رەسوڵ سەفەریانی

کاتێ روخساری سورهەڵگەڕاو و چاوانی گۆمئاسایم بینی، هەرخێرا هەستم کرد فرمێسکەکان هاتوون و خۆیان هاتوون. هاتوون تا دڵە بە کوڵەکەی یارمەتی بدەن و بە دڵۆپە روونەکانیان تۆزکاڵێک لەو ئاگرەی کە بەربووەتە جەستە ئیشک و دارینەکەی و سەررێژبوونە دامرکێنن. دێن بە کۆمەڵ و بە خورم دێن. 

 

 

فرمێسکەکان

رەسوڵ سەفەریانی

 

فرمێسک  ئەو هاورێ و خەمخوارەیە کە بۆ هەمیشەی تەمەن لەگەڵتا دەمێنێ. ئەنیا ئەوە دەزانێت کەی تۆ تەنیایت. ئەوە دەزانێت دڵت چی تێدایە. ئەگەر بڵێم لە خۆت نزیکترە بە دەرونت، درۆم نەکردووە. تۆ قەت ناتوانیت خۆت لەو بشاریتەوە. لەگەڵتایە چ تۆ بتەوێت یان نەتەوێت. زۆر بە ئەمەگە، قەت لێت دوور ناکەوێتەوە. لەگەڵ هەر جۆرە خەم و پەژارەیێکت هەر ئەوە کە دەبێتە میوانی چاوەکانت و وەک گۆمێکی شڵەژاویان لێدەکات و کوڵی دڵیش هەر بەو گۆمە شڵەژاوە دادەمرکێت. ئەو ئەوەندە بەوەفایە کە ئەگەر تۆ بە درێژایی تەمەنیشت ئیشت پینەبێت ئەو ناروات و یەک چرکەش جێت ناهێڵێت. ناڵێت لێگەڕێ خۆ ئەو هەر لە بەزم و خۆشیدایە و قەت بڕوای بە من نەماوە. ئەو تەنانەت بۆ نیشاندانی ئەمەگ و هاودڵی خۆی  جاروبار لە خۆشحاڵییە گەورەکانیشدا خۆی ئەزێنێتە چاوە شاد و گەشەکانت و شادییەکەت چەند ئەوەندە جوان و ناسکتر دەکات. دێت، بە بێ ئیزن و پێوتن و داوالێکردن. جوانییەکەی فرمێسک لەوەدایە کە کەس ناتوانێت بە درۆ و دەخەڵە و فێڵ بەکاری بێنێت. کاتی وەها خۆی دەنوێنێت و هاوار دەکات کە پەلکێش کراوم. جوانی و نەرمی و گەرمی سروشتییەکەی لەگەڵ خۆی ناهێنێت و کەسانی هەستیار کە هەستناسن و لەگەڵ هەستە دەروونییەکان پێوەندییان هەیە زۆر بە ئاسانی تێدەگەن کە ئەم فرمێسکە هاتنی ئاسایی نەبووە، بەڵکو زۆریان لێکردووم.

کاتێ روخساری سورهەڵگەڕاو و چاوانی گۆمئاسایم بینی، هەرخێرا هەستم کرد فرمێسکەکان هاتوون و خۆیان هاتوون. هاتوون تا دڵە بە کوڵەکەی یارمەتی بدەن و بە دڵۆپە روونەکانیان تۆزکاڵێک لەو ئاگرەی کە بەربووەتە جەستە ئیشک و دارینەکەی و سەررێژبوونە دامرکێنن. دێن بە کۆمەڵ و بە خورم دێن. کە دەرژێن بەسەر روومەتی ئیشک و مات و روخساری بە پەژارە داپۆشراویدا و دەگەنە سەر لێوە داخراو و بێدەنگەکانی، هاوارێکی بێدەنگی سوتێنەر بە بێ وشە دەچڕن و بە گوێی گیان دەبیسترێت و تینی سوتانەکەی هەموو خاوەن دڵێک دادەچڵەکێنێت. بە بێ ئەوەی بتەوێت  لەشت پڕ لە گڕی سۆز دەبێت، ئیتر گوێت پێویست نییە بۆ بیستن، لێرە چاو کاری گوێ دەکات.

