نواندنەوەی ئازایەتی (واتە ترسنۆک نەبوون) رەنگە قەت کۆتایی نەیەت و بە درێژایی تەمەنیان خۆی نیشان بدات. جاری وایە ئەم نواندنەوەیە خۆی دەهاوێتە دۆخی سیاسەتەوە. چەک و چەکداربوون ئەو تایبەتمەندییانەن کە هەستی درۆینەی ئازایەتی لەم جۆرە کەسانەدا دەگەیەنێتە ترۆپک. رەنگە خۆشترین شوێن بۆ ئەم جۆرە کەسانە، بەستێنی سیاسی بێت. چونکە لێرەدا ئایدیۆلۆژیا پاساوی توندوتیژی دەداتەوە و بگرە لە رێگای سرود و شیعر و حیماسەوە، ئەو هەستەیان تیادروست دەکا کە ئەوان بە راستی خەریکە بە رێگایەکدا دەڕۆن لە ئەزەلەوە دروست و لەجێی خۆیدا بووە. جاری وایە سیاسەتیش دەبیتە شوێنێک بۆ ئەم شێوازە لە ئازایەتی! سایتی قەڵەم١٥ نۆڤێمبری ٢٠١٧
- توضیحات
- بازدید: 1120