و: هاوڕێ یوسفی

دەوڵەت لەبنەمادا دەتوانێت چاککردنەوە گەڵاڵە بکات و بەڕێوەی ببات بەو مەرجەی هەم کرێکاران و هەم سەرمایەداران سازشگەل و ڕێکەوتنگەلێکی گونجاو بکەن و هەروەها دەتوانن پێش بەو قەیرانانەی بەڕێوەن بگرێت بەومەرجەی هەردوولا بڕێک نەرمی بنوێنن. 

 

دەربارەی قەیرانە ئابوورییەکان

ئەنوەر شەیخ

و: هاوڕێ یوسفی

 

لە باسی تیۆرەکانی قەیراندا، دەبێت جیاکاری بکەین لە نێوان قەیرانە گشتییەکان، کە پابەندە بە لەبەریەک هەڵوەشانەوەی بەرینی پێوەندیە ئابووری و سیاسییەکانی بەرهەمهێنانەوە، لەگەڵ قەیرانە پاژەکی و خولە بازرگانییەکان، کە تایبەتمەندیی باوی مێژووی سەرمایەدارییە. لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئارەزووی تاکی بۆ قازانج بەشێوەیەکی بازنەیی لەگەڵ پێشویستیی بابەتیی دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتیدا بەریەک دەکەون. قەیرانە پاژەکییەکان و خولە بازرگانییەکان تەنیا مێتۆدی جەوهەریی سیستمن بۆ یەکخستەنەوەی ئەم دووانە. ئەوکاتەی سیستم تەندرووستە، بەخێرایی بە بشێوییە جەوهەریەکانی چاک دەبێتەوە. بەڵام بەهەر ڕادەیەک ناتەندرووستتر بێت، خولی چاکبوونەوەکەی درێژتر دەبێتەوە، خلەکانی چاکبوونەوەی کەمخوێنتر دەبێتەوە و ئەگەری چوونی بۆناو قۆناغی دوور و درێژی دابەزین زیاتر دەبێت. بۆنموونە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، گەرچی لەدرێژەی 150 ساڵ لە 1834 تاکو ئەوڕۆ سی و پێنج خولی ئابووری و قەیران بوونی هەبووە، تەنیا دوانیان_ دابەزینە گەورەکانی 1873 تا 1893 و 1929 تا 1941_ بە قەیرانی گشتی دادەنرێن. ئەو پرسیارەی کە هەنووکە ڕووبەڕووی جیهانی سەرمایەداری بۆتەوە ئەمەیە کە ئایا دابەزینی گەورەی دەیەی 1980یش ڕۆژێک لە ڕۆژان بە لیستەکە زیاد دەبێت یان نا (مێندێل 1972، برێنز 1969).

مارکس بۆ شیکردنەوەی سیستمی سەرمایەداری بەردەوام ئاماژە بە "یاساکانی جووڵە"ەکەی دەکات. بۆنموونە، ئەو قسە لە ئاراستەی ئاستی داگەڕانی قازانج دەکات، بەڵام هاوکات ئاراستە بەتاڵکەرە جۆراوجۆرەکان بەدەستەوە دەدات کە "بەدواهاتەکان و کاریگەرییەکانی یاسای گشتی ڕەت دەکەنەوە." بەم چەشنە، ئەم پرسیارە دێتەئاراوە: چلۆن لە ئاراستە و دژە ئاراستە، "یاسا" سەرهەڵدەدات؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەمە دوو شێوەی بنەڕەتی بوونی هەیە، ئەگەرێک ئەوەیە کە ئاراستە جۆراوجۆرەکان وەک کۆمەڵێک کاروبار وێنابکەین کە لەسەر بنەمایەکی یەکسان کاردەکەن و دەجووڵێن. سەرمایەداریی دەبێتە هۆکاری پەیدابوونی کۆمەڵێک ئاراستەی لێکدژ و ئەوکات هاوسەنگیی هێزە ئامادەکان لە "حەقە جێگەیەک"ی مێژوویی تایبەتدا دوا هێڵی سیستم دیاریدەکات. لەم ڕوانگەیەدا، وادەردەکەوێت کە رێفۆرمی بنچینەیی و دەستێوەردانی دەولەتی خاوەن هەندێک ئەگەری شاراوەی گەورەن، چونکە لە بارودۆخی لەباردا دەتوانن هاوسەنگییەکە بشێوێنن و لەم ڕوووەوە  بەڕاستی دەرەنجامەکەی تەنزیم بکەن. ئەم ڕوانگە گشتیە، هەروەک دەیبینین، بنەمای نوێترین تیۆرەکانی قەیرانی مارکسیستی پێکدەهێنێت و خاوەن چەمکگەلێکی پاڵەکیی سیاسیی گرینگە.

