ما 6632 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەر سێکیان سەردانی هەمان چاخانە دەکەن. ریک لە دووای سەعاتی پێنجی ئێوارە. لە سەر سێ کورسیی جیاجیایش دادەنیشن. بە سێ بزەی جۆراوجۆرەوە و بە سێ تەسبێحی رەنگ رەش، پەمەیی و سوورەوە. سەر دادەخەن و لە کاتێکدا خێراخێرا دنکەکان لە نێوان پەنجەکانیاندا سووڕدەخۆن، بە دەنگێکی نە زۆر بەرزەوە داوای چایی دەکەن.

 

سێ پیاو

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

هەر سێکیان حەزیان بەو ساڵەیە و وەک گرینگترین ساڵی تەمەنی خۆیان لێکی دەدەنەوە، هەرچەند هەر سێکیان لە سێ تەمەنی جۆربەجۆردان. یەکیان شەست ساڵە، ئەوی تریان پەنجا ساڵ و سێهەمینیان چل ساڵ.

 

ئەوەی یەکەم، ئەو ساڵەی لا ئازیزە چونکە بۆ هەمیشە گەیاندییە خێر و بێر و، کردی بە پاشای وڵات. دووهەمیان لەبەر ئەوەی لەو ساڵەدا بۆ یەکەم جار توانی لە گەڵ ژنێک سێکس بکا و لە نزیکەوە هەموو کەلێن و قوژبنی جەستەی ژن ببینێ و، سێهەمیشیان لەبەر ئەوەی لەو ساڵەدا بوو، بوو بە شۆڕشگێڕ و هەتا ئیستایش شانازی بەم حاڵەی خۆیەوە دەکا.

 

هەر سێکیان سەردانی هەمان چاخانە دەکەن. ریک لە دووای سەعاتی پێنجی ئێوارە. لە سەر سێ کورسیی جیاجیایش دادەنیشن. بە سێ بزەی جۆراوجۆرەوە و بە سێ تەسبێحی رەنگ رەش، پەمەیی و سوورەوە. سەر دادەخەن و لە کاتێکدا خێراخێرا دنکەکان لە نێوان پەنجەکانیاندا سووڕدەخۆن، بە دەنگێکی نە زۆر بەرزەوە داوای چایی دەکەن.

 

ئەگەرچی یەک عادەتیان هەیە و بەڕێکەوت لەگەڵ یەکتر روو لە چاخانەکە دەکەن و بە بێ ئەوەی بە یەکتر بزانن هەر سێکیان شێت و شەیدای ئەو ساڵەن، بەڵام نە وەک هاوڕێیەتی یەکتر دەناسن و نە هەتا ئیستایش بە رێکەوت سڵاویان لە یەکتر کردووە. بگرە بە دەگمەنیش چاویان بە ناوچاوی یەکتر کەوتووە.

 

چاییچییەکە سێ چایی بە هەمان ئەندازە یەک رەنگیان بۆ دەبا و بەدەم دانانیانەوە، بەخێرهاتنیان دەکا. ئەوانیش بە بزەوە وەڵامی دەدەنەوە. دونیا لە دەرەوە بۆ ئەوەی یەکەم هەمیشە بەهارە و، بۆ ئەوەی دووهەمیان یادی بەهار و بۆ سێهەمینیان بەهارێک کە بە رێگاوەیە.

 

ئەوەی یەکەم ئیستایش تێناگا چۆن چۆنی ئەو سالە روویدا و چۆن چۆنی ئەو هەموو خێرو بێرەی بەسەردا رژا. ئاخر ساڵی پێش ئەوە، دونیا یەکجار بێدەنگ و ئارام بوو. هەموو شتێ ئەوەندە لە دووپاتبوونەوەی خۆیدا بوو کەس خەیاڵی نەدەچووە سەر گۆڕانێکی ئەوەندە گەورە و کتوپڕی. شەقامەکان، ئاپۆرای خەڵکی و... ،... بەڵام هەر ئەمە فێری کرد کە دەستێکی نهێنی هەیە لەو پشت پشتانەوە، دەستێک کە دونیا دەگێڕێ،... بە بێ ویست و ئیرادەی مرۆڤەکان. بۆیە لەگەڵ تێپەڕینی زەمەن، باوەڕی بەخودا زیاتری کردبوو. ئا، لە راستیدا قەدەر و ویستی خودا بووە! خەنی لەوەی خودا لەو ساڵەدا ئاوەها لەبیری دا بووە، چەند سووڕێکی تری خێرای بە تەسبێحە رەشەکەی دا و پیاڵە ناوقەد باریکەکەی هەڵگرت و قومێکی لێدا. نەک قومێک، دووان و سیان و هەتا گەیشتە بنەکەی. پڵتەکان بە لێویەوە مانەوە. قووتی دان. بەڵام حەزی لە تامی تاڵی بوو. داگیرسانی جگەرە بەسەریاندا تامێکی تری دەبەخشی.

