گۆران ڕه‌ئوف
ترسی من له ئاست ژیانداترسێكی زۆر ساده‌یه
ترسێك،
تا ڕاده‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ژیان،
نائومێدم ده‌كات.
به ژیان بڵێن: با ئیتر سڵاو نه‌كات
گۆران ڕه‌ئوف
كێشه‌ی من ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام له ژیان ترساوم
ڕه‌نگه به‌ته‌نیا ئه‌م دێڕه نه‌بێته بابه‌ت!
به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه..
هه‌میشه پشته‌وه‌ی دێڕه‌كان
بابه‌تی ڕاسته‌قینه‌بوون.
وه‌ك چۆن ژیان سڵاوی له من كرد،
له‌كاتێكدا من ده‌مزانی
كه هه‌موو سڵاوه‌كان هێمای دۆستایه‌تین
به‌ڵام كێ ده‌زانێ، له پشته‌وه‌ی سڵاوه‌كانه‌وه
چی ده‌گوزه‌رێ؟
من به ده‌سته نه‌رمه‌كانی باوكمدا
ژیانم ناسییه‌وه
كاتێك فێریكردم
كه له پێشته‌وه‌ی نه‌رمی ده‌سته‌كانی ئه‌وه‌وه
ژیان زۆر زبره
ئه‌و كاته‌ی ژیان سڵاوی كرد
من شاعیر نه‌بووم
به‌ڵام ترسام!
له‌و كاته‌وه تێگه‌یشتم
كه ترسنۆكترین مرۆڤ
شاعیره
ترسی من له ئاست ژیاندا
ترسێكی زۆر ساده‌یه..
ترسێك،
تا ڕاده‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ژیان،
نائومێدم ده‌كات.
یه‌كه‌مین سڵاوی ژیان
برسێتی بوو..
له‌گه‌ڵ باوكمدا بۆ ئه‌وه‌ی برسی نه‌بین
له‌بری نان
گۆرانیمان ده‌چڕی
بۆئه‌وه‌ی برسێتی ببێته له‌بیرچوونه‌وه
باوكم هاواری ده‌كرد و
ده‌یوت: ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم مه‌قامه
دووه‌مین سڵاوی ژیان
عه‌شقێكی ئاگیرین بوو كه
سه‌ره‌تا دڵمی كوڵاند
ئێوه كوڵانی دڵتان بینوه؟
من باوكمم دیوه،
كاتێك به‌بێ فرمێسك ده‌گریا و
ده‌ڵی ده‌كوڵا
ئێوه واز له سووتان و برینی جه‌سته‌م بێنن
كه هه‌ركاتێك خوێنه‌كه‌ی ده‌سڕن
دڵم ده‌كوڵێته‌وه
له‌و كاته‌وه، كه بۆیه‌كه‌مین جار دڵم كوڵا
ئیتر دایكم
نۆك ده‌برژێنێت
فاسۆلیا سورده‌كاته‌وه
برنج ده‌كاته زه‌ڵاته..
تا ئازاری كوڵانی دڵم بیرچێته‌وه
سێیه‌مین سڵاوی ژیان
شكانم بوو
كاتێك شكێنرام و
پارچه وردبووه‌كانم كه‌وته ژێر پێتان..
ده‌ستێك درووستی كردمه‌وه و
من بوومه شاعیر
شاعیره‌كان، شكێنراوه‌كانن
شاعیره‌كان، ئه‌و جه‌ستانه‌ن
كه ئۆرجیناڵبوونیان له‌ده‌ستداوه
ده‌نووسن، تا شكانیان بیرچێته‌وه
ده‌نووسن، تا ببنه‌وه به مرۆڤ
چواره‌مین سڵاوی ژیان
بینینه‌وه‌ی خۆمبوو له‌گه‌ڵ ژنێكدا و
له خانوویه‌كدا كه به برسێتی و
قه‌رزێكی زۆررر درووستمانكردبوو..
شه‌وان پارچه شكاوه ناڕێكه‌كانی جه‌سته‌می
ده‌خسته‌وه شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان
به ڕۆژیشدا باسی گه‌وره‌یی شكانمی ده‌كرد و
ده‌ستی ده‌گرتم تا هه‌ستمه‌وه
ئێواران گۆرانی سورده‌كرده‌وه و
ده‌ترسا دڵم ده‌ستكاته‌وه به كوڵان
من كه به‌سه‌ر شه‌قامه گه‌رم و دۆزه‌خییه‌كاندا ده‌ڕۆیشتم
دیسانه‌وه ئاوێكی ساردم ده‌ردا و
دڵم ده‌كوڵااااا ده‌كوڵااااا
بیری دایكمم ده‌كه‌وته‌وه
به‌و پیرییه‌وه، چۆن بتوانێت گه‌رمی زه‌وی
ساردكاته‌وه،
تا چیتر دڵی كوڕه‌كه‌ی نه‌كوڵێت
پێنجه‌مین سڵاوی ژیان
ئاخ له سڵاوی پێنجه‌م!
ڕشانه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌بوو
كه پارچه شكاوه ناڕێكه‌كانی جه‌سته‌می
ده‌خسته‌وه شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان
به‌یانییه‌كی زستان بوو
ئه‌و ژنه زۆر ده‌ڕشایه‌وه..
هاواری ده‌كرد و من له ترساندا
شیعرم ده‌نووسی،
گۆرانم ده‌وت
به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مین جار
هه‌ستمكرد ئیتر دڵم له كوڵان كه‌وت!
له‌و ڕۆژه‌دا كه باران نه‌ده‌باری و دنیا گه‌رمبوو
ئێمه بووینه سییان و
هه‌موو پارچه ناڕێكه‌كانی جه‌سته‌م
ڕۆیشتنه‌وه شوێنی خۆیان.