ما 6061 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خراپترین جۆری رۆشنبیری

کە هومێد لە ئاستی سیاسی دا دروست دەبێ، نووسین و جووڵانەوەی رۆشنبیری جم و جۆڵی تێدەکەوێ. کە هومێدیش بە هەمان رادە لە بواری سیاسی دا لاواز بوو، ئەوا بە پێچەوانەوە نووسین و جوولانەوەی رۆشنبیری دادەبەزێ و پاشەکشە دەکا. ئەمە یەکێک لە هاوکێشە ترسناکەکانی سەردەمە.

 

رەنگە بگوترێ ئەمە ئاساییە. چونکە سیاسەت ئەو شوێنەیە کە ئەرەستو گوتەنی زۆر یەک لە شوێنەکان پێکەوە دەسبەستێتەوە. بەڵام نابێ لەبیری بکەین ئەو نووسین و رۆشنبیرییەی تەنیا پەیوەستە بە رەوتی هەڵبەز و دابەزی سیاسەتەوە، ئەوا بێ بنەماترین جۆری نووسین و رۆشنبیرییە.

بۆچی؟ پێش هەر شتێک لەبەر ئەوەی رۆشنبیری و نووسین لەگەڵ ئەوەی وەک هەر دیاردەیەکی تری کۆمەڵایەتی ـ رۆحی لەگەڵ زۆر پنتی تر پەیوەندی هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا خاوەن بنەمای سەبەخۆی خۆیەتی و دەبێ سەرەڕای هەر دۆخێک بتوانێ وجود و بەردەوامیی خۆی لە ئاستێکی شیاودا پیشان بدات. لە راستیدا رۆشنبیری لەگەڵ ئەوە لە گەڵ سیاسەت دراوسێیە، بەڵام خاوەن خانووی خۆیەتی و لە پەنجەرەی خۆیەوە دەڕوانێتە دونیا. جێگۆڕکێ کردن بەم پەنجەرەیە و گواستنەوە بۆ خانووی دراوسێ، خەساوترین جۆری کرداری رۆشنبیرییە.

کەم نین ئەوانەی لە رۆشنبیری و نووسین تەنیا وەک ئامراز بۆ سیاسەت دەروانن و بەس. ئەمە نەک تەنیا لاوازکردنی نووسین و رۆشنبیرییە، بەڵکو لاوازکردنی سیاسەتیشە بە مانا ئەرەستۆییەکەی. چونکە سیاسەتیش بە بێ نووسین و رۆشنبیری، ناتوانێ بە ئەرکی خۆی هەستێ.

کەواتە ئەوانەی پاندۆڵی نووسینیان تەنیا بە دەوری سەعاتی سیاسەتدا دەگەڕێ، کۆمەڵیک مەعامەلەچین و بەس.

سایتی قەلەم

٢٨ مەی ٢٠١٨

Image result for intelektualisme

گەڕان بۆ بابەت