ما 567 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

پاشا کە نازانێ چ باسە و چ قەوماوە، هەموو لایەک کۆ دەکاتەوە. کچە پاشا و شوانە، هەر یەک بەسەر هات و رابردووی خۆیان باس دەکەن. پاشا یەکەمجار باوەڕ بە شوانە ناکات، لای وایە کەسێکی فێڵەزانە بە درۆ هاتووە. بەڵام بە دیتنی ملوانکە دەردەکەوێت کە کچە پاشا راست دەکات.

 

 

ملوانکە

قادر نیکپوور

جارێک لە جاران لە سەر خاکی کوردان پاشایەک دەبێت بە نێوی کوردە پاشا. پاشایەکی خێرخواز و ئاشتیخواز و دادگەر. پاشایەک کە دەبێتە نموونە بۆ هەموو پاشاکان، لەگەڵ ئەوەش قسەزان و قسە خۆش. وەتاغ و دیوەخانی هەمیشە پڕ بوون لە خەڵکی جۆرا و جۆر. یەک دەهات، یەک دەڕۆیی. سەماوەری دیوەخان دایم قوڵتەی دەهات. پاشا خۆی لەکەس بە زلتر نەدازانی. خەڵکی بە چاوی خوشک و برا سەیر دەکرد، بە دڵ و بە گیان یارمەتی خەڵکی ئەدا. خەڵکیش بە بوونی پاشایەکی ئاوا شانازییان بە خۆیان و وڵاتەکەیان دەکرد.

هەموو جۆرە خەڵكیک لە بارەگای پاشا کاری دەکرد. لە خوێندەوار بگرە تا نەخوێندەوار، لە پیر تاکو لاو. پاشا هەمووی بە یەک چاو سەیر دەکردن. لە نیو هەموو ئەو کەسانە، باخەوانێک بوو کە زۆرتر لە هەمووان جێگای باوەڕ و متمانەی پاشا بوو. زۆر جار، کاتێک پاشا دڵی تەنگ دەبوو دەرۆیشتە لای باخەوان، دەردی دڵی خۆی لای ئەو باس دەکرد، و بە جۆرێک سوکنایی دڵی دەهات. باخەوانیش وەک حەکیمێکی باش گوێی لە قسەکانی دەگرت، پاشان وەک کەسێکی عاقڵ و زانا رێوشوێنی نیشانی پاشا دەدا. کەس لەم کەین و بەینە ئاگادار نەبوو. کەس نەیدەزانی ئەوان باسی چ دەکەن.

پاشا لە مڵک و ماڵی دنیا، لە هیچ کەمی نەبوو. تەنیا یەک ئارەزووی هەبوو، ئەویش بوونی کوڕێک. کچێکی جوان و نەشمیلانەی هەبوو، بەڵام ئارەزووی کوڕ لای ئەو زۆر گەورە بوو. کچە پاشا تەمەنی شەش ساڵانە بوو. باخەوانیش کوڕیکی شەش ساڵانەی هەبوو. کچە پاشا و کوڕە باخەوان هەمیشە پێکەوە لە نێو باخەکە یارییان دەکرد. ئەوان زۆرباش پێکەوە راهاتبوون. نە کچە پاشا هەستی خۆ بەزۆرزانی هەبوو، نە کوڕە باخەوان هەستی خۆ بەکەمزانی. ئەوان وەک دوو هاوڕێی نزیک و گیانی گیانی دەم و سات پێکەوە بوون.

شتێک زۆر مایەی سەر سووڕمانی کچە پاشا و کوڕە باخەوان بوو. کچە پاشا شەوانە لەسەر تەختی گەرم و نەرم و بۆنخۆش دەخەوت، کوڕە باخەوان لەسەر حەسیرێکی کۆن و تەق و رەق. کچە پاشا لە باشترین قوتابخانە دەیخوێند، کوڕە باخەوانە لە خەراپترین قوتابخانە. کچە پاشا باشترین خواردنی دەخوارد، کوڕە باخەوانە زۆرجار ئارەزووی خواردنی خۆشی دەکرد، و هەر وەها زۆر شتی دیکە. ئەوان لەیەک شت پێکەوە هاوبەش بوون، ئەویش یاریکردن پێکەوە. ئەو شتەی بۆ منداڵ گرینگە.

