سەلاح نیساری

ئاوێستا، چەند کەسێک لەو کوڕە لاوانەی لە نیشتمانی دایک بێزار بوون، ئێستا لێرە تووشی خەمۆکی هاتوون. لێرە شتێک بە ناوی جوانی نییە. ئەشق نییە، ڕەنگە بووبێت، بەڵام وەختێ شکسپێر مرد ئەوانیش مردن! ئێرە وڵاتی ژمارەیە. 


لە کووچەباغی زەیتوونەکاندا

 

سەلاح نیساری

 

نەمگوت مەڕۆ، نەمگوت بە ڕۆیشتنی ئێوە ئەو شارە چۆڵ دەبێ!؟ نەمگوت خۆشەویستی ڕاستەقینە بە باق و بریقی ئەوێندەرێ مەگۆڕەوە؟ گوێت لێ نەگرتم. قسەکانی من وەک بایەک بەبن گوێتا ڕابردن. وتم: وەدوای خەیاڵی بەتاڵ دەکەوی، ئەو بەهەشتەی ناوی دەهێنی دەنگی هەیە و ڕەنگی نییە. وتت: خۆ تۆ نەتدیوە تابزانی چۆنە، لە خۆڕا بۆ زەمی دەکەی. وتم: نە زەمی دەکەم و نەدیدە تاریفیشی ناکەم. ئێرە جێگە تەماحی دڕندانە! شێر کە بێشەی چۆڵ کرد، چەقەڵ و کەمتیار ڕمبازێنی تێدا دەکەن. وتت: ئێرە بۆ ئێمەی لاوەکان بۆتە دۆزەخ! ژیان لێرە دەسووتێ و ئەشق لێرە دەمرێ. وتم: وانییە، ئێرە وڵاتی مەم و زینە، بە دەیان دڵداری وەک شیرن و فەرهاد و لاس و خەزاڵ و خەج و سیامەند و عەزیز و کوبڕای تێدا نێژراوە. وتت: لێرە ئاشقەکان بە نامرادی سەر دەنێنەوە، بەڵام لەوێ ئاشقان دەژین. وتم: وانییە، وتت: وایە، با بپەڕێمەوە ئەوسا دەزانی کەوایە. وتم: دڵم دەڵێ، پەژیوان دەبیەوە...

ئەو ڕۆژەی جانتاکەت کردە شانت، هەورییەکەی خۆم بە دیاری پێدای. هەر ئەو ڕۆژە، چەقەڵ و کەمتیار لە بۆسە دابوون. زۆرت بۆ بەداخەوە بووم، بە درێژایی شەقام چاوم لە چەشنی پەپوولە پایزە بە کزەی هەناسەم کەوتە شوێنت. هەوری خەمێکی قورس بارستایی گریانێکی بەرۆک دادڕاوی بەسەر شارەکەدا کێشا؛ خەیاڵ هەڵی گرتم: نیوەشەو بە چەق و لووری چەقەڵ و کەمتیار ڕاپەڕیم. شار دەستەویەخەی گەمارۆیەکی قورس بوو. دایکم زریکاندی: «ئاوێستا» ڕاپەڕە! ڕاپەڕە. دەستە خوشکەکانم لە بەرەی پێشەوەدابوون. زیلان وەک بروسکە پێیاندا دەهات. دایکم، گوتی: ئاوێستا، ببزوو! بە دەست خۆم نەبوو، بیرم لە تۆ دەکردەوە. جانتاکەت بە شانەوە بوو، بەغار دەڕۆیشتی، زۆر بەلەز بووی. بە تاڵۆکە بەرەو ئامێزی ئەو بەهەشتە نادیارە ڕات دەکرد. قسەکەی خۆم وەبیر هاتەوە: شێر کە بێشەی چۆڵ کرد، چەقەڵ و کەمتیار ڕمبازێنی تێدا دەکەن. لەگەڵ زیلان بروسکە ئاسا پێیاندا هاتین. هەتا ڕەوەیەکمان لە خوێنێ دەگەوزاندن، ڕەوەدەیەکی دیکە دەهاتنە پێشێ. بۆکڕووزی گۆشت و خوێن، پرچ و بستە ڕدێنی سووتاو، تێکەڵ بە باڕووت، بەرامەی خۆشی شارەکەی شێواند. باق و بریق و چەخماخە و ڕەهێڵە، لە شەقام و کووچەباغی زەیتوونەکاندا دیلانی دەگێڕا. 

شەوێک لە جێژوانی فەیزبووکدا، هەستم کرد، قەڵافەتی جارانت تێک چووە و ڕوخسارت گوڵبزەی مانگەکانی پێشووی لێ تۆراوە. ڕەنگی غەریبی تەواو شلوێی کردووی. لە جێی خۆم داچڵەکیم؛ لە دڵی خۆمدا گوتم: «لاوۆ، ئەو بەهەشتەی خۆت خستە ئامێزی وادییارە، زۆری بەخۆیەوە گوشیوی ئاوا سیس و ژاکاوی؟ نووسیت: لەوەی گەڕێ، وەزع و حاڵی کۆبانی چۆنە؟ لە وڵامدا، نووسیم: لێرەنی تا ببینی. شێرە ژنان لە گوێن هەوری بەهاری دەشریخێنن. تەرمەک تەرمەک جەندەکی دەڵە کەمتیار و چەقەڵان لەسەر یەک هەڵدەچنن. 

نووسیت: ئاوێستا، چەند کەسێک لەو کوڕە لاوانەی لە نیشتمانی دایک بێزار بوون، ئێستا لێرە تووشی خەمۆکی هاتوون. لێرە شتێک بە ناوی جوانی نییە. ئەشق نییە، ڕەنگە بووبێت، بەڵام وەختێ شکسپێر مرد ئەوانیش مردن! ئێرە وڵاتی ژمارەیە. ڕۆحەکان لێرە لە چەشنی ئاسن و پۆڵان. دنیای ئێرە دنیای ماشێنییە، هەمووشتێک لێرە ڕووکەشە.

وتم: دەبێ بڕۆم؛ خەریکە زەماوەند گەرم دەبێ! زیلان، ماندووە. وەختی پشوودانی زیلانە. من دەچمە جێگای. 

دواجار شەوێک بەکورتی لە زەماوەندی عەفریندا سەردانی فەیزبووکی لاوۆم کرد: وێنەیەکی لێ داندرابوو، لە سەر تەختی نەخۆشخانە هەورییەکەی منی لە ملدابوو. ئاخ لاوۆ، ڕۆژ نییە هەواڵی خنکانی لاوۆکان نەبیستم. وتم: ڕۆژێک هەر دەمرین، حەیف نییە خوێنم بەسەر خاکی وڵاتەکەمدا نەڕژێ. ئێستا کچانی کۆبانێ و عەفرین بوونەتە شوورەی پۆڵا و ئەوشارە لە کەڵپە و پێی ڕەشی چەقەڵ و کەمیتار دەپارێزن. ئێستا لە کووچەباغی زەیتوونەکاندا شوورەیەک لە ئاوێستا و لاوۆ باڵایان بە باڵای نیشتمان دەگرن.

 

Bilderesultat for olivier

بازدید: 1121