فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەستەمن. تا زەمانێکیش مرۆڤ نەتوانێ لە گەڵ 'کات' مامەڵەی زانستیانە بکا (نەک ئالوودە بە فەلسەفە)، ئەوا دۆزینەوەی وەڵام یەکجار زەحمەتە. پێدەچێ بەم زووانە کات خۆی نەدا بە دەستەوە!

 

'کات' ی تێکەڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەسەردەمی یۆنای کەوانارا، یۆنانییەکان بەو شێوەیەی لە دەقەکانیاندا هاتووە باوەڕیان وەها بوو رەوتی زەمەن دایرەییە (جەغزئاسا) و، هەر بۆیە بە گوێرەی سەرنجی ئەوان هەموو شتێ سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتای خۆی و دیسان جارێکی تر هەمان رەوەڕەوە دووپات دەکاتەوە. باشترین نموونەی ئەم کەسانە رەواقییەکان بوون کە پێیان وابوو ناوە ناوە ئاگرێک دێت و هەموو جیهان دەسووتێنێ و، پاشی ئەم ئاگرە دیسان جیهان سەر لەنوێ دروست دەبێتەوە تا دیسان ئاگرێکی تر و دێت و دیسان دەیسووتێنێتەوە. بەڕای ئەوان ئەم جیهانە تازەیە دووپاتکردنەوەی هەمان ئەو جیهانەی پێشووە کە ئاور سووتاندی.

لەم بۆچوونە دایرەییەدا دەتوانین بڵێین چونکە جیهان لەسەر ئەساسی هەمان پێشووی خۆی سازدەبێتەوە کەواتە 'کات' هیچ شتێکی تازەی پێ نیە و بۆیە مرۆڤ ملکەجی دووپاتکردنەوەی هەمان دیاردەکانی پێشووە. لێرەدا بە واتایەک رابردوو، هەنووکە و داهاتوو مانایەکی نیە، گەر هەیشی بێت ئەوا لە ناو ئەو جیهانەدایە کە هێشتا خولەکەی خۆی تەواو نەکردووە و ئەگینا پاشی ئەوەی دەسووتێ و جێگای خۆی دیسان بە خۆی دەداتەوە، لە راستیدا رابردوو و هەنووکە و داهاتوویش مانایان نامێنێ.

بەڵام دیسان دەقەکان پێمان دەڵێن بە سەرهەڵدانی ئایینی مەسیح جۆرێکی تر لە خوێندنەوەی 'کات' سەری هەڵدا کە بە پێچەوانەی یۆنانییەکان پێی وایە رەوتی زەمەن 'خەتی' واتە هێڵ ئاسایە. لەم بۆچوونەدا 'کات' لە رابردووەوە دێت دەگاتە هەنووکە و پاشان داهاتوو دێت.

گەر باوەڕمان بەم بۆچوونە هەبێ ئەوا بە پێچەوانەی یۆنانییەکانی کەونارا ئیتر جیهانە نوێیەکان دووپاتکراوەی جیهانی پێشوو نین و لە گەڵ خۆیان هەوێن و رواڵەتی جیهانی نوێ دێنن. هیچ شتێک ئیتر دووپاتکراوە نیە و بەڵکو لە رەوتی بەرەوپێشچووندایە کە بەڕای مەسیحییەکان ئەم بەرەوپێشچوونە لە باوەشی خودا دا سەرئەنجام ئۆقرە دەگرێ کە ئەوپەڕیەتی. رەنگە لە سەردەمی نوێ دا 'هیگل' فیلسووفی ئایدیالیستی ئاڵمانی نوێنەرێکی تری ئەم بۆچوونە بێت. لای ئەو 'رۆحی موتڵەق' لە سەیر و سیاحەتی خۆیدا، کە بە قۆناغی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت، سەرئەنجام لە دەوڵەتی پرۆس دا دەگاتە دوواپلەی خۆی و ئیتر مێژوو لەوێدا رادەوەستێ.

