ما 8012 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

رەسول سەفەریانی

ئەم وڵاتە و وڵاتانی هاوشێوە لەسەر بازنەیێک دەسوڕێنەوە و هەر نیو سەدە جارێک جیرۆکی "سوڵتان و شەبان"ی تێدا دوپات دەبێتەوە. لە چیرۆکی "سوڵتان و شەبان" دا مەجموعەیێک لە کەسانی سەرەوەی دەسەڵات بە بێ پرس و را لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگا، کەسێک وەک سەرۆک بۆ ئەو خەڵکە دیاری دەکەن کە تەنانەت خودی شەخسەکەش خۆی شایانی ئەو ئەرک و پۆستە نازانێت. 

 

 

 

سیاسەتی"سوڵتان و شەبان"ی[1]

رەسول سەفەریانی

 

هەر لەسەرەتاکانی بەکۆمەڵبوونی مرۆڤ هەمیشە لە هەموو کۆمەڵگایێکدا کەس یان کەسانێک هەوڵیان داوە کە دەسەڵاتی خۆیان  بە سەر ئەندامانی تری کۆمەڵگادا بسەپێنن. فەن و رێبازی گەیشتن بە دەسەڵات و بەڕێوە بردنی وڵات، حزب، گروپ و تەنانەت خێزانیش  بە سیاسەت ناوزەد دەکرێت. سەرەتا ئینسان لە توانای جەستەیی و زەبر و زەنگ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات کەڵکی وەرگرتوە و هەر بەم ئامرازەیش دەسەڵاتی راگرتوە. لەم شێوە کارەدا گروپێکی کەم توانیویانە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگادا زاڵ بن و بە کەڵەگایی دەسەڵاتی خۆیان پێش بخەن. بەڵام وردە وردە و بە گوێرەی گەشەی بیر و هزری ئینسان، ئەم بەشە لە توانای ئینسان بوو بە گەورەترین ئامراز بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. واتە ئەوانەی کە لەو بوارەدا بەتوانا بوون دەیانتوانی بە هێزی هزر و بیر دەستبەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگادا بگرن و بیانخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و لە توانای ئابووری و ئینسانییەکانیان بە قازانجی خۆیان کەڵک وەر بگرن و، بیانچەوسێننەوە. لەگەڵ گەشەی هزر، چەک و ئامرازەکانیش گەشەیان کرد. بەم شێوەیە ترسی خەڵکانی ژێردەسەڵات لە دەسەڵاتداران زۆرتر دەبوو و رووخاندن و رکابەرکێش لە گەڵیان تا دەهات گرانتر دەبوو. بەڵام لەگەڵ گەشەی شارستانییەت وردە وردە باس لە دەنگ و بەشداری ئەندامانی کۆمەڵگا لە دەسەڵاتدا هاتە پێش. ئەم دەنگە سەرەتا لە بەشیكی تایبەتی کۆمەڵگا، واتە دەسڕۆیشتوانی ئابووری و بەتوانایانی ئەم بووارە و کەسوکارانی دەسەڵاتداران مافی دەنگیان پێدرا. پاشان ئەم بەشەش بە خەباتی ئینسانەکان و  گیانبەختکردنی چالاکانی مافی مرۆڤ و بەرابەری خوازان وردە وردە رەنگی دەسەڵات و شێوازی دەسەڵاتداری گۆڕدرا. وای لێهات کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا لە ژن و پیاو و فەقیر و دەوڵەمەند بوون بە خاوەن دەنگی خۆیان و ئەمڕۆ ئیتر لە وڵاتانی پێشکەوتودا هەموو تاکێکی کۆمەڵگا مافی دەنگی هەیە و هەموو دەنگەکانیش یەک ئەرزش و بایەخیان هەیە.

بەڵام هەر ئێستاش کە بەشێک لە وڵاتان. بەتایبەتی وڵاتانی رۆژئاوایی، گەیشتونەتە لوتکەی دیموکراسی و دەسەڵاتەکان چاویان لە تاکەکانی کۆمەڵگایانە کە بە دەنگی خۆیان ئیزنی دەسەڵات و ماننەوە یان لابردنیان لە دەسەڵاتدا پێبدەن، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی، بەتایبەت رۆژهەلاتی نێوەڕاستدا هێشتا شێوازی دەسەڵات و دەسەڵاتداری هەر لە سەردەمی کۆن و پێش دەنگدان و دیموکراسیدایە. زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانە، دیموکراسی و گەلسالاری بە هاوردەێکی رۆژئاوایی دەزانن و  پیانوایە کە لەگەڵ داب و نەریت و ئاینی ئەواندا نایەتەوە. بەم بیانوە نەیانویستوە و نایانەوێت ئەم چەمکە لە نێو کۆمەڵگادا زۆر پەرەبستێنێ. هەمیشە تێکۆشاون لە بەرانبەریدا چەمکی ئایینسالاری و شەریعەت یاسایی بهێننە ئاراوە و جێگای چەمکی دیموکراسی پێ پڕ بکەنەوە. ئەمەش بەتەواوەتی دژی دیموکراسی و گەل سالارییە، چون لەم شێوازی حکومەتدارییەدا مرۆڤەکان و تاکی کۆمەڵگا نایەتە ئەژمار و هیچ بایخێکیان پێ نادرێت. لێرەدا تەنیا دەستوراتی ئایین و شەریعەتن کە بڕیاردەرن و ئەوانیش تەنیا لە بەرژەوەندی تاقمێکی کەم و  خاوەن دەسەڵاتی کۆمەڵگادا دەبێت.

