شەهرام مەحموودى

کوردۆ هاوکات کە وێنەی کوژراوەکان و هێرشی فڕۆکەکان و هەڕەشەی سەرۆکوەزیرانی تورکیای دەهاتەوە پێش چاو، بۆ قەرەباڵغی شەست مەتریی دەڕوانی؛ ئوتۆمبێلەکانی سەر جادە ژمارەیان زۆر ببوو و رێگایان لە یەکتر بەرتەسک کردبوو، مۆبایلەکەی لە گیرفانی سەرەوەی چاکەتەکەی دەرهێناو سەیری کاتژمێری سەر شاشەکەی کرد؛ 10:57 بوو.

 

سلێمانی ٢٠١٠

شەهرام مەحموودى

شەو، لە بەری سەرەوەی شار، جادە دووسایدییەکەی شەست مەتریی سلێمانی، لە ژێر رووناکی زەردباوی ئەو گڵۆپە تازانەی، کۆمپانیایەکی بیانی بە گرێبەست لەگەڵ شارەوانی، لە سەر شۆستەکەی ناوەڕاستی داینابون، گەلێک بە رەونەق دەهاتە پێش چاو.

ئوتۆمبێلێکی کەشخەی مۆدێل بەرز کە بۆنیتەکەی لە ژێر رووناکییەکەدا دەدرەوشایەوە و ناوەوەی قەرەباڵغ و شادومان دەینواند، بە خێرایی رووەو پردەکەی دەباشان تێپەڕی.

بە دوایدا ئوتۆمبێلێکی سلڤەری هاوشێوەی بە هەمان شادومانی، بەڵام هێواشتر گوزەری کرد.

لە سایدی بەرامبەریش چەند ئوتۆمبێلێک بەرەو دوڕییانەکەی سەرچنار داگەڕان، ئوتۆمبێلەکان لایتەکانیان هێندەی تر شەست مەترییان روناک و بەڕەونەق کردبوو.

دەرکەوتنی روخساری دەم بە پێکەنینی منداڵ و، دەنگ وتریقەی کچ و کاڵ، کە تێکەڵ بە ئاوازی کرژی رادیۆی ئوتۆمبێلەکان ببوو، لە جامەکانیانەوە؛ ئیرەیی دروست دەکرد.

بەڵام کوردۆ دەبوو بپەڕێتەوە بۆ شۆستەکەی بەرامبەری و لەوێوە بۆ ئەو سوپەرمارکێتەی پەنیری سوێری ئێرانیی هەبوو، خواردنێکی خۆش بوو؛ ناشتا لەگەڵ سەموونی تورکیی بە چای شیرینەوە دەیخوارد.

سۆپەرمارکێتەکە تازە دامەزرابوو و نهۆمی یەکەمی تایبەت بوو بە خواردەمەنی و نهۆمەکانی سەرەوەیشی هەر یەکەو تایبەت بوو بە جل و بەرگ و شت و مەکی ناو ماڵ و کاڵای جۆراوجۆر.

چووە نهۆمی یەکەم و پەنیرێکی ئێرانیی لە سەلاجەی ڤیترینیی تایبەت بە شیرەمەنییەکان هەڵگرت و لەگەڵ زەرفێک سەموونی تورکیی هێنانی بۆ لای کاشێرەکەو وەستا تا پارەکەی بدات بە کچە فرۆشیارەکەو پسوڵەکەی وەربگرێت و بڕوات.

تەلەفزیۆنێکی فلات بە بەرزایی دیواری پشت کاشێرەکەوە؛ کۆنفڕانسی خەبەریی بەرپرسێکی سەربازیی کوردستانی پێشان دەدا کە بە پەرۆشەوە دەیویست بیسەلمێنێت؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هێرشی تۆپخانەکانی ئێران و فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر سنورەکانی هەرێم کەمتەرخەم نییە.

کچە فرۆشیارەکە کە رووی لە مشتەرییەکان بوو وەک بەو قسەیە داچڵەکیبێت؛ ئاوڕێکی دایەوە بۆ تەلەفزیۆنەکەو کەمێک لە بەرپرسە سەربازییەکە راماو دیسان وەک بە خۆیدا هاتبێتەوە بە پەلەو بێزاریی رووی کردەوە مشتەرییەکانی و لێهاتووانە پەنیر و سەموونەکەی کوردۆی دا لە کاشێر و خێرا باقی پارەکەی دایەوە و وەک ئەوەی بانگی بکات؛ روانی بۆ ئەو پیرەژنەی بە سەبەتەکەیەوە لە دواوە چاوەڕوان سەیری دەکردن.

شەوی رابردوو تەلەفزیۆنەکان وێنەی کوژراو و برینداری گوندییە سنوورنشینەکانی کوردستانیان پێشان دابوو کە کەوتبوونە بەر هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا، لەگەلڕ وێنەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا کە هەڕەشەی هێرشی هاوبەشی هێزەکانی ئێران و تورکیای کردبوو بۆ سەر ئەو ناوچانەی کوردستان کە گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لێوەی هێرش دەکەنە سەر ئەو دوو وڵاتە.

