ما 6801 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کاریزمای ئەقڵکوژ

'کاریزما' وشەیەکی ئاشنایە لە جیهانی سیاسەتدا. کاریزما، ئاماژەیە بۆ باوەڕمەندبوون بە کەسێک چونکە کەسەکە خاوەنی توانایی سەیروسەمەرەیە، ئەو تواناییانەی زۆر جار سەرچاوەی خودایی و بان مرۆیی بۆ قاییل دەبین. کاریزما زۆر لە خودا دوورنیە.

بەڵام کاریزما تەنیا لە سیاسەت دا خۆی دەرناخا. لە بوارەکانی ئەدەب، سەربازی، بیر و... دەتوانین بەتووش کاریزماوە بین.

یەکێک لە تواناکانی کاریزما ئەوەیە دەتوانێ کاتێکی بەرچاو لە مێژوو داگیربکا و مۆرکی مۆنۆپۆلیانەی خۆی لێبدا. لە کۆمەڵگا کاریزمالێدراوەکاندا دەرفەت بۆ رەخنە، پێداچوونەوە، بیرکردنەوە و چێکردنی نەریتی تر یەکجار بەرتەسک دەبێتەوە. کاریزما، توانای دامرکاندنەوەو دەستەمۆکردنی ئەقڵی هەیە، کە بۆ ئەم مەبەستە بەهرە لە زەبریش وەردەگرێ. زەبری کاریزما چونکە پشت ئەستوورە بە زۆرینە، زەبرێکی یەکجار ترسناکە.

یەکێک لە مەرجەکانی سەرهەڵدانی کاریزما، بریتییە لە ئاستی خوارەوەی کلتور لە ناو کۆمەڵگادا. کۆمەڵگای نەخوێندەوار، یان بە ئاستی نزم لە بواری خوێندەواری دا دەتوانێ بەستێنێکی لەبار بۆ سەرهەلدانی کاریزما بێت. ئەوەی خەڵک خۆی نیەتی، دەکرێ لە دۆخێکی تایبەت دا بە بینینی نیشانەکانی لە کەسێکی تردا، وەهای گەورە بکاتەوە کە کەسەکە بکاتە کاریزما. واتە، هەڵوێستی کلتوریانەی فەخربەخشی، زلکردنەوەی ئەوی تر و بینینی زیاتر لەوەی هەیە، کاریزما دروست دەکا.

سڕینەوەی کاریزما، شەرتێکی گرینگە بۆ دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگای مێگەلی و باوەڕهێنان بە هێزی خۆ و تاک وەک کەسێکی گرینگ. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم جۆرە کەسە نابێ بکەوێتە داوی خۆبەزلزانی و دوورکەوتنەوە لە کاری جەمعی.

سایتی قەڵەم

٢٢ی جونی ٢٠١٨

 

Image result for karisma kunst

گەڕان بۆ بابەت