ما 1851 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

شەوێک له‌ شه‌وان کاتێک مناڵەکان له‌ نێو جێگا راکشابوون، باوکیان بڕیاری دا کە رۆژی دوایی نەچێتە داراتاشین. لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد؛ ئەگەر هەموو زەحمەتی رۆژانەی من دیار نەبێ، منداڵەکانم بە زکی بەتاڵ بخەوەن، فایدەی ئەم هەموو زەحمەت و ماندوو بوونم چیە؟ 

 

ژنە سیحربازەکە

قادر نیکپوور

جارێک له‌ جاران، له‌ نێو دارستانێکی چڕ و پڕ، دارتاشێک لەگەڵ کوڕ و کچەکەی بە نێوی شەماڵ و شێلان بە خۆشی و ئاسوودەیی دەژیان. کابرای دارتاش زۆر خەمی لە کچ و کوڕەکەی دەخوارد، بە تایبەتی ئەو کاتانەی لە ماڵەوە دوور دەکەوتەوە، چونکە لە نێو دارستان ژنێکی سیحر باز و فێڵاوی دەژیا، ئەو جێگای مەترسی بوو. هەمیشە بۆ مندالەکانی بە پەرۆش بوو. ئێواران کاتێک دارتاش دەگەڕایەوە ماڵ، ژنە سیحر بازە بە جل و بەرگی خاوێن و رازاوە، ئەوەی کە بۆنی پاکی ژنانەی پێوە دیارە، دەهاتە سەر رێی. ناز و خەمزەی بۆی دەکرد، وە خۆی جۆرێک نیشان ئەدا کە ژنێکی باش و فەقیرە.

ژنە سیحر بازە هەموو رۆژێک ئەو کارەی دووپات دەکردەوە، تاکو رۆژێک دڵی پیاوەی نەرم کرد و فریویدا. زۆری نەخایاند کە کابرای دارتاش ژنەکەی بە هاوسەری خۆی قەبووڵ کرد. سەرەتا شتەکان ئاسایی بوون، بەڵام زۆری نەخایاند، ژنە دەستی کرد بە ئازاردانی شەماڵ و شیلان. ئەوان زۆریان دەدان بەسەر جەرگیان داگرت تاکو باوکیان پێ نەزانێت، واتە تووڕە نەبێت و ژیانیان تێک نەچێت، بەڵام ژنە ئاوی لە ئاوەڕۆ دەرکردبوو، بە هەموو جۆرێک مناڵەکانی ئازار ئەدا.

زۆری پێ نەچوو، ئەو بنەماڵەیە کەوتنە فەقیری و هەژاری. رۆژانە هەرچی پیاوە پەیای دەکرد ژنە سیحر بازە بەشێکی زۆری لە ماڵەکەی خۆی دەشاردەوە. ئێواران بە دوو زمانی و درۆ مناڵەکانی تاوانبار دەکرد، مناڵەکانیش لە لایان باوکیان تەنبێ دەکران. ژنە قەناحەتی بە پیاوە هێنا کە منداڵەکانی شتی ماڵەوە دەدزن، لەگەڵ ئەوەش هەرچی هەیە ئەوان دەیخۆن. گەیشتنە ئەو رادەیە باوک و منداڵەکان تێر بە دڵی خۆیان نانیان نەدەخوارد، زۆر شەوانیش منداڵەکان بە زکی بەتاڵ دەخەوتن.  

شەوێک له‌ شه‌وان کاتێک مناڵەکان له‌ نێو جێگا راکشابوون، باوکیان بڕیاری دا کە رۆژی دوایی نەچێتە داراتاشین. لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد؛ ئەگەر هەموو زەحمەتی رۆژانەی من دیار نەبێ، منداڵەکانم بە زکی بەتاڵ بخەوەن، فایدەی ئەم هەموو زەحمەت و ماندوو بوونم چیە؟ هیچ نەبێ لەماڵەوە ئامۆژگاری ئەوان دەکەم، وە بۆم دەر دەکەوێت لە ماڵەوە چ باسە. پیاوه‌ بۆ منداڵەکانی زۆر‌ به‌ په‌رۆش بوو. بەر دەوام لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد، ئەی مناڵه‌ فه‌قیر و به‌سته‌زمانکه‌نم، کاتێک دایکتان هەبوو لە هیچ شتێک کەم و کوریتان نەبوو، جگە لەوە هەمیشە دڵم ئاسوودە بوو.  

