ما 6750 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

هەتا خاوەن خەرمان ڕاوەدووى دزى نا، دز خاوەن خەرمانى هەراسانکرد. ئەى شیعر بێگەرد، داواى لێبووردنت لێ دەکەم. جار جار دێمە سەر سەکۆى (ناچارى) یەوە. ئەو نوێژە، بەرى درێژە. بۆ ئەم وردە پرسانە کتێبێکم بەناونیشانى (مەوداى مانا) نووسیوە و لەسەر سەکۆى (ناچارى)یەکاندا وەستاوم، ئەوەى ویستوومە نووسیوومە.

 

دوو شیعرى سامى شۆڕش و ئاماژەیەک

سەباح ڕەنجدەر

ئاماژەیەک

ساڵى 2004 دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاراس، کۆشیعرى (هەڵسانەوە)ى سامى شۆڕشى چاپ کرد. (12) شیعرى تێدا دەخوێندرێتەوە. شیعر هەمیشە چاوى یەکەمم بووە. سەرەتاى گەنجیم شیعرەکانى سامى شۆڕشم لە دەفتەرێکدا بۆ خۆم نووسیبووەوە، هەروەها شیعرى شاعیرانى ترى وەک: جەلالى میرزا کەریم و ئەحمەد تاقانە و محەمەد حەمەباقى و فازیل شەوڕۆ و جەلال بەرزنجی و شاعیرانى تریش، کە کۆشیعرە چاپکراوەکەیم بینى هەستم بە کەموکورتییەکانى کرد. تەنیا شیعرى: (بووکى ئاو)م لانەبوو، ئەم باسەم لەگەڵ (لوتفى شۆڕش) کردەوە. ئەمیش ناوى سەرچاوە و ژمارەى گۆڤارەکەى پێ گوتم و پاشان هەرخۆى گەورەیی نواند و بۆ هێنام.

داوام لە بەڕێوەبەرى دەزگاى ئاراس (بەدران ئەحمەد حەبیب) کرد. بە لێزیادکردنی (8) شیعرى تر چاپى دووەمى بکاتەوە. پێشنیارەکەى وەرگرتم و لە ساڵى 2012 چاپى دووەمى کردەوە.

دواى چاپى دووەم بە ماوەیەکى کورت، دوو شیعرى تریشیم دۆزییەوە. ئەوەى وایکرد ئەو دوو شیعرەش بڵاوبکەمەوە. ئەوەیە، برادەرێک لە ژمارە (4)ى گۆڤارى (باران) 2017 دا، شیعرێکى بە ناونیشانى: (تیری ئایرۆس)، (ئامادە) کردووە و بڵاوکردووەتەوە.

سەرەتاى شیعرەکەى لە سەرەتاى شیعرى (هەڵسانەوە)ى سامى شۆڕش وەرگرتووە. (7) پەراوێزیشى بۆ نووسیوە. هەر (7) پەراوێز زیادن و شتى زاندراو و باون. یەک پەراوێز پێویست بوو. کەچی ئەمیشى لە ئاگایی دوو دیودا نەنووسیوە. پێویست بوو ئاماژە بدات، کە سەرەتاى شیعرەکەى لە سەرەتاى شیعرى: (هەڵسانەوە)ى سامى شۆڕش وەرگرتووە، دەى جا چی بووە. ئەگەر ویستى جارێکى تر لە (ئاگایی بێگەرد)دا شیعرەکەى بڵاوبکاتەوە، ئەم ئاماژەیە یارمەتى (خۆبوونى) و (چییەتى) نووسینى دەدات، (خۆبوونى) و (چییەتى)، تۆوى بە بڕشتن بۆ بەخشش و وەرگرتنەوەى هاوسەنگى لەدەست دراو و ئاست پێدنەوەى، هەروەها هەمان برادەر لە ژمارە، (189)ى گۆڤارى (ڕامان) 5/2/2013 دا، شیعرێکى ترى بە ناونیشانى:

(ماڵێک بە میوانان ڕۆش)، (ئامادە) کردووە و بڵاوکردووەتەوە. ناونیشانەکەى لە لاپەڕە (66)ى کۆشیعرى: (شەڕى چل ساڵە – سەباح ڕەنجدەر)، 2005 چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، هەولێر. وەریگرتووە.

