ما 4012 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

و: هاوڕێ یوسفی

شۆڕشی ڕووسیا گرامشیی گەنجی بەرەو مارکسیزم ڕاکێشا بەڵام نەوەک دۆکترینێکی زانستی کە لە حوکمی ئایدیۆلۆژیایەکی کاریگەردا، جۆرێک خەیاڵی ڕاسەقینە کە دەیتوانی خەیاڵی چینە بندەستەکان داگیر بکات و ئیرادەی جەمعییان بورووژێنێت تا مێژوو ڕکێف بکەن.

 

دەربارەی کۆمەڵناسی

لە گرامشیەوە تا کارل پولانی

مایکێل بوراوەی

و: هاوڕێ یوسفی

ڕەنگە سەیر بێت کە گرامشی و پولانی پێکەوە گرێ بدەین. زۆر بە کەمی ئەم دوو بیرمەندە بە هاوشێوە یان تەنانەت پێوەندیدار زانراون. سەرباری ئەمە هەرچیەک بێت، گرامشی بە قووڵی لە نەریتی مارکسیستیدا بوو، سەر بە پرسیارەکانی لێنین دەربارەی دەسەڵات و باڵادەستی، [لە ڕێگەی] پشکە نایابەکەی خۆیەوە بڕیار بوو کولتوور و ئایدیۆلۆژیا بهێنێتە چەقی شیکردنەوەی سیاسیەوە. ئەگەر کۆمەڵناسی بخەینە بەر ڕەخنەیەکی تووندەوە، نزیکایەتیی گرامشی لەگەڵ دۆرکێیم و ڤێبێر بەسانایی بزر دەبێت. بە پێچەوانەوە، پولانی، لە پێوەندیدایە بە شیکردنەوەی ڤێبێر لە ئابووریەوە و واژۆی دۆرکێیم واتە واقیعی کۆمەڵگا بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت. پولانی لە ڕێگەی ڤێبێرەوە جەغد لە پێگەی دەوڵەت  بۆ بەدیهێنان و پاشان ڕێکخستنی ئابووریی بازاڕ (regulating a market economy) دەکات. ئەمڕۆکە، پیتر ئەڤنز لە پولانیەکی ڤێبێری کەڵک وەردەگرێت تاکوو تێگەیشتن و هەڵهێنجانی خۆی لە خۆسەری چاڵکراو (embedded autonomy) پیش بخات. پولانی لەڕێگەی دۆرکێیمەوە پێ لەسەر بنچینە کۆمەڵایەتیەکانی بازاڕ و توخمە ناپەیماندار (non-contractual elements)و پەیمانە بەناوبانگەکەی دۆرکێیم و کۆمەڵگای بێپەیمان (non-contractual society) دادەگرێت. مارک گراناڤێتێر هەر ئەم پولانیە دۆرکێیمیە لە ڕێگەی پێداگریەکەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک پێویستی [بۆ] دانوستاندنی بازاڕی دەنوێنێتەوە. ڕەتکردنەوە و ڕەتدانەوە بەردەوامەکانی مارکسیزمی ڕەشۆکی [لەلایەن]  پولانیەوە  پێوەندیی پولانی بە گرامشیەوە دوورتر دەخاتەوە.

بەم پێە، جێگەی سەرسووڕمان نییە کە ئەم دوو غوولەی تیۆری کۆمەڵایەتیی سەدەی بیستەم هیچکات پێکەوە لە پێوەندیدا نەبوون. سەرباری ئەمە، خوێندنەوەی وردی ڕەخنەیی هەر لایەنێکیان لە کۆمەڵناسی و مارکسیزم خاڵ و لایەنە هاوبەشەکانیان دەردەخات. هەردوویان بە چەشنێک ڕەخنەیان لە پۆزیتیڤیزمی قەبەی بەرهەمی کۆمەڵناسان و مارکسیستەکان دەگرت. ڕێک هەر بەو جۆرەی گرامشی کۆمەڵناسی بۆ ئەتۆمیزمی هۆکارەکی قەبەی یاسا پۆڵایینەکانی گۆڕان دابەزاند، پولانییش مارکسیزمی بۆ ئابووری خوازانەترین چەشنەکەی کورت کردەوە. بەو جۆرەی کە دەیبینین، فۆرمێک کە ئەویدیەکەی خۆی هەڵدەبژێرێت تا خۆیان لە بەرامبەریدا پێناسە بکەن گرینگ بوو بەڵام سەرباری ئەمە تایبەتمەندیی ئەو ئەویدیە لە هەر دوو چەشنەکەیدا چونیەک و هاوشێوە بوو، واتە کۆمەڵناسیەکی تەراکەوتوو و دوور لە ئەزموونی ژینراو، تەراکەوتوو لە مێژوو، تەراکەوتوو لە ئیرادەی کۆیی چینەکان، تەراکەوتوو لە نادیاریی سیاسەت (removed from the indeterminism of politics)، تەراکەوتوو لە گەڕان بەدوای دەستووری کۆمەڵایەتی و فیکریی نوێ. داکیومێنتە[کەشیان] بۆ تاوانبارێتی بەرامبەری مارکسیزمی ڕەشۆکی و کۆموڵناسی پۆزیتیڤیستی هەر ئەمەیە.

... هەوڵدەدەم ئەوە دەربخەم کە هاوگرۆیی و لێکنزیکبوونەوەی نێوان ئەندێشەی پولانی و ئەندێشەی گرامشی چەندە بووە و لەپاڵ ئەمەشدا ناهاوگرۆیی و دوورکەوتنەوەیان چۆن دەسکەوتە تەواوکەرەکانیان، یەکیان سیاسی و ئەویدیان ئابووری، بۆ مارکسیزمی کۆمەڵناسانە بەدیهێنا. بە تێپەڕاندنی ململانێy پۆلێمیکاڵ ڕۆژگاری خۆیان  کە گەلێک ئەم دوو بیرمەندە لە ئاستێکی جیاوازدا دەنوێنێتەوە هەوڵ ئەدەم تیۆرەکانیان لە [ناوکۆیی] ژیاننامە سیاسیەکەیاندا سەرلەنوێ بنووسمەوە. زۆرجار نووسینەکانی گرامشی و پولانی وەک لاشەی مردوو ئەنجن ئەنجن کراوە: کەڵکدارترین بەشەکان لەو توێ مانابەخشە دەکەنەوە و بەهەندێک تیۆری ئیفلیجەوە گرێی دەدەن. هەوڵ ئەدەم ئەم دوو کۆمەڵە تیۆریە لە گشتێتیی خۆیاندا ببووژێنمەوە و لێکیان هەڵپێکم. بۆ ئەمە پێویستە ئەو بەستێنە ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیکیە ڕوون بکەمەوە کە مانا دەبەخشێتە پڕۆژەی ژیانی هاوتەریبیان. چونکوو کەڵکەڵەی ئەم دوو کەسایەتیە لە پێوەندیدا بە هێزە مێژوویەکانەوە لە گۆڕنکاریە تیۆریکەکەیان جیا ناکرێتەوە. لەم ڕووەوە ژیاننامە نەک بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەک بەڵکوو پێویستیەکە بۆ تێگەیشتن لە هاوبەستی و یەکێتیی ئەندێشەکەیان. تەنیا ئەو کاتە دەتوانین لەبەشەکەی دیکەدا بگەڕێنەوە بۆ پێگە جیاوازەکانیان لە نەریتی مارکسیستیدا کە لایەنە هاوبەشە مارکسیستیەکەیان ئاشکرا بووبێت.