کوردۆ هاوکات کە وێنەی کوژراوەکان و هێرشی فڕۆکەکان و هەڕەشەی سەرۆکوەزیرانی تورکیای دەهاتەوە پێش چاو، بۆ قەرەباڵغی شەست مەتریی دەڕوانی؛ ئوتۆمبێلەکانی سەر جادە ژمارەیان زۆر ببوو و رێگایان لە یەکتر بەرتەسک کردبوو، مۆبایلەکەی لە گیرفانی سەرەوەی چاکەتەکەی دەرهێناو سەیری کاتژمێری سەر شاشەکەی کرد؛ 10:57 بوو، لە بەکگراوەندی شاشەی مۆبایلەکەی وێنەی شۆڕشگێڕێکی ناوداری کوردی دانابوو، کەمێک لەو وێنەیە راماو مۆبایلەکەی خستەوە شوێنی خۆی و ویستی بپەڕێتەوە.

ئەو کاتانە جادەی شەست مەتریی تا دەهات قەرەباڵغتر دەبوو، چونکە زۆربەی مۆڵ و سۆپەرمارکێتەکانی لە سەر بوو و ببووە رێگایەکی سەرەکی بۆ کڕیاران، مۆل و مارکێتە رازاوەکان تا درەنگانی شەو کراوە بوون و کەس لەو کاتانەدا سەیری ئاسمانى نەدەکرد.

کوردۆ هێشتا نەپەڕیبۆوە، بەڵام گەیشتبووە قەراغ جادەکە و لە ئاست مۆڵەکەی بەرامبەر کە لەو بەری جادە تابڵۆ نیۆنەکەی دەدرەوشایەوە و گڵۆپەکانی بە لاقرتییەرە سەمایان دەکرد، وەستابوو، چاوەڕوان بوو هاتوچۆى خێراى سەیارەکان کەم بێتەوە و بپەڕێتەوە، لە ناکاو تیشکێکی خێرا بە بەر چاویا تێپەڕی، وەک تیشکی پێش هەورە گرمە، کە بە دوایدا ئاسمان بە سامەوە دەگوڕێنێ، یا پرتەی گڵۆپێکی شیریی کە لە ناکاو پێڵوت دادەچڵەکێنێ و فریای بینینی ناکەوی و پرسیارێکی بێزارکەر لە سەر چاوت بە جێ دەهێڵێت. ویستی سەری بەرز بکاتەوە و ببینێت، کە بە گوڕم سەر دڵى لەرزی و یەکبەخۆی هاواری کرد: تۆپبباراااان؟!!

لە شوێنی خۆی وشک ببوو، موبایلەکەی لە گیرفانی سەرەوەی چاکەتەکەیدا، لە سەر دڵی دەڵەرزی و زەنگی لێ دەدا، زەنگەکەی گۆرانییەکی فارسی بوو کە دەیوت؛ هەرچی ئارێزوویێ خووبێ مالێ تۆ...

تابلۆی نیۆنی مۆڵەکەی بەرامبەری، بە تیشکەکانی هەر چرکەیەک و چاوێکی لە ئاسمان و زەوی دادەگرت و پرتەکانی دەپرژانە سەر جادەکە و بە لاقرتییەوە مشتەرییان بانگهێشت دەکرد.

کە نیگای لە سەر تابلۆکە چڕ کردەوە، بینی جارنەجار تیشکێک دەهاویژێتە ئەمبەر جادەکە، رێک بۆ بەر چاوی ئەو، کوردۆ تەریق بۆوە، ئاخۆ کەس گوێی لەو هاوارە بەرزە نەبوو کردبووی؟؛ تۆپباراااان؟!!

مۆبایلەکەی زەنگی لێ دەدا، کەس سەیری ئەوی نەدەکرد و ئوتۆمبێلەکان بۆ خۆیان لە هاتوچۆدا بوون و کڕیاران شادومان و بە دەستی پڕ بەرەو ماڵ دەگەڕانەوە، جادەی شەست مەتریی سلێمانی بەڕەونەق و هەموشتێک ئاسایی بوو، سەیری شاشەی مۆبایلەکەی کرد، لە سەر وێنەی ئەو شۆڕشگێرە کوردەی لە بەکگراوەنددا داینابوو، ناوی ژنەکەی نووسرابوو، ئەو زەنگی بۆ لێ دەدا، شەو درەنگ ببوو، دەبوو کوردۆ بڕواتەوە ماڵ.

رۆیشتەوە بەرەو ماڵ و... بەیانیش هیچ رۆژنامەیەک نەینووسی: ئەمشەو تورکیا و ئێران، سلێمانیان بۆمباران کرد.

           Bilderesultat for bombardere kunst

 

 

     

بازدید: 981