لێوە لەرزۆکەکانی کە چما سەرما لە گۆی بردوون، بە ئاستەم لەیەک دەترازن و دەنگێکی خەمگین و تازییە بار وەک  دووکەڵ و بۆکزی سوتانی کۆکراوەی نێو ژوورێکی داخراو کە لە درزێک دەگەڕان خۆیان دەربازکەن، لە درزی لێوەکانیەوە خۆ دەگەیێننە نێو فەزای ژوورەکە. دەڵێت من وەک قۆچی قوربانی هەر لە مناڵییەوە کردمیانە قوربانی بۆ باقی خێزانەکە. من فرۆشرام بۆ ئەوەی بابم پارەی پێویست بوو. من وەک کالا ببوومە ملکی کەسیی کابرا... هەنیسک و فرمێسک...

درێژەی بەسەرهاتەکەی فرمێسکەکان دەیانگێڕاوە. گلۆردەبوونەوە و دەدوان. ئەوان بە گشتیان لە خۆپیشاندانێکدا گوزارشتیان لە کسپەی دەروونی ئینسانێک دەکرد کە ئیتر چیتر سوتانیش نەیدەتوانی هاواری بەرزکاتەوە. فرمێسکێک دەیگوت ئەو تەنانەت خەریکە ئێمەیشی لە کیس دەچێت. ئێمەش دووا گروپی جێماوی ئەسرینین. هەموو هەڤاڵانمان لە تەنیاییەکانی ژوورە تاریکەکاندا بە بێدەنگی رژان. رژان و رژاین و دەڕژین بۆ ئەوەی گڕی دەرون دامرکێت. ئێمە رژاین بۆ ئەوەی ئەو لێک نەپژێ. فرمێسکێک دەیگوت ئەگەر ئینسان فرمێسکی نەبوایێت ئێستا هەموو کۆڵانەکان و تەنانەت ئاسمانیش پڕ دەبوو لە بۆنی سوتان. دەیگوت چاکی ئێمە ئەوەیە کە هەم دەنگین و هەم لە بێ رەنگی خۆماندا رەنگیشین. ئەوەندە رەنگین کە هەر بە بینینمان بینەر دەزانێت خاوەن فرمێسک بە شادی دەگری یان خەمبارە. دەڵێت ئێمە وەک گوڵ واین لە هەموو بۆنەیێکدا بەکار دەبرێین. هەم بۆ خۆشی و هەم بۆ خەم و ناخۆشی. فرمێسکێکیتر هەر بەدوای ئەوەی پێشتردا بە پلاکاردێکەوە وەک ئیسکیباز لە سەر گۆنای لوس و خز و سەرەوخواری خۆی بەردەداتەوە و دەڵێ من بخوێنەوە. نوسرابوو من فرمێسکی دایکم. دایک کانگای ئازارە و لە ئاسمان و زەوی و دەرون و دڵەوە ئازارو دەرد و ئێشی بەسەردا دەبارێت. تەنانەت خوداش هەموو چەکەکانی ئازاردەری دروستکراوی خۆی لە جەستەی دایکدا تاقی دەکاتەوە.

فرمێسکێکم بینی کە ملوانکێکی رەنگاورەنگی لە ملدا بوو. دەیگوت ئەم ملوانکەم بە خەڵات لە رێکخراوی فرمێسکە سوتێنەرەکانەوە پێگەیشتووە، لەبەر ئەوەی من تا ئێستا چەندین جار پاش گلۆر بوونەوە خۆم خزاندوەتە نێو زاری و لەو رێگاوە هەم تەراییم بەخشیوەتە لێوە ئیشکەکانی و هەمیش گەڕاومەتەوە بۆ خزمەتی دوبارە. هەر رەنگێک نیشانەی بۆنەیێکی بەشداریمە. رەنگی سور بۆ کاتی کوژران و مردنی مناڵەکانیەتی، شین هی خەمباری کاتی فرۆشتن و خەیانەتێکە کە لە لایەن نزیکەکان و کەس و کارییەوە لێیکراوە. زەرد نیشانەی گریان بۆ بێوەفایی و خەمساردی ئەولادەکان و کەسانی بەرپرسی پرس هەڵنەگرە. ئێستا ئیتر لەوانەیە دوا گلۆر بوونەوەم بێت. ئیتر نازانم دەگەمە لێو یان خاک.   

