رەسووڵ محەمەدی
چۆنییه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی ئایینی میترا به‌ره‌ۆ وڵاتانی ئه‌ورووپی، به‌ته‌واوی روون نه‌بووه‌ته‌وه. به‌ڵام بۆچوونی زاڵ ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێ : کاتێ که له‌شکری ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌کدوونی هێرش ده‌کاته سه‌ر ئێرانی ئه‌وکاته، واته له کاتی ده‌سه‌ڵاتداری شای هێخامه‌نشی (دارای سێهه‌م)، له‌گه‌ڵ ئایینی میترا ئاشنا ده‌بن.
پێوه‌ندی کریسمه‌س به‌فه‌رهه‌نگی کورده‌وه (بەشی دووهەم)
رەسووڵ محەمەدی
هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی و داب و نه‌ریتی میترایی
کوشتنی گا له لایه‌ن میتراوه
· میترا 12 هاوڕیی بووه. له کاتی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ تاریکی و خراپه‌و شه‌ڕوشۆڕدا، گایه‌کی ره‌ش ده‌کوژێ که هێمای تاریکی و درۆ و هه‌موو شته خراپه‌کانه. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بکرێ که زۆر نه‌خش له نێو ئه‌شکه‌وته‌کان و به‌تایبه‌ت له‌نێو مێهراوه‌کانی ئه‌ورووپادا دۆزراونه‌ته‌وه که میترا له کاتی کۆشتنی گاکه‌دا پیشان ده‌ده‌ن. یه‌ک نه‌خشیش دۆزراوه‌ته‌وه که ژنێک که تاجێکی به‌سه‌ره‌وه‌یه، به ڕم(نێزه) خه‌ریکی کۆشتنی گایه‌که. هه‌ر ئه‌م نه‌خشه بووه هۆکاری ئه‌و هه‌ڵه‌یه که ده‌سته‌یه‌ک لایان وا بێ که میترا ژنه. به‌ڵام راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که میترا پیاوه.
· له''ته‌ختی جه‌مشید'' و هه‌روه‌ها له قه‌ڵای ''زێوییه‌ی سه‌قز''دا دوو نه‌خش دۆزراونه‌ته‌وه که ره‌سمی شێرێکیان له سه‌ره‌و شێره‌که په‌ڕیوه‌ته کۆڵی گایه‌که‌وه‌و ده‌یکوژێ( له‌بیرتان بێ که‌وتمان میترا و خۆر و شێر یه‌ک شتن).
· به هه‌ر حاڵ، پاش کوشتنی گاکه میترا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای هاوڕێکانی و بۆ ئاخرین جار له‌گه‌ڵیان وه‌ک شام (خواردنی ئێواره)، نان و شه‌رابی پیر‌وز ده‌خوا.(9) پاشان ماڵاوایی ده‌کا له هاوڕێکانی و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاسمان. به‌ڵام به‌ڵێنیان پێده‌دا که بگه‌ڕێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆی رووناکی بێنێ(10).
· چلیپه(صلیب)
·لای میتراییه‌کان چلیپا(صلیب) زۆر شتێکی پیرۆز بووه‌و هێما بووه بۆ هه‌موو دنیا واته(باکوور، باشوور، رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا)، هه‌روه‌ها هێمای چوار عونسوری سه‌ره‌کی واته(ئاو، ئاگر، با و خاک). چلیپا که له نێو ئه‌ڵقه‌یه‌کدا بووه که هێمایه بۆ خۆر.
· پیرۆز کردنی مناڵ
میتراییه‌کان کاتێ که مناڵیان ده‌بوو، له شوێنێکدا که ''مێهراوه''یان پێده‌گوت، مناڵه‌که‌یان ده‌شۆرد و پیرۆزیان ده‌کرد( ده‌ڵێن وشه‌ی ''محراب''ی عه‌ره‌بی هه‌ر ئه‌و ''مێهراوه''یه).