 

ئەوەی دووهەم، بۆ ئەو کە کەسێکی شەرمن بوو، قەرەباڵغیی ئەو ساڵە دەرفەتی دابوو خۆی بگەیەنێتە ژنێک. ئەویش بەرێکەوت. کاتێک کۆڵان چۆڵ بوو و تەنیا پیرەپیاو و پیرەژنە پەککەوتەکان لە ماڵەوە ببوون. ئەو جارە، هەتا ئیستایش یەکەم جار و دوواجاری ئەو دەبێ! بەڵام بۆ پیاوێکی گەمژەی وەک ئەو ئەمە بەسە! تام و یادەوەرییەکەی ئەوەندە بەهێزە کە بەشی هەموو تەمەنی داهاتوویشی دەکا. بۆیە لە خەیاڵ و لە بەسەرکردنەوەی ئەو رووداوە گرینگەی ژیانی تێرنابێ. دەیسووڕێنێ و دەیسووڕێنێ. تەسبێحە پەمەییە درێژەکەی دەچەرخێنێ و بەدەم ژماردنەوە کە دەگاتە ژمارەی پەنجاو حەوت، هەڵوێستەیەک دەکا و ئارام خۆی دەکێشێتەوە. بیردەکاتەوە چ دەبوو هەموو ساڵێک ئاوەها خەڵکی بڕژێنە سەر شەقام و دەست بکەن بە ژاوەژاو و هات و هاوار؟... ها چ دەبوو؟ بەڵام بە داخەوە هەر ئەو جارە بوو و بەس. ئەو ساڵە لای ئەو، تام و بۆنی ژن دەدا. ژنێکی دوورە دەست کە تەنیا یەکجار دەرفەتی پێدا. ژنیکی تەم ئاسا. ژنێک کە زۆر خێرا، هەر ئەو ساڵە ون بوو و کەس نەیزانی چی لێ بەسەرهات. ئەمیش کە دەگاتە ئێرە، پێش ئەوەی جگەرەکەی داگیرسێنێ، قومێک لە چاییەکەی دەدا و بە زمان پڵتەکان دووردەخاتەوە و دەهێڵێ بە قەراخی پیاڵەکدا شۆڕببنەوە.

 

ئەوەی سێهەم کە پێی وایە شکۆی ژیان بەو ساتەوەیە خەڵک و شەقام دەچنە پەیوەندێکی ترەوە، دەڵێ جێ هێشتنی شەقام هەڵەیەکی گەورە بوو. هەڵەیەکی گەورە بوو ئەگەرچی دەسەڵاتی پێشوو نەما و دەسەڵاتێکی نوێ جێی گرتەوە. پێی وایە مەبەست لە گرێدانی شەقام و خەڵک لەو ساڵەدا تەنیا جێگۆڕکێ بە دەسەلات نەبووە، بەڵکو ئەوە بووە خەڵکی فێربن بوون و کەسایەتی ئەوان کاتێک پارێزراوە کە چەندە هەست بە هەبوونی خۆیان لە ناو خانووەکانیاندا دەکەن، دەبێ هەر بەو رادەیەیش هەست بەم هەبوون و دڵنیایی لەم هەبوونە لە شەقامیشدا بکەن. بۆیە لە خولیای گەرانەوەی ئەو ساڵە، یاخود درێژکردنەوەی بۆ ئیستا وازی نەهێناوە. ئەویش کە دەگاتە ئێرە سووڕێکی خێراتر بە تەسبێحە سوورەکەی دەدا، ئەوسا قومێک لە چاییەکەی دەدا و یەکەم دووکەڵی یەکەم مژی سیگارەکەی دەکا بە ئاسمانی چاخانەکەدا.

 

ئەوەی سەیرە ئەمەیە کە کەسی یەکەم نازانێ، خاوەنی تەسبێح پەمەییەکە، رێک لەو ساڵەدا کە ئەمی بە خێر و بێر گەیاندبوو بۆ یەکەم جار و دوواجار خۆی گەیاندبووە ژنێک و، خاوەن تەسبێحە سوورەکەیش ئەگەرچی خێر و بێرێکی لەو ساڵە نەبینیوە کەچی لەبیری بەردەوامیی ئەو ساڵەدایە.

 

سەیرتر ئەوەیکە ئەوەی دووهەم دەزانێ کە خاوەن تەسبێحە رەشەکە، بە هۆی ئەو ساڵەوە، خواپێداوە و هەر خۆی حسێبە و کەچی سەبارەت بە خاوەن تەسبێحە سوورەکە هیچ نازانێ.

 

یەکجار سەیرتریش ئەوەیکە کەسی سێهەمیش دەزانێ ئەوەی یەکەم، بە هۆی هەمان ساڵەوە، خواپێداوە و کەچی نازانێ خاوەن تەسبێح پەمەییەکە لەو ساڵەدا شیلاوی چ تامێک رژاوەتە ناو رۆحییەوە.

 

من پێم وایە نە تەمەنی کەسی دووهەم بەشی بینینەوەی بەڕێکەوتی ژنێکی تر لە ساڵێکی تری وەهادا دەکا و، نە تەمەنی کەسی سێهەمیش بەشی بینینەوەی شۆڕشێکی تر بۆ ئاشتکردنەوەی شەقام و خەڵک. خاوەن تەسبێح پەمەییەکە لەبەر ئەوەیکە ریشی سپی بووە و دەموچاوی گنجی تێکەوتووە و ئیتر هیچ ژنێک لەم دونیایەدا لەسەر پیاوێکی وەها خۆی لە خەتەر نادا. پیرێژنیش کە چیتر تاقەتیان لەم بەزمە نەماوە! خاوەن تەسبێح سوورەکەیش لەبەر ئەوەیکە ئیستا شەقام لە ناو شارەوە گواستویەتییەوە بۆ ناو نێت.

 

بەڵام لە یەک شت تا رادەیەکی زۆر دڵنیام. ئەویش ئەوەیکە تەمەنی ئەوەی یەکەم هێشتا دەتوانێ لێواولێو بێت لەسەرسوڕمان بەو سالەی ئەوی بەم دۆخە گەیاند.

 

Image result for Tre menn kunst

 

گەڕان بۆ بابەت