  ئەم پرسیارە لای کچە پاشا و کوڕە باخەوانە دروست ببوو، کە بۆچی ئەوان دەبێ شوێنی خەوتن، قوتابخانە و خواردنەکانیان پیکەوە فەرقی هەبێت؟ بەڵام لە کاتی یاری کردن پێکەوەن؟ ئەم پرسیارانە کەم کەم گەیشتنە گوێ پاشا و باخەوان، هەروەها خەڵکی دەورووبەری کۆشک. پاشا بڕیاری دا سەبارەت بەم پرسیارانە لەگەڵ باخەوان قسان بکات، تا ئەوەی پرس و رایەکی لێ وەرگرێت. هەرچەند باخەوان وەک پیاوێکی عاقڵ و زانا چاوەڕوانی رۆژێکی وای دەکرد، بەڵام بە هۆی رێز گرتن لە پاشا پێی خۆش نەبوو خۆی بچێتە لای پاشا قسەی لەگەڵ بکات. تا ئەوەی پاشا خۆی هاتە لای باخەوان. باخەوان دەیزانی ئەگەر پاشا بچێتە لای ئەو، فەرق زۆر دەکات تاکو ئەو بچێتە لای پاشا.

راستە باخەوان جێی متمانە و رێزی پاشا بوو، بەڵام باخەوان خۆی وەک باخەوان سەیر دەکرد و پاشاش وەک پاشا. ئەم ئاکارە دروستەی باخەوان تەواو جێگای رەزامەندی پاشا بوو. پاشا هاتە لای باخەوان و قسە و باسەکانی لای ئەو باس کرد. باخەوان وەک هەمیشە پێویستی بە بیر کردنەوە هەبوو، و پاشا وەک هەمیشە لێی قەبووڵ کرد. بەڵێ، باخەوان دوای بیرکردنەوەیەکی باش،  بەم ئاکامە گەیشت لەوێ کۆچ بکات، تاکو کچە پاشا و کوڕەکەی یەکتر نەبینن. هەرچەند پاشا حەزی لەم کارە نەبوو، بەڵام باخەوان ئاوای بە مەسڵەحەت زانی. بەڵێ، پاشا وەک هەمیشە لە قسەی باخەوانە دەرنەچوو. باخەوان کۆچی کرد بۆ شوێنێکی دوور. رۆژانە لە بەیانی تاکو ئێوارە دەهاتە نێو باخەکە، کار و باری خۆی دەکرد و دەگەڕایەوە لای ژن و مناڵەکانی.

کچە پاشا کە بەم کارەی زانی خەمبار و دڵتەنگ بوو. زۆری نەخایاند وازی لە یاری کردن هێنا، دڵی بە هیچ شتێک خۆش نەبوو. ئەگەرچی لە هیچ شتێک کەم و کوڕی نەبوو، بەڵام نەدیتنی کوڕە باخەوان گەورەترین خەم بوو بۆ ئەو. خەمباری کچە پاشا کەم کەم دەگەیشتە سەر زاران. پاشا بۆ کچەکەی زۆر بە پەرۆش بوو. دوایی بیر کردنوەیەکی زۆر، هاتەوە لای باخەوان تاکو دووبارە ئەم خەمەی بۆ باس بکات. بەڵێ، باخەوانیش وەک هەمیشە وتی دەبێ بیری لێ بکاتەوە. دوای چەند رۆژ بیر کردنەوە بەم ئامانجە گەیشت، رۆژانە کۆڕەکەی لەگەڵ خۆی بەرێت بۆ نێو باخەکە، تاکو لەگەڵ کچە پاشا یاری بکات.

ئەم کارەشیان تاقی کردەوە، بەڵام باخەوان دووبارە بە پەرۆش بوو. دڵپەشێو بوو بۆ دوارۆژ، بۆ ئەو رۆژەی ئەوان گەورەتر دەبوون. بەڵێ، دڵپەرۆشی باخەوان لە خۆڕا نەبوو. چەند ساڵ تێپەڕی. هەرچی ئەوان گەورەتر دەبوون، زۆرتر هەگری یەکتر دەبوون. لێک دابڕینیان زەحەمتر دەبوو. دنیایەک بیرەوەری و ساتی خۆش پێکەوە، ئەم هەموو سڕ و سوڕە چۆن پاک دەبێتەوە. تازە هەمووی لە نێو خانەی مێشکدا کۆ کراونەوە، و زۆر زەحمەتە ئەوان لێک دابڕێن. تەمەنی لاوی خۆی وەک سێڵاوێک وایە، کەس ناتوانێ پێشی پێ بگرێت. ئەی قسە و باسی خەڵک؟

"قسە و باسی خەڵک زۆر لە بوومە لەرزە و سێڵاو خەراپترە".