ژنە سیحر بازە کە گوێی لەم قسانە بوو، پیلانی داڕێشت کە هەر جۆرێک بێت مناڵەکان لە ماڵ دوور کاتەوە تاکو رێگەی ماڵەوە پێ نەزانن. سەر لە بەیانی بە بیانووی چوونە ناو دارستان منداڵەکانی فریو دا. لەگەڵ خۆی بۆ دوورترین شوێنی دارستانی بردن. منداڵەکان زۆر هیلاهک بوون، ئەوەندە هیلاک کە هێزی رۆیشتنیان نەمابوو، ناچار لە شوێنێک وەستان. ژنە سیحر بازە بە درۆ وتی: منداڵە جوانەکان دەزانم زۆر هیلاک و برسین، ئێوە لێرە بن دەڕۆم دەگەڕێم بە دوایی خواردن، بەڵکو شتێکتان بۆ پەیا کەم. بەڵێ، بەرە بەری ئێوارە بوو، ژنە منداڵەکانی جی هێشت، ئیتر نەگەڕایەوە. رۆیشتەوە ماڵەکەی خۆی، هەمان ماڵەی کە لەوێ خواردنەکانی شاردبۆوە. تەواو زکی خۆی تێر کرد، لە پاشان بە گۆرانی و لایە لایە خەوی لێکەوەت.

لە هەمووان بە پەرۆشتر باوکە بوو، لە تاوان حەجمینی نەبوو. هەر دەر و ژووری دەکرد. هەرچی هاواری دەکرد، هیچ نیشانەیەک لە منداڵەکان دیار نەبوو. دەستەو ئەژنۆ لە پێش پەنجەرە بە چاوەڕوانی سەیری دەرەوەی دەکرد. تاقەتی نەما، بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارە رووی کردە دارستان. دارستانێکی تاریک و بێ بن. تەنیا دڵخۆشیەکەی چرادەستێک بوو. تا ئەو کاتەی چرادەستی رووناکی هەبوو، دەگەڕاو بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد.

بەڵێ، زۆری نەخایاند چرادەستی لە رووناکی کەوت، رووناکی ئەو بەرگەی تاریکی دارستانی نەگرت. دارتاش کەمێک هێزی هاوار کردنی مابوو، کەچی لە ناکاو ئەویش مات و بێدەنگ خەوی لێکەوەت. بەیانی زوو، جریوەی باڵندە و چۆلەکان گشت دارستانی لە خەو راپەڕاند. لە گەڵ ئەویش شەماڵ و شیلان لەخەو راپەڕین. هەرچەند وڵات رووناک بوو، بەڵام ترسی تەنیایی لە نێو دارستان و فرت و فێڵی ژنە سیحر بازە ئەوانی بەرنەدەدا.   

هەستان کەوتنە رێ، تینوو و برسی لەم لا بۆ ئەم لا. هەرچی گەران هیچ نیشانەیەک لە باوکە و ژنە سیحراوی نەبوو. بە خواردنی تووکێوی و  چەند خورادنی دیکەی ناو دارستان زکی خۆیان تیڕ کرد. کاتی نیوەڕۆ دەنگی باڵندەیەکی زۆر جوان و خۆش دەنگ سرنجی ئەوانی بە خۆ راکێشا. باڵندەیەک کە لە خەیاڵ نەدەگونجا. باڵندەیەکی بێ وێنە، خۆش قسە و خۆش دەنگ.  

کەوتنە دوای باڵندە، تاکو ئێوارە داهات. باڵندەکە لە پێش ماڵێک لە سەر دارێکی بڵیند نیشت. کاتێک منداڵەکان چاویان بە ماڵەکە کەوت، هەموو شتێکیان لە بیر کرد. ماڵێکی خۆش پڕ لە خواردنی خۆش و بەتام، بۆن و بەرامی ماڵەکە لە دوورەوە دەهات، ماڵێکی ئاسایی نەبوو. مندالەکان دوای خواردنێکی تێر و تەسەل هیلاک بوون،  بۆی خەوتن.

ئەو باڵندە جوان وخۆش قسەیە هەمان ژنە سیحر بازە بوو کە پیلانی لە ناو بردنی بۆ داڕێشتبوون. کاتێک دڵینا بوو شیلان و شەماڵ خەویان لێکەوتووە، دەرگای ماڵەوەی داخست و هەرچی خواردن بوو لە شوێنی تایبەتی شاردییەوە. هاتە پێش ئاوێنە، خۆی بە شێوەی ژنێکی سیحراوی رازاندەوە، لە ژوورەوە دەهات و دەچوو. چاوڕوان بوو پێش ئەوەی منداڵەکان لە خەو هەستن، بەڵایەکیان بەسەر بێنێت، دوایی بگەڕێتەوە لای پیاوە دارتاشەکە کە هاوسەری خۆی بوو. مه‌به‌ستی ژنە لەو کارە ته‌نها له‌ ناو بردنی مناڵه‌کان بوو نەک پیاوەکە. ئەو بەخیلی بە خۆشەویستی باوک بۆ منداڵەکانی دەکرد. چاوی توانایی دیتنی ئەم هەموو خۆشەویستییە راستەقینە نەبوو، ئەو حەزی دەکرد خۆشەویستی تەنیا ئی خۆی بێت.

