ما 4163 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

سەباح ڕەنجدەر

 دوو وێنەم پێ کێشا
شمشێر و شمشاڵ
میوەیەکم دوولەت کرد
لەتێکم لە نزیک وێنەى شمشێر دانا
ئەوى دیش لە نزیک شمشاڵ

 

تیشکە پڕەکان

سەباح ڕەنجدەر

بوێریى ڕۆیشتن

 

باران کۆترى دەنیشێ و باڵ دەداتەوە 

زەوى زمان بە لێوى دادەهێنێ و تەڕى دەکات

هەور دیکتاتۆر نییە

ئاسمان داگیر دەکات بەڵام ساتى ڕاستەقینەى دێ و ڕقی خاو دەبێتەوە

خۆى لەناو دەبا و ئەو ئازاد و ڕێز نەشکاو

بە دەورى بانگى یەکەم و زەنگوڵە و گوومەزدا دەخولێنێتەوە 

خۆریش ئاوا دەبێ بەڵام پەشیمان نابێتەوە

ڕاسپاردەى دڵیم بەوپەڕى دڵەوە خوێندەوە

زوو هاتمەوە و دەموچاوى گڵۆپەکانى ماڵم

پڕ دەمار و خوێن کرد و ورەم خستنەبەر

ماڵ بە پەرستگا و یەکەم شووشتنى پیرۆز دەزانم

سوارێکى پاکیزە دڵۆپ دڵۆپ کەلوو و ئاوازى هاوئاهەنگ و سێبوورى لێ دەتکا

لەبەر ماڵى تەورات و ئینجیل و قورئانى دەم بە وێرد و نەواى مندا

لە ئەسپە بەهرەمەند و بلیمەتەکەى دابەزى

ئارام و ڕۆشن وەک دەموچاوى ژنێک

تازە نۆبەرەکەیان لە تەنیشتى دانابێت

فرمێسک لە چاوی قاوەیی ڕژا و بە تۆڕى چلچرا سڕیم

بە هەویرى ئاردى گەنم کردمە پەیکەر

لاولاو بە دەست و پێى هەڵچوو

بووە یادەوەریى هەڵۆى کۆچەر کە دووکەڵ و بارووتى بۆردوومان بە چۆکیدا نەهێنا

چل پێغەمبەر بە چیچکانەوە لە دەورى دانیشتوون

حەوت شەو و حەوت ڕۆژ بیریان کردەوە و مانەوە

دواتر ڕێیان لێ ون بوو

کێ کڵپە لە سەرى هەڵسێ و بوێرى ئەوەى هەبێت بێرەدا بڕوات

نەخشى خەواڵوویی دەشکێنێت و باوێشک نادا

ماڵ بە پەرستگا و یەکەم شووشتنى پیرۆز دەزانێ

شەو و ڕۆژیش باڵی شەمێ فڕێ دەدەن و دەگەڕێنەوە ماڵى خۆیان

ڕازێک ماڵى ڕووناک کردووەتەوە

هەموو کەسەکان ڕازن لە یەکەم شوێن دەگەڕێنەوە

ئەستێرە هێلانەى لە ناولەپی ئاسمانە بەڕۆژ بەتاڵى دەکات و بەشەویش دەگەڕێتەوە ناوى کە ڕۆژ بەتاڵى دەکات مەرگ هێرش دەهێنێتە ژوورێ لە دارەتەرم زیندانى دەکات    ئەستێرە ئێمەیە    من ئەوى دى ئەستێرەم و ئەوى دى شتێکى کۆنە ژیاوەتەوە    خۆراکى سەر سینییەکەى هێشتان تێکنەچووە و کتێبە کراوەکانى دانەخراون    پەشیمانى جوانترین وشەیە لە زمان ناسیم    شیعریش یەکەم خوێن بوو ئادەمى لێ لەدایک بوو    هێمنیی ماڵى ئەم نۆبەرە تاهەتایییەى پێ زانى و باڵندەى زمانبەد دان لە حەوشەوبانى هەڵناگرێتەوە و زریانى ڕەش لێی نادات    سەرەتاى یەکەم سۆزى پڕ ئازار گەڕایەوە بۆ یەکەم شووراوى پیرۆز    شووراوى پیرۆز بە دەنگێکى پیرۆز پێکەنى و بوو بە ئاوریشمى خاوى ناوقۆزاخە و بەسەر خورپەى ترسناکدا زاڵ بوو   قۆزاخە ئەو