د. مه‌سعوود بینه‌نده
مێژووی میتافیزیکی رۆژاوایی، قورسایی هه‌بوونایه‌تی لۆگۆس، له حوزووری بێپێچو په‌نا و راسته‌وخۆدا ده‌نوێنێت و باشترین درگای ئه‌م ده‌رکه‌وتنه له زمان و وتاری ئاخافتندا ده‌بینێته‌وه.
"ئه‌ی بادی سه‌با من ببه سوودی نییه نامه ته‌شریحی زه‌عیفی من و خه‌م نایه‌ته ته‌قریر"
(حاجی قادری کۆیی)
له‌م شێعره و هه‌روه‌ها نموونه‌ی زۆر له‌و چه‌شنه ته‌نیا سۆز و خه‌می دابڕان که کڵێشه‌یه‌کی له‌مێژینه‌ی گوتاری خۆشه‌ویستییه ره‌وایه‌ت ناکرێت به‌ڵکوو تێڕوانینێکی ریشه‌دار له‌هه‌مبه‌ر زمانه‌وه دووپات ده‌بێته‌وه که له درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه و ئه‌ندێشه‌دا جێگرتوو و بنه‌مایی بووه: میتافیزیکی حوزوور(metaphysics of presence).
مێژووی میتافیزیکی رۆژاوایی، قورسایی هه‌بوونایه‌تی لۆگۆس، له حوزووری بێپێچو په‌نا و راسته‌وخۆدا ده‌نوێنێت و باشترین درگای ئه‌م ده‌رکه‌وتنه له زمان و وتاری ئاخافتندا ده‌بینێته‌وه. به‌وته‌ی ئاندره برینک(93،ل27) له روانینی ئه‌مچه‌شنه لۆگۆس-ته‌وه‌ری(logocentrism)یه‌وه، "واتایه‌ک که له زماندا ده‌رده‌که‌وێت، له‌پێشدا ئاماده‌یه و جێباوهڕبوونی له دوو گریماندا گه‌ره‌نتی کراوه: ده‌سه‌ڵات و حوزووری بێژه‌ر".
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له ئوستووره‌کان و هه‌روه‌ها چیرۆکه پیرۆزه‌کان بده‌ینه‌وه، بابه‌تی پیرۆز به زمانی با، گه‌رده‌لوول، ئاگر، رووناکی یان سهرۆیهکی راسته‌وخۆ قسه ده‌کات و هه‌ندێ جاریش ئه‌گه‌ر له رێگای میدیۆمێکه‌وه په‌یامی خۆی ئاڕاسته بکات ئه‌و میدیۆمه په‌یامی خۆی به زمانی ده‌ربڕین و ئاخافتن ده‌گێڕێته‌وه. واته لۆگۆس له زماندا حازر و ئاماده‌یه و هیچ رێگایه‌ک بۆ راڤه و لێکدانه‌وه‌ی به‌رده‌نگ و وه‌رگری په‌یام ناهێڵێته‌وه. له‌م سۆنگه‌وه، "وتار" خاوه‌نی ناوه‌ند و کاکڵه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تییه و وه‌کوو کۆڵه‌که‌یه‌کی پته‌و و سهقامدار، ریزبه‌ندیی پێکهاته ده‌پارێزێت و واتایه‌کی دیاریکراو به ته‌واوی پاژه‌کان و به‌شه‌کانی تری پێکهاته ده‌به‌خشێت. لۆگۆس یان حه‌قیقه‌ت له‌م شێوازه‌دا ئه‌و ناوه‌نده‌یه که واتای راست و زیندووی خۆی له زمانی "وتن"دا ده‌رده‌بڕێت، به‌ڵام له رێگای میدیۆمی "نڤیسار"ه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ده‌رکه‌وتنی راسته‌وخۆی تووشی لاوازی و بێسه‌قامی ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ده‌قی نڤیسار پێگه‌ی ناوه‌ندی تاکه حه‌قیقه‌ت له‌رزۆک بکات و درگا له گه‌مه و کێبڕکێیه‌کی هێژمۆنیک بۆ حه‌قیقه‌ته‌کان بکاته‌وه، نه ته‌نیا حووزووری بێژه‌ر وه‌کوو تاکه ده‌سه‌ڵاتی دابینکه‌ری واتا به‌تاڵ ده‌بێته‌وه؛ به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت پێکهاته‌ی ده‌ق له هه‌رچه‌شنه واتایه‌کی تاکڕه‌هه‌ندانه و گهوههرخوازانه بێبه‌ری ده‌کرێت. وه‌رسووڕانی زمانیی(linguistic turn) له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئۆتۆریته و حووزووری بێژه‌ر و دانه‌ر له دابینکردنی واتای ده‌قدا به‌تاڵ کرده‌وه و ئاماژه‌ی به گرنگترین دیارده‌یه‌کدا که هه‌موو شتێک له هه‌ناوی ئه‌ودا به‌رساز ئه‌درێت و واتای بۆ دیاری ده‌کرێت: دیارده‌ی زمان. به پێی ئه‌م وهرسوووڕانه بنه‌ماییه زمان نه که‌ره‌سه‌ی ده‌ربڕین به‌ڵکوو ئه‌و میکانیزمه دینامیکهیه که واتا و مه‌به‌ستی ده‌ربڕین مومکین ده‌کات و ته‌واوی دیارده فینۆمێناڵهکان وه‌کوو ئاگایی و واتا و فه‌رهه‌نگ به‌رساز ئه‌دات.
