ما 7056 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

گۆڕینی جیهان
مارکس لای وابوو فیلسووفەکان هەتا ئیستا تەنیا بە شێوازی جۆراوجۆر دونیایان تەعبیر کردووە، لە کاتێکدا قسە لەسەر گۆڕانیەتی. بێگومان دەکرێ لە روانگەی جۆراوجۆرەوە ئەم بۆچوونەی مارکس بدرێتە بەر رەخنە. بۆ وێنە دونیا رەوتێکە کە قەت مرۆڤ ناتوانێ لە تەفسیرکردنی، واتە ناسینی، دەرباز بێت.
 یاخود ئەوەیکە تەفسیرکردنی دونیا خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە هەوڵی مرۆڤ بۆ گۆڕینی. چونکە وشە و بیر کاریگەریی خۆیان لەسەر هزر و کردەی مرۆڤ هەیە و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە هۆی گۆڕان.
بەڵام داخۆ بەڕاست مارکس رای وابوو چیدی دونیا پێویستی بە تەفسیر و ناسین نیە و، تەنیا پرۆژەی گۆڕانە دەبێ ببێ بە پلانی کار و تێکۆشانی مرۆڤ؟
 
بێگومان گەر چاوێک بە خودی شێوازی کاری مارکس بگێڕین، دەبینین مەبەستی ئەو لەم بۆچوونە وازهێنان لە پرۆسەی گەشەی ناسین نیە. مارکس کە بۆخۆی بە توندی و بە قووڵی خەریکی نووسین و بیرکردنەوە بوو، مەحاڵە تەنیا لە روانگەی کردەوەوە روانیبێتە دونیا.
 
لە راستی دا مەبەستی مارکس بریتی بووە لە ئایدیا و هزرێک کە بیر و کردە پێکەوە ئاوێتە دەکا و دەیەوێ مرۆڤ بکا بە بکەرێکی چالاکتر لە ژیاندا. واتە ئەوەی کە بە 'پراکسیس' ناوی دەرکردووە، چەمکێک کە هەم هزر لە خۆدەگرێ و هەم کردە.
 
هەڵبەت دەکرێ بە گوێرەی سەرنجمان ئەم بۆچوونە قبوڵ بکەین یان نەیکەین، بەڵام لە جیهانێکدا کە بەهۆی کەڵەکە بوونی کێشەکان و زۆر و زەبەندبوونی ژمارەی مرۆڤ، ژیان ئاڵۆزتر لە جاران دەنوێنێ، گۆڕان ئەو پرۆژەیەیە زەینی زۆرکەس دەچێتە سەری.
 
گۆڕان لەسەر بنەمای بیر و بیر لەسەر بنەمای گۆڕان. دیالکتیکی ئەم دووانە، رێچکەیەکی گرینگە بۆ بەڕەوڕووبوونەوەی کێشەکان.
 
٢٥ فێبرواری ٢٠١٤
Image result for marx kunst

گەڕان بۆ بابەت