شوێنەیە پێویستە بیزانیت نەک شتى لەبارەوە بڵێیت    نقوومبوون لە ڕازى یاد و شوێنەکان خۆشبەختییەکى کورتخایەنە لە باروبوارێکى تایبەتى ژمارە و ئاوازدا    وابزانم ئەوەى گوتوویەتى ئاواز هەڵەى کردووە ئازار پێش ئاوازە    شوێن دڵۆپە ئاوێک بوو هات و دڵۆپە ئاوێکیش بوو ڕۆیشت    جگە لە ڕازى یادەکان هیچ شتێکى تر لێرە نییە    گێڕانەوەی باس و خواسی کۆشکى کۆتایی خولیایەکى هەڵەیە    حۆل حۆل بە پەیژەى ئێسکى کلۆربوو سەردەکەوێ و فریاى ئەستێرە بینین ناکەوێت   

 

 

مانەوە وەک خۆى

 

یەک دابەش و جاران و کەم ناکرێ

خودا

خۆر

من

لەمەوبەدوا بازنەى یەکەکان داخران

بەرگەى سەیرکردنمان بگرن

بۆنى هەر کەسێک دەدەین دان و ئاوى کۆترەکانى بیر نەچێ

چاو ناپاکیى لەگەڵ زەمین ناکات    پێش من خودا و خۆرى لێ بوو بەخێرهاتنى منیان کرد و گەنجینە لە دەستیان پڕ بوو ئێمە هەرسێکمان گەیشتین بە هەموو شت و کەسێک    کەچی هەر تەنیاین و دەمانەوێ زمانى ئەو منداڵانە فێربین داوا دەکەن لەدایک بن    ڕنۆکى دڕندە ڕوان و ئەوان هەر خواردنى ناوکى دایکیان دەخوارد و لەناو زگى دایکیان سەرگەردان نین و ئەو شوێنە دەناسن کە بۆى دێن    هەموو شتێکیش جوان مایەوە    دەستى هەموو جوان ماوەیەکمان گوشى لە چاوەڕوانى ڕوانەوەى لاسکە گوڵ لەناو لاپەڕەکانى کتێب ماوینەوە    سێبەر کەوتە سەر بۆشایییەکان    بۆشایییەکان پڕ مرۆڤن    مرۆڤ دابارین و سەرزەوییان داپۆشى و بەیاننامەى درۆزنانەیان ڕاگەیاند

 

 

دیمەنێک لە خۆت

 

 

لە شۆستەیەکى خلیسک بەسەر سێبەرى خۆمدا پازم دا

زوقمم لەسەر گوڵ لادا و پەڕەمووچێکم لە باڵندە بە ئامانەت وەرگرت

 دوو وێنەم پێ کێشا

شمشێر و شمشاڵ

میوەیەکم دوولەت کرد

لەتێکم لە نزیک وێنەى شمشێر دانا

ئەوى دیش لە نزیک شمشاڵ

توانیم ژمارە و ناوى هەموو کەلوپەلەکانى مۆزەخانە

لەسەر لەتى نزیک شمشاڵەکەدا بنووسم و بە ئامانەت داینێم

ڕێبوار ناتوانێ سکاڵا بکات

ڕێگا بریتییە لە خۆت

زەویش خەوى لێ تێک نەچووە

گوێى لە پەلەقاژەى ماسیی ناو تۆڕە و دڵ و هەستەکانى تێکەڵ دەبن

ڕەنگەکانى کۆبووەوەى ناو پەڕەمووچ بەختەوەرانە پێشوازى لە تابلۆى دەروازەى شارى ئەشق دەکەن و دروودى داگیرساو کڕنۆش بۆ مەى و مەیفرۆش و مەیگێڕ دەبا و خۆى دەدرکێنێت چۆن بەسەر سێبەرى خۆیدا پازى دا و تەماشاى دەموچاوى نیوە مردووى ماسی کرد و هاوارى کرد    تاوێک هەر تاوێک چاوەڕوانبە بەڕێوەم بۆ قوربانى و هەناسە ساردەکانت هەڵدەمژم    ماسی یازدەمین نەوەى من دەبێت و ناوى منیش هەڵدەگرێتەوە    بێ هۆ نییە گوڵەستێرە دەڕژێ و شتێک پێشکێشى هیواکان دەکات و بەر لە ئاگرکەوتنەوە دەگرێ