شێرکۆ بێکه‌س له شێعری سکاڵادا نامه‌یه‌ک بۆ خوا ده‌نووسێت و له رێگای به‌رپرسانی نووسینگه‌ی عه‌رشه‌وه هه‌وڵ ئه‌دات سکاڵانامه‌که‌ی به ده‌ستی خودا بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له ئه‌نجامدا نامه‌که ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه و به‌و پاساوه که خودا له زمانی کوردی تێناگات!، داوا ده‌کرێت که نامه‌که به زمانی عه‌ره‌بی بنووسرێته‌وه. له‌ژێر ئه‌م پرسیاره راسته‌وخۆیه‌دا که ئه‌م شێعره به شێوه‌یه‌کی زه‌ق ده‌یورووژێنێت؛ "بۆچی نامه به ده‌ستی خودا ناگات؟"، پرسیارێکی سه‌ره‌کی تر جێگای گرتووه؛ واته " بۆچی شاعیر راسته‌وخۆ و به زمانی زاره‌کی سکاڵای خۆی ده‌رنابڕێ، بۆچی له چوارچێوه‌ی ده‌قی نڤیساردا په‌یامی خۆی ئاڕاسته‌ی خودا ده‌کات؟". ناخودئاگای ئه‌م شێعره ئاماژه به هه‌ڵسووڕانی زمانیی ده‌کات که به‌و پێیه چیدی زمانی "وتار" به سه‌ر "نڤیسار"دا خاوه‌نی له‌پێشێتی(priority) و گرنگایه‌تی نییه و ته‌نانه‌ت ده‌نگهه‌ڵبڕین و ئاخافتنی زاره‌کی وه‌کوو وێرژێنێکی کرچ‌و کاڵی ده‌قی نڤیسار دێته هه‌ژمارتن. شێرکۆ که پێشتر راسته‌وخۆ هاواری له خودا ده‌کرد (ئاخ خوایه ئاخ، که‌ی سه‌رێکیش له کوردستان ئه‌ده‌ی؟)، ئێستا هاواری خۆی له ده‌قی سکاڵانامه‌یه‌کدا تۆمار ده‌کات و له ئاکامیشدا نامه‌که به مه‌به‌ستی خۆی ناگات!!!
له ره‌وتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له هه‌مبه‌ر چمانی نه‌گه‌یشتنی نامه‌که‌دا، سێ وه‌ڵامی سه‌ره‌کی دێنه ئاراوه:
یه‌که‌م، وه‌ڵامێکی روومابین که له مه‌داری مه‌به‌ستی داهێنه‌ردا ده‌سووڕێته‌وه، ده‌سه‌ڵات-فه‌رهه‌نگێکی زاڵ به به‌رپرسی ئه‌م که‌لێنه دیاری ده‌کات و ئاماژه به‌و راستییه ههبوونداره ئه‌دات که ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی-فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت، له درێژایی مێژوودا توانیویه بابه‌تی پیرۆز(the sacred) له سنووره‌کانی هێژمۆنی زمانی خۆیدا پاوان بکات و له‌وێوه سه‌رده‌ستی خۆی به‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌کانی تردا درێژ بکاته‌وه. له‌م سۆنگه‌وه هۆکاری نه‌گه‌یشتنی نامه، نه به‌ربه‌ستێکی ناوه‌وه‌ی زمان به‌ڵکوو ده‌سه‌ڵاتێکی ئابژێکتیڤی ده‌ره‌کییه که تۆپۆلۆژییه‌کی دیاریکراوی هه‌یه و ده‌کرێت له رێگای دژه-ده‌سه‌ڵاتێکی تره‌وه، هێز و باڵاده‌ستبوونی سنوودار بکرێته‌وه.
ئاماژه‌دان به‌م راستییه مێژووییه ره‌نگه مه‌به‌ستی شاعیر له ئاستی "سووژه‌ی وتراو"(subject of statement)دا به‌رجه‌سته بکاته‌وه به‌ڵام بێگومان ناتوانێت ره‌هه‌ندی جیاوازی واتاکانی "سووژه‌ی وتن"(subject of enunciation)، له‌خۆ بگرێت. به وته‌ی لاکان سووژه‌ی وتراو یان سووژه‌ی گوزاره( سووژه‌ی دێڕ یان دال)، ئه‌و بێژه‌ره بهئاگایهیه(I) که به خاوه‌نی بابه‌تی وتراو داده‌نرێت، به‌ڵام سووژه‌ی وتن، سووژه‌ی ناخودئاگایه و له‌هه‌ناوی زمان و بابه‌تی وتراوه‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌دات. کاتێک بێژه‌ر دێته ئاخافتن، ده‌سبه‌جێ خۆی وه‌كوو دانه‌ری په‌یڤی وتراو، له قاوغی سووژه‌ی وتراودا ته‌ریک ده‌که‌وێته‌وه؛ به‌چه‌شنێک که باسی مردنی داهێنه‌ر(The Death of the Author) یان رۆچوونی له دێڕ و گوزاره‌یه‌کی مردوودا ده‌کرێت که له ئاست خوێنه‌ر وه‌کوو نۆمێنێکی دهسپێڕانهگهیشتوو به‌رده‌وام دوور ده‌که‌وێته‌وه. به‌ڵام هه‌ر له کاتی ئه‌م مردنه‌دا دۆنادۆنێک دێته ئاراوه و سووژهکانی ده‌ربڕین که به‌رهه‌می سیسته‌می سه‌مبولیکی زمانن، زیندوو ده‌بنه‌وه و له زنجیره‌یه‌کدا ده‌که‌ونه سووڕانه‌وه و گواستنه‌وه؛ ده‌رخستن و هاوکات شاردنه‌وه‌ی واتا. هه‌ر بۆیه لاکان سووژه به سووژه‌ی که‌لێندار(split subject) ناودێر ده‌کات و پێیوایه بوونه‌وه‌ری ئاخێوه‌ر و خاوه‌ن زمان له هه‌ناوی خۆیدا قهڵشلێکهوتووه و هۆکاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێوه‌ندیی بنه‌مایی زمان و ناخودئاگا.
روانگه‌ی دووهه‌م که روانگه‌یه‌کی پاش پێکهاتهخوازانهیه پێی وایه که "نامه هیچکات به مه‌به‌ستی خۆی ناگات!". نڤیسار له هه‌ناوی دوو غیابی سه‌ره‌کیدا واته غیابی داهێنه‌ر(مه‌رگی نووسه‌ر) و غیابی جیهانی واقیع(مه‌رگی رێفیرێنس)، هه‌بوونایه‌تی دژوازانه‌ی خۆی ده‌پارێزێت و پێگه قورس و قایمه‌کانی دهنگتهوهری(phonocentrism) که ره‌وایی و له‌پێشێتی به وتن و ئاخافتن وه‌کوو لانکه‌ی حوزووری حه‌قیقه‌ت ئه‌دات، تێکده‌ڕووخێنێت. دریدا به پێچه‌وانه‌ی سووسوور که هه‌ر دال(signifier)ێک به مه‌دلوول(signified)ێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌و پێوه‌ندییه ده‌پسێنێ و پێی وایه مه‌دلوول بۆ هه‌میشه له‌کیسچووه و به‌شێوه‌یه‌کی له‌پێش ون و غایبه؛ که‌وایه له‌هه‌ر نڤیسارێکدا له‌هه‌مبه‌ر زنجیره‌یه‌ک له داله‌کان(chain of signifiers) رووبه‌ڕووین که به‌رده‌وام ده‌سووڕێنه‌وه و یه‌کتر به‌رهه‌م دێننه‌وه. خوێندنه‌وه‌ی