لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لەم بەشەدا نووسەر باس لە جیاوازیی گرینگی نێوان دڵەڕاوکێ و ترس دەکا کە تێیدا ترس بریتییە لە ترس لە شتێک، واتە ترس خاوەن شتە، لە کاتێکدا دڵەڕاوکێ خاوەن شت نیە. یان وەک شیرکەگۆرد دوواتر باسی دەکا 'شتی دڵەڕاوکێ بریتییە لە هیچ.

 

دڵەڕاوکێ لای سۆرن شیرکەگۆرد ٤

نووسینی: هانس هەرلوف گرێلاند

 

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

خۆیلەخۆیدا وشەی دڵەڕاوکێ سەرنجڕاکێشە. شیرکەگۆرد بە دەستەواژەکردنی دڵەڕاوکێ، لە دووای سەردەمی زاڵبوونی بیری هیگڵ، بووە هۆی ئەوەی دڵەڕاوکێ ببێ بە تێمایەک بۆ لێکدانەوەی ئەقڵی و رۆشنبیری. دڵەڕاوکێ چیتر سەر بە جیهانی ناڕوون، نائەقڵانی و هەستیارەتییەوە نیە، بەلکو مانایەکە دەکرێ لێی بکۆڵرێتەوە. ئەم خاڵە بەرجەستەتر بووەوە بەوەیکە شیرکەگۆرد دەیویست ئەو تایتلەی بەکاری دێنێ ناوی بنێ 'سەبارەت بە دەستەواژەی دڵەڕاوکێ'، لە هاوئاراستەیی لە گەڵ تێزەکەی 'سەبارەت بە دەستەواژەی تەنز'. بەڵام زۆربەی کارە فەلسەفەییەکانی شیرکەگۆرد بە ناوی خوازراوەوەیە، ئیمە ئەوە دەزانین کە 'دەستەواژەی دڵەڕاوکێ' بیری لیکرابووەوە لە ژێر ناوێکا بدرێتە دەر هەم ناو بێت و ئەم ئاکادێمیک: واتە لە ژێر ناوی مامۆستای زانکۆ سۆرن شیرکەگۆرد. تەنیا بە مەودایەکی کەم، واتە چەند رۆژێک پێش ئەوەی کتێبەکە لە چاپخانە بێتە دەرێ، شیرکەگۆرد رای گۆڕی و بە ناوی 'ڤیگیلوس هاوفنیەنسیس' چاپی کرد کە بە کۆپێنهاگیی وشیار بەناوبانگ بوو. ئەم راگۆڕینە کتوپڕییە بووە هۆی کۆمەڵێک رووداوی سەیروسەمەرە. بۆ وێنە بووە هۆی بەناوبانگ کردنی پرۆفیسۆری کۆچکردوو 'پاول مارتین مۆلێر' کە مامۆستای شیرکەگۆرد بوو و نەک بەناوباگکردنی هاوفنیەنسیس، یاخود لە لایەن خودی شیرکەگۆر یان هاوفنیەنسیسەەوە قەت روونکردنەوەیەک بۆ بەرلین بەڕێنەکرا.

کتێبەکە بە رواڵەت زۆر بە شێوەیەکی سیستماتیک رۆنراوە بە پاژ و ژێرپاژەوە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی ئەوەندە جۆراوجۆر و دژوارە کە هەندی لێکۆڵەر پێیان وایە واباشە وەک بەرهەمێکی تەنزئاسا بخوێنڕیتەوە هەتا کاتێکی جددی. بەڵگەیەکی گرینگ لە دژی ئەم جۆرە تێگەیشتنە ئەو راپۆرتانەیە کە شیرکەگۆرد بۆخۆی دەمانداتێ، کە تێیاندا یەکەمین یادداشتەکان سەبارەت بەو تیۆرە دەبینین ئەو سەبارەت بە کتێبی 'دەستەواژەی دڵەڕاوکێ' پێشکەشیان دەکا. لەم یادداشتانەدا کلیلی تێگەیشتن لە بەرهەمەکەی دەکەوێتە دەستمان. بەهەرحاڵ ئەم بەرهەمە لەچاو ئەو بەرهەمانەی تر کە تا ئەو کات لەسەر دڵەڕاوکێ نووسرابوون یەکجار دژوارتر، ئاڵۆزتر، جۆراوجۆرتر و چەندماناترە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە باری ئایدیاوە دەوڵەمەندتر. هەربۆیە ئەمە دەلیلێکی باشە بۆ ئەوەی بڵێین کتێبی 'دەستەواژەی دڵەڕاوکێ' هێشتا بە تەواوی لێی نەکۆڵراوەتەوە و دەتوانێ لەوەی هەتا ئیستاکە سەبارەت بە مانا و سترۆکتۆری ئەم وشەیە تێگەیشتووین، زیاترمان فێربکا.

