سەباح ڕەنجدەر
من پیاوێکی بێ ڕێگام و پرچم هاتووەتەوە سەر ناوچەوانم
دەڵێی لە ئاگرەوە هاتووم خۆ بدەنە بەر گەرمایی دەمودوومکتێبی حاڵم زۆر داوە بە هاوەڵانم بیخوێننەوە
لە نوێژی ئەم بەیانییەمدا کەوتمە ناو شکۆی ئاگر و ئاوی سرووش و بەرزبوونەوە
سەباح ڕەنجدەر
دەمی گۆزەی پڕم شۆڕکردەوە ناو زەریا
زەریا مەی پێ خۆش نەکرا
گۆزە و زەریا ئێمە پێکەوە لەبەر نازی نەرم و بۆنداری ئاشناییدا زۆر ڕۆیشتووین
من پیاوێکی بێ ڕێگام و پرچم هاتووەتەوە سەر ناوچەوانم
دەڵێی لە ئاگرەوە هاتووم
خۆ بدەنە بەر گەرمایی دەمودووم
کتێبی حاڵم زۆر داوە بە هاوەڵانم بیخوێننەوە
لە یەکەم خەڵوەتدام و سەرگەرمی ئەوەم شادبم بەوەی خۆشم دەوێ
خودای ناو تەورات
خودای ناو ئینجیل
خودای ناو قورئان
تەورات و ئینجیل و قورئان
داستانی خودایەکم بۆ دەگێڕنەوە لاولاو بە پەرژینی بەرز بکەمەوە
سێبەری پڕپڕە لە دڵی ترساو
گەشەی ڕۆح لە دوا خەڵوەتدام و ئەم خۆشویستراوەم بۆ ورد ناکرێتەوە
بولبولێک لە پاڵ گوڵێکدا دڕکی لەژێر پێیەکانی لاداوە
تاسەی خۆی بۆ هەڵدەداتە ئاسمان و پێی دەڵێت
تاسە سادەیە وەک دەستخستنە سەردڵی پەیامبەرێک
پەیامی وەرگرتبێ و لە چاوەڕوانی ڕاگەیاندندا مابێتەوە
یان بارینی ڕشێنەیەک لە هەورێکی تەنک و ڕووخۆشی یاڵی ئەسپ لە سەما و بردنەوەی پێشبڕکێدا
ئەرێ خودا لە شێوەی چیدا ئادەمی دروست کرد
چیشی بەخۆی چواند و وەک بۆنی خۆشیی خۆی هەڵیدایە ئاسمان
خۆر لە پشت سەرم ئاوابوو
بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەریش ڕۆژبەڕۆژ کورتتر دەبێتەوە
کەسێکی تەواو تووڕە و دەم تاڵ و تفتبووش
لەبەر دەرگای بەهەشت یان دۆزەخ دوودڵ نەوەستاوە
وەک تیشکێک بکەوێتە ناو چرایەکەوە
یان وەک بەردێک بەرببێتەوە ناو گۆمێکەوە
گوارەی گوێی درەختیش نەخشبەند و بێپایان دەلەرێتەوە
مرۆڤ بێدەنگ لە ئەستێرەی درەوشاوە ڕادەمێنێت و دەیەوێ شتێک بکا
بەڵام نازانێ چی بکات
ژیانی تاهەتایەشی نەدۆزییەوە
قۆزاخەیەکی خنکێنەریش پەپوولەیەکی پاراو بە سەما بەسەریدا نیشتووەتەوە
خودایە مەماندەرە دەستی کەس و بەزاری خۆت بانگمان بکە
دێمە دیداری ئاشنا و لە دڵم ورد دەبێتەوە
ڕێگا و ڕۆیشتن هەموو ئومێدیان تێدا کۆدەبێتەوە و لە سادەیی تاسەدا خۆدەدرکێنن
ئادەم چووەتە ناو کاتەوە بە گەرمایی پێگەیاندنی میوەدا دێت و دەچێت