... گرامشی لە ساڵی 1891دا چاوی بە ژین هەڵێنا، لە بنەماڵەیەکی گوندیانەی پڕحەشیمەت و دەستەنگ لە ساردینیا. باوکی کارمەندێکی پلەنزم بوو کە لە تەمەنی حەوت ساڵانەی گرامشیدا بە تۆمەتی زۆر ئاسایی کەوتە زیندانەوە و دایکی کە دەبوو حەوت منداڵی بە خێو کردبا بە تەنیا هێشتەوە. گرامشی، چوارەمین منداڵی بنەماڵە، هەر لە منداڵیەوە کووڕ بوو. لە ژیان ئاسایی منداڵانە دۆشدامابوو و قووڵ [بەرامبەر] جەستەی خۆی هەستیار[و] هەر لە سەرەتاوە خوی سەرقاڵ کرد بە کتێب و فێر بوونەوە. بەڵام  ئەم هەوڵ و تەقەلایە لەڕووی جەستەیی و لەڕووی ڕۆحیەوە گەلێک پڕئازار بوو لەم مەکتەبەوە بۆ ئەو مەکتەب ئەو دەربەدەریانەی کە هەژاری و کەمدەستیی بەردەوام تووشی وەستانی دەکرد. سەرەنجام بە زۆر و زەبری ئیرادەی بەهێزەوە لە توورین چووە زانکۆ و لەم شارەدا کەوتە نێو ژیانی خوێندکارانەی تەنگاو و ناخۆش و غەریبانەوە.

بەپێچەوانەوە، پولانی، پێنج ساڵ زووتر لە گرامشی لەساڵی 1886دا لە دایک و لە بنەماڵەیەکدا گەورە بوو جوو، ببوونە پەیەڕوی کالوەنیزم، دەوڵەمەند، سەربە چینێکی مامناوەند لە بووداپێسدا. سامانی باوکی کە لە پیشەیەکی زۆر سەرکەوتوانەی دامەزراندنی ڕێگای ئاسندا کۆوە کرابوو بەرەو ئەو پەروەردەیەی کە پارە دەیتوانی بیکڕێت ئاراستە کرا،[هاوکات لەگەڵ] زۆرێک ڕاهێنەر و مامۆستای سەرماڵەیان. پولانی، سێهەمین منداڵی ماڵێکی پێنج منداڵە، لە کەشێکی نایاب و زۆر ڕۆشنبیرانەدا بەروەردە بوو و ڕاهات. دایکی هۆڵێکی بۆ هونەرمەندان و نووسەران و ڕادیکاڵە پێشڕەوەکانی ئەو کاتی بووداپێست دەگەڕاند. کولتوور و پەروەردە لە سەر سینیی زێڕین دەگەشتە دەستی پولانی. چەن جیاواز لەگەڵ گرامشی! سەرباری ئەمە، کاری هەر دویان بەرەو بەڵێن و پەیمانی سۆسیالیستی ڕۆشت: یەکیان فیکری لە ناو ڕەنج  و بە ڕەنجەوە ڕاهێنا بەڵام ئەویدی ڕەنجی لە ڕێگەی فیکر و بیرکردنەوەوە دۆزیەوە.

پولانی و گرامشی، هەر دوویان، لە ژێر کاریگەریی برا گەورەکانیاندا بوون کە سەری خۆیان بە شۆڕشە سۆسیالیستیەکانەوە قاڵ کردبوو بەڵام یەکەم چالاکیە سیاسیەکانیان سۆسیالیستی نەبوون. بەو جۆرەی کە بۆ ڕۆشنبیرانی ڕادیکاڵی ئیتالیای باشوور باو بووە، گرامشی بووبە ناسیۆنالیستێکی ساردینیایی کە ئیتالیای باکووری بە دەسەڵاتێکی کۆلۆنیالی بێ شەرعیەت و بێڕەوا دادەنا. تا ئەو کاتەی لە شاری پیشەسازیی توورین نیشتەجێ نەببوو و بزووتنەوەی ڕوولە گەشەی کرێکاران لەو شارە، کە هاوکات لەگەڵ ئەو سەرکوتە دڕندانەی کە بۆ مەعدەنکارانی لادێییە ساردینیایەکان لە ساڵی 1913 ڕێیان خستبوو، نەبینیبوو بە دەسەڵاتی چینایەتیی نەزانیبوو: یەکێتیی زەبرداری کرێکاران لە باکوور و وەرزێران لە باشوور کە[ئەمە] بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە دژی یەکبوونی گەشکەری نێوان سەرمایەدارانی باکوور و زەمیندارانی باشوور پێویست بوو. خوێندنەوە زانسگاییەکانی وەلانا و کۆی وزەی خۆی خستەگەڕ بۆ بزووتنەوەی ڕوولە گەشەی کرێکارەکانی توورین. کۆمەڵێک نووسینی ڕەسا لە خامەی گرامشیەوە دەهاتنە دەرەوە کە لە ئامانجە ڕزگاریبەخشەکان دەدوان بۆ ئەوەی پاڵپشتیی کولتووریی چینی کرێکار بکەن.

