ما 5914 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاتێک خۆشەویستی و ترس دەبنە بابەتی فەلسەفاندن، نەک ئامرازێک بۆ بڕوا پێ هێنان، دەتوانین بڵێین یەکێک لە مەرجەکانی راوەدوونانی توندئاژۆیی خەریکە خۆی دەخەمڵێنێ.

 

خۆشەویستی و ترس، دووانەی بەرهەم هێنەری توندئاژۆیی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

توندئاژۆیی لە سیاسەت یەکێک لە رێچکەکانی ناو هەر بیرۆکەیەکی سیاسییە. هەر بەو پێیەیش هەمیشە لایەنی ناوەڕاست و لایەنی کۆنسێرڤاتیڤ مان هەیە. ئەم سێ باڵە تا راەیەکی زۆر لە ناو هەموو ئایدیۆلۆژییەکاندا دەست دەکەون.

لە وڵاتانی مودێرن و پێشکەوتوو، لایەنی توندئاژۆ لە رێگای سیستمی دیمۆکراسی و ئازادی و هەروەها لە رێگای پەیڕەوکردنی جۆرێک لە سیستمی دادوەریی کۆمەڵایەتیییەوە کۆنتڕۆل دەکرێ. ئیتر دەبینین لەم جۆرە ولاتانەدا خۆبەخۆ بنەماکانی توندئاژۆیی لاواز دەبن و باڵی توندرەو لە ناو هەموو ئایدیۆلۆژییە باوەکاندا خەڵکی زۆریان بە شوێنەوە نیە و لە کاتی دەنگدانەکاندا هەمیشە کەمینەن. بەڵام لە وڵاتانی تردا ئەم باڵە یان لە رێگای زەبروزەنگەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، یان ئەوەیکە ئەم باڵە بۆ خۆی لەسەر حوکمە و بە گوێرەی لۆژیکی خۆی بەر بە هەر چەشنە رەوتێکی سیاسی تر دەگرێ. لە راستیدا توندئاژۆکان هەمیشە دیکتاتۆرن، چونکە هەمیشە خۆیان بە خاوەن حەقیقەت و راستی دەزانن و ئەوانی تر بە ناڕاست و بەدەڵ و چەواشەکار. ئەوان راستیی خۆیان لە ئایدیاوە وەردەگرن نەک لە خەڵکەوە.

بۆیە بەشێکی گرینگی لۆژیکی سەرکوت لە جۆری رووانین بۆ ژیان و لەو ئەو ئەرکانە دێت کە کەس یان لایەنیک بۆ خۆی دیاری دەکا.

هەڵبەت توندئاژۆیی تەنیا بنەمای لە جۆری ئایدیا و بیردا نیە، بەڵکو پەیوەندیشی بەوەوە هەیە کە 'هەست' چەندە دەور لە خودی ئایدیادا دەگێڕێ. ئەو ئایدیۆلۆژیانەی گرینگیی سەرەکی بە هەست دەدەن و پلەی دووهەم بۆ ئەقڵ و بیرکردنەوە قایل دەبن، توندڕەوییەکن لە رەگەزی هەرە دژواری.

توندئاژۆکان بۆ ئەوەی بتوانن بە جوانی هەست لەناو لایەنگرەکانیاندا هەڵخرێنن، هەوڵدەدەن لەگەڵ فێرکردن جۆرێک لە سۆزیش لەناو لایەنگرەکانیاندا چێ بکەن. ئەم سۆزەیش هاوکات لە رێگای هاندانی خۆشەویستی و ترسەوە دروست دەکرێ. کاتێک خۆشەویستی و ترس هاوزەمان پێکەوە لەسەر دیاردەیەک شکڵ دەگرن، ئیتر جێ هێشتنی یەکجار دژوار دەبێ. چونکە کاتێک خۆشەویستی ون دەبێ، ترس هەر دەمێنێتەوە و کاتێکیش ترس ون دەبێ، خۆشەویستی هەر لەوێیە. ئەوەیکە خۆشەویستی و ترس پێکەوە ون بن، ئەگەری کەمترە لە ون بوونی یەکیان.

