فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەقی ئەدەبی و هونەری هەمیشە بە جۆرێک ئێکسپێرسیۆنیستییە. واتە واقع و جیهانی دەرەوە تێکەڵ بە شێوازی رووانین و تەعبیری ئێمە دەکرێ. هەتا ئێکسپێرسیۆنیسم زیاتر، ئەوا لایەنی هونەری و ئەدەبی بەرجەستەتر. رێک ئەم خەسڵەتەیە دەرفەتی خوڵقانی ئەدەب و هونەر دەدا. 

 

دەق و شێوازەکانی نواندنەوەی واقع

فەڕۆخ نێعمەتپوور

زەین بەگشتی بە دوو شێوە دەتوانێ واقعی دەرەوە لە ناو دەقی ئەدەبی و هونەری دا بنوێنێتەوە: شێوازی ریالیستی و شێوازی ئێکسپێرسیونیستی. لە شێوازی ریالیستی، دەق ئەوە دەنووسێتەوە کە هەستەکان راستەوخۆ وەریدەگرن و، لە شێوازی ئێکسپێرسیۆنیستیش دا واقعی دەرەوە لە فیلتری هەستەکان دەگوزەرێ و ئەوەی زەین دێتە خەیاڵی دەینووسێتەوە. بۆ وێنە لە دەقی ریالیستی دا هەتاو زەردە، دەریا شینە و گیا سەوزە، بەلام لە دەقی ئێکسپێرسیۆنیستی دا هەتاو بە گوێرەی خەیاڵ و باری دەروونی و کاردانەوەی بینەر دەتوانێ سوور بێت، دەریا رەش و گیا سپی!

هەڵبەت هەندێ فیلسووف و روانگەی فەلسەفی هەن کە ریالیسم رەد دەکەنەوە و پێیان وایە لەبنەڕەتدا ریالیسم بوونی نیە. لەبەر ئەوەی مرۆڤ بە گوێرەی دەروونناسی و خەیاڵ و پەروەردە، ناتوانێ دەقاودەق واقع راگوێزێ و هەمیشە جیاوازییەک لە نێوان ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین و ئەوەی لە راستیدا هەیە، هەیە. بۆ وێنە ئایدیالیستەکانی وەک کانت کە جیاوازییان دادەنا لە نێوان 'شت لە خۆیدا' و 'شت بۆ ئێمە'. لای ئەوان مرۆڤ قەت ناتوانێ بە زاتی شتەکان پەی ببا چونکە 'شت لە خۆیدا' کراوە نیە بۆ مرۆڤ. مرۆڤ تەنیا لەوەی تێدەگا کە بۆ ئەو کراوەیە! یان بۆ وێنە فێنۆمێنۆلۆژیستەکان. لای ئەوان زەین هەر لە سەرەتاوە تێکەڵە بە دەرەوەی خۆی و بۆیە ناتوانین جیاوازییەکیان لەنێوان دا دابنێین. ئەوان جیاوازیی ئۆبژە و سۆبژە رەد دەکەنەوە.

بەڵام تا رادەیەک دەتوانین بڵێین کە مرۆڤەکان لەسەر هەندێ شت کۆکن. بۆ وێنە کاتێک لە هەتاو دەڕوانین، هەموومان یاخود زۆرینەمان دەڵێین کە رەنگی زەردە، یاخود دەریا شینە. جا ئەگەر کەسێک بڵێ کە نا رەنگی دەریا قاوەییە ئەوا دەپەشۆکین و پێمان وایە ئەو کەسە کیشەی رووانین و تەعبیری هەیە.

گەر قسە لە سەر دەقی ئەدەبی و هونەری بێت، ئەوا مرۆڤ زۆرتر سەرسامی ئەو دەقانە دەبێ کە بتوانن شتێک بەو واقعەی هەیە زیاد بکەن. بۆ وێنە مەی مەیە و خۆی لە خۆیدا هەڵگری پەیامی ئەدەبی و هونەری نیە، بەڵام کاتێک ئەم مەیە لە شیعری ناڵەی جودایی هێمن دا بە تووشییەوە دەبین، دەبینین شتێکی ترە، چونکە دیاردەی تری پاڵخراوە و بە جۆری تر وەسف کراوە. بۆ وێنە دووریی نیشتمان، خەفەت، یار و هتد. لای هێمن مەی تەنیا مەی نیە.

کەواتە دەقی ئەدەبی و هونەری هەمیشە بە جۆرێک ئێکسپێرسیۆنیستییە. واتە واقع و جیهانی دەرەوە تێکەڵ بە شێوازی رووانین و تەعبیری ئێمە دەکرێ. هەتا ئێکسپێرسیۆنیسم زیاتر، ئەوا لایەنی هونەری و ئەدەبی بەرجەستەتر. رێک ئەم خەسڵەتەیە دەرفەتی خوڵقانی ئەدەب و هونەر دەدا.

بەم پێیە دەقمان هەیە زیاتر رواڵەتی ریالیستی هەیە و دەقمان هەیە زیاتر رواڵەتی ئێکسپێرسیۆنیستی و، دەقیش کە لە نێوان ئەم دووانەدا راوەستاوە.

جا زۆر گرینگە نووسەر و هونەرمەند بتوانن بە تۆخکردنی ئێکسپێرسیۆنیسم لە رووانینی خۆیاندا، هەمیشە واقعی ئەدەبیی نوێ بخوڵقێنن. جێگۆڕکێ کردن بە رەنگەکان، بە تامەکان، خستنە پاڵ یەکتری ئەو شتانەی کە بە روالەت لەیەک دوورن، دوورکردنەوەی ئەو شتانەی کە بە ڕوالەت لە یەکتر نزیکن و گەلێک تکنیک و شێوازی تر، ئەو ئامرازانەن دەتوانن پانتایی فراوانتر و قووڵایی زیاتر بە دەق و بە داهێنان بدەن.

با زەین و خەیاڵمان ئازاد کەین لە کۆت و بەندە نەریتی و دووپاتکراوەکان!

Image result for ekspresionisme

بازدید: 807