 

 

لە هێزى درەوشانەوەدا

 

 

پیاوە زەنگوڵ جووڵێنەکەى ڕایەڵى وشە و شۆڕش کە کیشوەرێکى ترى پێ نەدۆزرایەوە

بە دەرزیلە و سنجاقی دایکى

هێمنانە خوێنى خۆى ڕشتە کاسەى دڵخۆشییەوە

ئێمە ڕەنگى دڵیمان بینى

توانیمان لەبارەى تووڕەیی چیاکان و ڕەنگى ئەشق قسە بکەین

زەوى جلى خۆى لە بەر کردەوە

بە کورسییە بەتاڵەکەى هەڵیواسی

شەکر و خوێى لە ئاودا تواندەوە

قوڕى پێ خوساند

کوورەى داگیرساند

خشتى پێگەیاند

پەلکەزێڕینە کە لە ئاسماندا ون دەبێت

سڵاوى هەموو جەربەزەیەکى سەندووەتەوە

ڕوخسارى هەیە و دێتە ناو ڕۆحت

ڕەنگى دڵى بینیوە و ڕەنگى ئەشق دەناسێت

پەنجەرەیەکى بەتاڵ لە سینگى دیواردا ئاسۆ و سنوورە

هەناسەى سازگارى خۆر تێیدا دێتە ناو جۆش و کوڵى کاروانەکان

کەسیشى تێدا بانگى دەرەوە ناکات

لە هێزى درەوشانەوەیدا دەردەکەوێت

هاوڕێى پاراو ئەگەر جەردە و چۆرتەمان لە بۆسەدا بینى

مەشق بە چاومان دەکەین و گۆرانى لە لێوى شار جێ دەهێڵین

درەختى بە پەڕوباڵ سێبەر و هەتاوى شارێکى قووڵایی دەریان

کازێوەى سپێدە

زەردەپەڕى ئێوارە

کاتن

کات بیرى شوێن دەکات و بۆنە خۆشەکانى لێ پەرت دەبێ

شەقام مۆر نەکراوە

بۆت دەکرێ جارێکى تر بەسەریدا بچیتە شەڕى دەرزیلە و سنجاق

مووروویەکى تریش بکەیت بە نقێمى ئەنگوستیلەت

هێڵەکانى ناو دەفتەرى گەورەش بژمێرى

هێلانە لە ترووکان هەناسە دەدا

شەوانى ڕەمەزانى هەولێر داوا دەکات

قۆڵ لە قۆڵى بورجى چرا هەڵکێشى و ئەو خەونە ببینێ کە گرینگ و زۆر پێویستە

کازێوەى سپێدە

زەردەپەڕى ئێوارە

ئەو داوایە ئاسایی دەبینن و پرسیارەکانى باوانمان دووبارە دەبنەوە

دەمامکى پاشایەکانیش ڕەنگاوڕەنگن

پاشایەکان دەموچاویان پڕە لە ترسناکى و تۆقین    پڕ دەدەنە تفەنگ و میل دەهێننەوە و پەنجە لەسەر پەلاپیتکە دەجووڵێنن    تەقە لە ڕووناکییەکى تووڕە دەکەن و برسیەتى دەخەنە ناو تۆڕەوە و بە هەناسە بڕکێوە لە بەرزایییەکەوە داوەکە ڕادەکێشن و دەمانخنکێنن دڕکى پەنجەکانیشمان دەرناهێنن    کەسەکەمان لە نێوان دووانماندا سێوێکى لەت نەکرد و وەفایەک نەمایەوە    بەسەر هەورەگرمە دابەشی کردین و خوێنى وشەى ڕشت    ڕووناکییە تووڕەکە خوێنەکەى بۆ کۆ نەکرایەوە و سەروبۆرى وشەکانمان کەوتن و مانامان لێ تێکچوو ناوى دڵبەرەکانى خۆمان بۆ نەخوێندرایەوە    خوێنى وشەکان هەمووى درەوشانەوەى ڕووناکییە تووڕەکەبوو    ڕووناکییە تووڕەکە دەستى خستە سەر دڵمان و بۆ ماڵئاوایی هاتبوو    ئەو جامە ژەهرەى بۆمان ڕاگیرابوو دەستێکى لێدا و قڵپى کردەوە    ئاوى پاراوى تا ناو گۆزەمان هێنا    شوێنى خۆى نەگۆڕى و دوا دیمەنى بوو    دەستى خۆى ڕاخستووە تا مرۆڤ بەسەریدا بێتەوە ماڵەوە

 

 

