ما 8317 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

قادر نیکپوور

ئەو شتە زەلامە کاری کوشتنی مرۆڤ نەبوو. وڵات تەواو تاریک و بێدەنگ بوو، لەجاران تاریکتر و بێدەنگتر، ترس زۆرتر و زۆرتر زاڵ دەبوو. بەم حاڵەش پرسیارم لە خۆم ئەکرد، خۆشم وڵامی پرسیارەکانم ئەداوە. نازانم چ کات بوو، ئەوەندەم بەبیرە هیچ کەس بەخەبەر نەبوو، کەس دەنگی نەدەهات. 

 

 

بەسەرهاتێکی دڵتەزێن (١) 

قادر نیکپوور

لە رۆژگارێکی کۆنی رابردوو، لە نیو ئەشکەوتێکی تاریک و سامناک دێوێک دەژی. دوور لە ئەشکەوتەکە خەڵكێکی فەقیر و هەژار بە خۆشی و ئاسوودەیی ژیانی رۆژانەی خۆیان بەسەر دەبرد. لە نێو خەڵکەکە،  ژنێکی پیر و بەتەمەن بەسەرهاتی خۆی بەم جۆرە بۆ خەڵک دەگێڕێتەوە.

ئاخر مانگی بەهار بوو، واتە مانگی جۆزەردان. لە رۆژێکی گەرم و خۆش کە سەوزایی زەوی، شینایی ئاسمان و بزەی گەرمی هەتاو دەست دەخەنە دەستی یەک، سروشت دەکەن بە بەحەشتی بەرین، لە نێو گۆمێکی مەند و ماقووڵ تەنیا مەلەم دەکرد. تەمەنم ئەوکات دەوری شانزدە ساڵ دەبوو. جلوبەرگەکانم ششتبوون و لەسەر تاتە بەردێک لە قەراغ گۆمەکە  هەڵخستبوون تاکو وشک ببنەوە. خەریکی مەلە کردن بووم، کە لە ناکاو گوێم لە دەنگێک بوو. خێرا خزیمە ژێر ئاوەکە. ترس و سامی ژێر ئاو، لەشی رووت و دەنگەکە تەواو سەریان لێ شێواندم. زۆرم خۆ رانەگرت، بە هەناسە بڕکە سەر لە ئاو دەرهێنا. کەمێک سەیری دەروروبەرم کرد هیچ باس نەبوو. حەزم لە مەلە کردن نەما. ویستم هەرچی زووتر جل و بەرگەکانم لەبەر بکەم، لەو شوێنە دوور کەومەوە. کەسم بە بیر نەبوو، ئابڕو و حەیای خۆم لە هەموو شتێک بۆ گرینگتر بوو.  بە وشیاری و بە مەلەکردن رۆیشتمە لای تاتە بەردەکە. دیسان هەمان دنگم بیست. بە پەلە رۆیشتمە لای بەردەکە، دەستم برد بۆ جڵوبەرگەکانم، بردەکە جووڵایەوە، زۆرتر دەستم درێژ کرد، بەردەکە زۆرتر جووڵایەوە. سەرم هەڵێنا، شتێکی سەیر و سامناک رووبەڕووم  سەیری دەکردم. جۆرێک سەیری دەکردم کە بەزەیی پێم دادێت. منیش سەیرێکم کرد، پڕم دایە جل و بەرگەکانم، توند دەستمی گرت.

هێندەی نەمابوو بێ هۆش بم یان دڵم دەرچێت، بەڵام لەبەر ئابرووی خۆم دڵم تاقەتی هێناو دەرنەچوو. جل و بەرگەکانی گرت و بە سەیری بۆنێکی کردن، بە هێمنی جلەکانی وێدام. کە دیتی شەرم دەکەم، پشتی لەمن کرد. لەناکاو گەرمایەک هاتە نێو لەشم،  گەرمایەک کە هێزێکی تایبەتی خستە نێو دەروونم. پڕم دا جل وبەرگەکانم وەک بافڕیم. خێرا خێرا ئاوڕم دەدایەوە تا ئەو کاتەی لەبەر چاوم ونبوو. ترسەکە ئەندازی نەبوو. سەیری خۆم کرد دیتم هەر رووتم. هەر کەس منی بەم جۆرە دیتبایە، دەیوت شێت و ماخولیایە. یان خەڵک بەرد بارانیان دەکردم. بە هەناسە بڕکە و پشووسواری جلەکانم کردەبەر، ئەجار باشتر هەڵاتم. هەموو وڵات، دار و بەرد، لێم ببوو بەو شتە زلە. تەمەنم ئەوەندە نەبوو کە بزانم ئەو شتە زلە چیە، دوایی چەند ساڵ تێگەیشتم کە ئەم شتە سەیرە دێو بوو. رەنگم تەواو پەڕی بوو، بە رەنگ زەردی و لێو بەباری هاتمەوە ماڵ. دایک و باوکم جۆرێک سەیریان ئەکردم، منیش سەیری ئەوانم دەکرد، بەڵام سەیر کردنی ئەوان مانادار بوو. ترس بەسەر لەش و دەروونمدا زاڵ بوو، زۆرتری ترسەکە ئی هەڕەتی مناڵی بوو.

گەورەکان کە لێمان تووڕە دەبوون، هەڕەشەیان لێدەکردین؛ ئەگەر خوار و خیچ بڕۆن، دزی و درۆ بکەن، شەوانە گورگ و دێو، دووپشک و مار دێنە خەوتان، یان بە پەنجەرەدا دێنە ژوور دەوڕفێنن. سەیر نەبوو، کاتێک شەو دەهات لەترسان دەرگا و دیواری ماڵمان وەک گورگ و دێو دەهاتە بەرچاو. زۆرجار بە خەیاڵ گورگ دیواری کون دەکرد و دەهاتە ژوور.  لەخۆم ئەپرسی، کەواتە راستە، ئەم شتانە هەن؟ ئیتر بەڕاستی و لەو رۆژەوە لە تاریکی ئەتراسم. گەورەترین ئارەزووم ئەوە بوو کە هیچ کات نەبێتە شەو.

بەڕاستی لە تاریکی بێزار بووم. حەزم لە هیچ شتێک نەبوو، قسەم بۆ نەدەهات، حەزم دەکرد لە شوێنێک کە هیچ دەرگا و پەنجەرەی نەبێت بە تەنیایی بیر بکەمەوە. بەڵێ، هێندەی پێ نەچوو، لە بەختی رەشی من ئەوجاریش شەو هات، شەو چ شەو؟ شەوێک کە هەموو ترس و خۆفی مناڵی، هەموو ترسی ئەو رۆژەی لێک گرێداو خستییە نێو دڵی من. "حەزم دەکرد بڕۆمە لای خۆڕە تاو و پێی بڵێم، تاریکی لە ناو بەرە، با قەت شەو نەبێت". هەر جۆرێک بێت بە ترس و لەرز رۆیشتمە ژووری خەوەکەم، دەرگا و پەنجەرەم قفڵ کرد. لە ترسان بە سیلەی چاوم سەیری پەنجەرەم ئەکرد، ئەترسام ئەو شتە بێت، دەرگا و پەنجەرە بشکێنێت، من لەگەڵ خۆی بەرێت. دڵخۆشی خۆم دەداوە: ئەگەر لە پشت پەنجەرە بیبینم، لە دەرگا رادەکەم، هاواری دایک و باوکم ئەکەم، دایک و باوکم پێشی پێدەگرن دەیکوژن. کێ ئەڵێ ئەوانیش لەترسان وەک من راناکەن؟

ئەو شتە زەلامە کاری کوشتنی مرۆڤ نەبوو. وڵات تەواو تاریک و بێدەنگ بوو، لەجاران تاریکتر و بێدەنگتر، ترس زۆرتر و زۆرتر زاڵ دەبوو. بەم حاڵەش پرسیارم لە خۆم ئەکرد، خۆشم وڵامی پرسیارەکانم ئەداوە. نازانم چ کات بوو، ئەوەندەم بەبیرە هیچ کەس بەخەبەر نەبوو، کەس دەنگی نەدەهات. بەڵام پرخەی باوکم وەک هەوری بەهار دەیگرماند. باوکم شەوانە زۆر درەنگ دەخەوت، بۆیە دەمزانی شەو درەنگە. ئەو بیچارەش بەشی خۆی مەراقی ئەم زەمانەی لە دڵا بوو. منیش لە حاڵەتێکی خە و نیوەخەو دابووم، حەزم دەکرد هیچ نەبێ تاوێک بخەوم بەڵكو لەدەست  ئەم هەموو ترس و خۆفە رزگار بم. بەڵام لەوکاتەدا قسەکانی دایە گەورەم دەهاتەوە بیر. دایە گەورەم ژنێکی زۆر ژیر و عاقڵ بوو، و مناڵی زۆر خۆش دەویست. دەیوت: "مناڵ فریشتەیە لە ئاسمانەوە هاتووە، نابێ کەس دڵی فریشتە بشکێنی، نابێ شەوانە بە ترسەوە بخەوێت، ئەگینا خەونی ناخۆش دەبینێت و بە گریان و هاوار لەخەو رادەپەڕێ". ئارەزووم دەکرد دایە گەورە مابایە، منیش ئەو شەو لە باوەشیدا خەوتبام!

لەناکاو کەڵە شێری ماڵە جیرانەکەمان خوێندی. جاران گەر کەڵەشیردەیخوێند لە خەو رادەپەڕیم و لەهەرچی کەڵەشێرە بێزار دەبووم. بەڵام بە پێچەوانە ئەمجارەیان حەزم لەهەرچی دەنگی کەڵەشێرە دەکرد.  چونکە قیڕەی ئەمجارەی کەڵەشێر مزگێنی بوو بۆ من؛ مزگێنی بوو بۆ رۆژی رووناک، مزگێنی زاڵ بوون بەسەر ترس و تاریکی. بە دەنگی کەڵەشێر زانیم بەری بەیانە و هیچ روویی نەداوە. "ئەو شەو دوور و درێژترین، تاریک و سامناکترین شەوی ژیانم بوو". پشوویەکەم هاتەوە بەرخۆ، ترسم هەر مابوو، بەڵام نەهێندی سەری شەوێ.

لەم خەیاڵە دابووم کە لە نێو بەلەمێکی بچووک لە سەر بەحرێکی بێ سەر و بن وەک بێشکە رادەژام. هێندێ جار ئەفڕیم بۆ ئاسمان و لە خۆشیان قاقام لێدەدا، هێندی جار ئەرۆیشتم بۆ ژێر بەحر، لەترسان دەمقیژاند. ئاوی بەحرەکە کەمتر و کەمتر دەبوو، ئەوەندە کەم بوو تاکو هێندی گۆمەکەی لێهات. سەیرم کرد بەلەمەکە  لەسەر گۆمەکە زۆر بە هێمنی رادەژێت، هەروەک راژاندنی بێشکەی مناڵی ساوا. سەیرێکی دەورووبەرم کرد، بردە لە وی نەمابوو، بەڵام ئەو شتە سەیرە لە شوێنی بەردەکە وێستابوو سەیری ئەکردم.  بە هەموو هێزی خۆم هاوارم کرد، بە دەنگی خۆم لەخەو راپەڕیم. هاوارێک نە تەنیا من، تەواوی خەڵکی لەخەو راپەڕاند. دایک و باوکم جێرا هاتنە لام، دایکم کە منی بەم حاڵە بینی، دەستی کرد بە گریان و توند لە ئامێزی گرتم. جل و بەرگەکانم شەتڵانی عارەق بوون، تەواو خوسابوون. لە سەرمان و لە ترسان دەلەرزیم. باوکم کە زۆرجار بە دەنگی پرخەی خۆی لە خەو راپەڕیبوو، بە هاواری من تەواو حەبەسابوو، وا سەیری ئەکردم. باوکم دەیپرسی و دایکم دڵخۆشی ئەدامەوە. چ قەوماوە، چت بەسەر هاتووە؟ مەترسە، وا ئێمە لێرەین! منیش مات و بێدەنگ سەیرم ئەکردن و هیچ قسەم پی نەبوو. نەمزانی خەونە یان راستە! بە فرمێسکەکانی دایکم کە دەیوت: "دایکت کوێر بێ، خەونی ناخۆشی دیوە دەمزانی خەونە". دڵخۆشییەکەم بەمە هەبوو کە وڵات رووناکە و خەڵکەم لەدەورە.

بەڵێ، جلو بەرگی خاوێنیان بۆ هێنام. لەشەم تاوتاو گەرم دەبوو، تاوتاو سارد، ئیتر ئەو رۆژ چەند جار ئەم بەڵایەم بەسەر هات. کە خەڵک دەیانوت کۆڕی ماڵە فڵانی لەترسان شێت بووە، باوەڕم نەدەکرد. منیش ترسم لەوە هەبوو وەک ئەو شێت بم. ئەوەشم بیستبوو کە شێت هیچ فڕی بە دنیایەوە نیە، دایم شاد و شەنگوڵە، لەهەمووی گرینگتر، ترسی لە هیچ نیە. من کە ترسێکی زۆرم هەبوو، دڵم بەحری غەمان بوو، دەمزانی ئیستا شێت نەبووم. ئیتر ئەو رۆژ بە هاڵۆزی و ناهومێدی تێپەڕ بوو. دیسان شەو هات، شەوێکی تاریک، شەوێکی دریژ، شەوێک پڕ لە ترس و خۆف. بە پرخەی باوکم دەمزانی ئەمجارەش نیوە شەوە. بۆن و بەرامێکی خۆش ولاتی پڕکرد، وەک ئەوە بە جێی باران گوڵاو باریبێت. ئەوەم لەبیر چوو بیگێڕمەوە، "جلوبەرگەکان کە لە حەوشە هەڵوێسرابوون تاکو وشک ببنەوە، رۆژێک دوایی بزر دەبن و کەس نازانێت چیان بەسەر دێت. بەڵام دوو رۆژ دوایی بە خاوێنی و بۆن خۆشی لە حەوشە پەیا دەبنەوە".

دەمزانی ئەمجار دایکوباوکم خۆم بەرمە تەشقی ئاسمانیش باوەڕم پێناکەن و دەڵێن ئەوشتانە لەبن سەری منایە. ناحەقیان ناگرم، لەم دوو رۆژەدا زۆر شت قەوما و روویدا. ئیتر ئەوان تەواو کەوتبوونە شکوگومان. بە تایبەت باوکم بە قەڵس و توڕەیی سەیری دەکردم و پرسیاری دەکرد، ئەگەر نەڵێی چ باسە و چت لەبن سەرە وادەکەم و ....!  سەرقاڵی ئەمە بووین، قسە و باس بڵاو بۆوە کە بەردی قەراغ گۆمەکە لە شوێنی خۆی نەماوە. هەموو کەس، گەورە و بچووک رۆیشتنە ئەو شوێنە تا بزانن چ قەوماوە؟ بە خۆشییەوە، دایکوباوکم بە بیستنی ئەم هەواڵە وازیان لەمن هێناو ئەوانیش وەک خەڵک رۆیشتن تا بزانن چ باسە؟

من کە رۆژە ناخۆشەکانی ژیانم بەسەر دەبرد بە بیانوی نەخۆش بوون لەماڵ مامەوە. وتم، خۆم بەدزی ئەچم بۆ ئەو شوێنە، تا بە چاوی خۆم نەبینم باوەڕ ناکەم، چونکە ئەو بەردەی من بینیم.....، چۆن ئەم بەردە زەلامە لە شوێنی خۆی نەماوە؟  زۆر سەیر بوو، لەو رۆژەوە شتی سەیر روویدەدا! کەس نەیدەزانی چ باسە و چ قەوماوە، کەسیش نەیدەزانی بەیانی چ دەقەومێت! پیرە پیاوان باسیان لەوە دەکرد کە ئەم بەردە بە درێژایی مێژوو لەم شوێنە بووە، چۆن ئەم بەردە زەلامە لە شوێنی خۆی نەماوە؟ خەڵک تەواو سەرقاڵی ئەم قسانە بوون. هەر کەس لایی خۆی شتێکی دەوت.

هەزاران شت بە مێشکی منی قەلەندەر  دەهات و دەچو. یەکێک لە بیرەکان کە دەس بەردارم نەبوو، ترسی رفاندنی من بوو، چەنکە تەنیا من ئەو شتەم بینی. کەواتە، ئەمجار نۆبەی منە ئیتر کەس بە فریام ناگا. دوو دڵ بووم کە ئەم نەهێنییە بدرکێنم  یان نە؟ یاخۆ هیچ نەبێ لای دایکم باسی بکەم، بەڵکو خەمێکم لێ بخوات.  دەمزانی دایکم بە بیستنی ئەم قسەیە زەندەقی دەچێت، لەترسی خۆشی بێت خێرا بە باوکم ئەگێڕێتەوە، ئەگەر باوکیشم پێ بزانێت پێش هەموو شتێک بە دەستی خۆی بێ سەر و شوێنم دەکات! بە رووتی لە نێو ئاو، بە رووتی هەڵاتن .... دەمزانی باوکم دەس بەردار نابێت، وازم لێ هێنا.