کچە پاشا و کوڕە باخەوان دەم و سات پێکەوەن. ئەگەر پاشا بزانیت چ دەقەومێت؟

"هەرەوەک لە قەدیمەوە دەڵێن، دەتوانی دەرگای ماڵت قفڵ بکەی، بەڵام زاری خەڵک ناتوانی".

پاشا بڕیاری دا لەگەڵ باخەوان قسە بکات. باخەوان دەیزانی ئەم شتانە روو دەدەن، بەڵام بە هۆی رێز و حورمەت لە پاشا، و ترسی سزادان ئەمانەی لای کەس باس نەکردبوو. دوای قسە کردنی پاشا و باخەوان، باخەوان وەک هەمیشە پێویستی بە بیر کردنەوە هەبوو، هەر واش بوو. باخەوان بڕیاری دا لەم وڵاتە کۆچ بکات بۆ وڵاتێکی دیکە. ئەو لەسەر بڕیاری خۆی سووڕ بوو. کاتێک کوڕەکەی زانی لەوێ کۆچ دەکەن، بە هەر زەحمەتێک بێت خۆی گەیاندە کچە پاشا. کچە پاشا لەترسان ئەم سڕەی لای کەس باس نەکرد. پێش ماڵئاوایی "ملوانکەی" ملی خۆی بە دیاری پێشکێش کرد بە کوڕە باخەوان.

کچە پاشا لەسەرەتا ترسی ئەوەی هەبوو ئەو سڕە ئاشکرا بێت. دوایی ماوەیەک کە زانی هیچ باس نیە، و کوڕە باخەوانە ناگەڕێتەوە، ترسی نەدیتنەوەی کوڕە باخەوانی کەوەتە نێو دڵی. وەک شتێک کاریگەری قووڵی لێکرد. دوو ترسی گەورە، یەکەم ئاشکرابوونی سڕێکی گەورە کە سزای گەورەشی هەبوو. چونکە باخەوان لەگەڵ پاشا درۆی کرد. دووهەم نەدیتنەوەی کوڕە باخەوان، دابڕین لە خۆشەویستی، خۆشەویستی کچە پاشا و کوڕە باخەوان. کێ دەتوانێ پێشێ پێ بگرێت؟ بێگومان هیچ کەس.

کچە پاشا نەخۆش کەوت. نەخۆشێکی قورس، بە هیچ کەس چارەی نەهات. زۆر وڵاتان گەران، دکتۆر و حەکیمی دنیایان بۆ هێنا، کەس نەیزانی چارەی دەری کچە پاشا چیە. کەم کەم هەموو لایەک ناهومێد دەبوون. لە پاشا بگرە تاکو خەڵکی ئاسایی. پاشا هەمیشە کە خەمەکانی خۆی لای باخەوان باس دەکرد، ئەویش بێ سەر وشوێن بوو. نەیدەزانی پەنا بۆ کوێ بەرێت. کەس نەیزانی باخەوان چێ بەسەر هات، جگە لە کچە پاشا. ئەو دەیزانی کوڕە باخەوان کۆچ دەکات بۆ وڵتێکی دیکە.

 چەند ساڵ تێپەڕی. دوایی ئەوەی باخەوان لە وڵات کۆچی کرد تووشی نەخۆشی بوو. ئەو هیچ کات درۆی نەکردبوو، چونکە ئەو پیاوێکی راستگۆ بوو، بەتایبەتی لەگەڵ پاشا. ئەمە یەکەمجار بوو درۆ بکات، ئەویش لەگەڵ پاشا، نیزیکیترین کەسی خۆی. ئەو جێگای متمانەی پاشا بوو، بەڵام لەبەر حەیا و ئابڕووی خۆی لەوێ کۆچی کرد. هەرچەند مەبەستی ئەو چاکە بوو، بەڵام زۆری نەخایاند خەم و خەفەت لە بەینی برد، و ماڵئاوایی لە ژیان کرد. 