لەلایەکی دیکەوە، مارکس بۆچوونێکی کەم تا زۆر جیاوازی سەبارەت بەم بابەتە هەبووە. بۆ ئەو، زۆر گرینگە کە لەنێوان ئاراستەی زاڵ و ئاراستە نەرمکرەوە خوارینەکان جیاوزی دابنێین، چونکە ئەم دووهەمەیان لە کۆمەڵێک سنووردا کاردەکات کە بوار بۆ یەکەمیان خۆش دەکات. لەوێوە کە ئاراستە زاڵەکان سەرچاوەکەیان لە سرووشتی سیستم خۆیەوە وەردەگرن و خێراییەکی بەهێزی پێدەدەن، ئاراستە خوارینەکان بەشێوەیەکی کاریگەر لە سنوورە بزۆزەکاندا دەجووڵێن و بەمانایەک بۆ هێڵێکی دیاریکراو ئاراستە دەکرێن. (لەم سنوورانەدا ئاراستە خوارینەکان دەتوانن بەباشی تەنیا وەک کۆمەڵێک ئاراستەی مڵملانێکەر لەسەر بنەمایەکی یەکسان کاربکەن و بجووڵێن.) لەم ڕوانگەوە، ئەو رێفۆرمە بونیادییانە، دەستێوەردانی دەوڵەتی و تەنانەت ئەو خەباتە چینایەتیانەی کە سرووشتی بنچینەیی سیستم وەک خۆی دەهێڵنەوە خاوەن کۆمە      ڵێک ئەگەری سنووردارن، ڕێک لەوڕووەوە کە بە خوارینەبوونی لەپەیوەندیدابە بزۆزیی جەوهەریی سیستمەوە کارەکەیان کۆتایی پێدێت.

هەنووکە دەتوانین دوو تیپی گەورەی تیۆرەکانی قەیران، بەپێی دوو بۆچوونی مێتۆدۆدلۆژیکی جیاواز بۆ مێژووی سەرمایەداری بناسینەوە: تیۆری ئەگەر، کە بەپێی چەمکی یاسا وەک بەرەنجامی ئاراستە پێکناکۆکەکانە کە تیایدا قەیرانە گشتیەکان ڕوودەدەن ئەگەر و ئەوکاتەی بەردەوامەتیەکیی دیاریکراوی نێوان فاکتەرە مێژووییەکان دەستەبەر ببێت و تیۆرەکانی حەتمەیەت/ پێویستی کە بەپێی چەمکی یاسا وەک مەزهەری ئاراستەی زاڵی جەوهەرییە کە ئاراستە نەرمکرەوەکان ملکەچ دەکات و تیایدا ڕوودانی بازنەیی قەیرانە گشتییەکان ناچارەکی و حەتمیە (گەرچی، هەڵبەت، فۆرمی تایبەت و زەمەنداری لەناو سنوورەکان، فاکتەرە مێژوویی و ناونشینەکان دیاریی دەکەن). دەردەکەوێت کە تیۆرە مارکسیستییە نوێکان لەمەڕ قەیران دەرخەری ئەم دوو بۆچوونەیە.

تیۆرەکانی قەیران

 لێرەدا دەتوانین دوو گرووپی گەورە دیاری بکەین: تیۆرەکانی کەم مەسرەفی/ دابەزین، و تیۆری بچووکبوونەوەی حەقدەست.

