ڕەحمان سۆفی

له شايی و زەماوند گڕاينەوه بۆ بۆکان. چ حاڵێکم بوو، خۆشم ناتوانم به زمان بەيانی کەم. دەرسم بۆ نەدەخوێندرا. ھاوڕێکانم پێم پێدەکەنین و دەيان گوت ها هە ها بەکره عاشق بووه. 

 

شير بوو به شمشير

ڕەحمان سۆفی

کتێبەکەی نابوو به سينگيەوه، و له بن ديواری حەوشەکه دەھات و دەچوو. که ئێمەی بينی ڕاوێستا. بە کەمێک شەرمێونیەوە دەيڕوانی. به خۆم نەبوو کەوتمه جەغزی چاوەکانی. نەمزانی بۆ چی و چۆن ھێزێکی ناديار بەرەو لای ئەو ڕاکێشام. بەڵام ئاخ و سەت داخ «شيريان لێکردين به شمشير»

لە خوێندنگە گوڕامەوە، بینیم میوانمان هەیە. بانگ کرابووین بۆ زەماوەند. باوکم بانگی کردم و گوتی «ڕۆڵە تۆ بچۆ، ئێمەش سبەینێ دێین» چاوەڕوانی ئەو فەرمانە بووم. بەبێ ماتڵ بوون هەستام و جلوبەرگم گۆڕی و لەگەڵ عەتای پوورزام سواری ماشێن بووین و بەرەو سەقز کەوتینە ڕێ.

لە چەن پاسگە و پشکنین دەرباز بووین، دوای نیو سەعات گەیشتینە سەقز. عەتا ماشێنیکەی لە بەر درگای حەوشە ڕاگرت. دابەزین و چووینە حەوشە. لە حەوشەکە تەنیا شتێکی سەیر کە سەرنجمی بۆلای خۆی ڕاکێشا ئەو بوو. کتێبەکەی نابوو بە سینگییەوە، لە بن دیواری حەوشەکە بێ وچان دەهات و دەچوو. کە ئێمەی بینی بە شەرمێنییەوە کەمێک ڕوانییە ئێمە.

چووينه ژوورەوە، ماڵ پڕبوو له ميوان. سڵاوم کرد لە بەرم ھەستان. بەخێرھاتن و فەرموويان کردم. منيش به ئەدەبەوە لەو جێیەی که فەرموويان کردم دانيشتم. پوورم ھاته نزيکمەوه و ئەم لاولامی ماچ کردم و دوو سێ جاری گوتی«نەخشەت لێبێ، خوا مرام با له شايی تۆشدا ھەڵپەڕم» زۆری پێ نەچوو ئەويش ھاته ديوی ميوان سەيرئەوە بوو کاتێک که له حەوشە بينيم، مانتۆی له بەردا بوو، ڕووسەری بەسەرەوه بوو، به شەرمەوه نازی دەفرۆشت و به دزەی نيونيگا دەیڕوانی. بەڵام ئێستا به جلوبەرگی کوردييەوه خۆی دەنواند. به خۆم نه بوو، بێ مەبەست کەوتمه جەغزی چاوەکانی. مەستی مەستی چاوەکانی بووم. بەڵام تەنيا نيگای به دزی، جار و بار ئاوێنەی دەروونی دەنواند.