یەکێکی تر لە وێناکانی کات، وێنای 'زیگزاگی' یە. لەم حاڵەتەدا کە بۆ وێنە مارکسییەکان باوەڕیان پێی هەیە، رەوتی مێژوو لە شێوازی زیگزاگ (وەک شێوازی فەننەری ماشین)، بەرەوپێش دەڕوا، کە ئەگەرچی جاری وایە لە خولی خۆیدا هەست دەکرێ بەرەو دوواوە دەگەڕێتەوە، بەڵام کە خولی خۆی تەواودەکا دەبینین پلەیەک چووەتە سەرەوە.

بەڵام ئەم سەردەمەی ئێمەی تیا دەژین چی؟ داخۆ کام یەک لەمانە دەخوا؟

گومانی تیا نیە کە دەکرێ هەندێ کەس بەردەوام باوەڕیان بە کاتی جەغزئاسا هەبێ، بەڵام ئەم وێنایە لە کات و لە زەمەن، رەسەنییەتی نەماوە و شوێنی سەرەکیی خۆی لەدەست داوە. هەروەها هەندێ بیرمەندیش وێنای هێڵ ئاسای کاتیان خستووەتە ژێر پرسیار و پێیان وایە ئەمە تەنیا وێنایەکەی دروستکراوی دەستی مرۆڤە و ئەگینا لە راستیدا لە ناو سروشت شتێک بە ناوی دوواوە و ئیستا و داهاتوو هەبوونی نیە. بگرە ئەوان ئەو بیرو بۆچوونەی کە پێی وایە دونیا بە گوێرەی ئەم سەرنجە خەتیە کە پێی وایە لە سادەوە بەرەو پیشکەوتوو دەچێ، هیچ مانایەکی نیە. هەروەها وێنای زیگزاگیش رەخنەی خۆی لەسەر هەیە چونکە لە دوواپێناسەدا زیاتر لە وێنای خەتی نزیکە و باوەڕی بەبەرەوپێشچوونە، واتە لە قۆناغی نزمترەوە بۆ قۆناغی بەرزتر.

بەڵام داخۆ دەتوانین وێنای چ جۆر لە زەمەنێکی تر بکەین؟

یەکێک لە ئەڵترناتیڤەکان دەتوانێ باوەڕ بە 'کات' ێک بێت کە تێیدا تێکەڵێک لە هەر دوو جۆرەکانی دایرەیی و خەتی حوزوری هەبێ ('کات' ی تێکەڵ). بۆ وێنە لە وەسفی وەها زەمەنێکیش دا دەتوانین بڵێین کە هەندێ لە دیاردەکان خاوەن رەوتی جەخزئاسان (وەک دیاردەکانی ناو سروشت، شەو و رۆژ، وەرزەکان و...)، هەندێکی تر، وەک کۆمەڵگا خاوەن رەوتی خەتی (رەوتێک لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانەوە بەرەو کۆمەلگا پێشکەوتووەکان کە تێیدا تەکنۆلۆژیا گەشەی کردووە).

بەڵام دیسان ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە گەر لە 'بوون' لە گشتیەتی خۆیدا بڕوانین (کۆمەڵگا و سروشت پێکەوە)، داخۆ دەتوانین دیسان پێداگربین لە سەر 'کاتی تێکەڵ'؟

بێگومان وەها پێداگرییەک زەحمەتە. چونکە مرۆڤ بۆخۆی بەشێکە لە سروشت و نەک سروشت بەشێک لە مرۆڤ. جا بە گوێرەی ئەوەی کە 'ورد' پێملی 'گشت'ە، هەربۆیە ئینسانیش لە دووا پێناسەدا پێملی سروشتە و لە گشتییەتی خۆیدا خۆی لە چوارچێوەی ئەودا دەبینێتەوە.

بەڵام ئەی جیهانی تایبەت بە مرۆڤ چی کە لە ناو سروشت دا توانیوویەتی چێی بکا؟

بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەستەمن. تا زەمانێکیش مرۆڤ نەتوانێ لە گەڵ 'کات' مامەڵەی زانستیانە بکا (نەک ئالوودە بە فەلسەفە)، ئەوا دۆزینەوەی وەڵام یەکجار زەحمەتە.

پێدەچێ بەم زووانە کات خۆی نەدا بە دەستەوە!

 

 Bilderesultat for time art

بازدید: 1153