فرمێسک دەڵێت: ئێمەی فرمێسک هەموومان لەیەک رەگەزین، لای ئێمە یەکسانی تەواو هەیە. ئێمە نێر و مێ و فرمێسکی پیاو و فرمێسکی ژنمان نییە. فرمێسک فرمێسکە. هەر کاتێک چاوێک گلۆر بوونەوەی ئێمە بە رووخسارێکەوە دەبینێت، هەر خێرا فرمێسکەکانی ئەو چاوە ئامادەن بۆ پیشاندانی هاوپشتی. ئەوە راستە کە فرمێسک کانگاکەی لە چاودایە، بەڵام فەرمانەکەی بە دەس دڵە. بۆیە سەرەڕای ئامادەبوونی ئێمە بۆ پیشاندانی هاوپشتی و هاو خەمی یان هاورێی، دەبینن کە هەموو ئینسانەکان بە بینینی فرمێسکی رژاو ئەسرینبار نابن. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دڵی ئینسانەکە. ئینسانی ذڵ رەق و بێبەزەیی تەنانەت روحمی بۆ خۆیشی نییە. زۆر جار فرمێسکەکانی ئەو دڵرەقانە چیتر لە لای ئەو کەسە نامێنن. ئێمە دەمانەوێ زیندوو بین و ئازاد. قەتیسی و بێ کەڵکی ئیشکمان دەکات. ئێمە  نازانین کە لە چاوی ژنەوە دەڕژێین یان پیاو.  ناشمانەوێت بزانین. لای ئێمە هەموویان ئینسانن. ئێمە هەموومان یەک رەنگین و رەنگی چاو و پێست و رەگەز بۆ ئێمە مانای نییە و کارمان تێناکات. ئێمە ئەرکی خۆمان بە بێ هەڵاواردن جێبەجێ دەکەین. بەس گرینگ ئەوەیە کە کەسەکە، هەر کەس بێت، خاوەن دڵ بێت. کە ئینسانەکە دڵی رەقە یان بێ دڵ و هەستە و هیچ شتێک دایناچڵەکێنێت گوناهی ئێمە نییە. ئەگەر دڵەکان ئیزنی رژانمان پێ بدەن، یەک رەنگ و یەک دەنگ گوزارشتی دەروون دەکەین. ئێمە لای هەمووان یەک سۆز دەنوێنین. وەک نۆتی موسیقاین. سنور زبان و رەگەز و کلتور ناتوانێت رامانگرێت. هەر چاوێک بمانژەنێت هەموو چاوەکانیتر لێمان تێدەگەن و دڵەکان دێنینە لەرزین. بەس گرینگ ئەوەیە لە دڵەوە فەرمانمان بۆ هاتبێت و بە کەرەسەی دەسکردی هاندەر بۆ خاوێنکردنەوەی چاو نەهاتبێتین.