لە بۆسەى خدرى زیندەدا

 

درەختێکى ڕووت لە دوور

دوورییەکى سەیر دوور و ساکار

گوێى لە تەوقەى گەرمى ئەو کتێبەیە

لەبارەى ناودارانەوە نووسیومە

دەڵێت ئەوانە ڕۆژنامەى ئێوارانن

ڕۆژنامەفرۆشى گەڕۆک بردوونى بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان

یان گیانى بەرزبووەوەن

بە ڕێگاى سرووشەوە براون بۆ چاندنەوە

بەیانى دێنەوە هۆش و گورگەکان لەوێ نامێنن 

وێنەکانى ڕۆحت لێى پێکهاتوون و تەزوون

لە چوارچێوەى سۆزى دیدار و خرۆشی

 جەزبەى دەگرێ

لە شەقامە سەرەکییەکان هەڵیدەواسێ و دەڵێت

ورد سەرنجدەر و پێشبینى خەندەیەک دەکات

بەم شێوەیە هەموو شەوێک هەمان شت دووبارە دەبێتەوە

سبەی دەستوڕست بۆ کوشتنى خدرى زیندە لە بۆسە دادەنیشم

بەڵکو بۆم بکرێت بیکوژم و دۆنایدۆنی بم

زمانى بۆگەنکردووى باڵندەى بەدیش فڕێ دەمە جیهانە ساردەکان

جیهانە ساردەکان ئێمەیان بەپێوە خەواند و جێ بەخۆ ناگرین سەکۆى سەما کەسی لێ نەما ئەو ڕۆشنایییەى لە ڕوخسارى ئێمەوە چووە سەر سەکۆ پرسیار بوو بەناو سووڕى ڕۆژەکانمان جووڵا شانەکانى هەنگوین بە هێمنى خۆیان پڕ دەبن لەمەوبەدوا بکوژى خدرى زیندە بەنهێنى لەگەڵمان نادوێ و بەسەر پشتى نەهەنگەکان ڕەتمان دەکات و خۆرێکى جوانەمەرگین لە جۆگەلەیەکى پڕدا بە زەمین ئاشنا دەبینەوە لە دۆنایدۆندا خوێنى زیندووبوونەوە پاشەکەوت دەکەین دواى ئەمە چی ڕوودەدا    کەڵەبابى دڵخۆش ئەشقی دەپارێزێ و چێژ لە دەنگى خۆى دەکات و داهاتوو دەبێ بە هى ئەو

 

 

ئاوم بە خۆڵدا کرد و بۆنى خودا خۆش بوو

 

 

هەور لە شوێنى دروستبوونى خۆى ناسرا و بەسەر کێڵگەى لێوبەباردا تێپەڕى

بەهانەى سووتانى بۆ هێناین و بۆنى خۆڵەمێشى تەڕى کردین

گوڵدانى پڕى بەر پەنجەرە فێنکایی بۆ هات

گفتى بە ڕازى ژیان دا

پێستى ناونیشان بەسەر گۆشت و ئێسکم کشا و خەندەى دڵ ڕسکا

خونچە بۆ گوڵبوون چەند کراسى دڕاندووە

1- زێوان  1988 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

2- ڕووەکەکانى خوداوەند  1999 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