چەمکی دیموکراسی خاوەن چەند پایە و ستونی بناخەییە کە لەوانە سەروەری یاسا و سەربەخۆیی سیستەمی داد و مەحکەمەکان، ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان و دەنگدان و میدیاکانە و هەر وەها رێز بۆ بەرانبەر و کەمینە و ...

مافی دەنگدان یەکێک لە ئامرازەکان و نیشانەکانی دیموکراسییە. بەڵام تەنیا مافی دەنگدان و جێبەجێکردنی ئەو مافە بە مانای هەبوونی دیموکراسی نییە. خودی دەنگدان دەبێت چەندین پێش مەرجی پێویستی تێدا بەڕێوە بچێت. یەکێک لەوانە هەبوونی ئازادی ئەحزاب و گروپ و  باوەڕەکانە. بە بێ ئەو ئازادییانە دەنگدان هەر دەبێتە دەنگدانەکانی دەورانی باستان و لە بازنەیێکی خودییانەدا بەرتەسک دەکرێتەوە و ناکرێت وەک دەنگدانی مودێڕن و پێشکەوتوانە ئەژماربکرێت. ئەم جۆرە دەنگدانە کە تەنیا لە بازنەیێکی تەنگ و بچوکدا لە نیو کەسانێکی دیاریکراودا کە دەسەڵاتداران دەیانخەنە بەردەم خەڵک بۆ هەڵبژاردن قەت ناتوانێت رێگا بەرەو سیستەمی دیموکرات ببرێت و بگاتە ئامانج. 

                                                                           

جیا لە هەموو ئەمانە دیموکراسی تەنیا زانستێکی تێئوریانە نییە کە بە خوێندنەوە و لەبەرکردنی ئەو بابەتە ئینسانەکان ببنە ئینسانگەلی دیموکرات و ئیمانیان هێنابێت بە هەموو بنچینەکانی دیموکراسی. دیموکراسی وەک ئیجازەی لێخوڕینی ماشینە. یانی لە دوو بەش پێک هاتوە، بەشی تێوری و بەشی کرداری یان عەمەڵی. بە خوێندن و لەبەر کردنی بەشی تێوری و دەرچوون لە تاقیکردنەوەکەشیدا هیچ مرۆڤێک نابێتە سایەق و لێخور و ناتوانێ ماشین لێخورێت. واتە بۆ فێربوونی دیموکراسی پێویستی بە تەمرینی عەمەڵیە و دەبێت لە گەڵیدا گەورە بیت. گەورەبوون لەگەڵیدا یانی هەر لە منداڵییەوە(لە تەمەنی پێش مەدرەسەوە) دەستی پێبکرێت و وەک بەشێک لە ژیان لە هەموو قۆناخەکانی تەمەندا لەگەڵیدا  بیت و بە کردەوە بەکاری بێنین. لە وڵاتانی ئوروپییدا ئەم ئەرکە وەک وانە هەر لە باخچەی منداڵانەوە  دەوترێتەوە وبە کرداریش جێبەجێی دەکەن. بۆیە هەر تاکێکی ئوروپایی ئاگاداری هەموو مافەکانی خۆیەتی دەزانێت چ کردار و رەفتارێک لە دەوڵەت و دەسەڵاتدا نادیموکراسیانەیە و بەرانبەری رادەوەستن و پێشی پێدەگرن.