چیرۆکی چێکردنی خۆشەویستی و ترس سەبارەت بە دەقە پیرۆزەکان یاخود سەبارەت بە دیکتاتۆرەکان چیرۆکێکی کۆنە. بۆ وێنە بڕوانە ئەو شێوازەی باوەڕداران دەڕواننە دەقە پیرۆزەکان، یاخود دەڕواننە پەیامبەران. یان بڕوانە کۆریای باکوور کاتێک قسە لەسەر رابەڕەکەیانە. هەموو ئەمانە نموونەی زیندووی سەلمێنەری ئەم راستییەن.

مرۆڤێک کە هاوکات بۆ دیاردەیەک هەم خۆشەویستی هەیە و هەم ترس، دەکەوێتە گەمەیەکەوە لە ناو ئەم دوو هەستەدا کە بە دژواری دەتوانێ وێنایەک لە کۆتایی تیا دروست بێ. ئەم جۆرە مرۆڤە هەمیشە چاوەڕوانی خێرە، جا چ بە هۆی خۆشەویستییەوە و چ بە هۆی ترسەکەیەوە. لای ئەو هەردووکی ئەم هەستانە لەوێن بۆ ئەوەی ئەو خۆشبەخت بکەن. ئەو پێی وایە هەتا خۆشەویستییەکەی زۆرتر بێت ئەوا ئەگەری خێر و رەحمەت زۆرترە و هەتا ترسیش زۆرتر بێت ئەوا دیسان ئەگەری خێر و رەحمەت زۆرترە. جا ئەگەر هەر دووکی ئەم هەستانە پێکەوە هەبن ئەوا ئەگەری خێر و رەحمەت گەلێک زیاتر دەبێ. بۆیە تا دەتوانێ هەولدەدا هاوکات زیاتر خۆی لەم دوو هەستەدا نوقم بکا.

توندئاژۆکان هەمیشە گرینگیی تایبەت بە هەست دەدەن. راستییەکەی ئەوەیە هەست زیاتر لە ئەقڵ دەبێتە هۆی وابەستەیی و کۆیلەیی.

کاتی خۆی 'ئەپیکۆر'ی فیلسووف باسی ئەوەی دەکرد کە مەبەست لە ژیان لەززەتە و ئەم لەززەتەیش بریتییە لە زانایی، نەک لەززەتی هەستەکان. واتە ئەوە زاناییە لەززەتی راستەقینە دروست دەکا. ئەپیکور پێی وابوو لە رێگای زاناییەوە مرۆڤ دەتوانێ بگاتە پلەی خودا. هەر بۆیە ئەو هەستی رەد دەکردەوە و زیاتر پێداگر بوو لە سەر لایەنی ئەقڵیی مرۆڤ.  بۆ وینە ئەو دژی ئاشق بوون بوو، چونکە دەیگوت هەستی ئەشق وابەستەیی دروست دەکا. لای ئەو، ئەقڵ مەرجی سەرەکیی سەربەخۆبوون بوو. ئەپیکور بۆ ئەم مەبەستە گرینگیی تایبەتی بە فەلسەفە و فێربوونی فەلسەفە دەدا.

بۆیە لەسەردەمێکدا ئێمەی تیا دەژین، فەلسەفە دیسان خۆی دەسەلمێنێتەوە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە مرۆڤ بۆ رەواندنەوەی توندئاژۆیی هەمیشە پێویستی بە فەلسەفاندن هەبووە و هەیە. کاتێک خۆشەویستی و ترس دەبنە بابەتی فەلسەفاندن، نەک ئامرازێک بۆ بڕوا پێ هێنان، دەتوانین بڵێین یەکێک لە مەرجەکانی راوەدوونانی توندئاژۆیی خەریکە خۆی دەخەمڵێنێ.

  Bilderesultat for love and fear art

گەڕان بۆ بابەت