ما 4452 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دڵخۆشم کە درۆزن نیم. یانی ئەوەی کە چیرۆکەکانم درۆزن نین. ئەوان هەرجارەی کەسێک لێیانەوە دێت دەر و دەیانگێڕێتەوە. منیش تەنیا ئیزنیان دەدەم. دەبم بە یەکێک لە گوێگرەکانیان. بەستەزمان نۆروێژییەکان کە هێشتاکە منیان نەناسیووە دەبێ دەیان منی تر بناسن! 

 

منیش هەم!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بۆ یەکەم جار بیرم لەوە کردەوە بچم و لە رستورانێکی نۆروێژی دابنیشم. رۆژی شەممە بوو. باشترین جل و بەرگی خۆم هەڵبژارد، کە قاتێکی هەرزانی رەشی خەت خەتی بوو، لەبەرم کرد و وەدەرکەوتم. شاری ئۆسلۆ بەپێچەوانەی رۆژەکانی تری هەفتە قەرەباڵغ دەینواند. شەممە رۆژی پیاسە، کڕین و سەردان بوو. حەشیمەت تۆختر دەینواند.

چووم و لە یەکێک لە رستورانەکانی ناوەندی شار دانیشتم. ئەگەرچی لەوێ خواردن گرانتر بوو، بەڵام من ئەوێم هەڵبژارد. واتە دەبوایە هەڵیبژێرم! رستورانەکە لە یەکێک لە گەڕەکە کۆن و ترادیسیۆنەکان بوو، بە دیوار و ستایلی کۆنەوە. تایبەت بە خۆی. شتێک وەک خودی نۆروێژ،... نۆروێژی کۆن. نەک وەک ئیستاکە. مێزێکم هەڵبژارد و دانیشتم.

مۆسیقایەکی ئارامی نۆروێژی بەسەر مێزەکاندا دەفڕی، بە دیوارەکاندا خۆی دەخشاند و لە شوێنێکی نادیار سەرلەنوێ خۆی بەرهەم دەهێنایەوە. لە دەوری هەر مێزێک یەک یان دوو کەس دانیشتبوون. هەندێ جاریش زیاتر، رەنگە سیان و چوار. دەدوان، بەڵام کەس دەنگیانی نەدەبیست. رەنگی تۆخی سووری دیوارەکان، پەردە و ئەو قوماشە دیسان سوورانەی وا هەڵواسرابوون، فەزاکەی تاریکتر دەنواند. گڵۆپەکانیش کە لەسەر گڕێکی لاوازبوون، یارمەتییەکی ئەوتۆیان نەدەدا. هەموو شتێ سوورێکی قورس.

'مێنی' یەکەیان بۆ هێنام، "ڤەشووگو!"١. هەستم کرد گارسۆنەکە بەدەم دانی مێنییەکەوە بۆ چەند چرکەیەک زیاتر نیگای لەسەر راگرتم. منیش سەیرم کرد. رەنگە منیش چەند چرکەیەک زیاتر نیگام لەسەری راگرتبێ. رۆیشت. لە پاشەڵیم رووانی. مرۆڤێکی تێکسمڕاوی تەژی لە ماسوولکە. چاوم بە لیستی خواردنەکاندا گێڕا. ناوی سەیروسەمەرە. من کە هیشتاکە لەسەرەتای زمانی نۆروێژیدا بووم، بە شوێن وێنەی خواردنەکاندا گەڕام، بەڵام پەڕەکانی بەردەمم تەنیا وشە بوون و وشە. تەزوویەکی ناهومێدی بە لەشمدا گەڕا. ورەم بەرنەدا، بڕیارم دا بە وردی بیخوێنمەوە. سەرئەنجام وشەی 'بیف' م بینییەوە لەگەڵ پوتێت. ژمارەکەیم چەند جارێک لەبەر خۆمەوە بە نۆروێژی خوێندەوە، وەها کە جوان جوان لەبەرم کرد. مێنییەکەم بەست، خستمە کەنار مێزەکە و چاوەڕوان مامەوە.

ـ "تکایە ژمارە ٦٥!"

کتوپڕ بیرم کەوتەوە کە بە ساڵی زایین، منیش لەدایکبووی ٦٥ م. چ رێکەوتێکی سەیر!

دیسان لە خەڵکەکەم رووانییەوە. لە روخساریان ورد بوومەوە، لە شێوازی جوڵانی لێوەکانیان، لە دەستیان، لە هەڵدانی پێکەکانیان، لە جۆری جاوینی پارووەکانی ناو دەمیان، لە قژیان، لە رەنگیان و ...، بە کورتی لە هەر شتێک چاو و خەیاڵم ئیزنی دەدا. ئەوان بە رێکەوت نەبێ، کەسیان سەرنجی نەدەدام. رێکەوتی ئەو چاوانەی لە کاتی قسەکردندا بە شوێن وشەدا دەگەڕێن.