پاڵم دابوو به پاڵپشتی ديوارەکەوه و گوێم دابووه قسەی ميوانەکان. ھەرکەس باسی شتێکی دەکرد. بەڵام من بيروھۆشم لای ئەوبوو. له گۆماوی خەيڵدا مەلەم دەکرد. لەپڕ دەنگی موزيک و گۆرانی ھاته گوێم. تۆ مەزانه له ديوێکی دیکە کيژ و کوڕی لاو گۆوەند و ھەڵپەڕکێيان سازکردووه. له دەرفەتێک دەگەڕام کە هەستم و بچم بەشداری ئەو ھەڵپەڕکێيەبم. خواوڕاسان پوورم ھاته پەنا گوێم و بە سرتە گوتی «ئەوه بۆ ناچی ھەڵپەڕی»وەکوو دەڵێن "کوێر چت دەوێ دوو چاوی ساخ" هەستام و چوومە کۆڕی ڕەشبەڵەکەوە. زۆری پێ نەچوو دەستێکی نەرم ھاته دەستمەوه. ئاوڕم داوە دیم ئەوە دێتە دەستمەوە. پەيوەندی پەنجەی لەگەڵ پەنجەم بۆنی عەتروگوڵاوی پترمەست و سەرخۆشی کردم. لەشی نەرمی ھێناميیه جۆش و خرۆش. دڵم خێراتر لێی ئەدا. ئارەقەم دەردا، چەن گەڕ پێکەوە ھەڵپەڕين. بەڵام من نەمتوانی بەردەوام بم. دەستم بەردا، چووم لە بەر پەنجێرەکه دانيشتم. پاش چەن خول نەوارەکه تەواو بوو شايی بەربوو. کوڕ و کچی لاو بڵاويان کرد. ھەر يەک بە لايکدا چوون.

ھات له پەنامەوه دانيشت. گەرمای بوو، به دەسرەکەی دەستی خۆيی باوه وەشێن دەکرد. منيش به دەسرەکەی دەستم ئارەقەی نێوچاوانمم سڕییە. گۆشە نیگاێکی تێگرتم و ھەندێک تەماشای کردم و پرسی «شەربەت ئەخۆيەوە؟» من مات بووم، ھيچم نه نەگوت. ئەو بەندە گۆرانییەی مامۆستا عەلی مەردانم بیر هاتەوە کە دەڵێ

«سەت جارم وت قەسەم ئەخۆم

ژاریش بە دەست تۆ بێ ئەیخۆم»

ئەو بە بێ جوابی من هەستا و ڕۆیی. زۆری پێ نەچوو گەڕاوه. کە گەڕاوە سێ شەربەی شەربەت ھێنا بوو. کەوتمە گومانەوە. بۆ سێ پیاڵەی شەربەت هێنابوو. به ڕوانینێکی پڕ له حەزەوە ڕووی کردە من و بە نەرمی گوتی «فەرموو شەربەت بخۆرۆ» پياڵه شەربەتەکم بە ئارەزووەوە لێوەرگرت و بەنیگای پڕ مەیل سپاسم لێ کرد. پياڵەکەم ھەڵێنا و بۆنم پێوە کرد. لێم چێشت. بۆنی عەتر و گوڵاوی لێ دەهاتات. شيرين و زۆر به تام بوو. خۆشی پياڵەيکی به دەستەوه بوو، وەکوو من بۆنی پێوه کرد. کەمێکی لێ خواردەوه. سەری بەر دابووەوه. به دزەی نيو نیگا ئاگای له من بوو. ئەو ماتڵ بوو که من قسه بکەم، منيش چاوەڕێ بووم که ئەو بدوێ. به ھەر حاڵێک بوو وێرام بێ دەنگی بشکێنم.

لێم پرسی«ناوت چييه؟»

سەری هەڵێنا و نەرم گوتی«هێرۆ»

لێم پرسی«لە پۆلی چەندوم دەخوێنێ»

گوتی«لە چواری ئامادەیی گەرەکمه له کۆنکووريش شيرکەت بکەم»

گوتم «منیش هەر وەکوو تۆ له پۆلی چوارم دەخوێنم، به نيازم له کۆنکووری سەرانسەريشدا بەشداری بکەم»

دیارە کە هەردووکمان دڵمان پڕ بوو لە ڕاز و نیاز. بەڵام ڕازی دڵ تەنيا له ڕێگای نيگای به دزييه وه خۆی نيشان ئەدا.