( مرۆڤى خەیاڵپەروەیش

بەناو دەغڵدا دێت و ڕێگاى دەکرێتەوە

((ڕەنگى دەرگاى ماڵە دانیشتووان ڕۆشنەکەى

لە دڵى نیشت)) ).

ئەو (برادەرە) بۆ ئەوەى، وەرگرتن، یان گواستنەوە، یان... یەکى خۆى لەبن خورى حەفت ساڵان بیشارێتەوە، لەم لا و ئەو لادا هەقیقەتەکەى ڕێک سەد و هەشتا پلە هەڵگەندووەتەوە و میکرۆفۆنێکى شەش دەمیشى بە دەمەوەگرتووە.

ئەم ئاماژەیەم تەنیا بۆ ئەمە دا بڵێم: بۆ پڕوپاگەندەکردن، یان بۆ لەکە دارکردنى (شاعیرێک) لەسەر گورسێکى کورتدا یارى کرد، دەشمەوێ دەستکارى پەندێکى کوردى بکەم.

هەتا خاوەن خەرمان ڕاوەدووى دزى نا، دز خاوەن خەرمانى هەراسانکرد. ئەى شیعر بێگەرد، داواى لێبووردنت لێ دەکەم. جار جار دێمە سەر سەکۆى (ناچارى) یەوە. ئەو نوێژە، بەرى درێژە. بۆ ئەم وردە پرسانە کتێبێکم بەناونیشانى (مەوداى مانا) نووسیوە و لەسەر سەکۆى (ناچارى)یەکاندا وەستاوم، ئەوەى ویستوومە نووسیوومە.

             8/11/2017 هەولێر

 

باوەشم دە

دڵ ئەشکەوتى دەرگا بزر.

باوەشم دە..

لەچاومایە فرمێسکى کەو.

لەگیانمایە سۆزى کۆتر.

باوەشم دە

تاڤگەى قژت بڕژێنە ڕووم.

با خەرمانەى نەرمى بەفر

لە شەودا بۆم بێ بە پێخەف.

باوەشم دە..

بۆ قەندیلەى فتیل کزر.

بۆ ئاسمانى دەم پڕ لە کەف.

منم هەتاو. منم ئاگر

باوەشم دە

منم هەتاو

منم ئاگر.

 

• ڕۆژنامەى هاوکارى، ژمارە (52) 2/1/1970.

 

لە دەفتەرى عاشقێکى هەتاوەوە

 

1

برسى برسیتى تربێ.

ئەوەند عەشقى گوڵەگەنم و باران دەبێ،

شەوگار هەر چەند درێژتربێ.

ئەوەند غەریب شەیداى خۆرى ئاسمان دەبێ،

منیش هەر چەند کوشتن بە گیانم فێر دەکەن

بەرى هەتاوم لێ دەگرن.

ئەوەند عەشقى ژیان دەبم.

ئەوەند هەتاوم خۆش دەوێ.

2

ئەى ئەو بنجە گوڵەى لەبەر

جۆگەى خەمبارى برینى مندا دەڕوێى.

لەسای مەرگى مندا شکۆفە دەردەکەى

تاکەى نەتوانم بلبلى عەشقخوانى دەنگى خوێنم

بێنمە سەر چڵت بێنم.

پڕ بە دەنووکى ئارەزووم

بۆ هێلانەى خۆر بخوێنم.

3

- ڕێگا... تەور

* گیانە درەخت چەند لق و پۆپى ببڕن.

ئەوەند ڕەگ و ڕیشەى بەرەو قووڵتر دەڕوا،

- دنیا شەوە و دنیا بەفرە.

* شەوان خۆر خۆشەویست دەبێ.

بەفرە ڕۆژیش.

برین دەبێتە ئاگردان

- گیانە ڕێگا چاڵە و نزمە

* خۆشەویستم

ئاشقى خۆر. .. هەردەم دەڕوانێتە ئاسمان.

 

• ڕۆژنامەى هاوکارى، ژمارە( 176) 20/7/1973.

 Bilderesultat for foss kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت