فەڕۆخ نێعمەتپوور

رەنگە هێنانەوەی نموونەیەکی تر زیاتر روونکەرەوە بێت. بۆ وێنە بڕوانە رۆمانەکانی براییم یونسی. ئەم رۆمانانە ئەگەرچی بە زمانی فارسی نووسراون بەڵام باس لە کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. بۆیە دەتوانن لە یەک کاتدا هەم سەر بە ئەدەبی فارسی بن و هەم سەر بە ئەدەبی کوردی.

 

دەق و پەیوەندیی بە نەتەوەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

زمان دەوری سەرەکی لەوەدا دەگێڕێ کە دەقێک بۆ وێنە سەر بە کتیبخانەی نەتەوەیەکی تایبەت بێت یان نەبێت. واتە زۆر کەس پێیان وایە گەر دەقەکە بۆ وێنە بە زمانی کوردی نووسرابێ ئەوا ئیتر دەبێ بە ئەدەبی کوردی و گەر بەم زمانەیش نەنووسرا ئەوا هی ئەدەبی کوردی نیە.

بەڵام داخۆ ئەم پێوەرە لە خۆیدا تەواوە و تاقە پێوەری رەسەن و باوەڕپێکراوە بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە؟ داخۆ پێوەرەکانی تایبەتمەندکردنی دەق بە وڵات یان نەتەوەیەکەوە کامانەن؟

بێگومان زمان کە ئامرازی سەرەکیی دەقی ئەدەبییە، دوری گرینگ لە لکاندنی دەق بە نەتەوەیەکی تایبەتەوە دەگێڕێ، بەڵام ئەمە لەخۆیدا رەوتی پێناسەکە تەواو ناکات و لەگەڵ خۆی دەتوانێ گەلێک پرسیار بهێنێ.

بۆ وێنە با بڕوانینە ئەدەبی ئینگلیزی. وەک دەزانین گەلێک وڵاتی ئینگلیزی زمان هەن کە هەر کامەیان ناوێکیان هەیە. لەگەڵ ئەوەی ئەدەبی ئەم وڵاتانە بە گشتی دەچنە ناو خانەی ئەدەبی ئینگلیزییەوە، بەڵام تایبەتمەدنییەکی دیکەیش لە یەکتر جیایان دەکاتەوە کە ئەویش ناوی ئەو وڵاتانە یاخود ناوی ئەو نەتەوانەیە لەم وڵاتانەدادەژین. بۆ وێنە ئیرلەندی، ئامریکایی، نیوزلەندی و هتد. هەربۆیە لەپاڵ دەستەواژەی 'ئەدەبی ئینگلیزی'، باس لە ئەدەبی ئامریکائی، ئیرلەندی و نیوزلەندی دەکرێ. لێرەدا ئیتر تەنیا زمان نیە دەور دەگێڕێ، بەڵکو تایبەتمەندییەکی تر دێتە ئاراوە کە دەبێتە ئاوێنەی باڵانوێنێ کۆمەڵگاکە و ئیدی تەنیا زمان پێناسەکەی نیە. لەم کۆمەڵگا زمان هاوبەشانەدا هەندێ تایبەتمەندی کلتوری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و مێژوویی هەن کە ئەوان لەیەکتر جیادەکاتەوە و، هەر ئەمەیە لە ئەدەبەکەیاندا رەنگ دەداتەوە و بۆیە لەیەک جیادەکرێنەوە.

یان با بڕوانینە ئەزموونی 'ئاڵبێرت کامۆ'. ئاڵبێرت کامۆ بە زمانی فەڕەنسی رۆمانی بێگانەی نووسیوە کە بەستێنی رووداوەکانی لە وڵاتی ئەلجەزایرە. داخۆ دەتوانین بڵێین چونکە ئەم رۆمانە بە زەمانی فەڕەنسی نووسراوە، کەواتە سەر بە ئەدەبی فەڕەنسییە؟ ئەی ناوەڕۆک چی کە فەڕەنسی نیە و باس لە وڵاتێکی تر دەکات؟

ئەو دوو نموونەیەی سەرەوە پێمان دەڵێ کە تەنیا زمان پێوەری تایبەتکردنی دەق بە نەتەوەیەکی تایبەتەوە نیە، بەڵکو لە پاڵیدا هەندێ پێوەری تر هەن کە دەور دەگێڕن، بۆ وێنە ناوەڕۆک.

کەواتە دەقێک دەکرێ سەر بە ئەدەبی کوردی بێت ئەگەرچی بە زمانی کوردی نەنووسرابێ، هەروەها هەر بەو شێوەیە دەکرێ سەر بە ئەدەبی کوردی نەبێت ئەگەرچی بە زمانی کوردی نووسرابێت.

یان لە هەمان کاتدا دەقێک دەتوانێ لە یەک کاتدا سەر بە دوو نەتەوە بێت. بۆ وێنە رۆمانی بێگانە دەتوانێ هەم سەر بە ئەدەبی فەڕەنسی بێت (بەهۆی زمانەکەیەوە)، هەم دەکرێ ئەلجەزایری بێت (بەهۆی ناوەڕۆکەکەیەوە).

رەنگە هێنانەوەی نموونەیەکی تر زیاتر روونکەرەوە بێت. بۆ وێنە بڕوانە رۆمانەکانی براییم یونسی. ئەم رۆمانانە ئەگەرچی بە زمانی فارسی نووسراون بەڵام باس لە کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. بۆیە دەتوانن لە یەک کاتدا هەم سەر بە ئەدەبی فارسی بن و هەم سەر بە ئەدەبی کوردی.

رەنگە ئیتر دەبێ مرۆڤ بەو ئاکامە بگات کە فرەچەشنییەک لە پێوەرەکانی پێناسەکردن یاخود لکاندنی دەقێک بە نەتەوەیەکەوە رەچاوبکات. رەنگە بە هۆی تێکەڵبوونی زیاتری خەڵکی لەگەڵ یەکتر لە ژیانی سەردەمدا، ئیتر دەبێ لەوە دەربچین کە دەق تەنیا سەر بە نەتەوەیەکی تایبەت بزانین. بە تایبەت لەو وڵاتانەیدا کە فرەکلتوری و فرە نەتەوەیین و زۆر شتی هاوبەشیان هەیە.

Bilderesultat for flerkulturell

بازدید: 907