فرمێسکێک لە دوورەوە  گلۆردەبێتەوە و خۆی دەگەیێنێتە ئەم و پاڵێکی پێوەدەنێت و ئەو بەرەو لێژایی گۆنا بەڕێ دەکات و خۆی لە شوێنەکەیدا دەوەستێت و دەست دەکات بە قسە و دەڵێت تۆ بڵێی کس ببێت ئێمە نەناسێت و لە رەمز و رازمان تێنەگات. تۆ بڵێی کەسێک ببێت بە دیدارمان سەرنجی وەک مەگناتیس نەنوسێت بە رووناکی و بێگەردی دڵی ئێمەدا. ئێمە تەنانەت وێنەشمان دەتوانێت کاری سەد لاپەڕە نوسراوە و سەد بەسەرهات گێڕاننەو بکات. ئێمە لە دڵەوە دین و لە دڵ دەنوسین.  دەڵێت ئێمە و دڵپاکی هاوزاین، بۆیە کە منداڵ لەدایک دەبێت یەکەم تاقیکردنەوی زیندو بوونی گریانە و فرمێسک. مناڵی ساوا پاکترین ئینسانی سەرزەوییە بۆیە وشەکانی هەر فرمێسکن. ئەو بە فرمێسک لەگەڵ دەوروبەری پێوەندی دەگرێت و هەر بە فرمێسکیش دەدوێت. هەتا زۆرتر فێر دەبێت و ئاڵۆزتر دەبێت ، کەمتر ئێمەی بیردەکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی ئینسانی گەورە و فرەزان و ئاڵۆز پتر عەقڵ و هزری بەکار دێنێت و کەمتر دڵ و دەرون. ئێمە بە دڵ دەبزوین و هەر بە فەرمانی ئەویش  گلۆر دەبینەوە. بەداخەوە ئەمڕۆ مرۆڤ تەنیا بە عەقڵ دەژی، عەقڵیش تەنیا بەرژەوەندی دەناسێت بەڵام دڵ هاوسۆزی و هاوخەمی و مرۆڤایەتی دەیکێشێت. مرۆڤی هاوچەرخ ئەوەندە بیر لە قازانج و پلە و پایە دەکاتەوە یەک لە سەدی چاوی دڵی بە کار ناهێنێت و گوێ لە دەنگی دڵ ناگرێت، بۆیە زۆر جار ئێمەش دەبینە کەرەسە و بۆ قازانج بەکارمان دێنن. مرۆڤی سەردەم مرۆڤی بێ هەستە. بە هیچ شتێک ناچێتەوە سەر دڵ و هەستی. نە گریانی مناڵی برسی، نە فرمێسکی باوک کوژراو، نە جەستەی خۆڵاوی و خوێناوی مناڵی ژێر ماڵی بۆمباران کراوی  تەیارەی بازرگانان و چەک فرۆشان دەیهەژێنێت، نە فرمێسکی بە لافاوی دایکانی رۆالە کوژراو بە دەس ستەمکاران، ئەگینا نەدەبوو یەک چرکەش پێکەنین لەسەر لێوی کەس چرۆ بکات.

 

چاوەکانی بە گوشارەوە لێکنا، کۆمەڵێک ئەسرینی تر لە سەررێژی گۆمی چاوەکانی بە هەردوو لارومەتیا بەربوونەوە. فرمێسکە نوێکان لە لێدوانێکدا باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەم کەسە بەسەرهاتێکی سوتێنەری هەیە. دایک و بابی گیرۆدەی نەداری بوون و منداڵیان زۆر. بابی نەخۆش کەوت و لەو دڵۆپە داهاتەی کاری کرێکاری رۆژانەش کەوتن و پارەی دەواودەرمانیشیان پێویست بوو. کابرایێکی حاجی هات و بە شەرعی ئیسلام مارەی کرد. وەک شیربایی پارەیێکی بۆ بابی دانا. بە بێ زەماوندو شایی گوێستیانەوە بۆ ماڵی حاجی. حاجی ژنێکیتری بوو. ئەم لەوە منداڵتر بوو بە هەوێ بژمێردرێت. ژنە کۆنەکەی حاجی زگی پێدەسوتا. ئەمیش لە ژیانی هاوسەری و هاوخەوی هیچی نەدەزانی. ژنە یارمەتی دا و فێری کرد. ئەم بۆی نەبوو بە بێ ئیزنی حاجی لەماڵ بچێتە دەرەوە، یان کەس ببینێت.