چالاکیە سیاسیە سەرەتایەکانی پولانیش سرووشتێکی ناسیۆنالیستیان هەبوو. ساڵی 1908 لەکاتێکدا بازنەی گالیلەی پێکهێنا، کە هێشتا خوێندکاری زانکۆ بوو، ڕێکخراوێکی بەربڵاو بەم داواکاریەوە کە هەنگاریا دەبێت عەبا فیۆداڵیەکەی دابکەنێت و کۆمەڵگایەکی کراوە و گەشەکەر بە [حکوومەت یان] دەسەڵاتدایەکی لیبێڕاڵ و پەروەردەیەکی مۆدێرن بەرپا بکات. ئەندامانی بازنەی گالیلە وەک پولانی پاشان خۆی دەیگێڕایەوە [ڕێژەکەیان] بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەرانە دەگەیشتە دووهەزار کەس کە ئامانجیان ڕێنێسانس بوو لە کولتووری نەتەوەییدا و چالاکیە فێرکاریەکانیان بۆ کرێکاران و وەرزێران پێشدەخست. پولانی بووبە هۆگرێکی تووندی بزووتنەوەی پۆپۆلیستیی ڕووسیا و بۆ ماوەیەکی کورت لە ساڵی 1914 چووە نێو حیزبی ڕادیکاڵی بوورژوازیی نەتەوەیەوە. ئیمپراتۆریای ئۆتریش/هەنگاریا پاش شکستی لە جەنگی جیهانیی یەکەم لەساڵی 1919دا لەبەریەک هەڵوەشایەوە و دەسەڵاتی هەنگاریا کەوتە دەست ڕژیمێکی لیبێڕاڵەوە ئەویش دوابەدوای کۆمارێکی ڕادیکاڵتر بەڵام چرکەئاسای سۆڤیەتی. پولانی لە پاڵ گۆڕەپانەکەوە بیری لەو ڕووداوانە دەکردەوە کە ڕوویاندەدا و لە یەکی ئاگۆستی 1919دا بووداپێستی بەرەو ڤیێنا بەجێ هێشت، ڕێک پێش ئەوەی کۆماری سۆڤیەت لە یەکەمی ئاگۆستی 1919دا بکەوێت. دژی چەمکی دیکتاتۆری پڕۆلێتاریا بوو بەڵام بەئاگا لە سنوورداری و بەرتەسکیەکانی دێمۆکراسیی لیبێڕاڵ، ڕێگای سێهەمی سۆسیالیستیی بەرەو ئازادیە دێمۆکراتیکەکان گرتەبەر.

گەرچی هەم گرامشی و هەم پولانی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا وەک سۆسیالیستێک سەریان هەڵدا، پولانی سستتر [بوو] لە گرامشی، بەڵام هیچیان ئەوەندە هاودڵ نەبوون لەگەڵ مارکسیزمی ئەڵمانیی ئۆرتۆدۆکسیی سەردەمەکەیاندا. سۆسیالیزمەکەیان گەلێک جیاواز بوو لەگەڵ یاسا دێتێرمینیستیەکانی مێژوودا. هەر دوویان لە بەستێنی توانستی مرۆڤ بۆ گەڵاڵەکردنی مێژوو بەپێی وێنای زەینیی خۆیان  زۆر بەتین و تاو بوون. هەم گرامشی و هەم پولانی باوەڕیان بە ئایدیالیزمی ئەڵمانیی سەردەمەکەیان هەبوو، هەرچەند سەرچاوەی ئیلهامی سیاسیان ڕووسیا بوو: پۆپۆلیستەکان بە بنەچە و پشتە وەرزێرانەکەیانەوە بۆ پولانی و بۆلشێڤیکەکانیش بە پشتبەستن بە پڕۆلێتاریاوە بۆ گرامشی.