· ئێزدواج
زه‌واج له نێو میتراییه‌کاندا په‌یمانێک بووه له نێوان ژن و پیاودا که ده‌بوو ئه‌مه‌گدار بن و په‌یمانه‌که نه‌شکێنن. نیشانه‌و هێمای په‌یمانه‌که‌ش ئه‌ڵقه‌یه‌ک بووه که کردوویانه‌ته په‌نجه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه له به‌ر چاویاندا بێت و په‌یمانه‌که له‌بیر نه‌که‌ن.(11)
· قوربانی کردن
هه‌روه‌ک پێشتر باسمان کرد، میترا گایه‌ک ده‌کوژێ و هه‌ر له‌و کاته‌وه قوربانی کردنی گا ده‌بێته نه‌ریت و تا ئێستاش به‌رده‌وامه. لێره‌دا ره‌نگه بێ که‌ڵک نه‌بێ که ئاماژه بکرێ به ئاهه‌نگی قوربانی کردنی گا که له لایه‌ن ئێزه‌دییه‌کانه‌وه هه‌موو ساڵێک به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
دوکتور''فریدون جنیدی'' که‌فارسه، چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ئاهه‌نگه له زمانی مامۆستا ''تۆفێق وه‌هبی''یه‌وه به‌م شیوه ده‌گێڕێته‌وه:
”ئێزه‌دییه‌کان له پێنجه‌مین رۆژی جه‌ژندا، ئاهه‌نگی ''قه‌باغ'' به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ده‌سته‌یه‌کیان ده‌چنه سه‌ر لووتکه‌ی کێوی به‌رانبه‌ر به مه‌زاری ''شێخ عوده‌ی'' و به‌تفه‌نگ ده‌ست ده‌که‌ن به ته‌قه‌کردن و به‌شادی و هه‌ڵهه‌ڵه‌وه ئاهه‌نگه‌که ده‌ست پێده‌که‌ن. پاشان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر مه‌زاری شێخ که له‌وێ ژن و پیاو به‌ده‌نگی ده‌ف و نایه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕن. له‌و کاته‌دا ''میرشێخ خان'' گایه‌کی گه‌وره‌ی ئاماده کردووه‌و داوایان لێده‌کات نه‌یه‌ڵن گاکه تووشی هیچ سه‌ده‌مه‌یه‌ک ببێ. گه‌نجه‌کان گاکه وه‌رده‌گرن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن بۆ سه‌ر مه‌زاری ''شێخ شه‌مس'' و به‌ڵێن ده‌ده‌ن که به ساخی بیگێڕنه‌وه. کاتێ که خه‌ریکی خوێندنی دۆعاو موناجاتێکن، که غه‌یره ئێزه‌دییه‌کان تێیناگه‌ن، دوو نه‌فه‌ر ئێزه‌دی دزه ئه‌که‌ن بۆ ناو جه‌ماعه‌ته‌که‌و یه‌کێکیان به زیره‌کییه‌کی تایبه‌تییه‌وه گاکه ده‌دزن. له‌پڕ هاوارو ڕۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌و جه‌ماعه‌ته‌که بێ ئه‌وه‌ی گرنگی بده‌ن به دزه‌که له گاکه ده‌گه‌ڕێن و له‌هه‌مان کاتدا واده‌نوێنن که هه‌م ناو و هه‌م حوزووری دزه‌که‌یان له‌بیر چووه‌ته‌وه. پاشان گاکه به شادی و خۆشییه‌وه ده‌به‌نه‌وه بۆ سه‌ر مه‌زاری شێخ عوده‌ی. که‌سانی سه‌ر به‌خێڵ و عه‌شیره‌ته‌کان له‌شوێنێکدا به‌ناوی ''مه‌یدانی جیهاد'' کۆ ده‌بنه‌وه‌و پاشان ده پیاوی ئازا‌و بوێر دێنه‌پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری بکه‌ن له گاکه. به‌ڵام میر ده‌ڵێ پێویست ناکا چونکوو گاکه رای کردووه. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌و دوو پیاوه‌ی که پێشتر گاکه‌یان دزیبوو، چوونه‌ته نێو زیاره‌تگاکه‌و خۆیان وه‌ک پیاوانی میر له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن که گوایه ویستوویانه گاکه بپارێزن. پاشان ئه‌و دوو که‌سه گاکه ده‌ڕفێنن به‌ره‌و مه‌زاری شێخ شه‌مس. له‌وێ ئێزه‌دییه‌کان به‌دارو شه‌للاق ده‌که‌ونه وێزه‌ی گاکه‌و پاش ماوه‌یه‌کی کورت سه‌ری ده‌بڕن.( بڕوانه‌په‌راوێزی ژماره1)
هیوادارم سه‌رنجتان دابێ له وشه‌گه‌لی''میر'' و''شه‌مس'' ( که‌به‌واتای ''خۆر'')ه
· ته‌سه‌وف(عێرفان)ی میترایی(12)
میتراییسم بۆ پاڵاوتنی رۆح و ره‌وانی باوه‌ڕمه‌ندان و گه‌شه‌کردنیان، سیسته‌مێکی عێرفانی هه‌بوو که بریتی بوو له حه‌وت پله(قوناغ) که باوه‌ڕمه‌ندان ده‌بوو له‌و حه‌وت پله تێپه‌ڕن. ئه‌وه‌ی که‌ده‌ستی ده‌کرد به بڕینی ئه‌و قۆناغانه پێی ده‌گوترا ''شاگرد'' یا ''تازه‌کار''. ئه‌و حه‌وت پله بریتی بوون له:
ئا. قاڵاو
·هێمای یه‌که‌م قۆناغ قاڵاو بوو. شاگرد له یه‌که‌م هه‌نگاودا تووشی قاڵاوێک ده‌هات. قاڵاو مه‌لێکی ره‌ش و چڵێسه. ره‌شی هێمای تاریکی و پێوه‌ندی مرۆفه به ئه‌هریمه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها هێمای نه‌زانینه. له‌م پله‌دا شاگرد زمانی ده‌به‌سترێ و بێده‌نگ ده‌بێ.
ب. داڵه‌که‌رخۆر
·له‌قۆناغی دووهه‌مدا شاگرد تووشی داڵه‌که‌رخۆرێک ده‌بێ. ئه‌م په‌له‌وه‌ره پێوه‌ندی به لاشه‌ی مرداره‌وه‌بووه‌وه هه‌یه که هێمای جیفه‌ی دنیاییه. له هه‌مان کاتدا تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م مه‌له ده‌روون بینی و ڕامانه. له‌م قۆناغه‌دا شاگرد له‌گه‌ڵ ده‌روون بینی ئاشنا ده‌بێ، واز له‌دنیا دێنێ، له خه‌ڵک دوور ده‌که‌وێته‌وه‌و له گۆشه‌یه‌کدا چل رۆژ داده‌نیشێ و ده‌ست ده‌کا به‌رامان.
پ. سه‌رباز
·له‌م پله‌دا شاگرده که ئاگادار ده‌بێته‌وه له نهێنی ''هێز'' و ''بوێری'' و تێده‌گا که هۆکاری بێ هێزی و نه‌توانین، سستی و ته‌ممه‌ڵییه. له‌م قۆناغه‌دا، ''میریاران'' پشتێنێک له‌پشتی ده‌به‌ستن و ده‌بێته سه‌رباز و ئاماده ده‌بێ که له پێناوی ''هه‌ورمه‌ز'' و سه‌قامگیری رووناکی له جیهاندا، خه‌بات بکا. جا میریاره‌کان تاجێکی پێشکه‌ش ده‌که‌ن که وه‌ری ناگرێت و ده‌ڵێ : میر(خۆر) تاجی سه‌رمه.
ت. شێر
·ئه‌وه‌ی که بگاته قۆناغی شێر، دیاره سه‌ربازێکی ئازایه‌و له دنیا دابڕاوه. به‌دڵ و به‌گیان رووی کردووه‌ته رووناکی و فێری سه‌ربه‌رزی و شکۆداری بووه. له‌م پله به‌دوا به شاگرد ده‌ڵێن ''په‌یڕه‌و''.
