فەڕۆخ نێعمەتپوور

رەنگە چیرۆکی ئازادی و مرۆڤیش، ئەوەندەی چیرۆکی ئەم حەزە دەروونییە و هەولدانیەتی بۆی، بریتی نیە لە دەستەبەرکردنی خودی ئازادی. جا ئەم چیرۆکە بە تایبەت لە وڵاتانی وەک لای ئێمە دەخوا.

 

ژیان لە ناو خەونی ئازادی دا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاتی خۆی فیلسووفی فەڕەنسی 'سارتەر' ی وجودگەرا (ئیگزیستیانسیالیست)، گوتی مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی. ئەم رستە بەناوبانگەی ئەم فیلسووفە لەو بۆچوونەوە دێت چونکە مرۆڤ خاوەن ئەقڵ و ئیرادەیە، کەواتە هەمیشە بە شوێن ئازادییە. لە راستیدا بەم پێیە چیرۆکی ژیانی مرۆڤ، چیرۆکی عەوداڵ بوونیەتی بە شوێن ئازادییەوە. بیرێک کە رەگی لە تیۆرەکانی مارکس و هیگڵ یشدا هەیە.

بەڵام هاوکات 'رۆسۆ' گوتەنی، مرۆڤ ئازاد پێی ناوەتە دونیاوە و کەچی لە هەموو شوێنێک بە زنجیر کێشراوە. واتە ئازادییەکەی زەوت کراوە. هەرچەند ناتوانین ئەم تەعبیرەی رۆسۆ لە هەموو شوێنێکی دونیادا بە یەک ئەندازە رەچاو بکەین، بەڵام بەهەرحاڵ مرۆڤ قەت سەبارەت بە رادەی ئازادیی خۆی تێر نابێ و هەمیشە بە شوێن دۆخێکەوەیە بتوانێ سنوورەکانی ئازادیی خۆی کراوەتر و پان و بەرینتر بکات.

گەر ئەم دوو بۆچوونە لێک بدەین، ئەوا مرۆڤێک کە بە ئازادی لە دایک دەبێ، هەر کە پێی نایە دونیاوە ئازادییەکەی لێ دەسێندرێ و بەڵام چونکە مەحکووم بە ئازادییە، ئەوا دیسان بۆ دەستەبەرکردنەوەی، دەکەوێتەوە شوێنی. کەواتە چیرۆکی ژیانی مرۆڤ بریتییە لە سێ قۆناغ: ئازادی ـ "نەبوونی ئازادی ـ بە شوێن ئازادییەوە بوون"

ئەوەی لەم سێکوچکەیەدا دەبیندرێ ئەوەیە کە لە قۆناغی یەکەم و دووهەم گرنتییەک هەیە بۆ هەبوونی ئازادی و نەبوونی ئازادی، بەڵام لە قۆناغی سێهەم دا بەرەوڕووی دۆخێکین کە بریتییە لە هەردووکی ئەمانە. قۆناغێک کە مرۆڤ هەوڵدەدا قۆناغی یەکەم بژیەنێتەوە، ئەگەرچی ئەم جارەیان نەک بە ساوایی بەڵکو بە گەورەیی.

ژیانێک کە مرۆڤ تێیدا بە ئازادی ناژی و بەڵام لە هەوڵی دەستەبەرکردنیدایە، سەرەکیترین هەوێنی ژیانە و لە راستیدا ئەمەیە کە مانای راستەقینە بە ژیان دەدا. بەڵام بڵێی هەموو مرۆڤەکان بەم قۆناغە گەیشتبن و بیانەوێ ئازادی بکەنە تایبەتمەندیی ژیانیان؟

ژیان پێمان دەڵێ مەحکوم بوونی مرۆڤ بە ئازادی، زیاتر لەوەی مانای ئەوە بێت مرۆڤ دەتوانێ دەستەبەری ئەم ئازادییە بکا، بە مانای هەوڵی بێ وچانی مرۆڤ و مەیلێکە کە بۆ ئازادی و لە پێناوی ئازادی دا تێیدا دەستدەکەوێ. رەنگە چیرۆکی ئازادی و مرۆڤیش، ئەوەندەی چیرۆکی ئەم حەزە دەروونییەیە و هەولدانیەتی بۆی، بریتی نیە لە دەستەبەرکردنی خودی ئازادی. جا ئەم چیرۆکە بە تایبەت لە وڵاتانی وەک لای ئێمە دەخوا.

لە وەها وڵاتێک دا بە گشتی دوو دەستە مرۆڤ دەبینرێن: دەستەیەک کە زۆرینەن و بە دۆخی باو رادێن و حەزی ئازادی لە ناویاندا پاشەکشە دەکا بەرەو پاشخانەکانی زەین و بیریان و، دەستەیەک کە یەکجار کەمینەن، بە دۆخی باو رانایەن و حەزی ئازادی وەها تیایاندا گەشە دەکا کە دەبێ بە پێوەری کردە و ژیانی رۆژانەیان. دەستەیەک کە ئازادی بۆ ئەوان خاوەن مانای دەرەجە چەندەمە و بۆ دەستەیەکی تر خاوەن مانای یەکەم. دۆخێک کە دەبێتە هۆی هێنانە گۆڕێ قارەمان و زۆرینە تێیدا پێیان وادەبێ کە ئەو کەمینەیە دەتوانێ وەک قارەمان ئازادییان بۆ مسۆگەر بکات.

هەڵبەت ئیستا ئەم چاوەڕوانیانەیش بۆ جۆرێک کۆتاییان پێ هاتووە. زۆر سادە بەو هۆیەوە کە قارەمان ئیستا وەک جاران نەماوە و ژیانی بە هۆی جیهانی پێوەندییەکانەوە ئاشکرایە و ئیتر لەو پیرۆزییەی کەم بووەتەوە. لە راستیدا بەشێک لە هۆکاری پیرۆزیی قارەمان، شاراوەبوونی بوو.

لە وەها دۆخێک دا چونکە سارتەر گوتەنی مرۆڤ مەحکووم بە ئازادییە، ئەوا خودی زۆرینە مەجبوورە بەرەبەرە بیر لەوە بکاتەوە کە دەبێ بۆ خۆی هەوڵێک بدا و لە راستیدا هیچ قارەمانێک وجودی نیە بۆ ئەوەی ئازادیی بۆ بە دیاری بێنێ.

ئەمە گەورەترین جوڵە دەبێ. پێش هەموو شتێ لەبەر ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆرتر دەجوڵێ. حەجمی زۆریش کە دەجوڵێ، زەمەن و شوێنی بەرفراوانتری دەوێ.

بەم شێوەیە چیرۆکی ئازادی دەبێ بە چیرۆکێکی خاوەن رەوتێکی هێواش کە ئازادیخوازی کەمینە چونکە عادەتی بەم جۆرە لە خێرایی نیە، زۆریان تێیدا دەکەونە حاڵەتێکی قەیراناویی رۆحییەوە.

بەڵام گەر ئازادیی کۆمەڵگا، چیرۆکی خودی هەوڵەکانی وەها کۆمەڵگایەک بێت، چار نیە کە مل بدەینە ئەم رەوتە هێواشە، کە بێگومان رۆژێک خێرایی پیویستیش پەیدا دەکا.

Image result for frihet kunst

بازدید: 923