3- خەون وا خۆى گێڕایەوە  2004 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

4- شەڕى چل ساڵە  2005 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

5- مردوویەک ئاگاى لە هەمووانە  2008 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

6- سەد و یەکشەوە  2008 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

7- ساڵى سفر  2010 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

8- سروودى زەوى  2012 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

9- حەزدەکەم ئەوەندە بژیم  2015 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

10- دواکەوتن لە کەشتیى نووح  2018 خۆر تووڕە نییە بەخشندەیە بۆ شکۆی بێ پەروایی

براکانى ناخ دڵم سوار نییە و بەشدارم لە خوانى خودا

ئاوم بە خۆڵدا کرد و هیچ شتێکم بیر نەچووەتەوە و دیمەنەکان دەلاوێنمەوە

بە هەڵەش حەزم لە ژیان نەکردووە و پرسیویشمە ئادەم یان حەوا نۆبەرى زەوین

پەیدابوونى ناو دوێنێ بوو گەلێک تەلیسماوى نییە

ناو لە شوێنى لەدایکبوونى دەناسرێ

حەواى ڕوومەت حەفت ڕەنگ

هێز لە ئەژنۆت کۆکەرەوە و ڕاکە

تەنیایی بوومەلەرزەى خستە هێلانەى حاجى لەقلەقەکەى بەر لەوەى بمرێ

دەست ڕەنگاوڕەنگەکان مرداندیان

توندتر ڕاکە نواڵە

ژیان لە چاوەڕوانیدا چەند کراسی دڕاندووە

لەپڕ پەنجەرەیەک داخرا

خەیاڵ سۆماى نابینابوو

نەبووە ئاوێنەیەک خاڵى ناخى تێدا گەورەبکەمەوە

جاڵجاڵۆکەشم بینین کراس بۆ پەرییان دەچنن و پرچیان ڕست دەکەن

هەموو بەهانەکان بۆ ئەمەن ڕۆن بەسێرکدا بڕێژن و گا بخلیسکێ

زەوى بەئاسانى پەشیمان بووەوە

لە یاقووتە شینەکانى ڕژاندوویەتى

لە دوورییەکى ئارامدا ماومەتەوە

بۆنى خۆشی جەنگاوەرێکى بێ ئاگر و ئاسن لەبەرەیەکى نەرمدا دەپەیڤێ

پەیڤى و ژیان ئەشکەنجەى دابوو    سەرنشینەکان لەپێش چاوى من سەرکەوتن و کەشتییەکە ڕۆیشت تا بەهەشت گەیاندم    دڕکى لێ نەبوو بە پێخواسی بە ژێر گڵۆپی کەسک و سوور و قوللە و سەنگەردا پیاسەمان کرد و دانیشتین و خوانمان داخست و پێچایەوە    پشت لە هەڵەکان کرا    ئەوەى ئاوى چۆڕاوى داخ بوو پەیکەرى هەڵبژێردراوان لەناو باخچەى بەهەشت هەبوو    پەیکەرى مێژوو بۆ نووسراوەکان کە جلى ڕەنگاوڕەنگى دزراو لە نێرگزى تەمەن درێژیان لەبەرە    درێژە بە ژیان نادەم ئەو ژیانەى سەرى ئەشکەنجەى دانا    ژیان ئەشکەنجە دەپاڵێوێت و هیواى نزیک لە دڵدا هەڵدەگرێت     کەشتییەک بەکرێ دەگرم و گەشت لە ڕووبارى تەورات و ئینجیل و قورئان و شیر و شەراب و هەنگویندا نائومێدى دەکوژێت

 

 

ئەسپی باڵدار گەیشت

 

 

