ره‌سووڵ محه‌مه‌دی
مه‌به‌ست لههێندی و سێندی ئه‌وه‌یه که له‌زۆر وشه‌دا ده‌نگی ''ه'' واته''هێ'' یان ''س''و''ث'' ئه‌و زمانانه لێک جیا دهکاتەوه. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌مان له‌به‌ر چاو بێ که هێند و سێند هه‌مان وشه‌ن به‌دوو دیالێکتی جیاواز. هه‌روه‌ها که‌ناوی چۆمێکی گه‌وره له‌وڵاتی هێندووستان، چۆمی ''سێند''ه که مه‌به‌ست هه‌مان چۆمی ''هێند''ه.
پێوه‌ندی کریسمه‌س به‌فه‌رهه‌نگی کورده‌وه (بەشی یەکەم)
ره‌سووڵ محه‌مه‌دی
هه‌روه‌ها که‌هه‌موومان ده‌زانین مه‌سیحییه‌کان هه‌موو ساڵێک واته‌له25ی دێسه‌مبر (December)دا، ساڵڕۆژی له‌دایک بوونی مه‌سیح به ئاهه‌نگی تایبه‌تی جه‌ژن ده‌گرن، کهپیرۆزیان بێ و ئێمه‌ش رێزی لێده‌گرین. به‌ڵام به‌داخه‌وه ره‌نگه که‌م که‌س بزانێ که کریسمه‌س هه‌مان شه‌وی یه‌لدا (شه‌وزستان)یه‌و لهئایینێکی کوردییه‌وه وه‌رگیراوه. به‌ڵێ نه‌ک هه‌ر کریسمه‌س، به‌ڵکوو ئایینی مه‌سیحییه‌ت به‌گشتی کۆپیکردنهوهو لاسایی کردنه‌وه‌ی میترایسمه که ئایینێکی کوردییه.
ئه‌م وتاره هه‌وڵده‌دا بۆ ناساندنی میترا و میترایسم و له‌درێژه‌ی باسه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێ که‌بۆچی لای من ئه‌و ئایینه هێندوئێرانییه زیاتر کوردییه تا فارسی یا...
پێش ئه‌وه‌ی باسه‌که ده‌ست پێبکه‌ین، دوو روونکردنه‌وه به پێویست ده‌زانم.
یه‌که‌م، روونکردنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی_سیاسی:
هه‌رکات وشه‌ی ئێران یان ئێرانی دێته ئاراوه، ده‌ستبه‌جێ ئه‌و چوارچێوه سیاسی_جوگرافیاییه‌ی ئێستا، که‌به‌ناوی وڵاتی ئێران ناسراوه، دێته زەین و فارس بوونی ئێران و ئێرانی له‌مێشکدا قوت ده‌بێته‌وه. چما ئێران=فارسستان!!
به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین کاتێ باس له دیارده فه‌رهه‌نگی و مێژووییه‌کانی ناوچه‌که ده‌کرێ، مه‌به‌ست له ئێران ئه‌و کۆمه‌ڵگا دێرینه‌یه که چه‌ند نه‌ته‌وه‌ی جۆربه‌جۆر تێیدا ژیاون و له پێکهێنانی فه‌رهه‌نگ و مێژووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی فولاتی ئێران (نه‌ک ئێرانی ئێستا )دا به‌شدار بوون و نه‌ته‌وه ئاریاییه‌کان به‌تایبه‌ت کورد و فارس ده‌وری به‌رچاویان بووه.
ئه‌وه‌ش بڵێم که به‌داخه‌وه فارسه‌کان و کورده‌کانیش لایان وایه که هێخامهنێشییهکان و ساسانییه‌کان فارس بوون. که‌به‌راستی هه‌ڵه‌یه و ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی زانستی له‌هه‌موو بوارهمێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کاندا توێژینه‌وه بکرێ، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که به‌ڵگه بۆ کورد بوونی ئه‌و دوو ئیمپراتۆرییه زیاتره. که ئه‌مه‌یان ده‌بێ له ده‌رفه‌تێکی تردا باس بکرێ.