ئا) تیۆرەکانی کەم مەسرەفی/ دابەزین (Underconsumption/ Stagnation Theories)  

لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا بەهای پارەیی بەرهەمێکی تایبەت یەکسانە لەگەڵ کۆی ئەو حەقدەستەانەی کە بە کرێکاران دەدرێت لەگەڵ ئەو قازانجانەی کە دەبێتە هی سەرمایەداران. لەوێوە کە بە کرێکاران کەمتر لە بەهای کۆی بەرهەمە ڕووتەکە حەقدەست دەدرێت، مەسرەفی کرێکاران هیچکات بەشی کڕێنەکەی ناکات: مەسرەفی کرێکاران "درزی داواکاری" درووست دەکات و بەهەر ڕادەیەک کە پشکی قازانجەکان لەبەراوەرد لەگەڵ حەقدەستەکان لە زێدەباییدا زیاتر بێت، ئەم درزەی داواکاریە زیاتر دەبێت. هەڵبەت سەرمایەداران بەشێکی قازانجەکانیان مەسرەف دەکەن و ئەمە یارمەتیی پڕکردنەوەی بڕێکی ئەم درزە دەکات. سەرباری ئەمە، بەشە سەرەکیی داهاتەکەن کۆدەبێتەوە، مەسرەف ناکڕێت و بەشێوەیەکی کەینزی ئەم [بڕە] کۆکراوە بە "لێوڕێژ" (leakage)ێک لە داواکاری دادەنرێن کە دوا بنەماکەی وەک پێشوو لەسەر داهات و مەسرەفی سنوورداری جەماوەرەکان دەوەستێت. ئەگەر ئەم بەشەی درزی داواکاری کە ڕووی لە [بڕی] کۆکراوەی سەرمایەدارانە پڕ نەبێتەوە بەشێکی بەرهەمەکە نافرۆشرێت یان لانیکەم بە نرخگەلێکی ئاسایی نافرۆشرێت، بەچەشنێک کە کۆی سیستمەکە تووشی بچووکبوونەوە دەبێت تاکو قازانجەکان ئەوەندە دادەبەزێت کە سەرمایەداران ناچاردەبن کۆی داهاتەکەیان مەسرەف بکەن_ ئەوکات چیتر هیچ سەرمایەگوزارییەکی ڕووت (بێگەرد) و هەروەها هیچ گەشەیەک لەئارادا نابێت. لێرەوە، دەگوترێت کە لۆژیکی ناوەکیی ئابووریی سەرمایەداری بەرەو دابەزین دەیتلێنێت.

هەڵبەت درزی داواکاری نەک بەتەنیا مەسرەف بەڵکو هەروەها داواکاریی سەرمایەگوزاری (داواکاری بۆ کارخانەکان و کەرەستەکان)یش ناتوانن پڕی بکاتەوە. بەهەر ڕادەیەک کە ئەم داواکارییە زیاتربێت، بەهەر ڕادەیەک ئاستی بەرهەمهێنان و [هەلی] کار لە سیستمەدا لەهەموو کاتەکاندا زیاتربێت، خێراتریش گەشە دەکات. بەم پێیە، لەکۆتاییدا، دوا جووڵەی سیستم بەپێی کردار و پرچەکرداری نێوان ئاراستەی ڕووەو دابەزین، کە بەهۆی پلانەکانی [بڕی] کۆکراوەی سەرمایەدارەکان سەرهەڵدەدات و ئاراستەی نەرمکەرەوە ڕووی لە پەرەسەندن و گەشەیە، کە بەهۆی پلانەکانی سەرمایەگوزاری سەرهەڵدەدەن. سەرمایەداران [بڕە پارەکەیان] کۆدەکەنەوە چونکە وەک سەرمایەدارانی تاک دەبێت هەوڵبدەن گەشەبکەن بۆئەوەی بژین و بمسەرمایەدارانی تاک دەبێت هەوڵبدەن گەشەبکەن بۆئەوەی بژین و بمێننەوە. بەڵام تەنیا ئەوکاتە دەتوانن سەرمایەگوزاری بکەن کە ئەگەرە بابەتییەکان بوونیان هەبێت و ئەمە وەک خۆی پابەندە بە دوو فاکتۆرەوە. ئەگەر وردتر قسە بکەین، بنچینەی بازرگانی و موعامەلە ئەوکاتە سازدەبێت کە باڵادەستیی وڵاتێکی سەرمایەداری تایبەت (بریتانیا لە سەدەی نۆزدەهەم و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیستەمدا) ئەو ئەگەرەی پێدەدات کە سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی نێونەتەوەیی ڕێکبخات و پتەوی بکات. [بڕیار و] پاڵنەری سەرمایەگوازاریی بەربڵاو ئەوکاتە دەستەبەر دەبێت کە کۆمەڵێک بەرهەمی زۆر و نوێ، بازاڕە نوێکان، تەکنۆلۆژیا نوێکان پاکیان هاوتەریب دەبنەوە. ئەوکاتەی کە بنچینە و پاڵنەر دەکەونە ژیانێکی هاوبەشەوە، فاکتەرە بەرینخوازانەکان باڵادەست دەبن. لەلایەکی دیکەوە، هەربەو شێوەی کە پاڵنەر دەگاتە کۆتایی و ڕکابەریی نێوان_ سەرمایەداریی دەسبەجێ بنچینەکە سست دەکات، لەخاڵێکدا، فاکتەرە ناکۆکەکانی خۆی سەردەخەن و دابەزین دەبێتە فەرمانی ڕۆژ_ هەڵبەت تائەوەی کە نەزمێکی هێژێمۆنیکی نوێ (کە ڕەنگە لەڕێگەی جەنگی جیهانییەوە سازدەبێت) و تەقینەوەیەکی نوێی کەشەکان، دەیسان سەردەمێکی دیکەی گەشە دەستپێدەکات.