بە هەزار دڵ دەچمە ژوان و دیدەنى

مانگ لە ژوان و دیدەنى ناڕێکى زەوى شەرم دایگیرساند

بۆنى باوەش تووشى هەڵامەتى کرد

چنگ لەسەر دڵم هەڵگرە و لە کۆڕى یاران دوورکەوە ئەى پەتاى حەفت دەمار

دەستى پەرۆشى و تاسەکردن لە بەردەرگاى ماڵئاوایی

ئەلبوومە داخراوەکان دەکاتەوە و پەڕەکانى زۆرنین

خەونێک شەوى کورت کردم و بە دڵخۆشی خەبەرى کردمەوە

مرۆڤ بەیانییان وەک ئاو دەجووڵێ

شەقارى پاشماوەى برووسکێک دەمى گەیشتە پەنجەى پێم

ئەسپی باڵدار چوار ناڵەى دا

چوومە خەونى تایبەتیى نووسینەوە

گوناهى زەویم سڕییەوە و ناوچەوانیشیم ماچ کرد

خەو تازە چاوى زەوى گەرم کردووە

ئاى لە خودى خەون دڵنیام

ئەشقى گەرمە و ڕووبارى بەستوو دەکاتەوە

ئەى زەوى کۆترەکانت لەسەر شانى من دان بدە

بۆ شوێنێکى نەزاندراو نافڕن

ئەستێرە لەسەر شانى من ڕەنگیان ناگۆڕێ و نابن بە بەردى شەڕ

لەناو تەپوتۆزى تەڵخ و ئاسۆیەکى زەرددا پێم لە بەردى شەڕ گیربوو بەلاداهاتم و نەکەوتم    کردم بە بەردەکێلى خوێنڕژاوە ئەسپی نامرادەکان بەردى شەڕیان جێهێشت نەچوونە سەر کانییەکى سازگار    دوور ڕۆیشتن و چوونە سەر دەریا ئاوى سوێر بخۆنەوە لەسەر شۆستەى شەقامێکى چۆڵ دانیشتبووم وەک باى سبەینان بەسەر ئەو ناوەدا کشان لە لەخۆبوردوویی و خاکیبوونى خۆیانەوە دەبنە ماناى ژیانمان   گوڵى سوورم بە دەستەوەیە و چاوەڕوانم چرای ناوچەوانیان داگیرسێنم و ئەوان قسە بکەن و منیش گوێیان لێ بگرم و تا قووڵایی ناخ بە داخ و زووخاوێکى زۆرەوە دەتلێمەوە و باڵندەیەکیش لە تەنکایی زەردەپەڕدا بانگم دەکات و دەڵێت لەناو تەپوتۆزى تەڵخ و ئاسۆی زەرددا وەرە دەرێ ئەوەش ببینە پیاوێکى کاسە چەور چەترى هەڵداوە و لەبەر بارانە خۆشی لەوە دڵنیاکردووە تەڕ نابێت ناشزانێ باڵندە کەى کۆچ دەکەن و بەچکە پەڕەسێلکەش چەند ڕۆژ لێویان زەردە و ئەو تفرە لە ساردى یان لە گەرمى فڕێدەدەن

 

 

شەونخوونیى شیردەرێک

 

 