که‌وابوو تکایه له بیرتان بێ که له درێژه‌ی باسه‌که‌دا هه‌رکاتێ باسی ئێران و ئێرانی ده‌کرێ، مه‌به‌ست فارس و ئه‌و چوارچێوهسیاسیی _ جوگرافیاییه‌ی که ئێستا پێی ده‌ڵێن ئێران، نییه.
دووهه‌م، روونکردنه‌وه‌یه‌کی زمانه‌وانی :
هه‌روه‌ک ده‌زانین، دوو نه‌ته‌وه‌ی فارس و کورد سه‌ر به ره‌گه‌زی ئارین و دوو تیره‌ی خزم و نزیک بوون و به‌درێژایی سه‌رهه‌ڵدان ونیشته‌جێ بوونیان له فولاتی ئێران‌دا، پێوه‌ندی نزیکیان بووه. زمانیشیان زۆر لێک نزیک بووه‌و دوو زاراوه‌ی گرنگ بوون له‌زمانی په‌هله‌وی کۆن که‌خۆی لقێک بووه له زمانه هێندوئێرانییه‌کان.
بۆچوونێک هه‌یه ده‌ڵێ : زمانه هێندوئێرانییه‌کان له‌سه‌رده‌مێکی کۆندا لێک جیا ده‌بنه‌وه‌و دابه‌ش ده‌بن به‌دوو لق به‌ناوی هێندی و سێندی.
مه‌به‌ست لههێندی و سێندی ئه‌وه‌یه که له‌زۆر وشه‌دا ده‌نگی ''ه'' واته''هێ'' یان ''س''و''ث'' ئه‌و زمانانه لێک جیا دهکاتەوه. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌مان له‌به‌ر چاو بێ که هێند و سێند هه‌مان وشه‌ن به‌دوو دیالێکتی جیاواز. هه‌روه‌ها که‌ناوی چۆمێکی گه‌وره له‌وڵاتی هێندووستان، چۆمی ''سێند''ه که مه‌به‌ست هه‌مان چۆمی ''هێند''ه.
جا من زۆرم بیر کرده‌وه له‌م شته و هاتمه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ئه‌و بۆچوونه زۆر نزیکه له‌راستی. بۆنموونه: فارس ده‌ڵێ : ماهی ، کورد ده‌ڵێ : ماسی. فارس ده‌ڵێ : 'آهن، کورد ده‌ڵێ : ئاسن. لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به شتێکی گرنگ بکه‌م. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که وشه‌ی مانگ له کوردی کۆندا، ماس، ماث، ماز یان مه‌ز بووه. واته کورد وتوویه‌تی: ماث و فارس وتوویه‌تی : ماه. جا بۆچی ماث له کوردی‌دا بووه به مانگ؟ هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کارتێکردنی ئایینێکی دیکه‌ی کوردی، که‌هیوادارم له داهاتوودا بابه‌تێکی له‌سه‌ر بنووسم.
که وابوو له بیرمان بێ که له‌زۆر وشه‌دا ئه‌م جیاوازی هێندی _ سێندییه به ئاشکرا ده‌بینرێ و له درێژه‌ی باسه‌که‌دا روون ده‌بێته‌وه که بۆچی ئاماژه‌م کرد به‌م بۆچوونه زمانه‌وانییه.
ئێستا با بزانین ''میترا'' کێیه‌و ''میترایسم'' چییه.