ئێمەی گەورە بووی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری کە بە دریژایی بیرەوەری خۆمان و مێژووەکەمان تەنیا لە چوارچیوەی فکر و کلتوری دیکتاتۆریدا ژیاوین و بەوەش گۆشکراوین و لەگەڵ ئەوەدا گەورە بووین، لە باشترین حاڵەتدا تەنیا دەتوانین فێری تێوری دیموکراسی بین. بۆیە هەر ئێستاش دەیبینی کە لە ناو  بە ناو پیشکەوتوترین حیزبەکانیشماندا، چ چەپ و چ راست، هەر جۆرێک لە سیستەمی تاک کەسی و تاک دەسەڵاتی و دیکتاتۆرییەت بەڕێوە دەچێت. دەبینین کە تەنانەت ئەو سەرکردانەی کە ساڵها لە ئوروپاشدا ژیاون و لە نزیکەوە لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبەری و رێبەرایەتی حزبەکان و دەسەڵاتەکانی ئەم وڵاتانەدا ئاشنان، هێشتا پاش پتر لە چل ساڵ هەر لە سەر کورسی رێبەرایەتی و سەرکردەگی حزبەکەیاندا ماونەتەوە. ئەوانەشیان کە هەر کاتێک بە هۆیێک نەکرابێت کە لەسەر ئەوکورسیەدا دابنیشن، هەر خێرا لە حیزبەکە هاتونەتە دەرەوە و بونیاتی حیزبێکی هاوشێوە و کۆپییان داناوە و کورسیێکی سەرۆکایەتیان دروست کردوە و لەسەری دانیشتون.

لە بەرانبەری ئەحزابی دەرەوەی دەسەڵاتی ئێران، سیستەمێک  لە ئێراندا حاکمە کە لەسەر هێڵی سیستەمی پێش شۆڕشی پەنجا و حەوتە بەڵام بەرەو دواوەوە. سیستەمێک کە بە رواڵەت دەنگدانیشی تێدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام هیچ نیشانەیێک لە دیموکراسی تێدا بەدی ناکرێت. ئەم وڵاتە و وڵاتانی هاوشێوە لەسەر بازنەیێک دەسوڕێنەوە و هەر نیو سەدە جارێک جیرۆکی "سوڵتان و شەبان"ی تێدا دوپات دەبێتەوە. لە چیرۆکی "سوڵتان و شەبان" دا مەجموعەیێک لە کەسانی سەرەوەی دەسەڵات بە بێ پرس و را لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگا، کەسێک وەک سەرۆک بۆ ئەو خەڵکە دیاری دەکەن کە تەنانەت خودی شەخسەکەش خۆی شایانی ئەو ئەرک و پۆستە نازانێت.

کۆی ئەم دوو لایەنە وامان پێ دەڵێت کە گۆڕانی دەموو چاوەکان هیچ لە سیستەم و شێوازی ژیان و کلتوری سیاسی کۆمەڵگای ئێمە ناگۆرێت و هیچ هیوایێک نە لە نێو دەسەڵاتی حاکمدا بۆ چاکبوون هەیە و نە لە دەرەوە و لە نێو ئوپۆزیسیوندا. گؤران دەبێت هەر وەک وتمان بنچینەیی و کرداری بێت و لە باخچەی منداڵان  و بگرە لە پێش ئەوەیشەوە دەست پێ بکات. بۆ ئەم ئەرکەش نە سیستەمی حاکم ئامادەگی ئەوەی تێدایە و نە هیچ هیوایەک لە ئوپۆزێسیونی بەرانبەریدا شک دەبەم. بەڵکو دەبێت ئەحزاب بە تەمرینی دیموکراسی لە نێو خۆیاندا و قبوڵی بەرانبەر و رێزدانان بۆ بیر و باوڕی جیاواز دەست پێبکەن. ئەحزابی ئوپۆزسیون دەبێت ئەوە بزانن و لەوە تێبگەن کە کەسیان نوێنەری هەموو کۆمەڵگای ئێران نین، بەڵکو هەر لایەنێک نوێنەرایەتی تەنیا بەشێکی کەم یان زۆری خەڵک دەکەن. تەنیا بە کۆی هەموو لایەنەکان، لە راستی راستەوە بۆ چەپی چەپ، دەبنە نوێنەری خەڵکی ئێران. جا هیچ لایەنێک بۆی نییە هەوڵی وەلانانی لایەنێکیتر بدات و حوکمی بۆ سادر بکات. هەر کە گەیشتنە ئەو ئاستەی کە بە کردەوە سەلماندیان کە بڕوایان بە دیموکراسی هەیە و شایانی دەسەڵات و حکومەتدارین خەڵک خۆی هەستی پێ دەکات و هەوڵ بۆ گۆڕانی بارو دۆخی هەنوکەیی دەدەن و هەنگاوی یەکەم هەڵدەگیردرێت. ئەگینا تەنیا چیرۆکی" سوڵتان و شەبان" تیکرار دەکەینەوە.   

 



[1] ٠ ئاماژەیە بە چیرۆکی "سلطان و شبان"ە کە لە سەردەمێکدا شایێک خەوێک دەبێنێت.  تەفسیری خەوەکەی بەڵایەکە کە دەکەوێت لە شوێنی تاج و تەختەکە. بۆ بەرگری لە مردنی شا شوانێک دەبیننەوە و بۆ موەقەتی دەیخەنە جێگەی شا بەڵام دواجار شوانەکە دانابەزێت و دەبێتە شا.

 

Bilderesultat for sultan kunst

گەڕان بۆ بابەت