ما 4844 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رۆمان و شەڕ

 لە ئەدەبییاتی بەرنگاریدا شەڕ لە شێوازی بەرنگاربوونەودا تەقدیس دەکرێ. کاتێک بەرنگاری دەبێتە هۆی مانەوەی ئەوانەی وا لە لایەن هێزی دژەوە هەڕەشەی نەمانیان لێدەکرێ، ئەوا شەڕ حاڵەتی موقەدەس پەیدا دەکا. لە ئەدەبییاتی ئاشتی خوازانەدا شەڕ بە گشتی دەخرێتە ژێر پرسیارەوە و ئیدی بە تەواوەتی گومانی لێدەکرێ.

 

 

کاتێک شەڕ دێت، ئەدەبییات بە چەند شێوە دەتوانێ لە گەڵی رووبەڕوو بێتەوەو، لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا دەتوانێ هاوکات چەند فۆڕم لە خۆی دەربخات: یەکەم، ئەدەبییاتی بەرنگاری، دووهەم، ئەدەبییاتی ئاشتی خوازانە و دژە شەڕ، سێهەم، ئەدەبییاتی ئەبسوردیسم یان پووچگەرایی.

لە ئەدەبییاتی بەرنگاریدا شەڕ لە شێوازی بەرنگاربوونەودا تەقدیس دەکرێ. کاتێک بەرنگاری دەبێتە هۆی مانەوەی ئەوانەی وا لە لایەن هێزی دژەوە هەڕەشەی نەمانیان لێدەکرێ، ئەوا شەڕ حاڵەتی موقەدەس پەیدا دەکا. لە ئەدەبییاتی ئاشتی خوازانەدا شەڕ بە گشتی دەخرێتە ژێر پرسیارەوە و ئیدی بە تەواوەتی گومانی لێدەکرێ. لە ئەدەبییاتی ئەبسوردیش دا جۆرێک لە بێ خەمی بەرامبەر بە شەڕ و ئاکامەکانی دیارە، ئەوەی کە چونکە ژیان لە بنەڕەتدا پووچە، کەواتە هەموو دەرکەوتەکانیشی دەتوانێ لە هەر حاڵەتێکیدا پووچ بێت.

بەڵام دەکرێ حاڵەتێکی تریش هەبێ، واتە تێکەڵێک لە هەر سێکیان. بۆ وێنە لە رۆمانێکدا (رۆمانە مێژووییەکان)، ئەمانە پێکەوە دەردەکەون. لەم ژانرەدا بە هۆی زۆرینە بوونی کەسایەتییەکان دەکرێ لە سێ کەسایەتی جۆربەجۆردا، کە هەر کامەیان نوێنەری روانگەیەک بێت، ئەم سێ روانگە فەلسەفییە رەنگ بدەنەوە. ئیتر لێرەدا ژیان بە هەموو جۆراوجۆرییەکانییەوە دەردەکەوێ. پانتایی رۆمانەکە دەبێتەوە ململانێ و لێک نزیک و دووربوونەوەی ئەم سیانە. هەروەها لە رۆماندا دەکرێ شاهیدی جێگۆڕکێی ئەم سێ بیرە لە پرۆسەیەکدا لە یەکێک لە کەسایەتییەکاندا بین. بۆ وێنە کەسایەتییەک دەتوانێ سەردەمانێک شۆڕشگێڕ بێت، سەردەمانێک ئاشتیخواز و سەردەمانێکی تریش پووچگەرا. لە راستیدا وێککەوتنی رووداوە دەرەکییەکان و حاڵەتە دەروونییەکان دەتوانێ زۆر گۆڕانکاری لە مرۆڤدا دروست بکا.

 لەم ساتە وەختەدا کە شەڕ ناوچەکەی ئێمەی گرتووەتەوە، دەبینین کە ئەم سێ حاڵەتە (بە تایبەت یەکەم و دووهەمیان) لە ناو زۆرینەی خەڵکدا یەکجار بەرجەستە بوونەتەوە. شەڕ، زیاتر لە هەر کاتی تر ناچارمان دەکا هەڵوێستی خۆمان لە بەرامبەریدا دەربخەین. ئەم خۆدەرخستنە گەر لە رۆماندا دەرفەتی خۆنواندن پەیدا بکا، ئەوا بێگومان پانتایی رۆمان سەرەڕای جۆراوجۆریی روانگەکان، دەبێتە چڕترین شوێن بۆ نواندنەوەی تراژیدیای شەڕاوی ژیان کە هێشتا لە ناوچەکەی ئێمە بەردەوامە و بەرۆکی ژیانی بەرنەداوە. تراژێدیایەک کە جارێکە بە هۆی حیماسەتە سیاسییەکانەوە، قوڵاییەکانی هێشتا لێڵە.

سایتی قەڵەم 15.10.2014

   

 

 

گەڕان بۆ بابەت