ئەو ژنەى خۆى دەکاتە بەرات و قوربانى و شیر دەداتە کۆرپەکەى

ئەمەک و گۆرانى حەفت ڕێ چاو ساغى دەکەن

بۆنى لەناو ئاگرى ماڵدا چەک لە دەستى دیکتاتۆر دەکەوێنێت و مۆمى سەر گەنجینەیە

خۆڵەمێشى دواى سووتان نییە

کەوتە قەڵاى خودەوە کە لە ڕەنگێک زیاترە و پاراوى بۆ چاو دەگەڕێنێتەوە

خێوى ناقۆڵا

شەوە

دایکى ئاڵ

دڵەڕاوکێى سەرەتا و کۆتایییەکان

دەستیان بەست و کردیانەوە

بەبیرى هاتەوە ڕەنگە من کوردستانى بم

کوردستان گەدەى بەتاڵە و بە مەلوولى بەسەر ناوى خۆیدا دێتەوە

چووە ناوەندى ئاسۆ و تەماشاى دەریای کرد

نەیتوانى چارۆکەى بەلەمەکەى هەڵدات

پەناى بۆ دانبەخۆداگرتن برد

هێلکەى پرسیارێکى خستە هێلانەى ترووکاندنەوە

یادەوەریى ساردبووەوە گەرم نەبووە و گەشەى نەکرد

بەدواى تەنیاییدا سەرم باڵندەى

حەفت ئاسمانە و بە نۆژەنکردنەوەى چینەکان خەریکە

ئەرێ ئەو هەورەى بە سێیانەى

 بەفر و

باران و

تەزرە دووگیانى

سۆراغى تەنیایی لە کێ دەکرێ

بەهێزترین کەس لە هەموو کەس تەنیاترە

پەپوولە پایزە سێبەرى خامۆشانى

بەدوات غار دەم دەتگرم

هەڵنەوەرێى هەڵبووەرێى بە کراسی یووسفەوە دەنووسێیت و ڕەنگت دەگۆڕێ

تەنیایی وای کرد لە جێگایەکى دابڕاو لە شار کە ڕووناک و پڕ گەرمییە چاوەڕوانى نەوەى بەهەشت و جنۆکە بکەم    لەسەر سەکۆیەکى بە بەردى بە نرخ بەرزکرایەوە کە لە شارى گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان دەچێت حەوت بەرزایی هەیە    هێز و ئازاییم پێدەدات زەوییە شۆرەکاتەکان داببڕم و بەرەو ئەو دەستانەى بگەڕێنمەوە دژى درەختى مووتوربەکراو بەحەوتبەر بەرز کراونەتەوە    دڕکى بێ ئابڕوو دەتوانێت ناوچەوانى شاعیرێک بریندار بکات و دوو دڵۆپ خوێن بکەوێتە سەر دەموچاوى زەوییە شۆرەکاتەکان    خوێنى گەرم لەکە نییە    ئەشق و تکاى ئاشتى دڵە    ئاشتیى دڵ لە زەوى شۆرەکات گەورەترە وڵاتى تێدا دروست دەکرێ

 

 

ئاهەنگێکى تەواو نەبیندراو

 

 