ج. ئێرانی
·له‌م پله‌دا په‌یڕه‌و هه‌ست به خۆشه‌ویستییه‌کی دوو لایه‌نه ده‌کا. له لایه‌که‌وه ئه‌وینداری خه‌ڵکه‌و له‌لایه‌کی تره‌وه شه‌یدای ''میر''ه.
چ. میریار
·ئه‌وه‌ی بتوانێ بگاته ئه‌م پله، دیاره لێهاتووه‌و شایانی ئه‌وه‌یه که ببێته''میریار''، واته ده‌بێته مامۆستا و رێنوێنی تازه‌کاران.
ح. باب یان پیر
·ئه‌وه‌ی بگاته حه‌وته‌مین و ئاخرین پله، گه‌یشتووه به رووناکی و ده‌بێته نوێنه‌ری میر که سه‌رچاوه‌ی رووناکییه ئیتر پێیده‌ڵێن ''باب'' یان ''پیر''.
گیانله‌به‌ری پیرۆز
·میر که‌ڵەشێری زۆر خۆشویستووه. به‌تایبه‌ت که‌ڵه‌شێری سپی. هه‌ربۆیه ئه‌م په‌له‌وه‌ره رێزی تایبه‌تی هه‌بووه لای میتراییه‌کان و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی پیرۆز سه‌یریان کردووه‌و بووه‌ته هێمای باوک(میثره).
·که‌تۆزێک بیر له‌وشه‌ی که‌ڵه‌شێر بکه‌ینه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که به‌مانای '' که‌ڵی شێر''ه. له‌بیرمان بێ که له‌باسی حه‌وته‌وانه‌و هێمای جۆربه‌جۆری ئه‌ستێره‌کاندا، گوتمان که''میر(میترا)'' و ''هۆر(خۆر) و ''شێر'' یه‌ک شتن. هه‌روه‌ها بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که بۆچی له‌هه‌ندێ ناوچه‌ی کوردستان به‌و په‌له‌وه‌ره ده‌گوترێ که‌ڵه‌شێر و له‌هه‌ندێ ناوچه‌ی دیکه پێیده‌ڵێن که‌ڵه‌باب.
·میترایسم له‌رۆژاوا(ئه‌ورووپا)د.ا:
·چۆنییه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی ئایینی میترا به‌ره‌ۆ وڵاتانی ئه‌ورووپی، به‌ته‌واوی روون نه‌بووه‌ته‌وه. به‌ڵام بۆچوونی زاڵ ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێ : کاتێ که له‌شکری ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌کدوونی هێرش ده‌کاته سه‌ر ئێرانی ئه‌وکاته، واته له کاتی ده‌سه‌ڵاتداری شای هێخامه‌نشی (دارای سێهه‌م)، له‌گه‌ڵ ئایینی میترا ئاشنا ده‌بن. ئه‌گه‌ر چی له‌و کاته‌دا ئایینی میترایی کز بووه‌و ئایینی ره‌سمی و زاڵ ئایینی زه‌ڕده‌شتی بووه، یۆنانییه‌کان بۆ درووست کردنی دووبه‌ره‌کی و ئاژاوه له نێوان ئێرانییه‌کاندا، بایه‌خ ده‌ده‌ن به‌ئایینی میترا و پاش شکست هێنانی هێخامه‌نێشییه‌کان و گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن یۆنانییه‌کانه‌وه‌و نیشته‌جێ بوونیان، زۆربه‌ی سه‌ربازه یۆنانییه‌کان واز له‌ئایینی خۆیان دێنن و ده‌بنه‌میترایی. دواتر له سه‌رده‌می ئه‌شکانییه‌کاندا که یۆنانییه‌کان تێکده‌شکێن و ناوچه‌که به‌جێ دێڵن، ئایینی میترا له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌کان و بازرگانه یۆنانییه‌کانه‌وه ده‌برێته ئه‌ورووپا.