ئا- میترا وه‌ک خوا:
ناوی ''میترا'' هه‌م له کتێبه ئایینییه‌کانی هێندووستاندا وه‌ک ''ریگ ڤێدا'' و هه‌م له''ئا‌ڤێستا''دا و هه‌م له ده‌قه په‌هله‌وییه‌کاندا، به‌شێوه‌ی ''میثره'' نووسراوه. دواتر له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و جیاوازییه هێندی _ سێندی یه که باسمان کرد، میثره له زمانی فارسی‌دا بوو به مێهر و پاشان له زمانه ئه‌ورووپاییه‌کاندا بوو به میترا. که وابوو میثره کۆردییه نه‌ک فارسی. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بڵێم که وشه‌ی میثره له‌زمانی کوردیش‌دا گۆڕانکاری به‌سه‌ر هات و بوو به''میر''، کهلهدرێژهی باسه‌که‌دا زیاتر شی ده‌کرێته‌وه.
کۆنترینی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که ناوی میثره وه‌ک خوا له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، هه‌ندێ له‌وحه‌ی گڵین(له‌گڵ درووست کراو)ن که1400ساڵ پێش له‌دایک بوونی مه‌سیح نووسراون و ساڵی 1907ی زایینی له شوێنێک به‌ناوی ''بوغازکۆ'' هه‌ڵکه‌وتوو له‌تورکیای ئێستادا دۆزراونه‌ته‌وه. بوغازکۆ له‌سه‌رده‌می نووسینی ئه‌و له‌وحه گڵینانهدا، ناوی هاتووشا(Hattusha) بووه، ئه‌و شاره پایته‌ختی هیتییه‌کان بووه. یه‌کێ له‌و له‌وحانه ده‌قی په‌یمانێکه له نێوان شاکانی ''هیتی'' و ''میتانی''دا و له‌و په‌یمانه‌دا سوێند ده‌خوری به دوو خوا: ''میثره'' و ''ڤارۆنا''(1).
ئێمه ده‌زانین که هیتییه‌کان و میتانییه‌کان هه‌ر دوو لایان کورد بوون. که وابوو ئه‌مه نیشانه‌یه‌که بۆ کوردی بوونی میثره.
لهئاڤێستاشدا باسی میثره کراوه. به‌پێی یه‌کێ له یه‌شته‌کانی ئا‌ڤێستا به‌ناوی ''میثرهیهشت''، میثره خوای له‌وه‌ڕگه‌و مووچه‌ومه‌زرا و شوێنه بژوێنهکانه. هه‌زار چاو و ده‌هه‌زار گوێی هه‌یه و ئاگاداری هه‌موو شتێکه و چاودێری په‌یمانه‌کان ده‌کا و دژی په‌یمان شکێنانه و پاسه‌وانی وڵات و ئاشتی و ئاوه‌دانییه.
له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا که‌باسی میثره ده‌که‌ن ، جه‌خت ده‌کرێ له‌سه‌ر به‌هێزی و سوور بوونی له‌سه‌ر پیرۆزی په‌یمان و سه‌قامگیر بوونی ئاشتی له رووی زه‌ویدا. تا راده‌یه‌ک که وه‌ک باوکێکی به‌هێز و دڵسۆز ئاگای له خێڵه‌کانه که وه‌فادار بن به په‌یمان و خۆ له‌شه‌ڕ بپارێزن و دۆخی ئاشتی به‌رده‌وام بێ. هه‌ربۆیه باوه‌ڕمه‌ندانی ئه‌و ئایینه میثره وه‌ک باوکی ئاسمانی و میری خواکانی دیکه سه‌یر ده‌که‌ن و له‌نێو کورد دا میثره ده‌بێته میر(2).