کوڕەکەی کە ئیتر ئەو کوڕە باخەوانەی جاران نەبوو، پێشەی تازە و ناوی تازەی بە خۆ گرت. پیشەی تازە شوانی، ناوی تازە، شوانە غەریبە. شوانە غەریبە ئەو شوانە شمشاڵ لێدەرە بوو کە هەرکەس یەک جار گوێی لە سۆز و ناڵەی شمشاڵەکەی گرتبایە، کڵ و کۆی دەروونی دادەمرکا، و بۆ هەمیشە ئاگری دەروونی خامۆش دەبوو. شوانە غەریبە خەم و زامەکانی دەروونی لەگەڵ  هەناسەی شمشاڵ دەدایە دەر، ئەگینا چارەنووسی ئەویش وەک کچە پاشای لێدەهات. هەروەها خەمەکانی خۆی لەگەڵ مەڕەکان و شمشاڵەکە بەش دەکرد. کەس نەیدەزانی ئەم هەموو ناڵاندنە هۆی چێە. لەگەڵ کەس قسەی نەکرد. کەم کەم دەنگ و سۆزی شمشاڵی شوانە لە هەموو وڵات دەنگی دایەوە. زۆرکەس کە تووشی نەخۆشی دەروونی دەهاتن، دەچونە لای شوانە بۆ گوێدان بە سۆز و ناڵەی شمشاڵی شوانە.

پاشا تەواو ناهۆمێد ببوو. هیچ کەس نەیتوانی چارەی دەردی کچە پاشا بکات. ئەو رۆژ بە رۆژ خەراپتر دەبوو. تاکو شەوێکی خەونی بینی، خەونی کوڕە باخەوانە گەڕاوەتەوە لای، بۆ نێو باخەکە. وەک جاران پێکەوە باسی خۆشەویستی و دڵداری دەکەن. ئەو لە خەونەکەدا چاک دەبێتەوە. هەر چەند خەونە، بەڵام لەخەونەکەشدا باوەڕی نابێت. بە گریان و هات و هاوار لەخەو هەڵدەستێت. دایک و باوکی خێرا دەگەنە فریای. خەونەکە دەگێڕێتەوە. دەچنە لای حەکیمی زانا تاکو شرۆڤەی خەونەکە بکات. شرۆڤەی خەونەکە دەبیتە دیتنەوەی کوڕە باخەوان (شوانی غەریب) بۆ چارەسەر کردنی کێشە و نەخۆشی کچە پاشا.

گرینگتر لە هەموو شتێک، کەس شوێنی ژیانی کوڕە باخەوان نازانێت. ئەو بە شوانەی غەریب ناسراوە، وە خەڵکی ئەو وڵات هیچ لە رابردووی ئەو نازانن. بۆ دۆزینەوەی کوڕە باخەوان یەک هومید هەیە، ئەویش ملوانکە. ئەو ملوانکەی ساڵانی ساڵ لای کوڕە باخەوانە. کچە پاشا مەجبور دەبێت ئەو سڕە ئاشکرا بکات. پاشا بۆ دیتنەوەی کوڕە باخەوان باشترین خەڵات دیاری دەکەن. ئەگەرچی کوڕە باخەوان هیچ تاوانێکی نەبوو، بەڵام لەترسان نەیتوانی بگەڕێتەوە، تا ئەوکاتەی پاشا بڕیاری دا. لای ئەو وایە کە دڵدرای کچی پاشا لەگەڵ خەڵکی دیکە ئاسایی نیە، بە تایبەتی کوڕە باخەوان.

شوانە، بە هۆی شارەزایی و دڵگەورەیی پاشا دڵنیا دەبێت کە پاشا دەیبەخشێت. بڕیاری دا بگەڕێتەوە وڵاتی کوردە پاشا. شەوێ کاتێک مەڕەکان لەخەو دەکات، بە دزی و بێدەنگی ملی رێ دەگرێت. چەند رۆژی پێدەچێت. کەم کەم لە کۆشکی پاشا نزیک دەبێتەوە. کە چاوی بە باخەکە دەکەوێ، ناتوانێ بێدەنگ بێت، دەست دەکات بە شمشاڵ لێدان. ناڵە و سۆزی شمشاڵ هەموو خەڵک لە خەو رادەپەڕێنێ. دەنگێکی بە سۆز و غەریب. کەس پێشی پێ ناگرێت، یەکسەر دەچێتە نێو باخەکە. سۆزی شمشاڵ هەموو باخەکە دەخاتە لەرزە. کوتر و باڵندە دەکەونە سەما کردن. کەس هۆشی لە کەس نامێنێ.