·هه‌رچۆنێ بێ، له‌سه‌ده‌ی یه‌که‌می پێش له‌دایک بوونی مه‌سیحه‌وه تا سه‌ده‌ی چواره‌می زایینی، واته ماوه‌ی 500 ساڵ، میترایسم زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپای گرته‌وه‌و بوو به‌ئایینی ره‌سمی ئێمپراتۆرییه‌تی رۆم و تا سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵات گرتنی کونستانتین (Konstantin) ئایینی زاڵ بووه.
·کونستانتین(280-337 زایینی) له سۆنگه‌ی سیاسییه‌وه، له ئایینی میترایی هه‌ڵده‌گه‌رێته‌وه‌و ده‌بێته مه‌سیحی. به‌ڵام میتراییه‌کان ئازار نادا‌و ئازادییان پێده‌دا که له‌سه‌ر ئایینی خۆیان بمێننه‌وه‌و داب و نه‌ریتی خۆیان بپارێزن. که‌چی جێنشینه‌کانی به‌رده‌بنه زه‌خت و زۆر له‌سه‌ر میتراییه‌کان وله‌سه‌ر داوای کلیسا، ده‌ستده‌که‌ن به‌وێران کردنی مێهراوه‌کان و کوشت و بڕی باوه‌رمه‌ندانی میترایی، به‌شێوه‌یه‌ک که که‌س نه‌یده‌وێرا پڕبه‌دڵ سه‌یری هه‌ڵهاتن و ئاوابوونی خۆر بکا له‌ترسی تۆمه‌تبار بوون به میترایی.
·دواتر له‌ساڵی 361ی زایینی‌دا، جولیانوس فلاڤیوس کلاودیوس(Julianus Flavius Claudius) بوو به ئێمپراتوور و گه‌ڕایه‌وه سه‌ر باوه‌ڕی میترایی و میترایسمی کرده‌وه به‌ئایینی ره‌سمی و میتراییه‌کان دیسان سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه. به‌ڵام پاش دوو ساڵ، جولیانوس جوانه‌مه‌رگ بوو.
·کلتسا نه‌فره‌تی کرد له‌جولیانوس و به‌کافری له قه‌ڵه‌م دا‌و به یارمه‌تی فه‌رمانده‌کانی ئێمپراتووری، به‌ربوونه کوشت و بڕی دووباره‌ی میتراییه‌کان.
·به‌ڵام هه‌رچونێ بێ، گرنگ ئه‌وه‌یه که مه‌سیحییه‌ت نه‌ک هه‌ر له میتراییسمه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت، به‌ڵکوو زۆربه‌ی داب و نه‌ریتی ئایینی میترای کۆپی کرد، که‌لێره‌دا ئاماژه‌ده‌که‌م به‌هه‌ندێ له‌وانه.
کاتی له‌دایکبوونی مه‌سیح
· تا سه‌ده‌ی چواره‌می زایینی، هه‌موو مه‌سیحییه‌کان بڕوایان وابوو که مه‌سیح شه‌وی 6ی January هاتووه‌ته دنیا. به‌ڵام له‌ساڵی 353ی زایینی‌دا، پاپ لیبێر(Liber) رایگه‌یاند که‌مه‌سیح له‌شه‌وی 25ی December (واته‌شه‌وی یه‌لدا به‌ته‌قویمی ئه‌و سه‌رده‌مه) له‌دایک بووه.که کاتی له‌دایک بوونی میترایه.
· جێگای سه‌رنجه که ئێستاش مه‌سیحییه ئورتۆدوکسه‌کان و ئه‌رمه‌نییه‌کان ئه‌وه‌یان قه‌بووڵ نییه‌و ده‌ڵێن مه‌سیح له6ی January له‌دایک بووه.