به له‌به‌رچاو گرتنی شێوه‌ی ژیانی ئه‌وکاته‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که که ئاژه‌ڵداری و کشتوکاڵ بووه، ده‌زانین که له‌وه‌ڕگه بایه‌خێکی زۆر گرنگی بووه‌و خێڵ و عه‌شیره‌ته‌کان به‌رده‌وام له‌سه‌ر له‌وه‌ڕگه‌کان به‌شه‌ڕ هاتوون و شه‌ڕوشۆڕ و کوشت و بڕ ته‌نگی به‌خه‌ڵک هه‌ڵچنیوه. هه‌ر بۆیه بوونی ئایینێکی وه‌ک میترایسم و خوایه‌کی به‌هێز وه‌ک میثره بۆ نه‌هێشتنی شه‌ڕوشۆڕ و سه‌قام به‌خشین به ژیانێکی هێمن و پڕ له ئاشتی پێویست بووه. به‌م شێوهمیری خواکان دێته ئاراوه‌و بایه‌خ ده‌دا به‌وه‌ی که خێڵه‌کان به نۆره‌و به‌شێوه‌یه‌کی عادڵانه که‌ڵک وه‌رگرن له له‌وه‌ڕگه‌و زه‌وی و زار و به به‌ستنی په‌یمان له‌سه‌ر چۆنایه‌تی و ماوه‌ی به‌کار هێنانی له‌وه‌ڕگه‌کان و هه‌روه‌ها وه‌فادار بوون به په‌یمانه‌کان، له‌باتی کینه‌و دوژمنایه‌تی، دۆخی ئاشتی و برایه‌تی و خۆشه‌ویستی سه‌قامگیر ببێ. هه‌ر بۆیه په‌یمان له‌و ئایینه‌دا شتێکی پیرۆزه‌و په‌یمان شکێن کافره‌و میثره به‌هه‌زار چاو و ده‌هه‌زار گوێوه چاودێری ده‌کا له ئاشتی و به‌ڕێوه‌چوونی په‌یمانه‌کان و به توندی سزای په‌یمان شکێن ده‌دا.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بکرێ که مرۆڤی کورد هه‌میشه وه‌ک که‌سێکی پابه‌ند به په‌یمان ناسراوه.
به‌پێی کتێبه‌که‌ی '' ڤاسیلی نیکیتین '' واته'' کۆردستان و کورد ''، هه‌موو ئه‌و رۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی کهلهکۆنهوه سه‌ردانی کوردستانیان کردووه، جه‌ختیان کردووه له‌سه‌ر پابه‌ندی کورد به پهیمانهوهو سه‌ریان سووڕ ماوه له‌و مه‌سه‌له.
که وابوو مامؤستا هێمن له خۆڕایی ناڵێ :
له‌نێو کورددا نه‌بوو په‌یمان شکاندن
له کوێ فێر بووی گوڵم په‌یمان شکێنی
ئێستا با بزانین به‌پێی ئوستووره‌کان، میثره چۆن سه‌ری هه‌ڵداوه.
به پێی بیروبڕوای ئاریاییه‌کان، '' زه‌روان ''(3) که خوای '' زه‌مان ''هو زه‌مان بێ سنووره واته نه سه‌ره‌تای هه‌یه‌و نه‌کۆتایی (ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دییه)، دوو مناڵی ده‌بێ یه‌کێکیان ''ههورمهز'' که‌دواتر ده‌بێته''هورموز'' و ''ئورمهزد'' و ''ئه‌هورامه‌زدا''. ههورمهز خوای رووناکی و هه‌موو شتهباشهکانهو نوورانی و سپی و بۆنخۆشه. ئه‌وی دیکه ''ئه‌هریمه‌ن''ه، که ره‌ش و بۆگه‌نه‌و ده‌بێته خوای تاریکی و درۆ و شه‌ڕ و هه‌موو شته‌خراپه‌کان. ئه‌و دوو خوایه به‌رده‌بنه به‌ربه‌ره‌کانێ و شه‌ڕ. زه‌روان هه‌وره‌برووسکه، که هێمای توانایی و زاڵبوون بووه، ده‌دا بهههورمهز بۆ شه‌ڕ له گه‌ڵ ئه‌هریمه‌ن. ئه‌و چه‌که واته هه‌وره‌برووسکه جارێکیان له‌نێو گاواره(4) واته ئه‌شکه‌وتێکدا ده‌درێ له به‌ردێکی سپی(به‌رده‌چه‌خماخ)، میثره له‌و به‌ردو چه‌خماخه سه‌رهه‌ڵده‌دات و ئه‌شکه‌وته‌که روون ده‌کاته‌وه. میتراییه‌کانی ئه‌ورووپاش هه‌ر بڕوایان وابووه که میترا له‌به‌رد بووه(5).