وتم نا، با پەلە ناکەم، شەیتان پەلەی کرد چاوی کوێر بوو! بەیانی زوو هەر جۆرێک بێت بە دزی و بێدەنگی دەرۆم بزانم چ باسە؟ کەس نەیدەزانی چۆن ئەم هەموو بیر و خەم و پەرۆشە لە مێشکی کچێکی شانزدە سالانەی وەک من جێ دەگرێت! بە هەر حاڵ ئەو شەوم بردەسەر، بەیانی زوو بە دەنگی کەڵەشێر لەخەو راپەڕیم و خۆم ئامادە کرد. لای خۆم وتم، بە عەقڵم ئەم کەڵە شێرە لەنیو دڵی من دایە، دزانی چم دەوێت و چم لە پێشە.  بە بێدەنگی، بێ ئەوەی کەس بزانێت لە ماڵ رۆیشتمە دەر، نێوەی رێگە رۆیشتم. لە دوورەوە شتێکی زەلامم بینی، وەک هەورێکی رەش دەهاتە بەر چاوم. ویستم بگەڕێمەوە، بەڵام قوتەقوت و سەرەرۆیی تەمەنی شانزدە ساڵی ئەم بەزمەشی لەگەڵە.  وتم، ئەی لەم هەورە زلە، هەورەکان هەمیشە لە بەرزایی یان داوێنی کێوەکان دەگیرسێنەوە، چۆنە ئەمەیان لە خوارەوەیە ؟ ئەوەی من بە بیرمە، هەورێکی تۆڕە و تۆسن دیار بوو. هەرچی نزیک دەبوومەوە هەورەکە لە پێش چاوم بچووکتر دەبوو. زۆرجار هەورم بینیبوو کە لە شوێنی خۆی دەڕوات، بەلام نەک وا زوو. شتێک لام زۆر سەیر بوو، هەورەکە دروست لە شوێنی بەردەکە بوو.

گەیشتمە شوێنی بەردەکە، هەورەکە لە وێ نەما. کەواتە راستە وتیان بەردەکە لە شوێنی خۆی نەماوە، بە خۆمم وت. بەردەکە ئەوەندە زل بوو کە لە دوورەوە شوێنی دیار بوو. زۆری نەمابوو بگەمە شوێنی بەردەکە بۆنیکی خۆش هەموو وڵاتی داگرت، بۆنێکی ئەوەندە خۆش کە مرۆڤ پێی مەست دەبوو. تەواو هاتمە شوێنی بەردەکە، بەردی چی و شتی چی؟ تۆ بڵێ سفرەیەکی هەزار رەنگ و بۆن، سفرەیەکی رازاوە کە هەرکەس بە دیتنی شێت و شەیدا دەبوو! زۆرجار بە مناڵی باسی بەهەشتیان بۆ کردبووین، گۆیا هەرچی خواردنی خۆشە لە بەهەشتە. ئێمەش زۆرجار  بەم خەیاڵە دەخەوتین تاکو خەونی بەحەشت ببینین. لای گەورەکان گرینگ بوو کە ئێمەی مناڵ راست بڕۆین تاکو بگەینە بەهەشت. پیرە پیاوان دەیانگوت: رێگەی راست بۆ بەحەشتە! 

بۆ خۆم وت:  حەقم بەم سەوایە چیە، با بە دڵی خۆم بخۆم و لە پاشان بگێڕمەوە کە چم دیوە و چم بەسەر هاتووە! بەڵێ، وازم لەو سەودایە هێناو وەک هاران دەستم کرد بە خواردن، ئەمخوارد و ئەمخوارد. ئەوەندەم خوارد تاکو هەستم بە سەرێشەیەکی زۆر کرد. ئەوەندەم بە بیرە لە تاو سەر هێشە کەوتم، و لە پاشان نازانم چم بەسەر هات! ئەو خەڵکانەی منیان دۆزییەوە، بەم جۆرە بۆیان باس کردووم.

درێژەی هەیە...

 Image result for bading i sommer kunst

  

 

   

 

 

گەڕان بۆ بابەت