ما 3238 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

 

ئەمە عیشقە شووناسێکى سەختە،
ئەمە جەنگە دەروونێکى مەرگە،
ئەمە گەمە خەونێکى شوومە،
ئەمە خوداوەندێکى بێ ئەزەلە.

 

کچە موسافیر

 

«مرۆڤ موسافیرێکە لە ئەزەلەوە لە مردن ڕادەکات،

تا سەفەرەکانى جەمسەرى ژیان تەواو بکات.

ئەم سەفەرانە هەرگیز تەواو نابن... هەرگیز...

ئەوەى لە دواى من ژیان تەواو دەکات، تۆیت.

دوا جار ئاوازەکانى ژیانى تۆش تەواو نابێت...

مردن دێت، تەواوى دەکات.»

                           

 

«پێشەوا کاکەیی»

 

ئەى هاوتیرهاوێژی هاوغەزەلم،

ئەى نیگانماى قەسیدەى عیشقم،

ئەى کچە موسافیری بەندەری دڵم،

هاتى و دەچیت و دەمریت... منیش دەمرم.

کچە موسافیر شوێنگەت باغی گوڵستانە؛

ئەو شوێنەى پڕە لە مۆسیقا و،

لە نێو چیمەن خەیاڵ دەتباتەوە.

ئای... کچە موسافیر، تۆش ماڵاوایی دەکەیت،

                    واى کە کارەساتە... واى... گوڵم.

***

 

ئەى کچە موسافیر،

دەوەرە بۆ ڕۆخى دەریا؛

بزانە بۆچی زەوى وشک و شەق شەق بووە؟

ئەى نازانى زەوى دڵی منە و،

دەریات وشک کردووە.

ئەها سەیر بکە... کچە موسافیر،

وەختێک مۆسیقا دەژەنیت،

دەنگە ژێیەکان... تا قووڵاییی تیکى دڵم دەڕوات؛

کە لە دڵمدا کپ دەبێت،

خەیاڵى پاکم بەرەو جەنگەڵستان دەمبات... کە:

ئەو شوێنەى بولبول، چڵێک گوڵ بۆ عاشق دەدزێت. 

ئەو شوێنەى بولبول، گۆرانى بۆ عاشقی شکستە دەچڕێت.

ئەو شوێنەى بولبول، شیوەن بۆ مەرگى عاشق دەگێڕێت.

 

ئەى بولبول... منیش عاشق بووم و،

                            «چینى ناسکى تەنیاییم... درز بردی.»'٢'

عاشق بووم و، غەم بردمى.           

عاشق بووم و، خەیاڵ بردمى.

دیسانەوە عیشق گەڕاندمیەوە بۆ دۆخی تەنیایی...

                                                    بەڵێ تەنیایی...

***

 

 

ئاى... کچە موسافیر،

تۆ بڵێیت: ڕەوەندى تۆ، تووشی هەراسانم نەکات؟

چوون لەشی تۆ مۆسیقایە، هەمیشە دەمباتە نێو خەیاڵەوە.

من کوڕێکى خەیاڵیم، تۆش کچێکى واقیعیت.

من لەوسەرى خەیاڵەوە، دێم بەرەو واقیعیەت.

تۆش لەمسەرى واقیعیەتەوە، بەرەو خەیاڵ ڕادەکەیت. 

 

 

ئای... کچە موسافیر،

ئەى کچە سەماکێشی کەیف و سەفا؛

تۆ کچێکى، بە ڕەچەڵەک دەچیتەوە سەر نەجیبزادەکان.

منیش کوڕێکم، دەچمەوە سەر وەچەى شەرمزادەکان.

کە من و تۆ،

عاشقێکین... لە دوو کیشوەرى جـیاوازدا.

عاشقێکین... لە دوو کولتوورى پڕ کێشەدا.

عاشقێکین... لە دوو ئەندێشەى ناتۆکمەدا.

***

 

 

ئەى کچە موسافیر،

ئەى کچە غەزەلباری مووگرژ و کینە لە دڵ،

ئەى هاوغەزەلتاڵ و شەڕخوازى نێو گۆڕ و سەر گڵ،

ئەى ئەفسوونسازى سروشت و خاوەن سیحری پڕ چاڵ،

تۆ تێکدەرى عیشق و منیش گیرۆدە و تیژ سەرقاڵ.

 

 

ئەى کچە پڕ ڕەوشتبار،

کە هەر دەڕۆیت و نایەیتەوە:

چۆن دەتوانیت یادگارییەکان لەگەڵ خۆتدا ببەیتەوە؟

دەتەوێت بڕۆیت و کۆتایی بەم سەفەرە بهێنیت،

بڕۆیت و زادگاى من شەرمەزار بکەیت،

بڕۆیت و خودا لە غوربەتمدا حزوورى هەبێت،

بڕۆیت و گوڵ لە پرسەمدا شیوەن بگێڕێت؟

 

 

ئەمە عیشقە شووناسێکى سەختە،

ئەمە جەنگە دەروونێکى مەرگە،

ئەمە گەمە خەونێکى شوومە،

ئەمە خوداوەندێکى بێ ئەزەلە.

 

ئەى کچە پڕ ڕەوشتبار، ئەى دۆستى هەوەڵینم.

هەموو ڕۆژێک وەکوو پیشەت ئەشکەنجەم بدە؛

گشت ڕۆژێک گوللەڕێژم بکە و، بمکوژە.

منیش هەموو ڕۆژێک خەیاڵم دەکەمە پیشە،

تا بمرم و، زیندوو ببمەوە و، تۆ ببینمەوە... تۆ.

 

'٢'. ئەم دێڕە شیعرەم: لە «سوهراب سپێهری» وەرگرتووە، کە بەمجۆرەیە شیعرەکە: «ئەگەر هاتى بۆ سۆراغى من، بە ئەسپایی وەرە... نەبادا درز بەرێ، چینی ناسکى تەنایی من.»

 

 Bilderesultat for reisende jente kunst

گەڕان بۆ بابەت