دوو شوان که له‌گه‌ڵ مێگه‌له‌که‌یان له نزیکی ئهشکهوتهکهن، تیشکه‌که ده‌بینن و به دیارییه‌وه(به‌رخ و خواردن وشتی وا) ده‌چن بؤ لای و ئیمانی پێده‌هێنن. میثره ده‌ستبه‌جێ رێگای ئاسمان دهگرێتهپێش و له حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسماندا نیشته‌جێ ده‌بێ و هه‌ر ئه‌و کاته‌ش له ئاسماندا حه‌وته‌وانه، که له عه‌ره‌بیدا پێیده‌ڵێن ''کواکب سبعه''، پێکدێن.
حه‌وته‌وانه (ئه‌ڵبه‌ت به‌پێی بۆچوونی ئه‌و کاته) بریتین له: 1.هۆر(خۆر) 2.تیر(عطارد) 3.ناهید (زهره) 4.مانگ(قمر) 5.وه‌هرام (مریخ) 6.بهرجیس (مشتری) 7.که‌یوان (زحل).
میثره له نێو هۆر یا خۆردا نیشته‌جێ ده‌بێ و به گشتی له‌گه‌ڵ هۆر ده‌بنه‌یه‌ک.
لێره‌دا پێویسته باسی هێمای جۆربه‌جۆری ئه‌و ئه‌ستێرانه به به‌راورد کردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ(حیوان)، ره‌نگه‌کان و فلز(Metal)ه‌کان (به‌پێی بڕوای ئه‌و سه‌رده‌مه) بکرێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌بۆ تێگه‌یشتن له ئایینه‌که زۆر گرنگه.
هستێره ئاژه‌ڵ ره‌نگ فلز
1.که‌یوان کاژیله ره‌ش سورب
2. بهرجیس ماسی خۆڵه‌مێشی قلع
3.وه‌هرام به‌رخ نارنجی ئاسن
4.هۆر(خۆر) شێر زه‌رد زێڕ
5.ناهید که‌ڵ سه‌وز مس
6.تیر دووپشک سوور جیوه
7.مانگ کیسه‌ڵ شین زێو
که‌وابوو ئه‌م شته گرنگه‌مان له بیر بێ که میثرهو خۆر یا هۆر(6) و شێر له‌و ئایینه‌دا یه‌ک شتن. هه‌ر بۆیه له ئێران‌دا هه‌ر له‌سه‌رده‌مانی کۆنه‌وه شێر و خۆر(شیروخورشید)یان له‌سه‌ر ئاڵا داناوه.
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسه‌که. پاش ئه‌وه‌ی کهمیثره زه‌وی به‌جێ دێڵێ و ده‌چێته ئاسمان، زه‌وی ده‌بێته کانگای تاریکی و درۆ و شه‌ڕ و نه‌هامه‌تی. هه‌ربۆیه ههورمهز بهمیثره راده‌گه‌یه‌نێ که بگه‌ڕێته‌وه بۆ زێده‌که‌ی و روونی بکاته‌وه.
میترا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و کۆتایی دێنێ به‌تاریکی و شه‌ڕوشۆڕ و په‌یمان شکێنی و زه‌وی دهکاتهشوێنی ژیانی خۆش و ئاشتی و ئه‌وین.