ئێمە گەرمی تێڕوانین بووین، لە ناکاو درگا کراوه؛ ژنێک خۆی کرد به ژوورێدا. به ھاتنی ئەو ژنه هێرۆ تەواو شڵەژا، کەچی له بەری هەستا و گوتی«دایکە بێرۆ شەربەتم بۆت ھاورده» ئەودەم تێگەيم که ئەو خانمه دايکييەتی. دايکی ھات و بەرەو ڕوومان دانيشت شەربەتەکەی گرت به دەستييه و گوتی«خوا مرام با بۆ ئێوەش» وتەکەی وەک مزگێنی وابوو، سۆزی ئەوينمی پڕرەنگتر کرد. قسه زۆر بوو، بەڵام لەودەمەدا، له زار نەدەھاته دەر.

ھێرۆ ھەستا و گوتی«شەو خۆش» به لاچاو تەماشايکی کردم. بەو تەماشايه تەواوی نيازی دڵی نيشاندا و ڕۆيی. دايکی گوتی«دەزانی تۆ و ھێرۆ پوورزان؟» هەندێک مات بووم و دوایە گوتم«نا ئەی بۆ قەتم نە دیوە؟» دەستێکی بە لاجانگیدا هێنا و گوتی«جا، دیارە ئێوە یەکتريتان نەدیوە. ئێمه له ئێران نەبوون» سەرم سووڕ ما، کاس و وڕبووم؛ پێم وابوو گاڵتەم پێ دەکا. ھەر وا سارد و سڕ گوێم دابووه قسەکانی، دەمويست پرسياری لێبکەم؛ بەڵام ئەو مات و بێ دەنگ بوو. سيمای خەم و شادی پێوه ديار بوو. ويستم شتێک بڵێم، بەڵام لەودەمەدا پوورە گەورەم ھات بەسەردا. دوای چاک و چۆنی لەگەڵ دایکی هێرۆ» ڕووی کرد من و پرسی

«باش هەڵپەڕیت؟»

لە وڵامدا گوتم «زۆر باش هەڵپەریم»

گوتی«وادیارە شەکەتی، ناچی بخەوی»

لە جوابدا گوتم «بۆچی نا، ئێستا دەچم»

گوتی«هەستە بچۆ لەو دیو جیگام بۆت ڕاخستوە، لەلای کوڕەکان بخەوە»

ھەستام و چوومه ئەو ديوەی که پوورم نيشاني دام.

 

خزيمه نێو جێگا، بەڵام ھەر چەندم کرد نەمتوانی بخەوم. کەوتمه سەر لاتەنيشت، وەرگەڕامه سەر پشت، ئەم ديو ئەو ديوم کرد، سوودی نەبوو؛ کە نەبوو. ئەخت و چارم کرد خەوم لێنەکەوت. تا نزيکەی بەرەبەربەيان له نێو جێگادا گێنگڵم دا. يادی ئەو جێگای خەوی لێگرت بووم. له بەرەبەياندا چاوم چووه خەو و نەچوو، خەونم بە وەوه بينی. له خەومدا دەيگوت«دەزانی به يەکەم نيگا ئەويندارت بووم» گوتم«چۆن نازانم، چاوت داوی ڕاوی دڵی منه. له قەفەسی ئەوينتدا گرساومەتەوه». زیاتر هاتە نزيکمەوه و ئامێزی گرتەوه پڕ بەدڵ له ئامێزم گرت لێوی گەرمی تامی ماچی پێچێشتم. بەدەنگی بلاوێنی پەیمانی ئەوین و وەفاری لەگەڵ بەستم. کەچی لێم دوورکەوتەوە و گوتی «وامەکە پێمان بزانن ئابڕووم دەچێ» خەونەکەم کورت بووم. تەق و کوتی درگا وەخەبەری ھێنام. ئەم شان و ئەو شانم کرد. سەرينەکەم ئاڵوگۆڕکرد، ده مويست کەمێ بخەوم. بەڵام بێ ئارام و بێ قەرار، وەکوو مار لەجێدا گێنگڵم ئەدا. چاوەڕوانی بەيان و ڕۆژ بوونەوه بووم. ئاواته خوازبووم، زووتر شەو ببێ به بەیان و ڕوخساری ئەو ببينم. ئەو چەن سووڕم به ساڵانی تەمەن تێ پەڕی. هەڵبەته وەک دەڵێن "دوای ھەر تاريکیێک ڕووناکایی دەردەکەوێ. شەو و چاوەڕوانی منيش کۆتايی ھات و ڕۆژ و ڕووناکی خۆی نواند.

*      *     *

 بەيانی له خەو ھەستام و چوومه حەوشه، ڕوانيم ديم ئەويش لەوێ بوو. سڵاوم لێکرد. به ڕوو خۆشييەوه وەڵامی دامەوه.

لێم پرسی«خۆش خەوتی؟»

لە جوابدا گوتی«جا، کوا خەو! ئەی تۆ توانت بەخەوی»

گوتم«مەگەر ئاشق دەنوێ بەشەو»

گوتی«بە خوا قەسەم منيش وەکوو تۆ، باوەڕ بکە له دوێکەوه له سەر عەرز نیم»

گوتم«ئەگەر تۆ شيرين بی، منيش فەرھادم»

گوتی«ئەترسم عەشقی من و تۆش ھەر ئەفسانه بێ»

لەو کەين و بەينەدا، پوورم لێمان بووه مڵۆزم. ئێمەش بەناچار لە کورتی بڕيمانەوه.

 

ڕۆژێکی ڕووناک و ھيوا بەخش بوو. ميوان و برازاوا کۆبوونەو. له حەوشه گۆوەند گيرابوو. ڕەشبەڵەک و هەڵپەڕکی ھەر مەپرسن. ھەر چەن خوڵکيان کردم، بەبێ ئەو نەچوومه شايی و ھەڵپەڕکێ. بەخت یار بوو ئەو ھات و ھەتاوی منيش ھەڵهات. به شێوەێک خۆی ڕازاندبوەوه ھەر له خۆی جوان بوو. بازنه و خڕخاڵ، سيخمه و بەرمووری، گوڵ و گواره و ژێرچەنەی، چاوی ئەفسووناوی دڵڕفێن و چاو بەزێن بوو. دەرفەت ھەبوو، ھەل ھەڵکەوت بوو. کەمێک ھەڵدەپەڕين و خۆمان ئەدزييەوه. من گوڵم پێشکەشی ئەوه دەکرد. ئەويش عەتری ئەوينی دەپژاند به دڵی منەوه. پەيمانی وەفاداريمان لەگەڵ يەکدی بەست. دڵمی برد و هەرگیزا وهەرگیز نەيدامه وه

*     *     *

لای ئێواره بەدابی باو بووکيان گوێستەوه. ميوان بڵاوەيان کرد. بەڵام خزم وکەسی نزيک مانەوه، کەس بێگانه نەبوو. ئەو ميوانانەی که لەوێ مابوونەوه خزم و کەسی بووک و زاوا بوون. چوومه ديوێک لەوێ دانيشتم. ئارەقەی ماندووييم سڕييەوه. زۆری پێ نەچوو ئەويش ھات و بەرانبەرم دانيشت. نيگامان تێک ھاڵا، چاوەبڕکێ، نيگای تاسەبار، بۆم بەيان ناکرێ چی له  نێوانماندا گوزەرا. ئەو ھەموو ڕاز و نيازه. ھێندەی نەخاياند دايکی لێمان وەژوور کەوت «ھێرۆ» لەبەری ھەستا و پرسی«دايکه شەربەت ئەخۆيتۆ؟» دایکی گوتی «خوا مرام با بۆ ئێوەش» ھێرۆ ڕۆيی و گەڕاوه. دیسان، سێ شەربەی شەربەت ھێنا. پياڵەێکی نا بەر دەستی دايکی. ڕوو کردە من پیاڵەکەی له بەردەستم دانا شەربەتمان دەخواردەوه. دايکی به وردی سەرنجی من و کچەکەيی ئەدا. سەرخۆشی تەماشای ئێمه بوو ڕۆانی و گوتی «پێم وتی که تۆ و ھێرۆ پوورزای يەکن دايکت له سەرزاچوو. تۆ مناڵ بووی ئێمه تووشی نه ھاتی ھاتين. باوکی ھێرۆ لەگەڵ حەمەد ئاغای سەرا کردی بەشەڕ، ئيتر ئێمەش له ترسی ئاغا و ژاندارم ڕامانکرد بۆ کوردستانی عێراق. ئيدی وا بوو که نه  من خەبەرم له ئێوه بوو، نه ئێوەش له ئێمه. بەڵام دوور و نزيک ھەواڵتم پرسيوه. به ئاواتەوه بووم بتبينم بەڵام بۆم ھەڵنەدەکەوت. ئەوه شوکر به ئاواتم گەيشتم»