پۆستستراکچڕاڵیستی پێی وایه که ده‌ق وه‌کوو پێکهاته ناوه‌ندێک به خۆوه ده‌گرێت و ئه‌و ناوه‌نده وه‌کوو مه‌کۆیه‌کی سه‌قامگیری، واتایه‌کی زاڵ به ته‌واوی ژێربه‌شه‌کانی ده‌ق ده‌به‌خشێت و واتای تاکڕه‌هه‌ندی پێکهاته(نه‌ک داهێنه‌ر) ده‌سه‌پێنێت. به‌ڵام میتۆدی پێکهاته‌شکێنی(deconstruction) جه‌خت له‌سه‌ر بۆشبوون و ناجێگیربوونی ناوه‌ندی پێکهاته ده‌کات و له‌وێوه تۆڕی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ق تێکدهچڕژێنێ و سیاسه‌تی هێژمۆنیکی نیشانه‌کان وه‌گه‌ڕ ده‌خاته‌وه. له رۆچنه‌ی ئه‌م روانینه‌وه، شێرکۆ کاتێک ده‌ست بۆ نووسینی سکاڵانامه‌که‌ی ده‌بات، ده‌قی سکاڵانامه له ناوه‌رۆکێکی دیاریکراو بۆش ده‌بێته‌وه و له‌باتی به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی مه‌دلوولێکی به‌رزه‌جێ و مه‌به‌ستکراو، روو له ئاماژه و هێمای جیاواز(داله‌کانی تر) ده‌نێت و هیچکات له‌ته‌نیشت واتایه‌کی به‌رده‌ست و به‌رهه‌ستدا ئۆقره ناگرێت. به‌واتایه‌کی تر هه‌موو شاعیر و نووسه‌رێک به‌و هۆیه که له هه‌ناوی زمانه‌وه ئه‌دوێن به‌رده‌وام له ره‌وتی دواجیاکهوتن(différance)ی زماندا قه‌تیس ده‌مێننه‌وه و هه‌میشه مه‌وعیدی گه‌یشتنیان(date) وه‌دره‌نگ ده‌که‌وێته‌وه. به‌م پێیه سکاڵانامه‌ی شێرکۆ ناتوانێ قسه‌ی مهبهستکراوی خۆی بسه‌لمێنێت؛ هه‌م به‌و بۆنه‌وه که سووژه‌ی داهێنه‌ر حوزووری نه‌ماوه و هه‌وساری ده‌ق له ده‌ستی میکانیزمێکی نادابینکراو(undetermined)دایه که لۆژیکی ره‌وایه‌ت تێکدهشێوێنێت و روایهته جیاوازه‌کان و مه‌به‌سته نامهبهستکراوهکان ده‌ورووژێنێت؛ و هه‌میش به‌و بۆنه‌وه که هه‌ر ده‌ربڕینێک چه‌شنێک دووباره ده‌ربڕینه‌وه له‌سه‌ر هێڵی ئه‌و نووسینانه‌یه که له به‌ستێنی لاپه‌ڕه‌ی ده‌قدا پاک بوونه‌ته‌وه به‌ڵام ئاسه‌واری رووشاوی ههڵکڕینیان هێشتا ماوه‌ته‌وه(دریدا).
به‌پێێ فورمووڵی خوێنده‌وه‌ی سێهه‌م؛ واته "نامه هه‌میشه به مه‌به‌ستی خۆی ده‌گات!"، شێعری سکاڵا له چرکه‌ساتی داڕشتنیدا به مه‌به‌ستی خۆی گه‌یشتووه. هه‌ر به‌کارهێنانی زمانێک له‌ژێر چاوه‌دێری ئه‌ویدی مه‌زن(big other)ی سیسته‌می سه‌مبولیکی زماندا به‌ڕێوه ده‌چێت و ئه‌م ئه‌ویدییه له رۆچنه‌ی خوداوه(god’s-view shot)، به هوشیارییه‌کی ههمهکاتی و ههمهشوێنی، گه‌یشتنی نامه به مه‌به‌ستی خۆی گه‌ره‌نتی ده‌کات: " وه‌رگری راسته‌قینه‌ی نامه ئه‌و ئه‌ویدییه دهرهوهیییه(the empirical other) که وێچوونی وه‌رگرتن یان وه‌رنه‌گرتنی نامه‌که‌ی لێ ده‌کرێت نییه، به‌ڵکوو ئه‌ویدی مه‌زن، خودی قه‌واره‌ی سه‌مبولیکه، که رێک له‌و کاته‌یدا که نامه وه‌ڕێده‌که‌وێت، وه‌ریده‌گرێت، واته ساتێک که هه‌نارده‌کار په‌یامی خۆی "ده‌رده‌بڕێت"، راده‌ستی ئه‌ویدی ده‌کات، ساتێک که ئه‌ویدی له‌هه‌بوونی نامه ئاگادار ده‌بێت و ئاوه‌ها قورسایی به‌رپرسیارییه‌که له کۆڵی په‌یامنێر هه‌ڵده‌گرێت".(ژیژاک،89،ل33)