ب- میترا وه‌ک مرۆڤێکی سۆشیانس یا سۆشیانت:
له پێشا پێویسته بزانین که به پێی باوه‌ڕی زه‌رده‌شتییه‌کان له پاش کۆچی دوایی زه‌ڕده‌شت، هه‌ر هه‌زار ساڵ جارێک که‌سێک له‌وه‌چه‌ی زه‌ڕده‌شت سه‌ر هه‌ڵده‌دا که دژی خراپی و تاریکی و شه‌ڕوشۆڕ راده‌په‌ڕێ و دنیا ده‌کاته به‌هه‌شت. ئه‌م که‌سانه سۆشیانس یا سۆشیانتیان پێده‌ڵێن. دایکی سۆشیانت، ده‌بێ باکره(پاکیزه) بێت. زۆر که‌س له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که بیرۆکه‌ی ''مێهدی''(امام زمان) له‌م باوه‌ڕه‌ی زه‌رده‌شتییه‌کانه‌وه گیراوه.
زه‌رده‌شتییه‌کان ده‌ڵێن : جارێکیان ''دۆغدۆ''، واته هاوسه‌ره‌که‌ی زه‌ڕده‌شت، له ده‌ریاچه‌ی هاموون دا جل و به‌رگی زه‌رده‌شت ده‌شوا. تۆ‌و(نوتفه)ی زه‌ڕده‌شت که بهجلهکانهوهیه له لایه‌ن خواکانه‌وه له‌نێو گوڵی نیلووفه‌ری شین دا حه‌شار ده‌درێ و پارێزگاری لێده‌کرێ(7). دوای هه‌زار ساڵ ''ئاناهیتا'' کهخواژن (الهه)یه‌کی ئاریاییهو خوای ئاوه‌کان و پاکی و بێگه‌ردییه(8)، رۆژێک له‌نێو ئاوه‌که‌دا مهلهدهکاو له نیلووفهرهکه نزیک ده‌بێته‌وه. تۆ‌و(نوتفه)ه‌که‌ی زه‌ڕده‌شت ده‌چێته نێو لهشییهوهو ئاوس ده‌بێ. و له یه‌که‌م شه‌وی زستاندا(یه‌لدا) میترای ده‌بێ. که وابوو به‌پێی ئه‌م بۆچوونه میترا مرؤڤهو کوڕی ئاناهیتایه، که به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاو تێکه‌ڵ ببێ میترای بووه.
پەراوێزەکان
١- بروانە Spenta University, Mehr 3745 (October 2007), Cyrus Farhoman
·هه‌روه‌ها : سایتی ئینتێرنیتی '' درفش کاویانی ''، www.derafsh-kaviyani.com به‌شی: نوشتارهای پارسی، فریدون جنیدی، مهر ایرانی
·2. خۆش ئه‌وه‌یه که ئه‌م وشه کوردییه واته''میر''، ده‌چێته نێو زمانی رووسی و پوڵۆنیایی (لهستانی) و له‌هه‌ر دوو زمانهکهشدا به واتای ئاشتییه.
· هه‌ر بۆیه رووسییه‌کان کاتی خۆی وێستگه‌ی ئاسمانی (ایستگاه فضایی)ه‌که‌ی خۆیان به‌ناوی ''میر'' نارده ئاسمان و به‌و شێوه رایانگه‌یاند که وێستگه‌که‌یان به‌مه‌به‌ستی ئاشتی ناردووه‌ته ئاسمان.
·3. ئایینی '' زه‌روانی ''ش ئایینێکی دیکه‌ی کوردییه، که‌هیوادارم له داهاتوودا بابه‌تێکی له سه‌ر بنووسم.
·4.·* حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه به‌وه بکه‌م که له ناوچه‌ی سه‌قز گوندێک هه‌یه به ناوی گاواره.
·** له زمانی فارسی‌دا وشه‌ی ''گهواره'' به واتای بێشکه‌یه. لام وایه که هه‌ر ئه‌و گاوارهیه که وه‌ک بێشکه بووه بۆ میثره.