هیچکام لەمانە لە بنەوەڕا پرسی دەسەڵاتی پاوانکراو ناگۆڕێت. دەگوترێت کە لە سەرمایەداریی مۆدێرندا هەندێک دامەزراوەی بەهێز بەسەر پیشەسازییدا باڵادەستن و بە سنووردارکردنەوەی بەرەنجام و زیادکردنی نرخەکان دەتوانن داهات لە بەرژەوەندی خۆیان و بە بەهای کرێکاران و دامەزراوە سەرمایەدارییە بچووکترەکان سەرلەنوێ دابەشبکەنەوە. لەوێوە کە سەرمایەدارانی گەورەتر ڕێژەیەکی زیاتری داهات کۆدەکەنەوە، کۆی کۆکراوەکان زیاددەکات؛ لەلایەکی دیکەوە، بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی نرخەکان و قازانجەکان، دامەزراوە گەورەترەکان پانایی سەرمایەگوزاری لە پیشەسازییەکانی خۆیاندا سنووردار دەکەنەوە و لێرەوە دەربازگەکانی سەرمایەگوزاریی بەردەست سنووردار دەکەنەوە. مۆنۆپۆلییەکان، لەڕێگەی قووڵکردنەوەی درزی داواکاری و هاوکات لاوازکردنی دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری، لەڕوور تیۆریکەوە، کردارانە دابەزین حەتمی و ناچارەکی دەکەنەوە. هەڵبەت، لە کرداردا، "سەرمایەداریی مۆنۆپۆلی"ی پاش جەنگ تا ئەم دواییانە "گەشەیەکی بەردەوامی هەبووە... لەزۆر بابەتدا لەهەرشتێکی مێژووی پێشووی خۆیدا تێپەڕێوە" (سویزی). بەم جۆرە، جارێکی دیکە، نەبوونی دابەزین لەبەر ئامادەیی فاکتۆرە نەرمکەرەوە بەهێزە ناباوەکان ڕوودەکرێتەوە: باڵادەستیی پاش جەنگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمەڵێک بەرهەمی نوێ و جۆرەکانی تەکنۆلۆژیا و تێچووە سەربازییەکان.