کەمێک بێ دەنگ بوو، هەندێک مات ماوە؛ دايەقوڵپەی گريان و فرمێسکی ھەڵوراند. قسەکانی، گريان و فرمێسکەکەی کاری تێکردم. سەرم بەردا بووەوه و چووبومه ناخی خۆمەوه. بيرەوەری تاڵ له ناخمدا چڕۆی کرد. کەچی وەک خەون و خەياڵ. بەڵام نیگای بەدزەی هێرۆ، مەستی چاوی، ڕوانينی تامەزرۆی، خەمی بێ دايکی خۆم و خەياڵی له بير بردمەوه. گوێم دابووه  قسەکانی دايکی، کەچی دڵم، بيروھۆشم لای ئەو بوو. سەیر ئەوە بوو کە دایکی لە پڕ هەستا و ڕۆیی. هێرۆش هەستاو بەدوايدا ڕۆیی. بەڵام سەرنجی له يەک دابڕان، دوايين نيگای، ئاگری تێبەردام.

باوکم و پوورم بەکەين و بەينی ئێمەيان زانی بانگيان کردم و گوتيان «تۆ باش بخوێنه، ھەر وەخت خوێندنەکەت تەواو کرد؛ ئەودەم بۆت دەخوازين». ھيچم نەگوت، بەڵام له قوڵايی دڵمەوه؛ ھيوادار بووم. .

***

له شايی و زەماوند گڕاينەوه بۆ بۆکان. چ حاڵێکم بوو، خۆشم ناتوانم به زمان بەيانی کەم. دەرسم بۆ نەدەخوێندرا. ھاوڕێکانم پێم پێدەکەنین و دەيان گوت ها هە ها بەکره عاشق بووه.

چەن ڕۆژی پێچوو، پوورم له سەقزەوه ھات بۆ بۆکان. له دڵەوە به ھيوای خەبەری خۆش بووم. ئەوان له ژووری ميوان دانيشتبوون، منيش چوومه ديوەکەی خۆم. گوێم دابووه قسەکانيان پوورم گوتی«چووينه خوازبێنی، زۆريان پێ خۆشه بوو، بەتایبەت کچەکە. بەڵام دایکی ئەڵێ «بەکرە کوڕی خۆمە، خۆم گۆژم کردووە؛ شیری مەمکی خۆمی خواردووە. پرسی مەلاشمان کردووە. ئەیژی بە شەرعی ئیسلام مارەی نایە، خۆ ئێمەش بێ شەرعی ناکه» بە قسەی پوورم چرای هیوام کەوتە کزی. گوێم لێ بوو باوکم گوتی«بە بەکرە مەڵێن دەنا ناتوانێ دەرسەکانی بخوێنێ» تا یەک دوو ڕۆژێک کاس و وڕ بووم. نەنان و ئاوم بۆ نە دەخورا، نە دەرسم بۆ دەخوێندرا. چەن ڕۆژ نەچوومە مەدرەسە.

