ما 7805 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەلاح بەهرامی

من کە خۆم هەر لە فکردا ون بووم، هێندەی تر چەقیمە ناوی. جەمە و کەیوانیش به هەمان شێوە. وتەکانی ئەردە ڕاست بوون، ئێمە کەسمان نەکوشت، ئێمە خۆمان کوشت، ئێمە بەرەو مەرگی خۆمان ڕۆیشتین، ئێمە بەرەو پێش نەچووین، ئێمە بۆ دواوە گەڕاینەوە. 

 

مەیدانی دوانزە سوارە ٩

سەلاح بەهرامی

چەکەکانمان هەڵگرت. وتمان دەبێ ئەمشەو تۆڵەی هەزار ساڵ بکەینەوە. من بڕوام بە چەک نەبوو، پێم وایە جۆرێکە لە توندوتیژی. بۆیە دارێکم هەڵگرت. ئەمشەو دەبێ بیسەلمێنم مەیدانی دوازدە سوارە موڵکی ئێمەیە و هیچ کەسێکی نامۆ بۆی نییە پێ بخاتە ئەو مەیدانە. جەمشید کوڵتێکی هەڵگرتبو. کەیوان ویزییەکی پێبوو. من بە دارەکەوە بەرەو چوارڕای شەبرەنگ وەستابووم. جەمشید بەرەو فەرمانداری، کەیوان بەرەو بیمارستان قەدیم وەستابوو.

وتیان ئاخر تۆ چۆن بە دارێکەوە دەتەوێ ڕووبەڕوویان ببیتەوە. وتم پاش دەسڕێژی ئێوە من ئەچمە سەریان وهەرکام زیندوو بوو بە دار ئەیکوژم. نازانم بۆ ئەو دارەم هەڵگرت. خۆ چەک زۆر بوو،  بەڵام من چەک بە دوژمن دەزانم، چۆن دەکرێ بە دوژمن دوژمن بکوژیت، کەوایە دار باشترە.

لە لای فەرماندارییەوە هاتن. جەمە تەقەی کرد لە شوفیرەکە. یەکسەر پێکای. ماشینەکە دای بە لای جەدوەلەکانا و کەیوانیش لەو لاوە دەسڕێژی لێکردن. منیش حەپەسابوم نەک لە کوشتنەکە، بەڵکوو لە دەنگی تەقەکە، بەڵام بۆ یەکەمجار پێم خۆش بوو بکوژی مرۆڤێک بم. جەمشید قیڕاندی بەسەرما وتی دەی کەم بچۆ ناو فک ، بچۆ بە دارەکە تەواوی کە! چوومە سەریان، هەموو خوێناوی بوون. نەمدەزانی کامی زیندووە کە بیکوژم. یەکسەر وتم لە هەموویان دەدەم. بە دارەکە نیشتمە سەریان، بەڵام یەکسەر پەشیمان بوومەوە. نەک لەبەر کوشتن، لەبەر بیرکردنەوە. من کە بیردەکەمەوە لە هەموو شتێک پاشگەز دەبمەوە. ئێستاش لە کوشتن پەشیمانم.

تەرمەکان لە ناو ماشینەکە کەوتبوون. کەیوان وتی با گڕی بدەین. جەمە وتی نا با جارێ وێنەی بگرین بۆ مێژوو، با نەوەی داهاتوو بزانێ باب و باپیرانیان چەند نەترس بوون. چەند وێنەمان گرت، منیش بە دارەکەوە وێنەکەم گرت.

چەند خولەک نەبوو کە چوار یا پێنج کەسمان لێ کوشتن. لەپڕ دەنگی کەسێک هات، وتی خۆمانین تەقە مەکەن! ئەردە بوو، وتی باشە خۆ ڕۆژ دەبێتەوە ئەبێ هەر مەیانەکە چۆڵ کەن، ئەمە چ کارێک بوو، خۆ دەبێ هەمووتان هەڵبێن و بڕۆن. وتمان دەی دەڕۆین. وتی جێهێشتنی نیشتمان هەروا گەمە نییە، بە ڕۆیشتنتان وا بزانن خۆشتان کوشتووە. هەرکە ڕۆیشت لە نیشتمانی خۆی، بەردەوام و هەموو ڕۆژێک دەمرێت. وتی دەتانتوانی ئەمەش نەکەن و بە شێوازێکی تر خزمەت بکەن، هاوکاری دەورووبەر و خەمی شارەکەتان بخۆن و پەرۆشی بن

من کە خۆم هەر لە فکردا ون بووم، هێندەی تر چەقیمە ناوی. جەمە و کەیوانیش به هەمان شێوە. وتەکانی ئەردە ڕاست بوون، ئێمە کەسمان نەکوشت، ئێمە خۆمان کوشت، ئێمە بەرەو مەرگی خۆمان ڕۆیشتین، ئێمە بەرەو پێش نەچووین، ئێمە بۆ دواوە گەڕاینەوە.

بەڵام گرینگ نەبوو، ئێمە چووین تۆڵە کەینەوە، نەچووین بۆ پێشکەوتن یان... ، ئێمە داخی خۆمان هەڵڕشت، چیدەبێ با ببێ، با دونیا کاول بێ، مادەم ئێمە خنکاوین!

Image result for krig kunst

گەڕان بۆ بابەت