ژنە دێتە ناو وتوێژەکەمان و دەڵێت: هەموو جارێک کە ئەو حاجیە دەهاتەلام بە دەسدرێژیم دەزانی، بەڵام ئەو وەک حەڵالی خۆی و مافی خودایی و موڵکی کەسی خۆی سەیری منی دەکرد. هەمیشە لەو کاتانەدا حەزم بە مردنی خۆم دەکرد. دەسدرێژیت بکرێتە سەر و بێدەسەڵات و بێکەس بیت، ئازارێکی زۆر قووڵ و قورسی هەیە و لە دڵدا وەک خەنجەر رۆدەچێت. من مناڵ بووم، ئەویش پیر، ئەم تێکەڵاوییە بۆ من قیزەون و بۆ ئەو کەیفخۆشی بوو. من ئازارم دەچێشت و ئەویش تام و چێژ، بەمەش دەگوترا هاوسەری . پاش هەموو دەسدرێژیێک من تا بەیان دەگریام و ئەویش دەچووە خەوێکی قووڵ. ئیتر توانام لێبڕا بوو، بڕێارم دا بەر بەو دەسدرێژییە بگرم. وتم نامەوێت دەستم بۆ بەریت. من ئازار دەچێژم.ئەمە وەک ئەشکەنجەیە بۆ من. من نامەوێت لەگەڵت بخەوم. دەڕۆم لای تۆ دەڕۆم.

بەڵام ئەو توڕە بوو و وتی تۆ موڵکی منی من تۆم کڕێوە و پارەم بۆ داویت. بۆت نییە بە هیچ لەونێک لە ئیرادەی من دەرچیت. وتم نایکەم دەڕۆم . وتی بۆ کوێ دەڕۆیت؟ بابت رێگەت ناکات، کەسیتریش بۆی نییە رێگات بدات. وتم  دەڕۆم لەو کۆڵانانە دەژیم بەڵام نامەوێت لای تۆ بژیم. هەستام جلم لەبەر کرد و ویستم کەل و پەلە شەخسییەکام هەڵگرم. هاتە سەرم و نەڕاندی و وتی تۆ حەقت نییە هیچ لەم ماڵە بەریتە دەرەوە. هەمووی هی منە، من کڕیومە و پارەی منی پێدراوە. وتم بۆ ئەو ماوە  کە تۆ کەڵکت لێوەرگرتووم ئەوەندەم دەکەوێت. وتی من بە شەرع ژنم هێناوە و پارەی ئەو چێژ و کەڵکانەشم داوە بە باوکت. بەڵام من جوابیم نەداوە و خەریکی کۆکردنەوەیان بووم و دەمخنینە نێو جانتاکە. بە پەلە چوو بۆ مەتبەخ و لەو سەرەوە بە چەقۆیێکەوە گەڕاوە وتی ئەگەر ئەوانە دانەنیت و دەس لەو بڕێارەت هەڵنەگریت هەر ئێستا دەتکوژم. منیش هەستامە سەر پێ و بە تووڕەیی وتم ها دەی بمکوژە. منەتت بە هیچ. من ئەوکاتە کوژرام وا درام بە تۆ، بۆیە لە مردن ناترسم من هەر دەڕۆم، دەڕۆم و سەری خۆم هەڵدەگرم. ویستم جانتاکەم هەڵگرم پەلاماری دام و شەپێک و شەپلاخەیێکی لێدام. منیش لە توڕەیدا پالێکم تێوەنا و قیژانم  خەریکبوو بکەوێت بەڵام خۆیگرتەوە و بە پەلامار هاتەوە و بە دەستی چەقۆکەی پەلاماری دام. خۆم کێشا دواوە بەڵام هەر گرتمی. دوو جاری لێدام. ئازارێک  بە تیژی و خێرای کارەبا هەموو گیانمی داگرت. هەستم بە سوتانێکی قوول لە سکمدا دەکرد. قیژاندم. 

قیژاندی و بورایەوە...

 پاش کورتەیێک چاو دەکاتەوە و قومێک ئاو لە پەرداخەکەی دەست لێپرسەکە دەخواتەوە و بەردەوام دەبێت.