مه‌سیح و شوانه‌کان
· میترا که له ئه‌شکه‌وته‌که‌دا دێته دنیا، دوو شوان ده‌چن بۆ لای و مه‌سیحییه‌کانیش به‌هه‌مان شێوه ده‌ڵێن : کاتێ که مه‌سیح له دایک ده‌بێ، دوو شوان ده‌چن بو لای.
پاکیزه‌بوونی دایک
· ئاناهیتا دایکی میترا(وه‌ک سۆشیانت) باکره بووه واته بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاو تێکه‌ڵ بێ ، میترای بووه. وه‌ک ده‌زانن، مریه‌می دایکی مه‌سیحیش باکره بوو.
چلیپه(صلیب)
·چلیپه‌ی میتراییه‌کان بوو به هێمای پیرۆزی مه‌سیحییه‌کان.
باوک
· میترا باوکی ئاسمانی بوو. مه‌سیحیش بوو به باوکی ئاسمانی.
پاپ (Pope)
· له عیرفانی میتراییدا، ئه‌وه‌ی که ده‌گه‌یشته پله‌ی ئاخر، ده‌بووه ''پیر'' یان ''باب''. هه‌موو ده‌زانین که به‌رزترین قه‌شه‌ی مه‌سیحییه‌ت پێی ده‌گوترێ ''پاپ''، که‌هه‌مان وه‌شه‌ی ''باب''ی کوردییه به هه‌مان واتا.
که‌ڵه‌شێر
·پێشتر باسی پیرۆز بوونی که‌ڵه‌شێرمان کرد له ئایینی میترادا. ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێ، له زۆربه‌ی کلیساکانی دنیای مه‌سیحییه‌تدا، له‌سه‌ر مناره‌ی کلیساکان که‌ڵه‌شێرێک ده‌بینرێ که وه‌ک ''بانوێن''(ئامرازێک بۆ نواندنی ئاراسته‌ی با) به‌کاری دێنن.
شامی ئاخر
·خواردنی ''ئاخرین شام''ی میترا له‌گه‌ڵ 12 هاوڕێکه‌ی و شامی ئاخری مه‌سیح له‌گه‌ڵ 12هاوڕێکی. هه‌روه‌ها خواردنی نان و شه‌رابی پیرۆزی ئه‌وان و ئه‌و نان و شه‌رابه‌ی که رۆژانی یه‌کشه‌ممه له‌لایه‌ن قه‌شه‌کانه‌وه پیرۆز ده‌کرێ و ده‌درێ به‌وانه‌ی که‌ده‌چن بۆ کلیسا.
نه‌مری
·میترا نامرێ به‌ڵکوو ده‌ڕوا بۆ ئاسمان و به‌ڵێن ده‌دا به‌هاوڕێکانی که بگه‌ڕێته‌وه.
·به‌پێی بڕوای مه‌سیحییه‌کانیش، مه‌سیح نه‌مردووه‌و بڕیار وایه بگه‌ڕێته‌وه.
سه‌رکڵاو
·له‌هه‌موو ئه‌و نه‌خشانه‌دا که له ئه‌شکه‌وته‌کان و مێهراوه‌کاندا دۆزراونه‌ته‌وه، میترا سه‌رکڵاوێکی له‌سه‌ردایه که ئێستاش قه‌شه‌گه‌وره‌کانی کلیسا، که پێیان ده‌ڵێن ''ئوسقوفی ئه‌عزه‌م''، هه‌مان سه‌رکڵاویان له‌سه‌ردایه‌و سه‌یر ئه‌وه‌یه‌که‌خۆیان به‌و کڵاوه ده‌ڵێن: ''میترا''.(13)
کاژ(کاج)
· له‌سه‌رده‌می کۆندا لای خۆمان شه‌وی یه‌لدا(جه‌ژنی له‌دایک بوونی میترا) داری ''سه‌رڤ (شه‌روه‌ن) '' یان داناوه. مه‌سیحییه‌کان له‌باتی سه‌رڤ، داری کاژ(کاج) داده‌نێن.
