ما 4362 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

کاتی پشوودان هات. شەکرە بە دەورم دا دەهات و دەچوو. راستیت دەوێ، منیش پێم ناخۆش نەبوو. خۆش خۆش دەستی دەبرد بۆ گیرفانی، مێوژی دەهاویشتە زاری. دەستی درێژ کرد مستێکی مێوژ دەرهینا و وتی، دەخۆی؟ چەند دەنکێکم وەرگرت، زۆرم پێ خۆش بوو. بە خۆم وت، بەڕاستی نەمزانی قوتابخانە ئەوەندە خۆشە!

 

ئەمەش منداڵی ئەم سەر دەمە (٢)

دوو شەممە، یەکەم رۆژی قوتابخانە

قادر نیکپوور

یەکەم رۆژی قوتابخانە، وەک قشڵە (رەوە) بێ قسە کردن وەپێش خۆیان داین. یەک دوو جار ئاوڕم دایەوە، دیتم دایکم لەگەڵ رەئیس قسە دەکات. وتم، بێت و نەبێت لەبارەی من قسەی لەگەڵ دەکات. دڵم پڕ بوو ویستم بە گریان بڕۆمە لای دایکم. هیوا سەیرێکی کردم و پرسی، وا دیارە قوتابخانەت پێ خۆش نیە؟ پشوویەکەم هاتەوە بەرخۆ وتم، زۆرم قوتابخانە پێ خۆشە، بەڵام .... بابڕۆین!

لە ژوورەوە مامۆستا دەستی کرد بە قسە کردن. دوای بە خێر هاتن بۆ پۆل و یەکەم رۆژی قوتابخانە، دەفتەرەکەی کردەوە دەستی کرد بە خوێندنەوە. نەمزانی کەی نۆبەی منە. ئەوەندەم گوێ لێ بوو وتی، "سەردار". کوڕیکی قۆشمە و زیت لە تەنیشتم راوەستابوو. سەر تا پێ سەیرێکی کردم و بە هێمنی وتی، ئەی لە نێو سەیرە؟ سەردار؟ جا تۆ شەڕەف ئەم نێوە بۆ ئەم قەڵافەتە دەبێ؟ مامۆستا کە گویی لە سرت و خورتە بوو وتی، بێدەنگ بن. وڵات بۆ تاوێک بیدەنگ بوو. لە من تەواو بوو وتی، "شەنگە" کەس وڵامی نەدایەوە. دیسان ناوەکەی خوێندەوە، کەس وڵامی نەدایەوە. وتی، کێ ناوی شەنگەیە؟

کوڕێک لەو لا دەستی بەرز کردەوە وتی، مامۆستا ئەوەی لای سالار وەستاوە ناوی شەنگەیە. مەبەستی لەو کورە بوو کە گاڵتەی بە ناوی من کرد. مامۆستا هاتە پێش و وتی، تۆ ناوت شەنگەیە بۆ دەنگ ناکەی؟ بەڵێ مامۆستا، بەڵام خەڵک بە "شەکرە" دەمناسن. مامۆستا وتی، لێرە تۆ ناوت شەنگەیە، و بڕایەوە. منیش وەک خۆی سەر تا پێ سەیرێکم کرد و وتم، بەراستی تۆ ناوت شەکرەیە؟ تۆ زۆرتر لە "کەکرە" دەچی تاکو شەکرە. تۆ شەڕەف ئەم دەم و چاوە بۆ شەکرە دەبێت. زۆری ئەم قسەیە پێ ناخۆش بوو. لای خۆت وتم، دیسان "یەک بە یەک".

شەکرە سەیریکی کردم و وتی، تازە غەدریان لێکردووم ئەگینا هەنگونم پێ خۆشترە تاکو شەکرە. بۆم دەرکەوت کە شەکرە بۆ گاڵتە پیکردن نابێت. دەبێ زۆرتر خۆمی لێ نزیک بکەمەوە تاکو بەربەرەکانی.  

مامۆستا کە زانی لای ئێمە دەنگ دێت وتی، قسە نەبێت! خێرا ناوەکانی خوێندنەوە، لە پاشان لیستێکی دوور و درێژی خوێندەوە کە بریتی بوون؛

کەس حەقی نیە بێ ئیجازە قسە بکات

کەس حەقی نیە بێ ئیجازە برواتە ئاو دەست

کەس حەقی نیە قسەی ناشرین بکات

کەس حەقی نیە لەگەل کەس شەڕ بکات

کەس حەقی نیە بە دزی شت بخوات

کەس حەقی نیە درەنگ بێتەوە

هەروە ها زۆر شتی دیکە. کە باسی ئاودەستی کرد، یەکسەر خۆمم کەوتەوە بیر. بەیانی لە بیرم چوو برۆمە ئاودەست. شەکرە دەستی بەرز کردەوە وتی، مامۆستا مەبەستت ئەوەیە هەر لە شوێنی خۆمان کاری ئاودەست بکەین؟ مامۆستا نەیتوانی پێش بە خۆی بگرێت، بە قسەکە زۆر پێکەنی. بوو بە فشە و پێکەنین. تاوێک پێچوو تاکو هەموو بێدەنگ بوون.

کاتی نان خواردن هات. هەر کەس شتێکی پێ بوو. منیش پێم خۆش بوو بزانم چیم پێیە؟ جەعبەکەم کردەوە، دیتم بابۆڵەیەکی نیوە خوراوەی تێدایە لەگەڵ لەتێک شیرنی. کە چاوم پێکەوەت یەکسەر زانیم ئەمە کاری سامانی برامە. خێرا ناسیمەوە. لەو شیرنیانەی کە بە دزی لە کاراج دەیخوات. دلم پڕ بوو، ویستم دەست بکەم بە گریان، کە سیروانە سیرمەی برام وەبیر هاتەوە، پەشیمان بوومەوە. بە خۆم وت، باشە کاک سامان ئی من و تۆ بمێنێت.

دوای نان خواردن شوێنی دانیشتنیان بۆ دیاری کردین. ئارەزووم دەکرد هیوا لای من بێت، بەڵام بە پێچەوانە شەکرەیان لای من دانا. بە خۆم وت، تازە بوو بە فشەخانە.

کاتی پشوودان هات. شەکرە بە دەورم دا دەهات و دەچوو. راستیت دەوێ، منیش پێم ناخۆش نەبوو. خۆش خۆش دەستی دەبرد بۆ گیرفانی، مێوژی دەهاویشتە زاری. دەستی درێژ کرد مستێکی مێوژ دەرهینا و وتی، دەخۆی؟ چەند دەنکێکم وەرگرت، زۆرم پێ خۆش بوو. بە خۆم وت، بەڕاستی نەمزانی قوتابخانە ئەوەندە خۆشە، بە تایبەتی بە ئاشنا بوون لەگەڵ شەکرە خۆشتر بوو.

 

 

درێژەی هەیە

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت