ما 7303 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شاهۆ حەسەنپوور

لە کاتی دیالۆگدا دەبێ ئاگامان لەوە بێ کە مامۆستا بەڕێوەبەرێکی باش بێ و هەوڵ بدا کۆبوونەوەکە بەڕێوە بەرێ و هاوکات بۆ خۆی لە دەرەوەی مووناقشەکە بێت و لە منداڵەکان بگەرێت سەربەستانە قسەکانیان بکەن. دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە مامۆستاکە دەخرێتە پەراوێزەوە.

 

دیالۆگ ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە دەق

شاهۆ حەسەنپوور

هاوکاری و ڕاوێژ لە نێو ئینسانەکان هەر لە کۆمەڵە سەرەتاییەکانەوە و هەتا ئێستا کە کۆمەڵگایەکی بەرفراوان و ئالۆزترمان هەیە بۆتە هۆی پێشکەوتنی شارستانییەت. لە راستیدا ڕاوێژ و هاوکاری نێوان ئێمە لە ئاستە جیاوازەکاندابۆتە هۆی گەشەی فکری و لە ئاکامیشدا پیشکەوتنی کۆمەڵگا. دیالۆگ فاکتەرێکی بنەرەتیە بۆ گەشەی فکری. ئێمە لە ڕێگای دیالۆگەوە پەرە بە بۆچوونەکانی خۆمان و ئەوانی دیکە دەدەین. لەو بەستێنانەی کە تەژین لە دیالۆگ و دوان،منداڵان زۆر چالاکانە فکر و بیرەکانی خۆیان فۆرمۆلە دەکەن و دەریدەبرن؛ هەروەها کە دیالۆگ گەرمە ئەوان بە بۆچوونەکانی خۆیاندا دەچنەوە و بەم جۆرە فکر و بیرەکانیان سەرلەنوێ دادەرێژنەوە، و تێکرای ئەوە دەبێتە ئەو هۆی گەشەی فکری منداڵان. گەلێک لێکۆڵینەوە هەن کە جەخت لە سەر بەکارهێنانی دیالۆگ دەکەنەوە وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە دەق.

تێگەیشتن لە دەق کارێکی ئاسان نیە. بۆ کردنەوەی گرێکانی خوێندنەوە و تێگیشتن لە ماناکانی دەق قوتابیان پێویستیان بە شێوە کارکردنێکە کە یارمەتیدەر بێ بۆ تێگەیشتن لە پەیامە شاردراوەکانی پشت و دەرەوەی دەق. لەم پێوەندییەدا دیالۆگ ئامرازێکە کە یارمەتی قوتابیان دەدا گرێی دەقەکان بکەنەوە. ڕاوێژی بە لە سەر تێۆری سوقرات کە بە ڕاوێژی سوقراتیش ناوی دێت شێوەیەکی کاریگەرە بۆ گەشەی فکری منداڵان.راوێژی لە سەر بنەمای تیۆری سوقرات لە سەر بنەمای پێوەندی زمان و فکرکردنەوە راوەستاوە. سوقرات پێی وا بوو کە زمان یەکێک لە ئامرازەکانە کە مرۆڤ بەکاری دێنێ بۆ بیرکردنەوە، پێوەندی گرتن و فێربوون. هەر بە پێی ئەو پێناسەیە زمان وەک ئامرازی فێربوون بەکار دێ لە بوارەکانی فێربووندا.

کاتێ منداڵان لە سەر دەقێک قسە دەکەن ئەوان هەم باشتر لە دەقەکە دەگەن و هەم دەتوانن دەقەکە ئانالیز بکەن. تێگەیشتن و ئانالیز کردنی دەق هەم تەواوکەری یەکترین هەم دەبنە هۆی ئەوەی منداڵێک گەشە بە ڕوانگە ڕەخنەیەکانی بدات. گەشەدان بە ڕوانگەی ڕەخنەگرانە لە قوتابخانە و لە ژیاندا ئەگەر نەبێتە بنەمای کار و ژیان ئێمە تووشی زۆر کێشە دەکات (هەم لە ئاستی تاک هەم کۆمەڵگا). ئەگەر بنەمای کارکردن لە قوتابخانە وبە گشتی ئاستەکانی دیکەی کۆمەڵگا ڕێگر بن لە پەرەپێدانی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە دەبێ بزانین ئێمە پەروەردەیەکی سەقەتمان هەیە. ئەو سەقەتییە ئاخرەکەی برۆکی خۆمان دەگرێت و لاوازمان دەکات.

وەک ئاماژەکرا دیالۆگ لە سەر بنەمای تیۆری سوقرات لە سەر پێوەندی نێوان زمان و فکرکردنەوە بنیاد نراوە. بە پێی ئەم تێۆرە زمان و بیرکردنەوە تەواوکەری یەکترین. لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانئاماژە بەوە دەکەن مامۆستایان زۆر و کەم کار بە مێتۆدی دیالۆگ دەکەن، بەڵام ئەوەی کە ڕەخنەی زۆری لە سەرە ئەوەیە کە ٧٠ هەتا ٧٥ لە سەدی دیالۆگەکان لە ژێر ڕکێفی بۆچوونەکانی مامۆستاکان دایە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لە سەر جۆری بیرکردنەوە منداڵان. ئەوەی کە لە پێوەندی لە گەڵ دیالۆگدا جەختی لێدەکرێ ئەوەیە کە دارشتنی کار بە جۆرێک بێ کە مامۆستاکە بەڕێوەبەر بێ لە پۆل دا و کارێکی وا نەکات لە بواری فکرییەوە کارگیەری زاڵی بە سەر باسەکانەوە هەبێ. چەند فاکتەرێک هەن کە پێویستە ڕەچاو بکرێن بۆ ئەوەی دیالۆگێکی شیاومان هەبێ. لەوانە:

·         پێکهێنانی کەشێکی باشی دیالۆگ.

·         دەقی گونجاو بۆ گفتگۆ هەڵبژێردێت.

·         ئەو پرسیارانەی کە لە سەر دەقەکە گەڵاڵە دەکرێن دەبێ کراوە بن.

·         مامۆستا بەڕێوەبەر بێ.

پێکهێنانی کەشێکی ئارام بۆ دیالۆگ یەکێک لەو شتانەیە دەبێ ڕەچاوبکرێ. منداڵان دەبێ بوێرن قسەکانیان بکەن بێ ئەوەی هەست بە نائارامی بکەن لە بەرامبەر هاوپۆلەکانیان. لەو پێوەندییەدا شیکردنەوە و ئامانجی کار کردن و دانانی چەند چوارچێوەیەک پێویستە. بۆ وێنە بە کورتی ئامانجی دیالۆگ روون بکرێتەوە. جەخت لە سەر ئەوە بکرێت کە  دەبڕینی بۆچوونەکان گرینگن و وەڵامی هەڵە بوونی نیە، یان ئەوەی کە دەبێت زمانێکی شیاو بەکار بێنن و ڕێز لە یەکتری بگرن. دیارە ئەوەش کاری درێژ خایەنی دەوێ بۆ ئەوەی منداڵان ڕابین بە مێتۆدەکانی دیالۆگەوە.

وەک دەزانین دەقەکان گەلێ جۆرن (ژانر). پێویستە ئەو دەقانەی بۆ دیالۆگ و شیکردنەوە دەستت دەدەن بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژێردرێن. پاش ئەوە نۆرەی هەڵبژاردنی پرسیارە. زۆر گرینگە کە مامۆستا چەندین جار دەقەکە بخوێنێتەوە و بە هاوکاری مامۆستای دیکە پرسیار لە سەر دەقەکان دابنێنن. ئەو پرسیارانەی کە دەبێ بکرێن دەبێ مەودای لێکدانەوە بدەن بە قوتابی. جۆری پرسیارەکان بەستراوەتەوە بە دەقەکە. زۆربەی دەقەکان ئەو هەلە دەرەخسێنن کە وا لە خوێنەر دەکەن بکەوێتە دیالۆگ لە گەڵ خۆی. بۆ وێنە ئەگەر تۆ لە جیاتی کڵاو سوور بای چیت دەکرد؟ یان پێت وایە ئەوەی لە چیرۆکەکە روودەدا لە ژیانی راستەقینەشدا رووبدا؟ ڕات چیە لە سەر ناوی کتێبەکە؟ سەردێری کتێبەکە هیچمان بۆ ئاشکرا دەکات سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکە؟بەرای ئێوە ناوی کتێبەکە سەرنجمان رادەکێشێ بۆ خوێندنەوە؟دیارە ئەم پرسیارانە هەمیشە پرسیاری دیکەش دەورووژێنن و زۆر جار بۆ روونکردنەوەی زیاتر پرسیاری دیکە دەکرێ لە پێوەندی لە گەڵ پرسیاری یەکەمدا. زۆر جار مامۆستایان جۆرە پرسیارێک دەکەن کە بە وەڵامێکی ئەرێ یان نە کۆتایی دێ. لێکۆڵینەوەکان لە سەر شێوە و جۆری پرسیارکردنی مامۆستاکان ئەوە دەردەخەن کە کاتی تێچووی نێوان پرسیارکردن و وەڵام دانەوە ناگاتە ٣٠ چرکە. ئەوەش ئەوە دەردەخا مامۆستایان پیویستە مێتۆدی کارکردنیان لە سەر دەقەکان بگۆڕن. پرسیارێک کە پێویستی بە شیکاری و لێکدانەوە هەبێ هەم کاتی زۆرتری دەوێ هەم جۆری کارکردنی جیاواز. بابەتێکی دیکە کە پێویستە ڕەچاو بکرێت کاریگەری مامۆستایە لە سەر نێوەرۆکی دیالۆگەکە. ڕۆڵی مامۆستا لە دیالۆگدا دا ئەوە نیە بیرو بۆچوونەکانی خۆی لە سەر دیاردەکان دەرببڕێ. زۆر جار دەبرێنی بۆچوونی مامۆستا دەبێت هۆی ئەوەی کە قوتابییەکانیش بۆچوونەکانی مامۆستاکە پەسەند بکەن و بەم جۆرە کۆتایی بە باسەکە دێت کە ئەوە ئامانجی کار کردن نیە. لە کاتی دیالۆگدا دەبێ ئاگامان لەوە بێ کە مامۆستا بەڕێوەبەرێکی باش بێ و هەوڵ بدا کۆبوونەوەکە بەڕێوە بەرێ و هاوکات بۆ خۆی لە دەرەوەی مووناقشەکە بێت و لە منداڵەکان بگەرێت سەربەستانە قسەکانیان بکەن. دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە مامۆستا کە دەخرێتە پەراوێزەوە بەڵام گرینگە کە مامۆستا لە کاتی دیالۆگدا ئۆبجێکتیڤ بێ. ئەوەش لە بەر ئەوەیە منداڵان بتوانن ئازادانە بیر بکەنەوە.

ئەوەی کە باس کرا تەنیا جۆرێکە لە  کار کردن لە سەر دەق و مامۆستایان مێتۆدی دیکەش بەکاردێننلە پێوەندی لە گەڵ جۆری دەقەکەدا یان ئامانجێکدا کە مەبەستە، بەڵام ئەوەی لەم جۆرە دیالۆگەدا زوومی لە سەر دەکرێ هەڵسەنگان و لێکدانەوەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان بنکۆڵانە لە دەقەکان بگەن و ڕاڤەیان بکەن. ڕاڤە کردن و لێکدانەوەی دەقەکان دەلاقەیەکن بۆ ڕوانگەی رەخنەگرانە کە بۆ هەموومان گرینگە. کێ لە ئێمە نیە کە ئەو ساتانەی سەردەمی منداڵیمان لە بیر نەبێ کە کاتێ رای جیاوازمان هەبووە و ئەم رای جیاوازەش بۆتە هۆی کرانەوە و تێگەیشتنمان لە دیاردەکان.

 

 Relatert bilde

 

گەڕان بۆ بابەت