ئەو شەویش بەسەر چوو، هەرچی بێگاری و قەرەواشی بوو بە منداڵەکانی دەکرد. رۆژی دوایی، باوکی منداڵەکان هەرچی گەرا  لە دارستان لەم لا بۆ ئەو لا، هیچ شوێنەوارێکی لە منداڵەکان بەدەی نەکرد. بەڵێ بە ناهومێدی گەرایەوە ماڵەوە تا بزانێت بەڵکو منداڵەکانی گەراونەوە ماڵەوە؟

ئیتر ئەو شەویش بەسەر چوو. باوکە تاقەتی نەما، دنیای لێ تەنگ و تار بوو. تەوری دارتاشی هەڵگرت و رۆیی، گەڕا گەڕا تا لە دوورەوە چاوی بە ماڵە ژنە سیحر بازە کەوت. خۆی مات کرد تا ئێوارە داهات. وردە وردە نێو ماڵەکە رووناک دەبوو. لە راستیدا نەیدەزانی ئەم ماڵە ئی کییە. وڵات تەواو تاریک بوو، لە مالەکە نزیک کەوەتەوە. بینی خەڵک لە ژوورەوە هات وچۆ دکەن. بە قەد و باڵا بۆی دەرکەوت کە ئەو ماڵە منداڵێشی تێدا هەیە.

ئەوەندە نزیک کەوتەوە تا لە سیلەی پەنجەرە چاوی بە شەماڵی کوڕی کەوەت، بە گورسێکی قەڵەو لە کاریتەی نێو ماڵ بەسترابۆوە. بەڵام شیلان دیار نەبوو. دەیزانی کە ئەم ماڵە منداڵی تێدا هەیە، کەچی دڵنیا نەبوو کە ئەم منداڵە کێیە؟ زۆری هەوڵدا تا لە پەنجەرەکانی دیکە سەیر بکات، بەڵام زۆر ئاسان نەبوو. هەموو کونبڕ کرابوون، هیچ مەجالی دتیتن نەبوو. لەناکاو باڵندەیەک خۆی بە پەنجەرە دادا. شێلان لە ترسان هاواری کرد، باوکی گوێی لە دەنگی کچەکەی بوو، دڵنیا بوو کە کچەکەی ماوە.

پشوویەکی هاتەوەبەرخۆ، نەیدەزانی چ باسە و چ قەوماوە. ئەم مالە ئی کییە؟ کێ ئەم بەڵایەی بەسەر منداڵەکانی هێناوە؟ ئەوان قەرار بوو بڕۆنە نێو دارستان تاکو پشوویەک دەر کەن، زوو بگەڕێنەوە، کەچی لێرە ئەسیر و یەخسیر کراون. لەم قسانە دابوو، دوبارە بالندەیەک خۆی بە پەنجەرە دادا. ویستی بیکوژێت، کەچی فریا نەکەوت. ئیتر تاقەتی نەما، دەرگای شکاند و رۆیشتە ژوورەوە.

خێرا کوڕەکەی کردەوە، منداڵەکانی لە باوەش کرد. منداڵەکان هەموو بەسەرهاتەکەیان بۆ باوکیان گێڕایەوە کە ئەو ژنە هەمان ژنە سیحراوییە کە بۆتە هاوسەری باوکیان. شەوانە خۆی دەکات بە باڵندەی جۆراوجۆر، ئاگای لە هەموو شتێکی ئەم دارستانە هەیە. باوکیان خۆی بە شەرمەزاری منداڵەکانی زانی، داوای لێبووردنی لیکردن. بەم جۆرە باوکیان بۆی دەرکەوت کە ئەم هەموو بەڵایە لە لایەن ژنە سیحراوی بەسەریان دا دەباری. بڕیاری دا تا ژنە سیحراوییە لە ناو نەبات نەگەڕێتەوە. کوڕەکەی وەک خۆی بەستەوە، کچەکەش  وەک پێشو دەهات و دەچوو.    

هەر وەک چۆن ژنە بڕیاری دابوو منداڵەکان لە ناو بەرێت، پیاوەش بڕیاری دا ژنە لە ناو بەرێت. شەو درەنگ بوو ژنە هاتەوە، وەیزانی کە هیچ رووینەداوە، زۆر هیلاک بوو رۆیشت بۆی خەوت. پیاوە لە کاتی خەو رۆیشتە سەری، بە بیوری دارتاشین چەند جاری لێدا تاکو  تەواو کوشتی.

که‌ پیره‌ژن خه‌ڵاسی هات، ئه‌وانیش ده‌ستیان کرد به‌ پشکنینی که‌لێن و کوونی ماڵه‌که‌. دنیایەک زێر و جه‌واهێرات لەگەڵ شتی به‌ نرخ دۆزییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خۆیان بردیان. ئەوان بە دڵێکی ئاسوودە گەڕانەوە ماڵەکەی خۆیان. کابرای دارتاش ئیتر لە منداڵەکانی خافڵ نەبوو، رۆژانە لەگەڵ خۆی دەیبردن بۆ دارستان. کەم کەم ژیانیان وەک رابردووی لێهاتەوە، رۆژگار بە دڵی ئەوان دەسووڕا، باوک و مناڵه‌کانی له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییدا ژینی خۆیان به‌سه‌ر ده‌برد.

 

ئه‌مه‌ بوو چیرۆکی ئه‌مجاره‌مان، تاکو چێرۆکێکی تر ماڵئاوا.

 Image result for eventyr

گەڕان بۆ بابەت