ما 8064 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئایین، وەهمی دەسەڵات
یەکێک لە پێوانەکانی کۆمەڵگای بەختەوەر ئەوەیە تاکەکانی هەست بە بەشداری لە رەوتی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات و کۆمەڵگادا بکەن. بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مەبەستەیش زۆر رێگا چارە دەستنیشان کراوە. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە سیستمی دیمۆکراسی یاخود دامەزراندنی کۆمەڵگای مەدەنی بکەین.
 
 وەک زۆربەی بیرمەندان بۆ وێنە ئەرەستو دەڵێن کۆمەڵگایەک دەتوانێ هەست بە ئاسایشی خۆی بکات کە بە جۆرێک دەرفەتی بەشداری جەماوەریان دابێ.
 
بەڵام مێژووی مرۆڤ نیشانی داوە و بەردەوام هەنووکەیش نیشانی دەدات کە ئەم تایبەتمەندییە هەمیشە دەستەبەر و رەچاو نەکراوە و، ئیستایش لە زۆر شوێنی دونیادا دەسەڵاتەکان سەرەڕۆن و لە خەڵکی وەک گاگەل دەڕوانن. لای ئەوان جەماوەر پێویستیان بە شوان و گاوانە!
 
 
یەکێک لەو بەڵگە و تیۆرانەی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە پشتی پێدەبەستن ئایینە. ئەوان دەڵێن وەک چۆن 'خودا' گەورەی هەموو دونیایە، هەر بەو شێوەیە نوێنەرانی ئەو لەسەر زەوی گەورەی مرۆڤەکانن و دەبێ هەموان گوێیان لێ بگرن.
 
بەم پێیە کاتێک پێوانەکانی وەک دیمۆکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی غیابیان هەیە، ئایین ئەو ئامرازەیە کە دەور دەگێڕێ بۆ ئەوەی ئەم هەستە لای خەڵکی دروست بکا کە ئەوان لە رێگای گوێگرتن و ملکەج بوون بە هەندێ نوێنەری ئاسمانی، لە رەوتی دەسەڵاتدا خەریکن بەشداری دەکەنەوە و لە راستیدا وەلانەخراون! چونکە ئایین لە رێگای نواندنەوەی ئەوەی سەرۆک و خەڵک خاوەن یەک خودا و یەک یاسان، ئەو هەستە درۆینە لای جەماوەر دروستدەکا کە بەڕاستی ئەوانیش بەشداریان لە ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵات دا هەیە. بە واتایەکی تر لێکچوونی بیروباوەڕ و ئەو پێوەندییەی ئەم لێکچوونە دروستی دەکا دەبێت بنەما بۆ وەهمی بەشداری لە رەوتی دەسەڵات.
 
بەڵام راستییەکەی ئەوەیە لێکچوونی بیروباوەڕ بە مانای یەکسانی یاخود بەشداری هەموو لایەک لە رەوتی دەسەڵاتدا نیە. دەسەڵات تەنیا بیروباوەڕ نیە، بەڵکو کۆمەڵێک دام و دەزگا و هەروەها پێوەندیی نێوان خەڵک و ئەم دام و دەزگایانەیە. بۆیە گەر جۆری دام و دەزگاکان وەها نەبن کە دەرفەت بە حوزور و کاریگەریی خەڵک بدەن، ئەوا لێکچوونی بیروباوەڕ هیچ گرنتییەک بۆ بەشداری جەماوەر لە دەسەڵاتدا نادا.
 
سایتی قەڵەم
٣٠ نۆڤێمبری ٢٠١٧
 Bilderesultat for power

گەڕان بۆ بابەت