گرامشی بووبە شەیدای شۆڕشی ڕووسیا. وتارە بەناو بانگەکەی لە ژێر ناوی شۆڕش دژی سەرمایە کە لە ساڵی 1917دا نووسرا، سروودی ستایشێک بوو لەو بۆلشێڤیکانەی ئەو یاسا مێژووییانەی کە مارس سەرسەختانە لە کاپیتاڵ یان سەرمایەدا دایڕشتبوو بنپێ کرد، ئەو کۆمەڵە یاسای کە پاڵپشت بوون بۆ بێکردەیی زۆربەی مارکسیستە هاوچەرخەکان. لە دیدی گرامشیەوە، بۆلشێڤیکەکان مارکسیست نەبوون.

بۆلشێڤیکەکان کەڵکیان لە بەرهەمەکانی مامۆستا بۆ گەڵاڵەکردنی دۆکترینێکی نادەقبەستوو وەرنەگرتووە... بۆلشێڤیکەکان ئەندێشەی مارکسیستی دەژین، ئەندێشەیەک کە هەمیشەییە و بەردەوامیی ئایدیالیزمی ئەڵمانی و ئیتالیایی دەنوێنێتەوە و سەبارەت بە مارکسیش بە قەتماغە سرووشخوازانەکانەوە پیس بوو. دەبێت ئەم ئەندێشەیە لە ڕوانگەی کاریگەریەکی زاڵ لە مێژوودا ببینرێت، نەوەک هەندێک واقیعی ئابووریی خاو، بەڵکوو لە ڕوانگەی مرۆڤەوە، مرۆڤی ناو کۆمەڵگاکان، مرۆڤەکان لە پێوەندیدا بەیەکەوەیە کە لەگەڵ یەکتر ڕێک دەکەون و ئیرادەی کۆیی لەڕێگەی ئەم پێوەندیانەوە (کولتوور) پەروەردە دەکەن. مرۆڤەکان لە کۆتاییدا لە واقیعە ئابووریەکان تێدەگەن، داوەرییان لەسەر دەکەن و لەگەڵ ئیرادەی خۆیان یەکی دەخەن تاکوو ببێتە هێزی بزوێنەری ئابووری و مۆدێلی واقیعی بابەتی.

شۆڕشی ڕووسیا گرامشیی گەنجی بەرەو مارکسیزم ڕاکێشا بەڵام نەوەک دۆکترینێکی زانستی کە لە حوکمی ئایدیۆلۆژیایەکی کاریگەردا، جۆرێک خەیاڵی ڕاسەقینە کە دەیتوانی خەیاڵی چینە بندەستەکان داگیر بکات و ئیرادەی جەمعییان بورووژێنێت تا مێژوو ڕکێف بکەن بەڵام بیرمان بێت ئیرادەی کۆیی/جەمعی مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگاکان، مرۆڤەکان لە پێوەندیدا پێکەوە لەگەڵ یەکتر ڕێدەکەون بەدی دێنن، ئەوشتەی کە پاشان بەشێوەیەکی پاڵەکی لە لایەن پولانیەوە وەک واقیعی کۆمەڵایەتی ئاماژەی پێدرا.

پولانی کە ئایدیالیزمەکەی لەگەڵ هەندێک تەعبیری وێکچوودا باس دەکرد ئیلهامی لە شاعیری ئایکۆنیک (iconic) ی هەنگاری دەگرت.  پولانی بە بۆنەی ڕێ و ڕەسمی یادنامەی ئەندرێ ئێدی ئەمەی نووسی:" حەقیقەت ئەمەیە کە "باڵندە نەک لەبەر یاسای ڕاکێشان (law of gravity) بەڵکوو لەبەر یاسای ڕاکێشان هەڵ دەفڕێت" و "کۆمەڵگا نەک لەبەر بەرژەوەندیی مادی بەڵکوو بە پێچەوانەی بەرژەوەندیە مادیەکان هەڵدەکشێت و بەرز دەبێتەوە [کە] جیسمانی (embodying) ئایدیا واڵاکان[ە]". پولانییش بەقەد گرامشی دژی  پۆستاڵی پۆزیتیڤیستیی مارکسیزم بوو.

 Image result for geramshi

 

گەڕان بۆ بابەت