له ره‌وتی ره‌وایه‌تی شێعری سکاڵادا چرکه‌ساتی نه‌گه‌یشتنی نامه ئه‌و کاته‌یه که به‌رپرسی نووسینگه‌ی خودا ئاماژه به به‌ربه‌ستێک ده‌کات و نامه‌که ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؛ به‌ڵام به پێی خوێندنه‌وه‌یه‌کی لاکانی، لێره‌دا چرکه‌ساتی نه‌گه‌یشتن رێک ئه‌و کاته‌یه که نامه تێیدا و له رێگای به‌ربه‌ستێکه‌وه به‌مه‌به‌ستی خۆی ده‌گات. ده‌قی سکاڵانامه په‌یامی خۆی راده‌ستی ئه‌ویدی مه‌زن ده‌کات و به شێوه‌یه‌کی شاراوه ده‌ڵێت: من سوورسوور لێم روون بوو که نامه‌که‌م وه‌رناگیرێت به‌ڵام چه‌رخی ئه‌م ره‌وایه‌ته هه‌ڵسووڕا بۆ ئه‌وه‌ی واتای بهرئاماژه له وه‌رنه‌گرتنی نامه‌که‌دا به مه‌به‌ست بگات. که‌وایه شاعیر په‌یامی خۆی به شێوه‌یه‌کی بهرئاوهژۆ(inverted) له ئه‌ویدی مه‌زن ده‌بیسێته‌وه، واته له نه‌گه‌یشتنی نامه‌دا، گه‌یشتنی نامه وه‌گه‌ڕ ده‌خات.
خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌م، لۆژیکی ره‌وایه‌تی شێعری سکاڵا له پێوه‌ندییه‌کی بهدهسهڵاتچێنراودا ده‌بینێت که به‌رانبه‌رکێی زمانی کوردی/ زمانی عه‌ره‌بی به پێی بارودۆخێکی مێژوویی و له‌هه‌ناوی ریزبه‌ندیی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رهه‌م دێنێت و له‌وێوه هۆکاری نه‌گه‌یشتنی نامه به دیارده‌یه‌کی کاتی و ده‌ره‌وه‌یی ره‌چاو ده‌کات.
خوێندنه‌وه‌ی دووهه‌م، خودی به‌ستێنی زمان و میکانیزمی ده‌ق له نه‌گه‌یشتنی نامه‌که‌دا به هۆکاری سه‌ره‌کی ده‌زانێت و هیچ وه‌همێکی له‌مه‌ڕ گه‌یشتن و چه‌سپاندنی واتاوه بۆ دروست نابێت. له‌م روانگه‌وه، نامه به‌رده‌وام له ئهدرهسێکهوه بۆ ئه‌دره‌سێکی تر رادهنرێت و ئه‌م چه‌شنه راگواستنه، جێگای گه‌یشتن و له‌نگه‌رگرتن له شوێنێکی دیاریکراودا ده‌گرێته‌وه. نامه‌ی نووسراو هه‌رچه‌نده هه‌وڵ ئه‌دات به سووڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وام له مه‌داری وه‌همی ناوه‌ندێکدا، ده‌وارێکی سهقامدار چێبکات به‌ڵام ئه‌م ده‌واره به‌رده‌وام به گه‌رده‌لوولی ناجێگرتوویی و لهرزۆکبوونی سیسته‌می ده‌لاله‌ت، تێکده‌چێت و تووشیاری ناوه‌ندسڕینه‌وه و پێکهاته‌شکێنی ده‌بێت.