... کاتێ چاوم کردەوە، ئازار تەواوی جەستەمی داگرتبوو. حاجی و ژنەکەی لەلام بوون. ژنەکەی خەریکی ششتنی برینەکەم بوو. دەیگوت چەقۆکە زۆر رۆنەچوەتە ناو سکت. حاجی وتی ئێستا دێمەوە. ئەو رۆشت هەوێکەم وتی کچم ئاگات لە  خۆت بێت حاجی وەک شێت وایە تەواوی جەستەی من پڕە لە جێی برین و تەنانەت شکاندنی ئێسک بە دەست ئەم کابرا شێتەوە. پارەی هەیە، بیشت کوژێ گونیشی ناگرن. دەتوانێت سەرت تیابەرێت و کەسیش نەزانێت. تەنانەت بیشزانن بە پارە خۆی دەپەڕێنێتەوە.

پاش سەعاتێک حاجی هاتەوە. ژنێکی لەگەڵ بوو کە جانتایێکی پێ بوو. جانتا دەستییەکەی کردەوە. بڕێک دەوا و دەرمان و باندی برین پێچی لێدەرهێنا. برینەکەمی شۆردەوە و پێچای. بە قسەکانیدا وا دیار بوو کە حاجی درۆی بۆ کردوە. دەیگوت ئاگات لەخۆت بێت باش بووە خراپتر نەكوتوی بەسەر چەقۆکەدا. خوا روحمی پێکردووی. منیش بێدەنگ بووم هیچم نەوت. بڕێک حەبی ئازارشکێنی پێدام و  وتی بیانخۆ با ئازارت نەبێت. دێمەوە بۆ لات.

فرمێسکەکان بە کۆمەڵ بۆ سەڵماندنی قسەکانی رژانە چاوەکانی و گۆم ئاسا بە پێلوی چاو شڵەژان و بە گۆنادا بەربوونەوە. باسی ئازارێکی قووڵیان پێ بوو کە رەگی لە تەمەنێکی ژاناویدا رۆچووە و بە وشە نایەنە گێڕاننەوە و وەسف کردن.  تەنیا دڵۆپە ئەسرینە ئەو هەموو رێگە کورت دەکاتەوە و لە یەک نگادا کتێبێک باس دەکات.

دەڵێت لەو رۆژەوە من فێر بووم کە هەم تووڕەییەکانم بشارمەوە و هەمیش فرمێسکەکانم. ئیتر چیتر توڕەییەکانم دەرنەدەبڕی هەر وەها بۆ ئەوەی بە دڵتەنگییەکانم کەس شاد نەبێت هەوڵم دەدا تەنیا لە تەنیایی خۆمدا بگریم. دەڵێت دوای ئەو رووداوە ئەمە یەکەم جارە فرمێسکەکانم ئیزنی رژانیان بێت لە بەر دید و نگای چاوی بێگانەدا. هەموو کەسێک لای من بێگانە بوو. باوکم، باوەژنم و حاجی و تەنانەت هەوێکەیشم. تەنیا هاورازم فرمێسکەکانم بوون و هەن. خۆشیانم دەوێت. هەر هەموویان، دڵۆپ دڵۆپیان. ئەوان زبانی بێژەری منن، لە زۆر شوێن ئەوان لە جێگەی من قسە دەکەن...

 

فرمێسکەکان دەدوێن، پێکەوە و لەگەڵ ئێمە و بۆ ئێمە دەپەیڤن. زبانی خەم و دڵتەنگین. کە بوونە دەربڕی شادی، هەستی شادی لە بینەردا دەبزوێنن. لە کاتی پەژارەدا سۆزمان دەبزوێنن. لە چاوی منداڵدا هەستی بەزەیی و مرۆڤایەتیمان دەجوڵێنێت، ئەگەر پێمان مابێت. ئەگەر فرمێسکێک هیچ هەستێکی لە تۆدا نەبزواند ئەوا دەبێ گومانت لە تەندروستی دەرونی خۆت بێت. بزانە بوویتەتە پەیکەرێکی بێ دڵ، ماشینێک کە دەتوانێ ببێتە کەرەسەی دەست ئەوانەی وا لەتۆ بەهێزترن. دەتفرۆشن و دەتکڕن. دەبیتە پارە و خەرجت دەکەن. ئاخر ئینسان بە هەستەکانییەوە ئینسانە. ئینسانی بێ هەستمان نییە.