***
·له‌کۆتاییدا پێویسته بڵێم که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره ئه‌وه نییه‌که بیسه‌لمێنێ که مه‌سیحییه‌ت و کریسمه‌س له میتراییسم و یه‌لداوه وه‌رگیراون. چونکه ئه‌وه پێشتر سه‌لماوه‌و ده‌یان کتێب و سه‌دان وتاری به‌زمانی جۆراوجۆر له‌سه‌ر نووسراوه‌و شتێکی تازه نییه. به‌ڵکوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که به کورد بڵێم :
·به داخه‌وه کورد (هۆکاره‌کانی هه‌رچی که‌هه‌ن) تا ئێستا بۆ سه‌پاندنی هه‌وییه‌تی خۆی وه‌ک گه‌لێکی جیاواز و خاوه‌ن فه‌رهه‌نگ و مێژووی تایبه‌تی، به‌س جه‌ختی کردووه‌ته سه‌ر خه‌باتی چه‌کداری و له‌م ئاخرانه‌شه‌وه سیاسه‌ت(دیپلوماسی)، که‌هه‌ردووکی به‌گوێره‌ی خۆی پێویست بووه. به‌ڵام ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین له‌بواره‌کانی ترێشدا به‌تایبه‌ت له‌بواری فه‌رهه‌نگ و مێژوودا خه‌بات بکه‌ین و به توێژینه‌وه، بگه‌ڕێین به‌دوای ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگی و مێژوویی خۆمانداو به‌هه‌موو دنیا بڵێین که ئێمه میلله‌تێکی کۆنین و فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پووری ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌یه‌و به‌درێژایی مێژوو گه‌لانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه له زمان و دیارده فه‌رهەنگییه‌کانی ئێمه که‌ڵکیان وه‌رگرتووه.
· دیاره ئه‌مه کارێکی ئاسان نییه‌و پێویستی به که‌سانی دڵسؤز و له‌خۆبردوو هه‌یه‌و له‌هه‌مان کاتدا ده‌بێ داموده‌زگای فه‌رهه‌نگی هه‌بێ که‌بایه‌خ بدا به‌و کاره پیرۆزه‌و یارمه‌تی توێژه‌ران بدا.
·9. ئه‌و شه‌رابه له گیایه‌کی پیرۆز درووست کراوه به ناوی ''سۆمه'' یا ''سۆم'' که له فارسی‌دا بووه‌ته''هوم''. خواردنی شه‌رابه‌که ده‌بێته هؤی ئه‌وه که مرۆڤ له‌راستی و پاکی تێ بگا و له تاریکییه‌وه بگاته رووناکی.
·جا خۆتان وشه‌ی ''سۆمه'' یا ''سۆم'' له‌گه‌ڵ وشه‌ی کۆردی سۆما به‌راورد بکه‌ن.
·10. ئێستاش له‌کوردستان که پاییز ته‌واو ده‌بێ و زستان ده‌ست پێده‌کات و دیاره رۆژگار درێژ ده‌بێته‌وه، خه‌ڵک ده‌ڵێن: رۆژ گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
·11. جێگای سه‌رنجه که'' منوچهر جمالی '' که پڕۆفیسۆرێکی فارسه، ده‌ڵی که وشه‌ی ئینگلیزی ''Marry'' که به واتای زه‌واجه، هه‌مان وشه‌ی کوردی ''ماره''یه(ماره‌بڕین)، که چووه‌ته نێو زمانی ئینگلیزییه‌وه.
·12. ده‌سته‌یه‌ک له توێژه‌رانی فارس له‌و بڕوادان که ته‌سه‌وفی ئیسلامی و شه‌رقی له ته‌سه‌وفی میتراییه‌وه گیراوه.
·13. من نازانم له کوردی‌دا ئه‌و سه‌رکڵاوه‌ی میترا ناوی چی بووه، به‌ڵام تۆ بڵێی وشه‌ی '' مێزه‌ر'' که کورد له‌سه‌ری ده‌به‌ستێ، له‌گه‌ڵ وشه‌ی '' میثره'' پێوه‌ندی نه‌بێ ؟