له خوێندنه‌وه‌ی سێهه‌مدا گه‌یشتنی نامه هاوکاته له‌گه‌ڵ بیستنه‌وه‌ی ده‌نگی خۆمان به‌شێوه‌یه‌کی بهرئاوهژۆ؛ به‌وبۆنه‌وه که هه‌رچه‌شنه نووسینێک وه‌کوو ده‌رکردنی تیرێکه له که‌وان، یان هاوچه‌شنی سه‌رکووتکردن و له‌په‌راوێزنانی ئه‌و هێما و نیشانانه‌ن که ئازارمان ئه‌ده‌ن و حه‌ز ناکه‌ین له پانتایی هوشیاریماندا ته‌راتێن بکه‌ن. گه‌ڕانه‌وه‌ی بابه‌تی سه‌رکوتکراو(return of the repressed) و کهوانهکردنی خه‌ده‌نگی هاوێژراو به‌ره‌وڕووی خۆمان(مه‌رگ له‌پێشدا ئاماده‌یه)، کاتی به‌ئامانجگه‌یشتنی نامه‌که‌یه، که‌وایه نامه له هه‌ڕه‌تی نووسینیدا گه‌یشتووه؛ واته لێکچووی میکانیزمی مه‌یل(desire)، بابه‌تی خوازراو له پێشدا وه‌کوو که‌لێن/زێدهیهک له سووژه‌ی مه‌یلدا حوزووری هه‌بووه و به شێوه‌یه‌کی هه‌میشه-له‌پێش(pre-ever) پێی گه‌یشتووه. پاشپێکهاتهخوازان هاوکێشه‌ی "گه‌یشتنی هه‌میشه-له‌پێش"ی نامه له درێژه‌ی ئه‌و بۆچوونه تاکڕهههندانهدا ده‌بینن که بۆ قه‌تیسکردنه‌وه‌ی واتای ده‌ق و بهناوهندیکردنیدا ده‌ڕۆنه پێش، به‌ڵام رادیکاڵیزمی ئه‌م هاوکێشه‌یه نابینن که له فورمووڵی رێژهگهرانه و دوانهبینیی شاراوه‌ی خۆیان سه‌رتر ده‌چێت. فورمووڵی "نه‌گه‌یشتنی هه‌میشه-له‌پێشی"ی پاشپێکهاتهخوازان ره‌وتێکی رێژهگهرانه له هه‌مبه‌ر رههاخوازاندا ده‌کاته‌وه که له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری چه‌شنێک به‌رانبه‌رکێی دوانهبینانهیه و هیچ ئه‌نجامێکی شیکارانه‌ی لێناکه‌وێته‌وه. به‌ڵام هاوکێشه‌ی "گه‌یشتنی هه‌میشه-له‌پێش"، توانیویه له ره‌وتی دیالیکتیکی گه‌یشتن و نه‌گه‌یشتن و هه‌روه‌ها بهرانبهرکێێ دووجه‌مسه‌رانه‌ی ئه‌وانه رزگاری ببێت. شێرکۆ بێکه‌س له نووسینی سكاڵانامهدا به‌ره‌وڕووی په‌یامی خۆی بوویه‌وه، به‌وبۆنه‌وه که شوێنی مه‌به‌ستی سکاڵانامه خودی خۆی بوو نه باره‌گا و عه‌رشێکی دهسپێڕانهگهیشتوو، که‌وایه ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌م پێی وایه شاعیر ده‌کرێت جارجار به مه‌به‌ستی خۆی بگات و جارجاریش نا، خوێندنه‌وه‌ی دووهه‌م پێی وایه که ئه‌م مه‌به‌سته قه‌د ده‌سته‌به‌ر نابێت و ئامانج و مه‌به‌ست به‌رده‌وام له شوێنێکی تردایه. به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی سێهه‌م پێی وایه گه‌یشتن به مه‌به‌ست هاوچه‌شنی روودانی مه‌رگ هه‌میشه روو ئه‌دات؛ هیچ که‌س نییه به‌ره‌وڕووی مه‌رگ نه‌بێته‌وه واته به‌ره‌وڕووی ئاکامی وتار و کردار و ئه‌و په‌یامه‌ی که هه‌نارده‌ی ده‌کات. ژیان به‌شێوه‌یه‌کی له‌پێش به مه‌به‌ستی خۆی ده‌گات(مه‌رگ) و هه‌ر نامه‌یه‌کیش په‌یامی خۆی له‌پێشدا گه‌یاندوه.
سه‌رچاوه‌کان:
ژیژک، اسلاوی(1389) از نشانگان خود لذت ببرید، ترجمهی فتاح محمدی، زنجان: نشر هزارهی سوم.
برینک، آندره(1393) رمان؛ زبان و روایت از سروانتس تا کالوینو، ترجمهی فرزانه قوجلو، تهران: نشر نیکا.
* له ژماره‌ی 802ی حه‌وته‌نامه‌ی سیروان، 12ی ره‌زبه‌ری 1393ی هه‌تاوی بڵاوکراوه‌ته‌وه.