ئەمڕۆ ئاهەنگى لەدایکبوونى منداڵێکى گەڕەکمان بوو

هەویر و فلچەى ددانم بۆ برد

مۆمێکم فڕاند و هەڵاتم

چوومە سەر کورسییەکى حەسیر و مێزێکى بازنەیی

بە ناوەندى جیهانم زانى

ناوەندى جیهان هەقیقەتە

دەموچاوى یەکپارچە نەبووەتە گرژى و دەمارى ناڕەزایی

دەشمەوێ لە شەرم و شانازیى ئەو ئەستێرە دوورە بگەم

تەنیا پڕشنگى دەگاتە ئێمە

هەستەکانى خۆم خوڵقاند و سروودى ئایینیى مرۆڤایەتیم گوت

مۆم نەبووە ڕۆژ

هاژەى ڕووبار دەنگى زاڵى سروشتە

پەڕینەوە لە ڕووبار قەدەغە نییە

نەشمتوانى چى بە مەلەوانى و باڵوەشاندن بڵێم

لارەملى تەمەن و چەقۆى ڕێگران

گەرمایی ئەستێرەیان لێم دوور نەخستەوە

ئەى ترووسکایی لەخەو هەستاو و ئاهەنگى تەواو نەبیندراو

مایەوە تەماشاى دۆڵى ڕۆچوو بە ناوچەوانى زەوى بکەم

تکا دەکەم لە خەونەکەم بمێنەوە چراى بادە

زەویش تەخت نییە هاوشێوەى مرۆڤە

بە خەیاڵ ناسین ئاشق خومار و بەختەوەر دەکات

خەیاڵ بە ویست و زانینەوە داهێنەرى بوێریى لێدانى دڵە

هەر دەڵێی بەردێکى دەستى گەورەترین گوڵى پشکووتووم

هەڵدەدرێمە قووڵایی لێدانى دڵەوە

ئاوى شێتى ڕژا و دڵ لە حەکایەتى جوانییەوە لێى دا    شنەى بەرەبەیان بیرەوەرییەتى و نایەوێ بە مردوویی بژى بێ ئەندازە گەورەیە و ڕاکردوو نییە لە خۆى    ئەو خۆرەى سبەى هەڵدێ دەمانداتێ    ستایش بۆ خودا کە لە لەدایکبوونمان دەدرەوشێتەوە    نزایەکى پێشنوێژ خۆڵی خۆتم بمبەرەوە ناولەپی خۆت و ئاهەنگى ناشتن بگێڕن    پرسیارێکى دواى نزاى پێشنوێژ ئایا لە بەهەشت نوێژ و دوعا دەکرێن یان کێ خاوەنى بەهەشتە ئەى ئەوانەى دەچنە ناوى وەک مێوان بەخۆڕایی تێیدا دەمێننەوە    شمشاڵ داوێنە سەر جامى پڕ شیر هەنگ دەچنە ناوى لە کونەکانى دێنە دەرێ و بە باڵی تەڕ دەفڕن    ئاوى شێتى کە ڕژا پاش مانەوەى بە ماوەیەکى کورت ڕەنگى وەک چا زەرد بوو    لە ئاوێنەیەکدا نقووم بووم و خنکام خۆشاوى بادەى پیاوچاکانم گەیشتە دەست    لێدانى دڵ تاریکە وەک خانەى فەرهەنگ و شارەکانى جیهان    سەیرە خانەى فەرهەنگ و شارەکانى جیهان تاریکە و بەڕێکەوت ئایندەش هەیە    لێدانى دڵ ڕووناکە وەک خانەى فەرهەنگ و شارەکانى جیهان   سەیرە خانەى فەرهەنگ و شارەکانى جیهان ڕووناکە و بەڕێکەوت ئایندەش هەیە پێشبینییەکی بەرلەدایکبوون          

 

 

 ڕەگ لە دەم جۆگەى وشک هەناسە نادات

 

 

شەختە پێڵووى چاوى ئاوە و وەک چاو بێگەرد نییە 

ڕووەکە خۆڕسکەکانیش لەناو بەردە ڕەش و قاوەیی و سپییەکانەوە دەردەکەون

چێژ لە بەردەکان وەردەگرن و بەڕەنگى خۆیان هەنگاو دەنێن

خودى خۆیانن و بەخۆیان وەرزى ساڵ هەڵدەبژێرن

ناوێکیان بۆ گەشەکردن هەیە

نازاندرێ بۆ ئاشکراى ناکەن

نیگاکانم دەنێرمە شوێنێک کە پەردە بە سەرچاوى نەکشاوە 

سەیرى ناوە ئاشکرانەکراوەکە دەکەم

لەو شوێنەى هەموومان هەناسەمان گەرمە

ناوى یەکترى دەهێنین و خۆشاوى درەختى ئامۆژگارى دەخۆینەوە

بۆنى کەتانى تەڕیش دەکەین

ژیان لەوەش زیاتر بڕ دەکات

شاعیرى شێوە ئاو و ناو و تەقاندنەوەى تەڵەى بۆسەکان 

ڕوومەتت لەسەر دەستت دانێ و زەین بدەرە شەڕى دەستنووسەکان

زەوى لە هەموو ڕەگێک تێدەگات و دوا وشەیان لێ وەردەگرێت

شەڕى دەستنووسەکان ئەم زەمینە ڕووخەونینەى کردە کوورەیەکى تووڕە و هەڵچوو   نەمتوانى چاو لەسەر هێرشی ئاگرەکان هەڵگرم    لەگەڵ ئەم دووکەڵە و تەنگەتاو کردنەش خانمى ماڵ پلیتى فانۆسەکەمانى بەڕێکى بڕى دووکەڵى نەکرد    چڵکى بن نینۆکەکانم فڕێ دا و بەناو ئاگردا ڕۆیشتمە مێرگێکى پاراو    قەیتانى پێڵاوەکانم نەسووتان    تەماشاى چێڵێکم کرد گیاى تایبەتى دەخوارد تا شیرەکەى دوودڵى تێ نەئاڵێ و ئاسوودە و دڵشاد بڕژێتە دەمارەکان    دەبێ زەمین بخرۆشێ و ببێتەوە منداڵێکى شیرەخۆرە و جلوبەرگى لە ڕووناکییەکى سوورپۆش بۆ بدرووین خێرا چاوەکانى بکاتەوە و بەهۆى پانتایییەکى پڕەوە بگەشێتەوە و بەهێز بمێنێتەوە

 

           Image result for strÃ¥ler kunst

 

گەڕان بۆ بابەت