لە وەها چوارچێوەیەکدا، ڕوونە کە هەرچەشنە دەستێوەردانێکی ئابووری کە فاکتۆریی بەرینخوازانە پشتیوان و ئاراستە بکات دەتوانێت لەبنەمادا زاڵبێت بەسەر هەڕەشەی دابەزیندا. بۆنموونە، ئابووریی کەینزی باشنگەشەی ئەوەدەکات کە دەوڵەت، چ لەڕێگەی تێچووەکانی خۆیەوە و چ لەڕێگەی دنەدانی تێچووە تایبەتەکانەوە، دەتوانێت دەستی بە ڕووبەرە کۆمەڵایەتیە دڵخوازەکانی بەرەنجام و کار ڕابگات و بەم جۆرە، لە دوا شیکردنەوەدا یاساکانی جووڵەی ئابووریی سەرمایەداری دیاری بکات. کەم مەسرەفیگەراکان ئەم ئەگەرە ڕەت ناکەنەوە. ئەوان تەنیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم کارە هەنووکە نەکردەیە، چونکە لایەنی جیاکەرەوەی سەرمایەداریی مۆدێرن مۆنۆپۆلە نەک ڕکابەری: مۆنۆپۆلی ئارستەی سەرمایەداریی بەرەو دابەزین دەتلێنێت؛ ئەوکاتەی کە ئەم دابەزینە دەستپێدەکات دەوڵەت بە دنەدانی داواکاریی گشتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام پاشان مۆنۆپۆلکاران لەبریی بەرینکردنەوەی بەرهەمهێنان و کار (وەک دامەزراوە ڕکابەرییەکان)، دژکردەوەیان دەبێت بەرامبەر زیادکردنی نرخەکان. بەم چەشنە، بنبەستی نێوان دەسەڵاتی دەوڵەتی و دەسەڵاتی مۆنۆپۆلیی دابەزین لەگەڵ هەڵاوسانی لێدەکەوێتەوە: "دابەزینی هەڵاوسانی" (سویزی، هارمەن 1980، شەیخ 1978). ئەگەر دەوڵەت لە ململانێی بکشێتەوە و دەسپێوەبگرێت، ئەوکات لەگەڵ دابەزیندا ڕووبەڕووین. لەم ڕوانگەوە، پەیدابوونی قەیران، لەبەر بێ ئارەزوویی دەوڵەت بە پەرژانەسەر مۆنۆپۆلییەکان، لەبنەڕەتدا ڕووداوێکی سیاسییە. تیۆری کەینزی بەنگەشەی ئەوەدەکات کە دەوڵەت توانای ئابووریی بەڕێوەبردنی سیستمی سەرمایەداریی هەیە و هەرکە ئەم پێشەکییە قبووڵ بکرێت، هەم بوونی قەیران و هەم چاکبوونەوە [و دەربازبوون لە] قەیران کۆمەڵێک پرسن پەیوەندیدارن بە ئامانجە سیاسییەکانەوە کە ئەم توانایە لەو ئاراستەیەدا کەڵکی لێوەردەگرێت. بەم چەشنە، کەرەکە ئەنجامەکەی ئەمەیە کە بەرنامەی سیاسیی سنووردارکردنەوەی  مۆنۆپۆلییەکان لەڕێگەی کۆنتڕۆڵی نرخەکانەوە، دانانی یاساکان و پلاندانی ئابووریی بەهێزی پشتەوەی هەڵاوسان تێکدەشکێنێت و هاوکات تێچووە گەشەکەرەکانی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و تەنانەت حەقدەستە زۆرەکان نەک چینی کرێکاری والێکرد بەڵکو (بە کەم‌کردنەوەی درزی داواکاری) لە قازانجی کۆی سیستمی سەرمایەدارییش دەبێت. بەم پێیە، ناکۆکییە ئابوورییەکانی سیستمی سەرمایەداری دەتوانین لە چوارچێوەی پانتای سیاسی لاببرێت و چارەسەر بکرێت، بەو مەرجەی بتوانین گوشاری پێویست بهێنرێت تاکو کەریگەریی هەبێت لەسەر دەوڵەت.

سویزی ووشیارانە خۆی لە ئەنجامگیرییە سیاسییە شاراوەکانی بەڵگاندنەکەی دەبوێرێت، هەرچەند کە هۆشداری دەدات کە سەرمایەداران بۆخۆیان دەتوانن شێوازگەلێکی نوێ بۆ ئیدارەدانی سیستم بدۆزنەوە (1979، مۆنتلی ڕێڤیو، خولی 31، ژمارەی 3 ل 12 تا 13). بەڵام ئەوانیدی زۆر کەمتر توودار و قایمکن. (بۆنموونە بڕواننە هەرینگتۆن 1972، چ 12 و 1979، ل 29، ژمارە جۆراوجۆرەکانی بڵاڤۆکی Dollars and Senses بەتایبەت ئۆکتۆبەری 1979 و ژووییە_ ئووتی 1981 و گۆردۆن و ئەوانی دیکە 1982 ل 589 تا 591).

