فەڕۆخ نێعمەتپوور

واپێدەچێ لەم سەردەمەی مرۆڤی تیا دەژی بە هۆی فراوانی و فرەچەشن بوونی دەزگا هەواڵنێرەکان، دەرفەت بۆ خیانەت بە هەواڵ یەکجار کەمتر بووەتەوە. بۆیە رۆژنامەنووسی حیزبی و ئایدیۆلۆژیکی ش دەبێ بە هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەواڵ دا بچنەوە. سەرکەوتن و رێکلامە بە قیمەتی خیانەت بە هەواڵ، بۆ هیچ حیزب و ئایدیۆلۆژیایەک تا سەر نابێتە مایەی خێر.

 

سێ جۆر ژورنالیست

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە جیهانی رۆژنامەگەریدا دەتوانین بڵێین سێ جۆر ژورنالیست هەن کە بریتین لە حیزبی، ئایدیۆلۆژیکی و سەربەخۆ. رۆژنامەگەری حیزبی ئەگەرچی سەر بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتە، بەڵام لە راستیدا زۆرتر لە چوارچێوەی بەرنامەی حیزبەکەیدا دەردەکەوێ و، دەیشزانین کە ئایدیۆلۆژیایەک دەتوانێ لە باری حیزبییەوە لە شێوازی چەندین رێکخراوەدا دەرکەوێ و هەر بۆیە سیفەتی حیزبی بۆ ئەم دەستەیە لەبارترە. حیزب بە گشتی دەتوانێ خوێندنەوەیەکی تایبەت لە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت پێشکەش بکات. بۆیە رۆژنامەنووسی حیزبی نوێنەرایەتی خوێندنەوەیەکی تایبەت لە ئایدیۆلۆژیایەک دەکا.

دەستەی دووهەم (رۆژنامەنووسی ئایدیۆلۆژیکی) دەکرێ هەڵبەت سەربەخۆیش بن، بەلام بە گشتی لە چوارچێوەی ئایدیایەک دا کاری رۆژنامەنووسی دەکەن و ئەمانە لە راستیدا لە باری پێوەندی بە ئایدیۆلۆژیاوە چڕترن. چڕترن چونکە هەوڵدەدەن خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان لەو ئایدیۆلۆژیایە هەبێ و بۆیە زۆر جاران حیزبی تر لە رۆژنامەنووسە حیزبییەکان دەردەکەون.

دەستەی سێهەم ئەگەرچی دەکرێ خاوەن ئایدیۆلۆژیا بن، بەڵام چونکە وابەستە بە هیچ حیزبێک نین دەتوانین بڵێین سەربەخۆن. ئەم دەستەیە لە دەستەی ئایدیۆلۆژیا جیادەکەینەوە چونکە دەتوانن لە کاتی کارکردن بە قازانجی حەقیقەت لە ئایدیۆلۆژیا دووری بکەن و حەقیقەت فیدای ئایدیۆلۆژیا نەکەن. بۆ ئەم دەستەیە فاکت گرینگیی زیاتری هەیە. ئەم دەستەیە هەوڵدەدەن هەواڵەکان وەک خۆی ببینن و وەک خۆی رایگوێزن.

هەڵبەت ناتوانین سنوورێکی تەواو و روون لە نێوان ئەم سیانەدا بکێشین. چونکە هەموو مرۆڤێک بە جۆرێک بە ئایدیایەکەوە وابەستەیە و لە ژیانی رۆژانەشیدا دەکرێ مەیلی بە سیاسەتی حیزبێکی تایبەت هەبێ و لە کاتی هەڵبژاردن دا دەنگی بداتێ، بەڵام ئەوەی ئەم سیانە لێک جیادەکاتەوە ئەوەیە کە رۆژنامەنووسی سەربەخۆ زیاتر لەو دووانەی تر ملکەچی حەقیقەتە و لە پێناوی حیزب یان ئایدیادا، راستییەکان ناکاتە قوربانی.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە باسەکە ئاڵۆزتر دەکا. ئەویش پرسیاری حەقیقەتە "حەقیقەت چییە؟" با نموونەیەک بهنینەوە. هێزی چەکداری دوو حیزب لە شوێنێک شەڕیان دەبێ و لە یەکتر پێنج کەس دەکوژن، سیان لەمیان و دووان لەوی تریان. یەک لەو حیزبانەیش دەبەزی و دەکشێتەوە و ئەوەی تریان سەردەکەوێ. سێ رۆژنامەنووسیش بەو سێ سیفەتەی سەرەوە لە نزیکەوە ئاگایان لە شەڕەکەیە. بە رای من هەر کامەیان بەم شێوازە هەواڵەکە دەنووسێتەوە:

ـ رۆژنامەنووسی حیزبی (لەهەر دوو لا)، بە حەماسەتەوە باسی ئەم شەڕە دەکەن. هەر کامیان ژمارەی کوژراوەکانی ئەوی تر تا دەتوانێ زیاتر دەکا و ئەوەی خۆی کەمتر (ژمارە دەبێتە قوربانی). ئەوەی سەرکەوتووە باسی سەرکەوتنەکەی دەکا، بەڵام ئەوەی سەرنەکەوتووە، بێدەنگی لێدەکا!

ـ رۆژنامەنووسی ئایدیۆلۆژیکی، بە گوێرەی نزیکبوونی فیکریی لە لایەک، هەوڵدەدا شەڕەکە وا بخوێنێتەوە کە ئەو لایەنە (چا چ شکست خواردووەکە بێت یان سەرکەوتووەکە) بە لایەنی راستی شەڕەکە لەقەڵەم بدا. بۆیە دەتوانێ وەک رۆژنامەنووسە حیزبییەکە لە سەر راگواستنی ژمارەی کوژراوەکان چاو لە راستیی مەیدانی شەڕ بقونجێنێ.

ـ رۆژنامەنووسی سەربەخۆ، هەوڵ دەدا ژمارەی کوژراوەکان وەک خۆی بخوێنێتەوە، هەر وەها کشانەوەی لایەنێک و سەرکەوتنی ئەوی تریش دیسان وەک خۆی راپۆرت بدا. ئەوەیکە لە دەروونەوە مەیلی بە یەکیان هەیە، بەرگری لە راپۆرتی بێ لایەنانەی مەیدانەکە ناکا.

بەڵام کاری رۆژنامەنووس تەنیا راگواستنی هەواڵ نیە. رۆژنامەنووسان زۆر جار دۆخەکەیش لێک دەدەنەوە. جا لێرەدایە کە توخمی ئایدیۆلۆژیا یاخود حیزبی بوون دەرفەتی خۆدەرخستن پەیدا دەکا. دەتوانین بڵێین رۆژنامەنووسی سەربەخۆ لەو دووانەی تر پرۆفشناڵ تر دەردەکەوێ. چونکە هەوڵدەدا رەوایەتی هەر دوولا لە سەر شەڕکە باس بکا و ئەوسا باس لە رەوایەتی خۆی بکا.

کەواتە بەگشتی دەبینین کە رۆژنامەنووس زۆریش بێ لایەن نیە، بەڵام گێڕانەوە و راگواستنی ئەوەی دەیبینێ سەرەکیترین ئەرکیەتی کە رۆژنامە نووسی حیزبی و ئایدیۆلۆژی خۆی لێ گێل دەکەن.

جورئەتی راگواستنی فاکت، سەرەکیترین ئەرکە، کە رۆژنامەنووسی حیزبی و ئایدیۆلۆژی هەمیشە خیانەتی پێدەکەن. خیانەتێک کە زۆر جار بە دروشمی خزمەت بە نیشتمان و گەل و چین و... پاساو دەدرێتەوە. مێژوو پڕە لە خیانەت بە هەواڵ.

داخۆ دەتوانین لە کاتێکدا خیانەت بە هەواڵ دەکەین، خزمەت بە نیشتمان، گەل و چین بکەین؟

واپێدەچێ لەم سەردەمەی مرۆڤی تیا دەژی بە هۆی فراوانی و فرەچەشن بوونی دەزگا هەواڵنێرەکان، دەرفەت بۆ خیانەت بە هەواڵ یەکجار کەمتر بووەتەوە. بۆیە رۆژنامەنووسی حیزبی و ئایدیۆلۆژیکی ش دەبێ بە هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەواڵ دا بچنەوە. سەرکەوتن و رێکلامە بە قیمەتی خیانەت بە هەواڵ، بۆ هیچ حیزب و ئایدیۆلۆژیایەک تا سەر نابێتە مایەی خێر.

 

 Image result for journalist kunst

بازدید: 920