هەستم کرد لەم ژوورەدا، دیسان وەک هەموو ساڵی رابردوو لەم وڵاتە، شتێک هەیە لەمن شاراوەیە. شتێک کە گەر کەمێک لێی ورد بامایەوە، دیسان وەک هەموو ساڵی رابردووم، دەمدۆزییەوە. بۆیە بە وردی کەوتمەوە رووانینی زیاتر. لەسەر تاک بە تاکی شتەکان راوەستام، بە بێ پەلە،... بەڵام هیچم نەبینییەوە. دوواتر لەبەر خۆمەوە گوتم نا، شتەکە لە نێوانی هەموو ئەمانەدایە. بۆیە هەوڵمدا لە نێوان رەنگی تۆخی سوور، تاریکایی، بێدەنگیی قسەکردنەکان و زەردوسووریی روخسارەکان وەها پەیوەندییەک درووست بکەم کە بتوانم بە شتەکە بگەم. جاری وابوو هەستم دەکرد خەریکە دەگەمە شتەکە، بەڵام ئەوەندەی نەدەخایاند دیسان لێم وندەبووەوە. سەرئەنجام وازم هێنا. وەک هەمیشە، جارێکی تر لە ژیانمدا گەیشتمەوە هەوڵێکی بێسوود. خواردنەکە گەیشت. لەتە گۆشتێکی خاو بە کەمێک پەتاتە و سەوزەوە.

بەختم هەبوو بیفەکە بە جوانی سوورنەکرابووەوە. لە کاتێکدا لەتی بچوکم بە زەحمەت بە چەقۆ و چەتاڵەکەم لێدەکردەوە و، دەمخستە ناو دەممەوە ئەو دەرفەتەم هەبوو بە دەم جاوینی درێژخایەنەوە بیربکەمەوە،... بیر لەخۆم. سەرئەنجام بەو ئاکامە گەیشتم شتە شاراوەکە نەک لەناو ئەوان و ئەم شتانەدا، بەڵکو لە مندایە. ئەمە یەکجار خۆشحاڵی کردم. وەها کە ئەو پارووەی وا لەدەممدا بوو بە بێ جاوینێکی تەواو قووتمدا!

کەواتە ئەوە من بووم لەم ژوورەدا و، لە تەواوی ساڵی رابردوو لەم وڵاتە، نەدەبینرایەوە. من بووم ئەوان نەیاندەبینییەوە. من بووم خۆم خۆم نەدەبینییەوە. ئەوانەی وا دەدوان بەبێ ئەوەی من بیانبیستم بێگومان باسی هەموو شتێکیان دەکرد باسی من نەبێ. من دەبا ببم بە بەشێک لە فەزای سوور و نیوە تاریکی ئێرە، دەبا ببوومایە بە بەشێک لە دەنگ و بێدەنگیی ئێرە. بەشێک لەو مۆسیقا و گۆرانییەی نەمدەزانی باسی چیدەکەن. من دەبووایە باسی خۆم بکەم، باسی ئەوەی هەبووم و ئەوەی هەم و ئەوەی دەمەویست ببم،... لە داهاتوودا. من هیشتا سەرەڕای گێڕانەوەی چەندین و چەندین جارەی چیرۆکەکانم، گێڕانەوەی تری زۆرم لەبەردەمدا مابوو. لە پنت بە پنتی ئەم شارە، لە رستورانەکان، لە قوتابخانەی فێربوونی زمان، لە شوێنی کار... چیرۆکی گێرانەوەکان دیسان چاوەڕوان بوون.

لەخۆشیا پاڵم دایەوە و هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا. کەواتە ژیان هیشتا بە بەریەوە مابوو!

بەڵام من ئەو چیرۆکانەی وا لە یوئێن و لە ئیدارەی پەنابەریی گێڕابوومنەوە، بە جوانی لەبیرم نەمابوون. تەنیا سەرەداوەکان لە بیرەوەریمدا سەرەتاتکێیان دەکرد. بزەیەک دمگرێ. دەزانم پێویست ناکا من هەر هەمان چیرۆک و چیرۆکەکان بگێڕمەوە. دەکرێ رووداوەکانی ژیان بە هەزاران شێوە بگێڕیتەوە. ئا، بە هەزاران شێوە. بۆ وێنە باسی یەکەم جگەرەی دووای پەڕینەوە سنوور. یان ئەو رۆژەی دووانامەکەم بەجێ هێشت.

دڵخۆشم کە درۆزن نیم. یانی ئەوەی کە چیرۆکەکانم درۆزن نین. ئەوان هەرجارەی کەسێک لێیانەوە دێت دەر و دەیانگێڕێتەوە. منیش تەنیا ئیزنیان دەدەم. دەبم بە یەکێک لە گوێگرەکانیان. بەستەزمان نۆروێژییەکان کە هێشتاکە منیان نەناسیووە دەبێ دەیان منی تر بناسن! بەستەزمان من کە تا هەم دەبێ من و منەکان بگێڕمەوە.

لە کاتێکدا زۆربەی بیفەکەم بە نەجاوراوی قووتداوە و خەریکی دانی پارەی خواردنەکەم، بە بزەوە روو لە گارسۆنەکە دەکەم و دەڵێم "یای هار مانگە،... مانگە مانگە!"٢

پیاوە ماسولکەییەکە بەسەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانێ، بەڵام بزەیەک دەیگرێ کاتێک 'تیپس'٣ێکی ماقوڵی بۆ دەخەمە سەر مێزەکە،... لە تەنیشت پسوولەکە. منیش بە بزەیەکەوە لێی دەڕوانمەوە.

هەڵدەستم، لەشم لەناو قاتەکەدا دەگێڕم و شوێنەکە ئارام جێدێڵم.

 

ژێرنووس:

١ـ فەرموو.

٢ـ "زۆرم هەیە،... زۆر زۆر!"

٣ـ شاگردانە.

Image result for restaurant kunst

گەڕان بۆ بابەت