کچە پاشا گوێی لە دەنگی شمشاڵ دەبێت. بۆ یەکەم جار دوایی نەخۆشییەکی دوور و درێژ دێتە بەر پەنجەرە. سەبر و تاقەتی بەسەر دەچێت، لە ژوورەکەی دێتە دەر بۆ نێو باخەکە. بە دوای دەنگی شمشاڵدا دەڕوات، نزیکتر و نزیکتر دەبیتەوە. هەرچی نزیکتر دەبیتەوە، زۆرتر هەست بە باش بوونەوە دەکات. تا ئەو کاتەی لەگەڵ شوانی غەریب رووبەڕوو دەبێتەوە. کچە پاشا کە چاوی بە شوانە دەکەوێت، یەکسەر بێ هۆش دەبێت. هەموو وادەزانن مردووە، بەڵام ئەو لە خۆشییان بێ هۆش دەبێت. لە دەوری کۆ دەبنەوە، زۆری پی ناچێت دێتەوە هۆش.

دوایی ئەم هەموو خەم و ئازارە، کچە پاشا بە دیتنی شوانە چاک دەبێتەوە. پاشا کە نازانێ چ باسە و چ قەوماوە، هەموو لایەک کۆ دەکاتەوە. کچە پاشا و شوانە، هەر یەک بەسەر هات و رابردووی خۆیان باس دەکەن. پاشا یەکەمجار باوەڕ بە شوانە ناکات، لای وایە کەسێکی فێڵەزانە بە درۆ هاتووە. بەڵام بە دیتنی ملوانکە دەردەکەوێت کە کچە پاشا راست دەکات، و ئەم کوڕە هەمان کوڕە باخەوانەیە. کوڕە پاشا بە بیستنی مردنی باخەوان زۆر بە پەرۆش دەبێت. بڕیار ئەدات باخەوان بگەڕێننەوە وڵاتی خۆی، قەبری لە نێو باخ بۆ هەڵکەنن، و هەموو رۆژێ بە چەپكە گوڵ بڕۆنە سەر قەبری.

شوانە جگە لەوەی سزا نادرێت، زۆر بە باشی پێشوازی لی دەکردرێت. پاشا لەسەر قەولەکەی خۆی خەڵاتی دەکات، و خەڵاتی ئەو بۆ شوانە کچەکەی دەبێت. پاشا کە ئارەزووی دێرینەی کوڕی هەبوو، شوانە وەک کوری خۆی سەیر دەکات، و لەم خەمەش رزگار دەبێت. حەوت شە و رۆژان داوەت دەگێڕن، هەرچی خەڵکی فەقیر و هەژارە بانگ دەکەن. لە گەرما و گەرمی خۆشی و داوەت دا دەبن کە خەبەر دێنن باخەکە پڕ بوو لە ماڕ و ماڵات. کاتێک دەڕۆنە نێو باخەکە، دەبینن مەڕەکان بە دوایی دەنگی شمشاڵدا هاتوون تاکو لە زەماوەندی شوانە بەشداری بکەن. ئەوانیش بە نۆبەی خۆیان لە نێو باخەکە هەڵدەپەڕن.  

پاشا بە هۆی ئەمەگداری و راستگۆیی شوانە بڕیار ئەدات باشترین شوان بۆ مەڕەکانی بدۆزێتەوە. کچە پاشا و کوڕە باخەوان پێکەوە بە خۆشی و بەختەوەری ژیان دەکەن. چەند ساڵ بەسەر دەچێت. پاشا پیر دەبێت و دەمرێت. پێش مردن وەسیەت دەکات لای باخەوان قەبری بۆ هەڵکەنن. بەڵێ ئارەزووی ئەویش وەدی دێت. کچە پاشا دەبێت بە پاشا، خەڵکیش لە خۆشی و ئاسوودەیی ژیانی خۆیان بەسەر دەبەن.

ئەمە بوو بەسەرهاتی ئەمجارەمان.....  

    

 Bilderesultat for halskjede og kongen kunst

     

گەڕان بۆ بابەت