·5. ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ی میثره له به‌رده‌وه، یه‌کێ له‌و پێغه‌مبه‌رانه‌م وه‌بیر دێنێته‌وه که له قورئاندا باسی کراوه. واتهحهزرهتی ''صالح''. به‌داخه‌وه من عه‌ره‌بی نازانم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ریشه‌ی وشه‌ی ''صالح''، '' صلح(ئاشتی)'' بێ، لام وایه ئه‌و پێغه‌مبه‌ره شێوه‌ی گۆڕدراوی میثرهبێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌و، خۆی نه، به‌ڵکوو وشتره‌که‌ی لهبهردهوه سه‌رهه‌ڵده
·6.·* له‌ناوچه‌ی کرماشان به‌خۆر ده‌ڵێن هۆر. سه‌یر ئه‌وه‌یه که‌ئێستاش له‌و ناوچه‌دا کاتێ سوێند ده‌خۆن، ده‌ڵێن : به‌و هۆره نازاره قه‌سه
·** گوایه مه‌قامی ''هۆره''، سروودێک بووه بۆ هۆر(میثره).
·7. له نه‌خشه به‌ردینه‌که‌ی ''تاقه‌وسان''ی کرماشان‌دا په‌یکری میترا ده‌بینرێ که خه‌رمانه‌ی تیشکی به سه‌ره‌وه‌یه و له‌نێو گوڵی نیلووفهڕدایه.
·8.·* له باسی زمانی په‌هله‌وی کۆندا، ده‌گوترێ که به‌پێی رێسای تایبه‌تی ئه‌و زمانه، وشه‌ی ''نا'' که ئامرازی پێچه‌وانه کردن و مه‌نفی(سلبی) کردنه‌وه‌یه، له‌و وشانه‌دا که به''ئا''وه ده‌ست پێده‌کا، له‌گه‌ڵ ''ئا'' که جێگۆڕکێ ده‌که‌ن. مه‌سه‌له‌ن ئه‌گه‌ر بیانویستایه وشه‌ی ''ئاشنا'' بکه‌نه''نائاشنا''، جێگای ''نا''که‌و ''ئا''که‌یان ده‌گۆڕی و له‌باتی ''نائاشنا''، ده‌یانگوت : '' ئاناشنا ''. هه‌ربۆیه ده‌ڵێن وشه‌ی په‌هله‌وی ''ئاهیتا''، که له فارسی ئه‌مڕۆدا ته‌رجه‌مه کراوه به( آمیخته) که به واتای (ئاوێته)یه، بۆ پێچه‌وانه کردنه‌وه بووه‌ته'' ئاناهیتا'' (ناآمیخته)ی فارسی و (نائاوێته)ی کۆردی. که‌وابوو، به له به‌رچاو گرتنی ئه‌و رێسا تایبه‌تییه‌ی زمانی په‌هله‌وی و لێکچوونی '' ئاناهیتا'' و ''نائاویته''، بۆمان روون ده‌بێته‌وه که ئاناهیتا وشه‌یه‌کی کوردییه‌و هه‌مان نائاوێتهیه.
·** ئێستاش مه‌عبه‌دی ئاناهیتا هه‌ر به‌و ناوه‌وه له کوردستان و له‌شاری که‌نگاوه‌ر ماوه که خه‌ڵک ده‌چنه ته‌وافی.
*** رهنگهههموومان له به‌ساڵاچووانی کوردمان بیستبێ که‌ده‌ڵێن: حه‌زره‌تی مریه‌م دایکی حه‌زره‌تی عیسا که‌فی ئاوی ده‌ریای خوارده‌وه‌و عیسای بوو. که به بۆچوونی من ئاسه‌واری باسه‌که‌ی ئاناهیتایه که خه‌ڵک له‌گه‌ڵ باسی مریه‌م تێکه‌ڵیان کردووه.
درێژەی هەیە...