ڕۆژی ھەينی بوو. خۆم له ماڵەوه دزييه وه، چووم بۆ سەقز. ڕاسته وخۆ چووم بۆ ماڵی پوورم.  وام بۆھات پوورم له ماڵ نەبوو. تەنیا پوورزام لەماڵ بوو. دياره که بەوه زۆردڵخۆش بووم. ھەلێکی باش ھەڵکەوتبوو بە دەرفەتم زانی به پوورزامم گوت «پوورزا دەبێ چاکه يەکم لەگەڵ بکەی، دەکرێ بچی ھێرۆم بۆ بانگ کەی؟ بەڵام بەو مەرجەی کەس پێ نەزانێ» پوورزام به ماناێکەوه تەماشاێکی کردم و گوتی«بڕۆ ئەو ديوه، نەکا براژنم و ئەوان بێنەوە» ئەو قسەی کرد و ڕۆيی. ئەو چەن چڕکەيەی تا ئەو ھاتەوه، به ساڵێک گوزەرا. زۆری پێ نەچوو ھاتەوه. ھێرۆ شی لەگەڵ بوو. که ديم وەکوو کەڕ و لاڵ و عەبەسراوم لێھات. پوورزام ڕۆييه  ژوورێکی دی، خۆی به کاری ماڵەوه خەريک کرد. لەگەڵ ھێرۆ بە جووت ماينەوه. من مات بووم، ئەويش کز بوو. به کزييەوه گوتی «نەموت ئەوينی من و تۆش ھەر ئەفسانەيه! ديت چۆن شيريان لێ کردين به شمشير! ئێستا نازانم چی بکەم، دەست و پێم به ستراوه. ناکرێ بێ قسەيی دايکم بکەم. خوا له دايکم ڕازی نەبێ ئەو مەمکەی بەبڕين چێ. ئەو شيرەش به ژای ماری تۆ بێ. ئاخر تۆ دڵمی، بێ دڵ چۆن بژيم! تۆ ھەناسەمی، ھەناسه چۆن له بير دەچێتەوه. تۆ بێژه چی بکەین» به قسەکانی تەواو تاساندمی. نەم دەزانی چی بڵێم، بەڵام به خۆم نەبوو، چوومه بەرگی پاڵەوانی ڕۆمانسەوه» گوتم «وەره با ئەم داب و ڕەسمه کۆنه بگۆڕين. با بوتی موقەدەس بشکێنين. دڵنيابه چاويشمان کوێرنابێ. بەڵام له ڕاستيدا ئەمه تەنيا خەياڵی من بوو. چونکە ئەم داب و ڕەسمه کۆنه به زنجيری ئايين بەستراوەتەوه. چوومە ماڵی ئەندێشەوه، سەرم بەرداوه و بيرم لێ دەکردەوه، که چی بکەين. زۆرم بير لێ کردەوه. ھيچ بوارێکم به دی نەکرد. سەرم گێژبوو، سکاڵاشم به ھيچ کەس نە دەگەيی. سەرم ھەڵێنا و ڕوانيمه ھێرۆ. له دڵی خۆمدا دەمگوت «سەت بريا ھەرنەم ديبای» ھێرۆ بەتاسەوه ئاخێکی ھەڵکێشا و چاوی بڕييه چاوم، تێرتێر ڕوانی بوغزی له گەروويدا تەقی و دای لە قوڵپەی گريان. گريا، ئەوندە گريا، تامنيشی کرده گريان. لام وايه که  ئێستاش ھەر دەگری. منيش ھەڵوەدای شارانم. ھەر ڕۆژەی له لايەک و ھەر شەوەی له جێيک سەردەنێمه لەگەڵ کتێب و ئەفسانه دەژيم. لە شير بێزارم. له جێگای فەرھاد مەجنونی ھەردانم.

 Image result for change kunst

بازدید: 922