فەڕۆخ نێعمەتپوور

رۆمان فێرمان دەکا سەرەڕای هەموو رووداوەکان، سەرەداوە سەرەکییەکان ون نەکەین و، لەبیرمان بێت کە بۆچی وەڕێ کەوتووین! لە راستیدا تەمەنیش هەر لە رۆمان دەچێ کە خاوەن یەک تێمی سەرەکییە بۆ هەر مرۆڤێک. ئەوەی بەم تێمە سەرەکییەوە سەرقاڵە و خاوەنیەتی و لێی ون نابێ، هەست دەکا لە هارمۆنیایەکی باشتر دا ژیاوە و ژیانی خاوەن مانایەکی یەکانگیرترە.

 

رووداو هەسارە و، هەتاو تێم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یەکێک لە تکنیکەکانی نووسینی رۆمان، هەڵبژاردنی تێم و سووڕانەوەی هەموو رووداوە بچوک و گەورەکانی ناو رۆمانەکەیە بە دەوری ئەم تێمەدا. رێک وەک سووڕانەوەی هەموو هەسارە بچووک و گەورەکان بە دەوری هەتاودا و گەر ئەم گەڕانە نەبێ ئەوا دیاردەیەک بە ناوی کۆمەڵەی خۆر (منظومە شمسی) مانای نابێ.

تێم، یەکگرتوویی دەدا بە گشتیەتی دەق، جا ئەو دەقە چ سەد لاپەڕە بێت و چ هەزاران. گەر ئەم هاوبەشییە لە دەق دا نەبێ، ئەوا رۆمانەکە مانای خۆی لەدەست دەدا و جۆرێک لە بێ سەرەوبەرەیی بەسەریدا زاڵ دەبێ کە خوێنەر ناتوانێ سەرو بنی یەک بێنێتەوە و خۆی تیا ببینێتەوە.

بەڵام لە هەمان کاتدا ئیعجازی رۆمان لەوەدایە کە هاوکات بە هەمان رادە دەتوانێ سەرنجمان بۆ هەموو ئەو رووداوانەی تر رابکێشێ وا راستەوخۆ لە بابەت تێمی سەرەکییەوە نادوێن و لاوەکی دێنە بەرچاو. لە راستیدا هەموو تکنیکەکە لەوەدایە کە چلۆن بە رواڵەت ئەم رووداوە لاوەکییانەیش لە خزمەت هەمان تێمی سەرەکیدان و کتوپڕ لە شوێنێکدا ئەم وابەستەییە دەردەخەن. لە راستیدا تان و پۆی دەقی رۆمان وەها دادەڕێژرێ کە هەموو رووداوە بچووکەکانیش لە ژێر تیشکی تێمی گشتی دا سەرنجڕاکێش دەبن و، خزمەت بە بەخشینی مانا و دەوڵەمەندتر کردنی ئەو تێمە دەدەن.

هەڵبەت تێم تەنیا تێمێکی رووت و بێ دەست و پێوەند نیە. بە هۆی رووداوەکانەوە لق و پۆپ و لایەنی جۆراوجۆری لێ دەبێتەوە و هەر دەم بە جۆرێک لە پانتایی رۆمانەکەدا خۆی دەردەخا. هەر ئەمەیشە دەقەکە سەرنجڕاکێش رادەگرێ و لە پاش خوێندنەوە و تەواوبوونی هەست دەکەین ئەو تێمە ئاشنایە هەنووکە یەکجار زیاتر لە جاران دەیناسین و توانیوومانە باشتر لە هەوێنی تێبگەین.

هەبوونی چەندین کەسایەتی جۆراوجۆر و هەندێ جار دژبەیەک و ناکۆک، دەتوانن لە خزمەتی نواندنەوەی ئەم تێمەدا بن. بۆ وێنە تێمی 'خۆشەویستی' تەنیا لە رێگای کەسی ئاشق و خۆبەخشەوە نانوێندرێتەوە، بەڵکو دژەئەشقیش مانا بە خۆشەویستی دەبەخشێ، بەڵام لە رێگای شێوازی خۆیەوە کە بەربەرەکانێیە لە گەڵیا. واتە هەموو کردە پۆزەتیڤی، نگەتیڤی و مامناوەندییەکان دەتوانن لە پێناو روونکردنەوە و زیاتر تیشک خستنە سەری تێم دا بن.

لە رۆمانی 'دایک' ی مەکسیم گۆرکی دا دایک تێمی سەرەکییە و هەموو رووداوەکان هەوڵ دەدەن ئەم مانایە بەرینتر و قووڵتر بکەنەوە. چ کوڕەکەی کە پێوەندێکی پۆزەتیڤی لەگەڵ دایکیا هەیە و چ باوکی وەک کەسایەتییەکی نگەتیڤ دیسان تیشک دەخەنەوە سەر گەورەیی ئەم تێمە. هاوکات رووداوەکانی وەک شۆرش کە رووداوی دەرەکین و چارەنووسی بنەماڵە دەگرنە خۆ، دیسان تیشک دەخەنەوە سەر ئەم تێمە. بگرە رووداوی شۆڕش بە هۆی دایکەوە لایەنی تر پەیدا دەکا و خۆی دەکێشێتە ناو سنوورەکانی ترەوە.

یان لە رۆمانی 'ژنە قژ سوورەکەی' ئۆرهان پاموک کە باوک تێمی سەرەکییە و دیسان هەموو رووداوەکان، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بیانوون بۆ تیشک خستنە سەر ئەم تێمە. جاری وایە چەندین و چەندین لاپەرە دەخوێنینەوە بێ ئەوەی باسی باوک بکرێ، بەڵام نووسەر کتوپڕ بە ئاماژە ی سەرلەنوێ بە باوک دیسان تێمەکەت بیرت دەخاتەوە و بگرە ئەم جارەیان بە هۆی باسکردن لە رووداوگەلی نوێ، بە جۆرێکی تر چلۆنایەتیی ئەم تێمەت دەخاتە بەرچاو.

بەهەرحاڵ زۆرینەی لەززەت و ستاتیکای دەقی رۆمان رەنگە لەم بەشەدا بێت. جاری وایە لەو هەسارەیدا کە دەژی بەڕوالەت بە هۆی ئەوەی شەوە، هەتاوت لەبیر چووەتەوە، تا کتوپڕ تێدەگەی کە شەویش بیانوویەک بووە بۆ باسکردن لە هەتاو. بگرە تەنانەت ئەو کاتەیش لەم هەسارەوە خەریکی بازدانین بەرەو ئەو هەسارەی تر.

رۆمان فێرمان دەکا سەرەڕای هەموو رووداوەکان، سەرەداوە سەرەکییەکان ون نەکەین و، لەبیرمان بێت کە بۆچی وەڕێ کەوتووین! لە راستیدا تەمەنیش هەر لە رۆمان دەچێ کە خاوەن یەک تێمی سەرەکییە بۆ هەر مرۆڤێک. ئەوەی بەم تێمە سەرەکییەوە سەرقاڵە و خاوەنیەتی و لێی ون نابێ، هەست دەکا لە هارمۆنیایەکی باشتر دا ژیاوە و ژیانی خاوەن مانایەکی یەکانگیرترە.

Image result for ‫کۆمەڵەی خۆر‬‎

بازدید: 829