تیۆری شیرکەگۆرد لەسەر دڵەڕاوکێ بە هەوڵێک دەست پێدەکا بۆ تێگەیشتن یاخود لێکدانەوەی دەستەواژەی 'گوناهی یەکەم' کە سەرچاوەکەی لە ئادەم و حەواوەیە و بە گوێرەی ئەم چیرۆکە هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە. بەو شێوازەی شیرکەگۆرد دەیبینێ، گوناهی یەکەم تەنیا یەک جار رووی نەداوە، بەڵکو رووداوێکە کە لەگەڵ هەر مرۆڤێکدا روودەداتەوە. بە گوێرەی لێکدانەوەی ئەو، تەنیا بەم شێوەیە ئادەم وەک یەکەم مرۆڤ هەمان دۆخ لەگەڵ مرۆڤەکانی تر دابەش دەکاتەوە.  بەڵام گوناهی یەکەم دیاردەیەکە سەروکاری لەگەڵ توانای 'هەڵبژاردن' هەیە و هەر بۆیە دەبەسترێتەوە بە ئازادی و جا ئەمە مرۆڤ رووبەڕووی ئەو دەرفەتانە دەکاتەوە  کە هەم خەتەرە و هەم لە هەمان کاتدا ترسناک و سەرنجڕاکێش. (مەبەست لە ئازادی لێرەدا، ئازادی دەرەکی نیە، وەک ئازادیی سیاسی، بەڵکو ئازادیی وجوودییە کە سەرەڕای چۆنیەتی دۆخە دەرەکییەکان هەمیشە لەگەڵمانە).

دڵەڕاوکێ پەیوەندی بە ئازادییەوە هەیە، بەڵام هاوکات لە گەڵ ئەو بێ هێزییەی کە ئازادی لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێ، بێ هێزییەک کە دیسان دەبەسترێتەوە بە ناڕوونیی دەستەواژەی ئازادی. شیرکەگۆرد ئەم بێ هێزییە دەبەستێتەوە بەو دەرفەتەی کە دەتوانێ مرۆڤ بەرەو خەڵەتاندن ببات. جا یا ئەو خەڵەتاندنە بێت لە داستانی ئادەم و حەوادا (کە مرۆڤ لە لایەن مارەوە دەخەڵەتێندرێ)، یان ئەو خەڵەتاندنەی شیرکەگۆرد لە پاژی 'رۆژانەی خەڵەتینەر' لە  کتێبی 'یان ئەم یان ئەو' باسی لێدەکا. چونکە ئیمە لە لایەن شتێکەوە دەخەلەتێندرێین کە هەم ترسناکە، هەم دڵەڕاوکێ دێنی و هەم هەستی بی هیزی لە ئیمەدا بەرهەم دێنی، وەها کە ئەمانە پێکەوە دەرفەتی خەڵەتاندنی ئێمە فەراهەم دەکەن. لەم هەست بە بێ هێزی کردنەدایە گوناهی یەکەم وەک میرات بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

دڵەڕاوکێ، خۆی وەک وشیارییەکی روون لە ئازادیی وجووودیدا پیشان نادا، بەڵکو وەک تەسەورێکی ناروون لە خەونێکی بێ گۆناحدا خۆی نیشان دەدا پێش ئەوەی مرۆڤ بەخەبەر بێتەوە و وشیاری لەسەر ئازادی و توانای هەڵبژاردن و بەرپرسایەتی تێیدا بە جوانی تێیدا چەکەرە بکا. هەربۆیە دڵەڕاوکێ ئەو هەستەیە کە ئاماژە بە ئازادی دەکا پێش ئەوەی ئازادی لە لایەن مرۆڤەوە هەستی پێبکرێ، کە رەنگە قەتیش ئەم هەست پێکردنە سەرنەگرێ.

پاراگرافی سەرەکی لەمەڕ دڵەڕاوکێ لەوبەشەدایە کە لە ژێر ناوی 'دەستەواژەی دڵەڕاوکێ' لە کتێبەکەدا باسی لێدەکرێ. لەم بەشەدا نووسەر باس لە جیاوازیی گرینگی نێوان دڵەڕاوکێ و ترس دەکا کە تێیدا ترس بریتییە لە ترس لە شتێک، واتە ترس خاوەن شتە، لە کاتێکدا دڵەڕاوکێ خاوەن شت نیە. یان وەک شیرکەگۆرد دوواتر باسی دەکا 'شتی دڵەڕاوکێ بریتییە لە هیچ.

باسی 'هیچ' دوواتر لە لایەن هایدگەر و سارترەوە دەبێتە باسێکی گرینگ. شیرکەگۆردیش لە کتێبەکەیدا پیشانی دەدا کە چلۆن مرۆڤ لە دۆخی سروشتی دا کە دۆخێکی بێ گوناهیە و هێشتا مرۆڤ بیری لە خۆی نەکردووەتەوە، هەست بە نائارامییەک لەخۆیدا دەکا کە رێک هەمان دڵەڕاوکێیە. ئەو دەنووسێ:

"لەم دۆخەدا (دۆخی سروشتی) ئارامی و حەسانەوە هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا شتێکی تریش کە نائارامی و کێشەیە، لەبەر ئەوەی هیچ شتێک نیە لە گەڵیا بە کێشە بێت. ئەمە چییە؟ هیچ. بەلام هیچ چ کاریگەرییەکی هەیە؟ دڵەڕاوکێی لێ لەدایک دەبێ. ئەمە رازی قووڵی بێگوناهییە، کە لەهەمان کاتدا بریتییە لە دڵەڕاوکێ. رۆح لە خەون بینینی خۆیدا حەقیقەتی خۆی بەرهەم دێنێ، بەڵام ئەم حەقیقەتە بریتییە لە هیچ، بەلام لە هەمان کاتدا ئەم هیچە بەردەوام لە دەرەوەی خۆی بێگوناهی دەبینێ."

Image result for Kierkegaard

بازدید: 905