با) تیۆری وێکهاتنەوەی حەقدەست  (Wage Squeeze Theories) 

تیۆرەکانی بچووکبوونەوە حەقدەست تێدەکۆشن قەیرانە گشتییەکان گرێبدەن بە داگەڕانی بەردوامی ئاستی قازانجەوە. دەسپێک، ناسینی ئەمەیە کە _ لە باری یەکساندا_ ئەوکاتەی کە حەقدەستە ڕاستەقینەکان زیاد دەکەن یاخود ماوە یان توندیی ڕۆژکار کەمدەبێتەوە، ئاستی هێزەکیی قازانج کەم دەبێتەوە. بە دەربڕێنێکی مارکسیستی_ لە باری یەکساندا_ داگەڕانی ئاستی زێدەبایی داگەڕاو دەخولقێنێت لە ئاستی گشتیی قازانجدا. سەرباری هەموو ئەمانە، ئەمە بەومانایە کە بڵێین زیادبوونێک  لە حەقدەستە ڕاستەقینەکاندا (کە لەڕووی ماوە و توندیی کارەوە تەنزیم دەکرێت) ئاستی قازانج بەپێی ڕەوتەکەی دادەبەزێنێت. ئەگەر ئاستی قازانج جیا لەم ڕەوتە ڕوولە داگەڕان بکات، ئەوکات زیادبوونی حەقدەستە ڕاستەقینەکان (تەنزیم‌کراو) تەنیا داگەڕانی پێشوختی ئاستی قازانج تن دەکاتەوە. هەربەو جۆرەی کە لە بەشی دواییدا دەبینین، ئەمە بەڵگاندنەکەی مارکسە. بەڵام گەر ئاستی قازانج بەشێوازێکی دیکە ڕوولە زیادبوون بکات، ئەوکات تەنیا زیادبوونی تەواوەتیی خێرای حەقدەستە ڕاستەقینەکان دەتوانێت هۆکاری داگەڕانی ئاستی قازانج ڕوونبکاتەوە. ئەمە بانگەشەیەکە کە بەشێوەیەکی جۆرەکی تیۆریسیەنەکانی بچووکبوونەوەی حەقدەست دەیهێننەئاراوە و پێیانوایە کە لە غیابی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ لە حەقدەستی ڕاستەقینەدا، گۆڕانی تەکنیکی بەرەوە زیادبوونی ئاستی قازانج و زیادبوونی بەراوەردی قازانجەکان لەگەڵ حەقدەستەکان دەڕوات.

لە گێڕانەوەیەکی ئەم تیۆرەدا، ئەم ئاستی قازانجی گەشەکەرە پاشان ڕاستەوخۆ گەشە و ڕەونەقی سەرمایەگوزاری قووڵ دەکاتەوە، لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا، کە لەڕستیدا جۆرێک پەرەدان وبەرینکردنەوەی تیۆری کەم مەسرەفی/ دابەزینە، ڕێژە و بەراوردی قازانج- حەقدەستی گەشەکەر و دەسەڵاتی مۆنۆپۆلیی ڕوولە زیادبوون، درزی داواکاری و پاشان ئاراستەی سیستم بەرەو دابەزین توند دەکاتەوە، بەڵام دەوڵەت دەتوانێت نەرم و قەرەبووی بکاتەوە و بەم چەشنە گەشە و ڕەونەق بەردەوام بکات. لە هەردوویاندا، ئەگەر گەشە بۆ بازاڕی کار ئەوەندە بخایەنێت کە بازاڕ زێدە سنووردار ببێتەوە و کرێکاران وەها ورەیەکی جەنگاوەرانە پەیدابکەن کە داواکاریی حەقدەستەکەیان داگەڕانێکی بەردەوام لە ئاستی قازانجدا درووست بکات، لەکۆتاییدا ئەوکات قەیران ڕوودەدات. وەک هەمیشە، تیۆری بچووکبوونەوەی حەقدەست، زیادبوونی خێراتری حەقدەستە ڕاستەقینەکان لەچاو وەبەرهێنان دەکاتە بەڵگەیەک کە کارە لە پشتەوەی قەیرانەوە ئامادەیە.

