گۆران رەئوف

ئەستێرەکان وەک جارانى شەوانى هاوین نەماون، دەڵێیى لە ماوەى ئەو ساڵانەدا ئەگەرچى ساڵانێکى زۆر نییە، دەردى ونبونى ئەستێرەکان پەیدابووە، یان دەڵێى دەستێک هەیە ئارام ئارام ئەستێرەکان بە ئاسمانەوە دەچنێ.

 

ئێوارانى هاوین، لە بیرەوەرییەکانى مندا جێگەیەکى تایبەتیان هەیە. هەستەکەم وەک شتێک ئیدى لەدەستم چووە! ئێوارانێک دواى سەرخەوێکى عەسرانە، ئاوێکم بە خۆدا دەکرد، هەروا بەبێدەنگى چەندجار دەچومە بەر ئاوێنەى ژورەکەم، جلەکانى پیاسەکردنم لەبەردەکرد. بەدەم قژشانەکردنەوە دێڕە شیعرى جۆراوجۆرم تێکەلاو دەکرد و بیرکردنەوەکانم ئاڵۆزبوون، باوەڕى جۆراوجۆر سەریانلێدابووم، بیرکردنەوە لە کەسێک بۆمن وەک ئەرکێکى نیشتیمانى و مرۆییانە وەهابوو... لەگەڵ چەند هەڤاڵێکمدا دەڕۆیشتینەپیاسەکردن لە قەراغ شار، لەبن سنەوبەرەکاندا دادەنیشتین، باسمان لە نائومێدى و بێهودەیى ژیان دەکرد، باسگەلێکى قورس و بە زمانێکى ئاڵۆز، زۆرکات دەوەستاین و بەپێکەنینەوە بە گوێى یەکماندا دەچپاند:

داخۆ کەسێک گوێى لەم وتووێژەى ئێمە بێت دەبێت وەک کام جۆرە لە شێت باسمان بکات؟! پێدەکەنین و بەردەوام دەبوین لە پەنجەکردن بە برینەکانى ڕۆحماندا...

مەستانە دەگەڕاینەوە، دەستەکانمان لە ملى یەکتر دەئاڵاند، ژێر پێیەکانمان گرم دەبوو، ئەوەندە بە پێیان دەگەڕاین، ئەو کۆڵانانەمان تەیدەکرد کە ماڵى ئەو کچانەى لێبوو لە زەمەنێک لە زەمەنەکاندا پەیوەندى هەمەچەشنمان لەگەڵیاندا هەبوو... بینینەوەى ئەوان بۆ ئێمە هەستێکى سەیرى لامان دروستدەکرد، هەستى ئەوەى بوینەتەپاڵەوان و ئەوان ڕەنگە هەواڵى ئەوەیان نەبیستبێت؟! پاڵەوانى پوچێتى و یاخیبون و زۆر وەهمى تر... هەستمان دەکرد گەر لە دەمەو ئێوارەیەکى وەها ماندودا نەمان بینن ئیتر ژیان چ بەهایەکى هەیە، هەستماندەکرد ژیان هەر ئەوەیە کەتێیدابووین، ئەوەى کە خۆمان واماندەزانى بەڕاستى پاڵەوانین!

ئێوارانى هاوین، ئاخ ئێوارانى هاوین، ئەى ئەو ئێوارانەى سورایى خۆر پشت چیاکانى دەگرتەوە و پتر لە ئاگرێکى بڵێسەدار دەچوو، من هەرگیز ناتوانم لە یادتکەم!؟

شەوانى هاوین زێدەتر حەزم بەتەنیایى بوو، حەزمدەکرد لە جێیەکدا بنوم ئەستێرە زۆرەکانى ئاسمانم لێوە دیاربێت، زۆربەى شەوانى هاوین گەر ڕەشەباى نەبوایە لە سەربان دەنوستین، جارانى شار وەک ئێستا نەبوو، کۆڵان و گەڕەکەکان وەک ئێستا جەنجاڵ نەبوون، هەر زوو بێدەنگى باڵى بەسەر شاردا دەکێشا، شار بەجارێک خامۆش دەبوو، کارەباش وەک ئێستا نەبوو، لەبەر چرادا دادەنیشتن و گوێمان لە رادیۆ دەگرت تا خەو دەیبردینەوە... شەوانە تا درەنگان لەجێى خەوەکەمەوە، تەماشاى ئەستێرەى ئاسمانم دەکرد،  گەر شتێک بڵێم ڕەنگە باوەڕنەکەن؟! باوەڕبکەن جاران ئاسمان ئەستێرەى زۆرى پێوەبوو!! ئێستا وەک ئەوەى بمەوێت هەمان چێژ لە بینینى ئەستێرەکان وەربگرم، دەڕۆمە سەربان و بۆماویەک تەماشاى ئاسمان دەکەم، بەلام ئەستێرەکان وەک جارانى شەوانى هاوین نەماون، دەڵێیى لە ماوەى ئەو ساڵانەدا ئەگەرچى ساڵانێکى زۆر نییە، دەردى ونبونى ئەستێرەکان پەیدابووە، یان دەڵێى دەستێک هەیە ئارام ئارام ئەستێرەکان بە ئاسمانەوە دەچنێ، دەتوانم بڵێم  ئەستێرەکان وەک ئەو کچانەى بەپلانەوە دەڕۆیشتین بە بەردەکەى ماڵیاندا و بەڵام هەنوکە ونبوون، ئەوانیش وەها ونبوون!

چێژى ئێواران و شەوانى هاوین بۆمن دۆخێکە هەرگیز لەوباوەڕەدانیم ڕۆژێک هەبێت بتوانم بەسادەییەوە لێیان بڕوانم، هەرگیز ناتوانم خەوتنى سەر سەکۆ و سەربان و هەڵمژینى هەواى فێنکى سپێدان لەبیربکەم.. وەک چۆن ناشتوانم ئەستێرە و کچە ونبووەکان لەبیرکەم! ئاخ ئەى ئێوارانى هاوین، ئەى ئەستێرە ونبووەکان ى ئاسمان و شار، ئێوە بۆ خێرا ونبوون؟!

 

 

بازدید: 1545