فرمێسکەکان دەڕۆن، دەگەڕن. دەتوانن بێنە کۆڵان و شەقام. دەتوانن وەک لافاو لە دەماری کۆڵان و شەقام و جادەکاندا بگەڕێن و هاوار بکەن. ئەوان دەتوانن وەک ئاگر سوتێنەر بن و هەموو دونیا بسوتێنن. بێن و هەموو تاج و تەختێک بروخێنن. هیچ هێزێک خۆی لەبەر خرۆش و لافاوی فرمێسکەکاندا ناگرێت. فرمێسک نەرمە بەڵام کاریگەرە. ئەگەربەردەوام بیهەژێنیت وەک دڵۆپە ئاوی بەردەوام دەتوانێت بەردیش کون بکات. دڵۆپە فرمێسک کە کۆ بووەوە دبێتە رووبار و چۆم. لافاویان زۆر بە قووەتە و هیچ بینا و مەترێزێک خۆ لەبەریاندا ناگرێت. هەرچی لە سەررێگایاندا لەمپەر بێت رایدەماڵن. فرمێسک تا کاتێک فرمێسکە لەچاو دەترازێت، پاشان دەبێتە ژار،توڕەیی و رک و ئیتر بە ئاسانی ناسڕیتەوە.

... من ئێستاش نامەوێت کەس فرمێسکەکانم ببینێت، نامەوێت کەس گریان و دڵتەنگیم ببینێت. دەیانشارمەوە. فێر بووم بیانشارمەوە، دڵتەنگی و فرمێسک و خەم بشارمەوە بۆئەوەی نەیارەکانم خۆشحاڵ نەکەم. ئەوکاتە ئەوان هەوڵیان دەدا زۆرتر ئەو شتەی بکەن کە من پێی پەست دەبووم و دەگریام، بۆیە منیش فێربووم خەم و دڵگرانییەکانم دەرنەبڕم با ئەوان کەمتر بەرانبەرم ئەنجامی بدەن. لەو رۆژانەوە ئیتر فرمێسکەکانم تەنیا خۆم دەیانبینم و بەس. ئەوەندە رک و بوغز و توڕەییان لە مندا چاند تا هەموو دەشتی دڵ و جەستەم و دەرونم بوو بە جاڕە دڕک. ئیتر بە دەگمەن گوڵم تێدا دەروێت. ئێستا دڕکەجاڕم، هەر کەس توخونم کەوێت هەموو گیانی جندر جندر دەکەم. لەو رۆژەوە کە جانتاکەم بۆ دووا جار هەڵگرت و بەسەر جەستەی جەڵدە لێدراوی زبان شکاوی حاجیدا، کە لە سەر فەرشەکەی ژووری دانیشتنەکەدا کەوتبوو، هەنگاوم هەڵئێنا و لە ژوورەکەدا بە تەنیا جێم هێشت. ئەو بە کەفی لالێویەوە تا ون بوونم  بە چاوە پڕ لە نیگەرانییەکانی بەڕێی کردم و هیوادار بوو کە ئەمجارەش گەڕاننەوەی بەدواوە بێت. لەو رۆژەوە ئیتر چڵە نەرگسی بەزەیی قەت لە  بناری سەرمدا نەڕواوە و رێگەم نەداوە کەس لەسێبەری ساکاریمدا بحەوێتەوە و خەیمەی خەیاڵی خاو لێبدات. ئێستا ئیتر من گورگێکم کە لەم گورگستانەدا راوی مرۆڤەکان دەکەم.

Bilderesultat for tårer

بازدید: 1064