بۆنموونە، تێگەیشتنی مەتماتیکاڵ/ بیرکاریی نەریتی لە وەک دەڵێن هەڵبژارادنی تەکنیک دەلالەتە لە ئاستی قازانجی گەشەکەر مەگەر ئەوەی زیادبوونەکانی حەقدەستە ڕاستەقینەکان ڕەوتەکەی ئاوەژوو بکاتەوە (شەیخa 1978، ل 242 تا 247). مۆدێرنترین لایەنگرانی تیۆری بوێکهاتنەوەی حەقدەست، وەک ڕوومێر (1979)، بۆلێز (1981)، و ئارمسترانگ و گلەین (1980) باسی ئەم خاڵەیان کردووە. ئەوانیدی، هەندێک کەسی وەک هاجسۆن (1975، ل 75 تا 76) تەنیا سەقامگیریی ئەزموونەکی پێکهاتەی ئۆرگانیکیان بە تایبەتمەندیی سەرمایەداریی مۆدێرن داناوە. لەکۆتاییدا کالێسکی (1971) وەک سەرچاوە ئەم بەڵگاندنە باسدەکەن کە دەستێوەردانی دەوڵەت ئاراستەی کەم مەسرەفی دەکاتە بچووککردنەوەی حەقدەست. دەبێت بیرمان بێت کە تەنانەت لە چوارچێوەی سەرچاوە و نووسینە پەیوەندیدرەکان بە هەڵبژاردنی تەکنیکی نەریتیەوە، زیادکردنی حەقدەستی ڕاستەقینەی شیاوی وەبەرهێنان بۆ سازدانی ئاستی داگەڕانی قازانج نە پێویستە و نە تەواو. ئەم خاڵە بەهاسانی لە دیاگرامەکانی شەیخ (a1978، ل 236)دا پیشاندراوە و تێیدا، زۆرترین ئاستی حەقدەست (مەبەست سەرەتایە) بەرهەمی پەتیی هەموو کرێکارێکە.

ئەوەی لێرەدا باسکردنەکەی گرینگە ئەمەیە کە چۆن قەیران تەنیا ئەوکاتە ڕوودەدات کە زیادبوونی حەقدەستی کرێکاران "لەڕادەبەدەر" (excessive) دەبێتەوە، لەم تیۆرەدا جێگەیەکی فراوان بۆ ڕوانگەیەک سەبارەت بە سەرمایەداری بوونی هەیە کە دەتوانێت هەم حەقدەستە ڕاستەقینە گەشەکەرەکان بداتە کرێکاران و هەم ئاستی قازانج بە سەرمایەداران. لەم دیدەوە، دەوڵەت لەبنەمادا دەتوانێت چاککردنەوە گەڵاڵە بکات و بەڕێوەی ببات بەو مەرجەی هەم کرێکاران و هەم سەرمایەداران سازشگەل و ڕێکەوتنگەلێکی گونجاو بکەن و هەروەها دەتوانن پێش بەو قەیرانانەی بەڕێوەن بگرێت بەومەرجەی هەردوولا بڕێک نەرمی بنوێنن. ئەمە بەگشتی خاڵی جیاکەرەوەی تیۆرەکانی ئەگەرە کە چلۆن لەکۆتاییدا دەوڵەت دەکەنە خاوەنی دەسەڵاتی دیاریکردنی یاسا بنەڕەتییەکانی جووڵەی سەرمایەداری، هەم هیواکان و مژدەی بەرگریکارانی قایم پاڵ بەم بۆچوونەوە دەدات کە تەنانەت لە دەسەڵاتدارێتیی سەرمایەدارییدا، سیاسەت دەتوانێت جڵەوی فەرماندەریی سیستم بەدەستەوە بگرێت. ئەگەر ئەم پێشەکییە درۆیین بێت ئەوکات، لانیکەم، تاکتیکەکان و ستراتیژیی دەورووبەری دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەیەکی جیدییەوە. ئەمە ڕێک ئەوشتەیە کە، هەروەک دواتر دەیبینین، زادەی تیۆرەکانی پێویستیی قەیرانە.

 Image result for kapitalismen

سەرچاوە:

T. B. Bottomore (ed.)-A Dictionary of Marxist Thought-Blackwell (2001

بازدید: 798